گەلی کورد لە نێوان دوو بژاردەدا، نان یان ئازادی/ لە پەراوێزی مانگرتنە گشتییەکەی ڕۆژهەڵات

0
646

نووسینی: هاوڕێ کوردوستانی، شرۆڤەکاری سیاسیی ناوەندی ڕۆژی کورد لە ناوخۆ

چاو خشاندنەوەیەک بە مێژودا شکڵی هەندەسەی سێ گۆشەیەک دیاری دەدات کە داهاتوو و ئاسۆی ڕوونی گەلی کوردی تێدا قەتیس ماوە و هەموو خەونەکانی پەرێشان کردووە. حەسانەوەی ئەم نەتەوە چەوساوەیە، وەک حەسانەوە و پشوودان بە دەسکەنەی نۆک وا بووە.

 مێژووی هاوچەرخی شۆڕش و بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان بە هەموو بەشەکانیەوە ڕابردوویەکی تاڵە و هەوراز و نشێوێکی زۆری بڕیوە. کوشتن و بڕین و ماڵ وێرانی و بێدەرەتانی لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە ناتەبایی و ناڕێکیی هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی، گەورەترین کۆسپ و تەگەرەی خستۆتە سەر ڕێگای سەر کەوتن .

  • لە بەرامبەر ئەم هێڵەشدا، گەلەکۆمە و هاواهەنگیی داگیرکەرانی کوردستانیش چیرۆکێکی دوور و درێژی هەیە. ئەگەر لە هەموو بیر و هزر و ئایدیۆلۆژیاندا تا سەر ئێسقان دژی یەک بوبن، کاتێک سەرەگەشتبێتە دژایەتیی کورد ئەوا ئالیکاری و یەکدەنگ، بۆ لە بار بردنی دەسکەوتی کورد یەکیان گرتوە و چوونەتە سەر یەک هێڵ.

پەیمانی ئاخاڵ و سەعداباد، بەغداد و ئەلجەزایر و تاران و سووچی و لە دوایشدا ئانکارا، نموونەی ئەو هاوکاری و گەلەکۆمەگیی داگیرکەرانی کوردستانن ..

  • جەمسەری سێیەمی ئەم سێ گۆشە، زلهێزە تۆخسەکانی خۆرهەڵات و خۆر ئاوای دونیا بوون، کە وەک مشکی نێو کەندوو هەر لە بەرژەوەندیی خۆیان گەڕاون. جا هەرچی خواردیان و بردیان و ئەو تۆزەش لە بنی کەندوودا مایەوە تێیڕیاون …
  • جیا لەوە کە هەر کام لەم جەمسەرانە چیرۆکێکی زۆر دوور و درێژە، بەڵام مەبەستی ئەم نووسراوەیە، لێدوانێکە لە سەر دەوری جەمسەری دووهەم بۆ لێکدانەوەی ئەم دۆخەی کە ئێستا گەلی کوردی پێدا تێپەڕ دەبێت.. دەسکەوتی سیاسیی کورد لە باشوور و خۆراوای کوردستان، جموجۆڵی سیاسی لە ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان زیاتر کرد و بۆ دەربڕینی خۆشی بۆ سەرکەوتنی پێشمەرگە و بەرخۆدانی کۆبانێ و گشتپرسیم خەڵکی هێنایە سەر شەقام …

گشتپرسی، ویست و داخوازیی سیاسی و خەونی سەربەخۆیی کوردی گەیاندە لوتەکە و باشوور بوو بە ڕووگە و ئاسۆی ڕوونی هەموو پارچەکانی تر.

ئەم جمووجۆڵە زەنگی مەترسی بۆ داگیرکەرانی کوردستان لێدا و گەرچی زۆریش خاڵی ناکۆکیان هەبوون، بەڵام لە چەند کۆبوونەوەدا پلانی خۆیان بە گەمارۆی هەرێمی کوردستان خستە بواری جێبەجێ کردنەوە.

پلانی ١٦ـی ئۆکتۆبر و بڕینی سەرچاوەی دارایی هەرێمی کوردستان، دەسپێکی قەیرانی ئابووریەکە بوو کە تەنانەت شەرعیەتی سیاسی و یاسایی دەسەڵاتی هەرێمی کوردوستانیان پێ خستە مەترسی و ئەولەویەتی داخوازیی سیاسی و سەربەخۆیی گۆڕان بە ئەولەویەتی ئابووری و گەڕانەوەی نان بۆ سفرەی هاوڵاتیان و فرۆشتی سەروەری بۆ مووچە بوو بە دروشمی خەڵکانی مووچەخۆر ..

داخستنی سنوورەکانی نێوان ئەم چوار وڵاتە، بەرنامە و پلانی تۆکمەیە بۆ چەند مەبەستێکی لەپێشدا دیاری کراو، بۆ هەژارکردن و دابڕاندنی گەلی کورد لە یەک. گومانیش نیە وا بە سووک و ئاسانی و بێ ئەوە کە دەسکەوتی بۆیان ببێت، ئەم پیلانە هەڵوەشێتەوە.!!!!

گران کردنی نرخی گومرکی شتومەک و تەنانەت سەرانەی گومورکیی هاتووچووی خەڵک و داخستنی خاڵە سنووریەکان بە مەبەستی برسی کردنی بە گشتیی خەڵکی کوردستانە، بۆ گەیشتن بە ئامانجی کەمڕەنگ کردنەوەی ویست و داخوازیی سیاسی گەلی کوردستان.

ئەم پیلانە چەندین ساڵە لە گۆڕێ دایە و چەندەها شۆرشیشیان پێ بەرەوە نسکۆ تلاندۆتەوە .

ئەو بۆچوونە کە دەڵێت نان و ئازادی کۆبوونەوەیان ئەستەمە، پێدەچێت ڕاست بێت. جا ئێستا بژاردەی ئێمە لە نان و ئازادی ـیە و مەبەستی دەسەڵاتیش هەر ئەوەیە کە لە پێناوو کردنەوەی سنوور، دودەستەکی ئازادیی خۆمانیان پێشکەش بکەین، ئەوە ئەو دەسکەوتەیە کە سیستەمی سیاسیی داگیرکەر لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت ئێران لە دووی دەگەڕێن ….

پەندێک لە فارسیدا هەیە کە دەڵێت «بە مرگ بگیر تا بە تب راضی شود»، گوشاری ئابووری و برسی کردنی خەڵک، ڕێک لەو سیاسەتەدا خۆی دەبینێتەوە.

جا ئەم هەموانە هەمووی لەلایەک، لە لایەکی دیکەشەوە پێدا چوونەوە و خویندنەوە و شەن و کەو کردنی مێژوو، ڕاستیەکی تاڵی تریشمان بۆ دەردەخات.

مێژوی وتووێژی دەسەڵاتی ناوەندی لە هەر چوار پارچەی کوردستان تەنیا کڕینی کات بووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارێک بۆ شکست هێنان بە ویست وداخوازیی گەلی کورد، تاوەکوو چارەسەری دادپەروەرانەی کێشە و ئارێشەکان…

جا بۆیە ساغ بوونەوە لە سەر بژاردەی نان یان ئازادی زۆر جێگای مشت و مڕە و پێ ناچێت ئەم دوو هاوکێشە بێ بایی و تێ چووێکی کەم بن بۆ گەلی کورد.

دەبێت بڵێین هەویرێکی ئاوکێشمان هەیە ……

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.