گوڵاڵە کەمانگەر: هەر چەشنە گۆڕانکارییەک لە ئێران ناچارە لەوەی کە بە ناو پرۆسەیەکی خوێناوی دا تێپەڕێ

0
288

خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات زیاتر لە ٢ دەیەیە کە دڵی لە لێدان کەوتووە و زیاتر خەباتی مەدەنی ئەویش بە نێوەچڵ و ناوەناوە کراوە، خەڵک لەمێژە پێشمەرگەی نەدیتووە و نەوەیەک لە دایک بووە کە لەوانەیە

 لەگەڵ زۆرێک لە ئارمانجەکانی حیزبەکان و تەنانەت هەستی نەتەوەییش نامۆ بێ (هەڵبەت ئەوە قسەی چینێک لە ڕووناکبیرانە)، لە هەمان کاتیشدا کورد پێدەچێ لە کۆن و لە ئێستاشدا هێزی دەوڵەتی ئێرانی لە ڕووی سەربازییەوە نەبێ، بەڵام لەو سەردەمەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چیاکانی کوردستان جەژنی ساڵی نوێی ٢٧١٦ی کوردی و ١٣٩٥ی هەتاوی گرت و ڕایگەیاند خەباتی چەکداری دەست پێدەکەنەەوە، ئەو ڕاگەیاندنەش هەندێ پارچەکرداری لێکەوتەوە و لە زۆر شوێن خەڵک نەترسانە داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکەن و جەژنیان بە سروودی شۆڕشگێڕییەوە گرت، کەسانێکیش لە بەرانبەردا ئەوە تەنیا بە پڕۆپاگەندە دەزانن و کەسانێکیش لە حیزبەکانی کوردی، لایان وایە هێشتا بەستێنی خەبات ئامادە نەبووە. بەو بۆنەوە ڕۆژی کورد چەند پریسارێکی ئاڕاستەی، گوڵاڵە کەمانگەر، نووسەر، چالاک و چاوەدێری سیاسی، کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: ڕاگەیاندنەوەی خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات بە گشتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

گوڵاڵە کەماگەر
گوڵاڵە کەماگەر

کەمانگەر: بە هۆی پێکهاتەی نەریتی دەسەڵاتداری لە ئێراندا (ولایەتی فەقی) و بێ باک بوونی ئەو سیستەمە لە هەمبەر بەها نێونەتەوەییەکان و هەروەها شکستی پرۆسەی رێفورمخوازی لەو وڵاتەدا هەرچەشنە گۆڕانێک لە سیستەمی دەسەڵاتداری و یاسادانان بە داخەوە ناچارە لەوەی کە بە ناو پرۆسەیەکی خوێناوی دا تێپەڕێ. ئەوەش تایبەتمەندی سیستەمی دیکتاتۆریە کە هیچ چەوازی و نەرمیەکی نیە و بە دەستی خەڵک ناچەمێ بەڵکوو ئەبێ بشکێ. ئەو شکانەش زۆربەی کات پرۆسەیەکی مۆڵتی فاکتۆرە، لاوازی ئابووری، قەیرانە ناوچەییەکان و تێکچوونی هاوسەنگی هێزەکان، شکستی ئیدئولۆژیک و بێ توانایی ئیدئۆلۆژی لە رێکخستنی هێزی خەڵک و هەروەها بێ هیوایی ئەوان لە بوونی داهاتوویەکی ڕوون هەموویان پێکەوە زەمینەی شکانی سیستەمی دیکتاتۆری ئامادە ئەکەن و لە هەل و مەرجێکی وەهادا ئاکسیونی تەواوکەر هەمیشە ئەوەیە کە لە قووڵایی نائۆمێدی خەڵک دا برووسکەیەک لە هیوا دائەگیرسێنێ. ئەو فاکتۆرانەش هەموویان لە ئێستای ئێران دا بوونیان هەیە.

بەو پێیە راگەیاندنی خەباتی چەکداری لە کاتی ئێستا دا ئەتوانێ خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە و جیدی بێت لە مێژووی هاوچەرخی کوردی کوردستانی رۆژهەڵاتدا، بەڵام ئەو راگەیاندنە چەندە دەتوانی پۆزیتیڤ بێت و ببێت بە سەرەتای گۆڕانێکی خێرا، لە هەمان کاتدا ئەگەر لە لای خودی حیزبەکانەوە (بەتایبەت حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە لەو بوارەدا تاکە حیزبە تا ئیستا) وەکوو کردوەیەک بە چوارچێوەی بەرتەسک  و تەنیا بۆ حزوورێکی کورت ماوە  لە بەرچاو بگیردرێ، ئەتوانێ نە تەنیا ئەو دەرفەتەی هەیە لە باری ببات بەڵکوو ببێتە هۆی بێ متمانەیی خەڵک و نائۆمێدی زیاتریان. بە تەنیا راگەیاندنی دەست پێکردنەوەی خەبات لە ئێستادا بەس نیە بۆ بەرزنرخاندنی ئەو هەوڵە و هەموو شت بەستراوی چۆنیەتی هەڵسووکەوتی حیزبەکانی خۆرهەڵات بە تایبەت حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە گەڵ ئەم بەرپرسایەتیە مێژوویی و گەورەیەیە کە خستوویەتە ئەستۆی خۆی.

ڕۆژی کورد: ئایا بەستێنەکانی هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات ئامادەن؟

کەمانگەر: گرنگترین گۆڕانێک کە لەم ماوەیەدا رووی داوە تێکچوونی هاوسەنگی هێز و لەرزۆک بوونی سنوورەکانی سایس پیکۆیە کە چی تر ناتوانێ بگەرێتەوە بۆ دۆخی پێش لە شەڕی سووریە و بە بۆچوونی زۆربەی لێکۆلەرانی بواری سیاسەت سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو لە گۆڕانە.  دوو نەتەوەی دیاری ئەو ناوچەیش واتە کورد و فەلەستینی زیاترین هیوایان بۆ پێکهێنانی وڵاتی خۆیان لە لا دروست بووە و کورد بە هۆی ئەوەی لە چەقی رووداوەکان و هەواڵەکانی شەڕەکانی ئەم دواییانەدا بوە زیاتر لە هەر کاتێک مافی خاوەن وڵات بوون بۆ خۆی بە رەوا ئەبینێ، لە باشووردا پرۆسەی سەربەخۆیی ئەگەرچی نیوە و ناتەواو بەڵام بە جیدیەتێکی زیاتر لە پێشوو بەدواداچوونی بۆ ئەکرێت، کوردستانی باکور دوای هەوڵە پارلمانیەکان دەرگیری شەڕێکی ڕاستەوخۆ لە گەڵ حکوومەتی  تورکیە بووە، لە کوردستانی رۆژئاوادا ئەزموونی ئیدارەی ناوخۆیی هەرچەند ئەویش نیوە و ناتەواو و لەم دواییانەش راگەیاندنی ناوچەی فیدڕاڵ (بە دەر لە چەند و چۆنی عەمەلی بوونی وەها سیستەمێک تەنیا بە بڕیاری یەک ناوچەی وڵاتێک) ، دیارە ئێران وەکوو یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەشێک لە خاکی کوردستان کەوتووەتە ناو سنوورەکانی  ناتوانێ لەو گۆڕانکاریانە بە دەر بێت و رووداوەکانی ناوچە هەم کار لە پێوەندیەکانی ئێران و دەرهاوسێکانی ئەکەن و هەمیش لە ورە و هیوا و تواناکانی خەڵک . بە گشتی ئەو گۆڕینی هاوسەنگی هێزە دەرفەتێکە کە لەودا کوردی خۆرهەڵاتیش ئەتوانێ و ئەبێ خۆی وەکوو نەتەوەیەکی خاوەن تێگەیشتوویی سیاسی پێناسە بکات و لە جیاتی سیاسەتی منفعلانەی چاوەروانی حزوری چالاکانەی لە کایە سیاسیەکانی ناوچەدا بێت و شانسی سەرکەوتن بۆ خۆی بباتە سەرەوە.

ڕۆژی کورد: بەکار هێنانی خەباتی مەدەنی و خەبات لە چوارچیوەی کۆماری ئیسلامی و بە شێوەی نەرم و لە چوارچیوەی پارلمان و هەندێک هێز وەک بەرەی یەکگرتوو چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

لە ئێران دا بە گشتی سێ بەرەی سیاسی بوونیان هەیە ، بەرەی ئوسولگەرای دواکەوتەی خامنەیی (کە پارلمان و تەلەفێزیون و راگەیاندنی  لە دەست دایە) بەرەی ئوسولگەرای دواکەوتەی هاشمی رەفسەنجانی (کە دەوڵەتی لە دەست دایە ئێستا) و بەرەی رێفورمخواز کە هیچی لە دەست نیە و یان لە ئوسولگەرای جۆری دووهەم دا تواوەتەوە یان بە گشتی حەزف بوە لە مەیدانی سیاسی ئێران. هەموو ئەو بەرەو رەوتگەلە لە سەر رەوایی سیستەمی ولایەت فەقی، رەوایی یاسای بنەرەتی ئێران و گونجاو بوونی ئەم سیستەمە بۆ ئیدارەی هەموو بەشەکانی ئێران هاودەنگ و کۆکن و مانەوەی کۆماری ئیسلامی و یاسای بنەرەتی ئەو وڵاتە بۆ هەموویان هێڵی سوورە و بەرژەوەندییەکە لە سەروی هەموو بەرژەوەندیە جناحیەکان. ململانێی ئەم سێ رەوتە لە گەڵ یەکتر ئەگەرچی لە بەرچاوی خەڵک هێندێ جار وەک جۆرێک لە خەبات ئەنوێنێ و ئەو خەڵکە بێ رێبەر و بێ سەرە هێندێ جار دەستەو داوێنی ئەوان ئەبن بەڵام ئەو دەستەو داوێنی خەڵکە ناتوانێ ناوی خەباتی لە سەر بنرێ چون سەری رەوتەکە (چ ئوسولگرای دەوڵەتیی ئێستا و چ رێفورمخوازی بێ دەسەڵاتی) لە ئەساس دا ئیدەیەک بە ناوی خەبات بۆ مافی خەڵکی نیە،  مێژووی دەوڵەتداری هەر سێ بەرەیش نیشانی داوە کە لە ماوەی دەسەڵاتداری هیچیان دا شتێکی تایبەت بە کورد ناگۆڕێ و خەڵکی کوردستانیش وەکوو خەڵکی تاران و مەشهەد تەنیا لە بواری هێندێ ئازادی یان محدودیتی کۆمەڵایەتیەوەیە کە هەست بە گۆڕانی دەوڵەت ئەکەن.  چالاکی کوردانیش لە چوارچیوەی کۆماری ئیسلامی دا لە ئەو سێ بەرەیە بە دەر نیە و بەرەی یەکگرتوو یان هەر رەوتێکی سیاسی دیکە ژێر شاخە یان لقی یەکێک لەو سێ رەوتەن (زیاتر ریفۆرمخواز و ئوسولگەرای رەوتی هاشمی) و سیاسەتی هەمان رەوت لە ئاستی ئوستانی و ناوچەیی دا پەیگیری ئەکەن.

ڕۆژی کورد: تا چەند ئەگەری ئەو ەهەیە خەباتی چەکداری جارێکی تر تووشی شکست ببێتەوە؟

کەمانگەر: جیاوازی گەورەی خەباتی چەکداری ئێستا لە گەڵ ئەوەی دەیەی شەست، شوێن و مەوقعیەت و رەوایی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامیە، ئەوکات کورد بە دژی هێزێکی تازە نەفەس شەڕی ئەکرد، هێزێکی ئیدئۆلۆژیک کە خولیای نەوەستان هەتا بیت المقدسی بوو، شەڕی ئێران و عێراق لەو سەردەمەدا سەرکوتی نەتەوەکان لەوانە کورد و هەروەها هێزە جیابیرەکانی زۆر ئاسان کردبوو، هەموو شت کەوتبوە پەراوێزی ئەو شەڕە و بە بێدەنگی یان دەشاردرایەوە یان پاساو ئەدرا. ئێستا ئێران ئەو هێزە ئیدئۆلۆژیکە و ئەو یەکدەستی ناو دەسەڵاتەی نیە و ئەمانە خاڵی پۆزیتیڤن بۆ هەر هێزێک کە دەرگیری شەڕ لە گەڵ ئێران بێت. ئەگەرچی رێکخستنی هێز لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران خاڵی بە هێزی ئەو سیستەمە و هۆکارێک بوە بۆ کۆنترۆڵ کردنی وڵاتانی دەرهاوسێ و زل هێزەکان و هەروەها بەربەستێک بۆ دۆزینەوەی پشتی جبهەیەکی باش بۆ کورد ، بەڵام لە وەزعی ئاڵۆزی ئێستای ناوچەدا ئێران خەریکی خەرج کردنی ئەو کارتگەلەیە و ئەو هێزە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی بە بێدەنگی و نادیاری راداەی توانا، مابوویەوە ئێستا ناچار بوە لە یەمەن و سووریە و عێراق دا چالاکیان بکات و دیارە ئەو هێزەش سنوورێکی بۆ جووڵە هەیە و توانای ئەوەی نیە هەموو کێشەیەک بۆ کۆماری ئیسلامی چارەسەر بکات. بۆیە بە پێی وەزعی ناوخۆیی و ئابووری و بە تایبەت ناوچەیی و جیهانی شانسی سەرکەوتنی خەباتێکی جیدی زیاترە لە شکستی. جیا لەوە دنیای ئەمڕۆ دنیای راگەیاندنە و بە هۆی بوونی ئینتێرنێت و سەتەلایت و ماس مێدیاوە رووداوەکان وەک دەیەی شەست ناشاردرێنەوە هەر چەشنە سەرکوت و جنایەتێک تێچووی زۆری بۆ حکوومەتی ئێران هەیە. ئەوەی روونە ئەوەیە کە رێگای خەباتێکی دیکە کە پێویستی بە چەک و هێزی قهریە نەبێ بۆ کورد لە ئێران دا نەماوە و نە حیزبەکان و نە خەڵکیش شتێکیان نیە بۆ لە دەست دان.

ڕۆژی کورد: دۆخی جیهان و ئەگەری پشتیوانیی جیهانی لەو خەباتە چەکدارییە نوێیە چۆن پێش بینی دکەن؟

کەمانگەر: بە پێی پێوەندی ڕاستەوخۆی وەزعیەتی ئابووری (رکوودی ئابووری) و شەڕ و لە بەرچاو گرتنی ئەو ڕاستیە کە یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکیەکانی شەڕ لە هەموو دنیادا ئابووریە، لە ئێستادا پەرەسەندنی شەڕ بە تایبەت لە دەرەوەی سنوورەکانی ئوروپا شتێکە پشتیوانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی وڵاتانی خاوەن هێزی دنیای بەدواوە ئەبێ، فرۆشی چەک و هەوەها پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی دوای شەڕ هەموویان بووژانەوەی ئابووریە بۆ ئەوان و بۆیە پشتیوانی کردنی وڵاتانی خاوەن هێز نابێ شتێکی سەیر بێت بۆمان ، ئەوان بە پێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان پشتیوانی ئەکەن یان رایئەگرن و نایکەن و لێ ئەگەڕێن ئاڵۆزیەکان بەردەوام بێت. گرنگ ئەوەیە کە هێزی کورد بتوانێ لەو کاتەدا کە هەموو فاکتۆرەکان ئامادەیە کاری خۆی بە ئەنجام بگەیەنێ و وەکوو بکەرێکی چالاک و کاریگەر بوونی خۆی بسەلمێنێ.  بە گشتی نابێ لە پشتیوانی کردن یان نەکردنی هێزی دەرەکی دا بۆ شەرعیەت و رەوایی بۆ خەباتی رزگاری خوازی بگەرێین، خەباتی نەتەوەیی پرۆسەیەکە کە هێز و توانا لە ناوەوە وەر ئەگرێ و حزووری هۆشیارانە لە کاتە هەستیارەکاندا ئەتوانێ بەستێنەکانی دیکەشی بۆ ئامادە بکات.

ڕۆژی کورد: پێتان وایە ناوخۆ چۆن وڵامی ئەو سەرهەڵدانەوەیە دەداتەوە؟ پێش بینیتان چیە؟

کەمانگەر: پێم وایە وڵامی ناوخۆ روون بوو، نەورۆزی ئەمساڵ لە کوردستان دا رەنگی تەواو جیاوازی بوو، هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێدا دۆخی رۆژئاوا و باشوور و باکوور کاریگەری زۆری لە سەر رۆژهەڵات بوە و پەیامی نەورۆزی حیزبی دیموکرات لە واقیع دا وەڵامیک بوو بە ئەو هەست و داخوازیەی خەڵک. ئەگەرچی هەست بە تەنیا ناتوانێ فاکتۆرێکی گرنگ بێت بۆ سەرهەڵدانی رزگارای خوازانە، بەڵام نابێ لە بیرمان بچێ کە ئەگەر هەموو فاکتۆرەکانیش ئامادە بێت بەڵام هیوا و ورە و هەست نەبێ هیچ ئیدەیەک ناگاتە ئاستی کردەوەیی بوون . لە کوردستانی رۆژهەڵات دا بە هۆی با روو دۆخی نالەباری جیلی نوێ، بێکاری و بێ داهاتوویی وای کردوە زۆرینەی خەڵک شتێکی ئەوتۆیان بۆ لە دەست دان نەبێ. جەوانی ئەمرۆی کوردستان سەرەرای خوێندنی باڵا و توانای زۆرەوە ژیانی بە شێوەی ئاسایی تێناپەڕێ، زۆرینەی هەرە زۆری ئەوانەی خوێندیان تەواو کردوە بێکار و بێ داهاتن، یەکێک لە هۆکارەکانی خۆ بواردن لە خەبات و دوور گرتن لێی ترسی لە دەست چوونی ئەمنیەتی ئابووری و کۆمەڵائەتیە، کاتێ وەها ئەمنیەتێک لە بنەرەت دا بوونی نەبێ، هەر شتێک کە بتوانێ هیوای گۆڕان دروست بکات لە لایەن خەڵکەوە وڵام ئەدرێتەوە. ئیتر ئەوەی چەندە لەم بەستێن و ئامادەیی خەڵکە بە دروستی کەڵک وەرئەگیرێ ئەگەرێتەوە بۆ سیاسەتی حیزبەکان.

ڕۆژی کورد: لە ئێستادا تەنیا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەست پێکردنەوەی خەباتیان ڕاگەیاندووە و لێرەدا بە ڕای ئێوە ئەرکی حیزبەکانی تر چیە؟

کەمانگەر: دیارە ئەرکی هەر حیزبێک لە لایەن رێبەری ئەو حیزبەوە دیاری ئەکرێت و دەست نیشان کردنی ئەرکی ئەوان کاری من نیە، بەڵام بە پیی ئەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵات هەموویان قەدەغەکراون و دژایەتی ڕاستەوخۆ و ئاشکرایان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی و سیستەمی حکومەتی ئێران دا هەیە ئەکرێ لە ستراتیژی گشتی دا کە هەوڵ دان بۆ رزگاری نەتەوەییە یەک بن و پشتیوانی یەک بن بەڵام لە شێواز و تاکتیک دا هەرکام تاکتیکی خۆی بێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌