یادی ١٢١ ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی

0
32

رۆژی كورد : ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ ٢٢ نیسان ١٢١ ساڵ به‌ سه‌ر چاپی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی به‌ ناوی رۆژنامه‌ی كوردستان تێپه‌ڕ ده‌بێت و هه‌ر به‌و بۆنه‌وه‌ هه‌موو ساڵێك ئه‌و یاده‌ به‌رز ڕائه‌گیرێت و به‌ رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی ناوی لێنراوه‌.

بۆ یه‌كه‌مجار له‌ وه‌ها رۆژێك ساڵی ١٨٩٨ یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی به‌ ناوی رۆژنامه‌ی كوردستان له‌ لایه‌ن میدحه‌ت به‌درخان و جه‌لاده‌ت به‌درخان له‌ شاری قاهیره‌ی پێته‌ختی وڵاتی میسر چاپ و بڵاو كراوه‌ و بوو به‌ ده‌سپێكی دامه‌زرانی رۆژنامه‌ی كوردی و له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵ دا و له‌ پێنج شوێنی جیاواز ٣١ ژماره‌ی چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌ و دواتر به‌ هۆی خراپی باری ئابووری چاپی ئه‌و رۆژنامه‌ ڕاگیرا و نه‌یانتوانی درێژه‌ به‌ چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌ی بده‌ن و ته‌نیا ئه‌و ٣١ ژماره‌ی لێ بڵاو كرایه‌وه‌.
رۆژنامه‌ی كوردستان وه‌كوو یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی تاكه‌كه‌سی و له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌ ناوه‌خنێكی ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری جوان كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی جیاوازی بووه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ناوی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و ناوی برایانی به‌درخان پایه‌دار بمێنێته‌وه‌ و ناویان له‌ مێژووی كورد بۆ هه‌میشه‌ به‌رز و به‌ڕێز بمێنێته‌وه‌. وه‌كوو به‌شی ئه‌ده‌بی رۆژنامه‌ی كوردستان شێعره‌كانی حاجی قادری كۆیی زۆر كاریگه‌ریان به‌ سه‌ر میده‌حه‌ت به‌درخان بووه‌ و بوونه‌ته‌ هه‌وێن و ناوئاخنی به‌شه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانی رۆژنامه‌ی كوردستان، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش زیاتری ئه‌و شێعرانه‌ ده‌قی نه‌ته‌وه‌یی بوون و هه‌ر بۆیه‌ش كاریگه‌ریان بووه‌ له‌ سه‌ر بیر و زه‌ینی میدحه‌ت به‌درخان. میدحه‌ت به‌درخان له‌ به‌ر باری ئه‌منی و نه‌بوونی ده‌سه‌ڵات له‌و كاته‌ دا مه‌جبوور رووی كرده‌ شاری قاهیره‌ پێته‌ختی وڵاتی میسر بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی كوردستان به‌ڵام له‌ویش كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ وه‌كوو گوشاری ده‌وڵه‌تی عوسمانی هاته‌ سه‌ر ڕیگای بۆیه‌ نه‌یتوانی هه‌موو ژماره‌كان له‌و وڵاته‌ چاپ و بلاو بكاته‌وه‌ و به‌ ناچار رووی كرده‌ ئۆروپا و ژماره‌كانی دیكه‌ی له‌ وڵاتانی ئۆروپایی وه‌كوو سوئیس و به‌ریتانیا چاپ و بڵاوكرده‌وه‌.
ئه‌م رۆژه‌ دره‌وشاوه‌ بوو به‌ یادی دامه‌زرانی ساڵوه‌گه‌ڕی رۆژنامه‌ی كوردی و هه‌موو ساڵێك رۆژنامه‌نووسانی كورد له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌و رۆژه‌ جه‌ژن ئه‌گرن و یادی ئه‌و رۆژه‌ مه‌زنه‌ به‌رز راده‌گرن.


سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌