ھەرێم و ڕوس نەفت، دەلاقەیەکی نوێ بە ئاراستەی پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان ڕوسیا و ھەرێمی کوردستاندا!

0
92
ئامادەکردنی : محەمەد چاوشین

ئامادەکردنی ڕاپۆرت : محەمەد چاوشین/ باشوری کوردستان

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیای “ڕوس نەفت”ی ڕووسی، بۆ فرۆشتنی غازی سرووشتی ھەرێم بە وڵاتانی ئەوروپایی، گرێبەستێکی میژوويیان واژۆ کردووە. پێدەچێت لەڕێگای ئەم گرێبەستەوە، پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێم و حکوومەتی ڕوسیا، بچێتە قۆناغێکی دیکە کە بە ئاقارێکی پۆزەتیڤ بۆ دۆخی سیاسی و ئابوری ھەرێم بشکێتەوە.

ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەر، ڕۆژی ١٩/ ٩/ ٢٠١٧ لە ھەواڵێکدا بڵاوی کردەوە :

کۆمپانیای”ڕوس  نەفت” قەرارە بەپێی گرێبەستێک و لەچوارچێوەی پڕۆژەیەکی گەورەدا، ھێڵێکی بۆڕی بۆ گواستنەوەی غازی سرووشتی ھەرێمی کوردستان دابمەزرێنێت، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیەش،  ھەرێمی کوردستان دەتوانێ ببێتە یەکێک لە گەورەترین ھەناردەکارانی غازی سرووشتی بۆ تورکیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.

بەپێی زانیاییەکان، خەرجی ئەم پڕۆژەیە، پێشبینی دەکرێ بڕی یەک ملیارد دۆلاری تێ بچێت کە لەساڵی ٢٠١٩ جێبەجێ دەکرێت و لە ساڵی ٢٠٢٠ یشدا پڕۆژەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و ھەناردەکردنی غازی سرووشتی ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات.

چاوەڕێ دەکرێت دوای تەواو بوونی ئەم پڕژەیە، ھەرێمی کوردستان ساڵانە بڕی ٣٠ ملیارد مەتر سێ جا، غازی سرووشتی ھەناردەی ئەوروپا بکات.

بەم پێیەش، ٦% پێویستییەکانی غازی سرووشتی وڵاتانی ئەوروپا، لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە پڕ دەکرێتەوە.

چاودێرانی سیاسی، ئەم گرێبەستەی نێوان ڕوس نەفتی ڕوسی و حکوومەتی ھەرێم بە گرنگ لێک دەدەنەوە و پێیان وایە پێگەی سیاسی و ئابوری ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆرتر دەباتە  پێشەوە و “لەڕووی سیاسی و جیۆ سیاسیەوە، گرێبەستەکانی ھەرێم لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە، ھەرێم دەخەنە سەر نەخشەی ئاسایشی ووزەی ئەوروپا و روسیا، بەشێوەیەک کە دەبنە پاڵپشتی جێگیری بارودۆخی سیاسی و ئابووری ھەرێم”.

د.چواس حەسەن

لەوبارەوە، “د.چواس حەسەن”، مامۆستا لە کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسیەکانی زانکۆی سەلاحەددین و پسپۆر لەبواری یاسای گشتی نێودەوڵەتیدا، بۆ ماڵپەڕی (ڕۆژی کورد) قسەی کرد و گوتی”لەڕووی ئابووریەوە، کەئێستا ھەرێمی کوردستان پێوویستی بە موشتەری جێگیر و گەورەی وەک روس نەفت ھەیە بۆ پەرەپێدان و دەرھێنان و بەبازاڕکردنی نەوتەکەی، بەستنی سێ گرێبەستی گەورە لەنێوان ھەرێم و روس نەفتدا، لەماوەی کەمتر لەساڵێکدا، بێگومان ھەنگاوێکی گەورەیە بەرەو سەرخستنی سیاسەتی سەربەخۆیی ئابووری ھەرێم لە عێراق”.

ھەروەھا گوتیشی”سەرەڕای ئەوە بۆ یەکمین جارە کۆمپانیایەکی گەورەی جیھانیی بواری نەوت، راستەوخۆ نەوتی کوردستان دەکرێت و لەبازاڕەکانی ئەوروپادا، دوای چارەسەری کیمیاوی، دەیفرۆشێتە ھاووڵاتیان. بەوەش سەرچاوە و داھاتێکی دارایی مسۆگەر بۆ ھەرێمی کوردستان دابین دەکات”.

ڕوانگەی “د.چواس حەسەن” وایە کە لەڕووی سیاسی و جیۆ سیاسیەوە، گرێبەستەکانی ھەرێم لەگەڵ روس نەفت، ھەرێم دەخەنە سەر نەخشەی ئاسایشی ووزەی ئەوروپا و روسیا، بەشێوەیەک کە دەبنە پاڵپشتی جێگیری بارودۆخی سیاسی و ئابووری ھەرێم، لەلایەکی تریش ھەژموونی زلھێزە ھەرێمیەکانی وەک تورکیا و ئێران لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری ھەرێم کەمدەکاتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە بڕیارە غازی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە لەلایەن روس نەفتەوە ڕێژەی ٦% پێداوویستی غازی ئەوروپا دابین بکات”.

“د.چواس” کە ھاوکات وانەبێژە لە زانکۆکانی لوبنانی فەرەنسی و زانکۆی اشک، لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێت”ھەرێمی کوردستان بەڕێگای توندوتۆڵکردنی پەیوەندیە ئابووریەکانی لەگەڵ روسیا، لایەنگری سیاسی روسیاش لە کێشمەکێشە ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکانیدا وەدەست دەھێنێت، بەشێوەیەک تا ڕاددەیەک ڕزگاری دەبێت لە پشت بەستن بەتەنھا دەوڵەتێک یان دوو دەوڵەتی زلھێزی جیھانی، بەمەش داھاتووی مسۆگەر تر دەبێت”.

ئەم مامۆستای زانکۆیە، زیاتر ئەنالیزی ئەو پەیوەندیانەی نێوان ڕوسیا و حکوومەتی ھەرێم دەکات، نموونەیەکیش لەسەر ھەڵوێستی پۆزەتیڤانەی ڕووسیا لەھەمبەر ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان دێنێتە کە زۆربەی وڵاتانی جیھانی داوای دواخستن و نەکردنی دەکەن، د.چواس لەوبارەوە دەڵێت:

“وەک بینیمان لەم قۆناغە ھەستیارە ئابووری و سیاسیەی ھەرێم پێیدا تێدەپەڕێت، چۆن روسیا بێدەنگی لەبەرامبەر بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا ھەڵبژارد، بگرە ئەو پەیوەندیە ئابووریانە لەوانەیە پاڵنەرێکیش بن بۆ ئەوەی بڕیاری سەربەخۆیی کوردستان سەرکەوتن بەدەستبھێنێت”.

                        ڕوس نەفت چییە؟

لێرەدا چەند زانیارییەک لەسەر کۆمپانیای “ڕوس نەفت” بخوێنەوە:

روس نەفت(Rosneft)، کۆمپانیایەکی بواری نەوت و غازی ڕوسییە کە ٦٩,٥% بەشەکانی ئەم کۆمپانیایە سەر بە دەوڵەتی ڕووسیایە و ١٩،٥% لەژێر سەرپەرشتی کۆمپانیای(بی پی BP)ی بەریتانییە.

ناوەندی سەرەکیی رووس نەفت، لەشەقامی”باڵچوگ، لەنزیک کۆشکی “کڕملین”، لە شاری مۆسکۆیە.

ئەم کۆمپانیایە، لەساڵی ١٩٩٣ لەلایەن حکوومەتی ڕووسیاوە دامەزراوە.

کۆمپانیای ناوبراو، دوای ئەوەی پشکە داراییەکانی کۆمپانیای نەوتی غازی (یوکاس)ی لەساڵی ٢٠٠٦ کڕییەوە، لەوێوە بوو بە گەورەترین کۆمپانیای نەوت و غازی ڕووسیا و جیھانیش.

(یوکاس) کۆمپانیایەکی گەورەی ڕووسی بوو کە لە بوارەکانی نەوت و غاز دا کاری دەکرد، بەڵام بەھۆی کێشەی سیاسی و ھەروەھا داراییەوە، ساڵی ٢٠٠٦ تووشی مایە پووچ بوون ھات. کە دواتر ڕووس نەفت پشکە داراییەکانی ئەم کۆمپانیایەی کڕییەوە.

زۆربەی چالاکییەکانی کۆمپانیای ڕووس نەفت بوارەکانی دۆزینەوە و دەرھێنانی نەوتی خاو و غازی سرووشتی و ھەروەھا بەرھەمە پترۆ کیمیاییەکان لەخۆدەگرێت.

لەماوەی کارکردنیدا، کۆمپانیای ڕووس نەفت، بەھۆی ئەوەی بەشێک بووە لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی حکوومەتی ڕوسیا، ھەمیشە بیری لەگەورە بوون و بەرفراونترکردنی کارەکانی کردۆتەوە. حکوومەتی ڕووسیاش لەو بارەوە زەمینەی بەرفراوان بوونی کارەکانی ئەم کۆمپانیایەی ڕەخساندووە.

لەم چوارچێوەیەشدا، لەمانگی مارسی ساڵی ٢٠١٣، سەرجەم پشکەکانی کۆمپانیای (تی ئێن کی – بی پی) کڕیەوە کە کۆمپانیایەکی گەورەی بواری نەوتی ڕووسی بوو، بەو شێوەیە، ئێستا کۆمپانیای ڕوس نەفت، بە کۆمپانیایەکی زەبەلاح دادەنرێت لەسەر ئاستی جیھان.

لە ئێستادا، (ئیگۆر سچین) بەڕێوەبەری گشتی ئەم کۆمپانیایەیە کە بە یەکێک لە نزیکەکانی (ڤلادیمێر پۆتن)ی سەرۆکی ئێستای ڕوسیا  ئەژمار دەکرێت.

ئیگۆر سچین، لە ٧ی سپتامبری ساڵی ١٩٦٠ لە شاری(سان پترسبۆرگ) لەدایک بووە، سیاسەتمەدار و بزنسمانێکی ناسراوە لە ڕووسیادا.

ڕۆژنامەکانی ڕووسیا، زۆرجار ئیگۆر سچین بە “ترسناکترین پیاوی سەر گۆی زەوی”ناودەبەن.

سچین، پێشتریش لە دەزگای جاسووسی(KGB ) دا کاری کردووە و ھەر لەوێشدا لەگەڵ پۆتن ئاشنا بووە.

ناوبراو لە ٢١/ ٥/ ٢٠١٢، وەکوو جێگری سەرۆک وەزیران لەتەک ڤلادیمێر پۆتن کاری کردووە و یەکێک بووە لە کەسە سەرکەوتووەکانی ناو کابینەی حکوومەت لەو سەردەمەدا.

ئیگۆر سچین، خاوەنی بڕوانامەی بواری وەرگێڕانی زمانی پورتوگالی و فەڕەنسییە لە زانکۆی سان پترسبۆرگ.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت