گرژییەکانی نێوان ئیسراییل و سعودیە لەگەڵ ئێران تا دێ ئاڵۆزتر دەبن

0
302

ڕۆژی کورد: دوابەدوای هێرش و هەڕەشە توندەکانی ئیسراییل، تورکیە و سعودیە بۆ سەر ئێران لە دانیشتنی مونیخ، بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی ڕەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی، ئەو هەڵوێستانەی بە “هاوئارەستیی هەڵوێستی وەزیری دەرەوەی سعودیە و وەزیری شەڕی ڕژیمی سەهیونستی لە هەمبەر ئێران”، پێناسە کرد و گوتی: “بەڵگەگەلێکی زۆر هەن کە باس لەوە دەکەن کە ئەو دوو ڕژیمە لە دۆسیە ناوچەییەکاندا یەکتریان گرتووە و هاوهەڵوێستی”.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی فارس، بەهرام قاسمی لە دژکردەوە بە وتەکانی وەزیرانی دەرەوەی سعودیە، ئیسراییل و تورکیە لە کۆنفرانسی ئاسایشیی مونیخ گوتی: “ئیسراییل و سعودیە لایان وایە کە بە مەبەستی تێهەڵێنانەوەی شکست و بێ ئاکام مانەوە بێ ئەژمارەکانیان لە ناوچە دەبێ دۆخی ناونەتەوەیی بە دژی وڵاتەکەمان هان بدەن”.

قاسمی ئەدەبیاتی بەکارهاتوو لە قسەکانی عادل ئەلجوبەیر و ئۆیگدۆر لیبرمەن ـی بە ئەدەبیاتێکی چەندپاتە و تەژی لە داماوی و بێ چارەییەکی ئازاردەر، پێناسە کرد.

لە کۆبوونەوەی ئاسایشی موییخ ـی ئاڵمانی ئەو ساڵ (٢٠١٧)، جیا لەوەی کە مایک پێنس، یاریدەدەری دانۆڵد ترامپ، ئێرانی وەک سەرەکیترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی جیهان و ناوچە زانی، وڵاتانی ئیسراییل، سعودیە و تورکیەش هێرشی توندیان کردە سەر ئێران.

ئاوگیدۆر لیبرمەن، وەزیری بەرگریی ئیسراییل لەو کۆبوونەوەیدا گوری کە ئامانجی سەرەکیی ئێران، لاواز کردنی سعودیە لە خۆرهەڵاتی ناڤین ـە و هەر بۆیەش ئیسراییل داوای وتووێژ لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توخمەکانی توندوتیژی لە ناوچەیە.

لیبرمەن گوتیشی: “ئامانجی سەرەکیی ئێران لاوازکردنی سەقامگیری لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناڤین و لە ئەنجامدا لاوازکردنی سعودیەیە”.

عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعودیەش لەو دانیشتنەدا، ئێرانی وەک سەرەکیترین وڵاتی پشتیوانی تیرۆریسم لە جیهان ناساند و گوتی: “ئێانیەکان دەڵێن کە دەیانهەوێ وەرزێکی نوێ بکەنەوە. ئەوان باس لە داهاتوو دەکەن نەک رابردوو، ئەوە باشە بەڵام لە دۆخی هەنووکەییدا دەبێ چ بکرێت؟. ئێمە ناتوانین کردەوەکانی ئەوان لە ناوچە لەبەرچاو نەگرین. هەروەک پێشتریش گوتوومانە، ئەوان بەدوای هەناردەکردنی شۆڕشەکەیانەوەن. ئێمە چۆن دەتوانین لەگەڵ نەتەوەیەک کە ئامانجەکەی لەناوبردنی ئێمەیە، پەیوەندیمان هەبێ، تا کاتێک کە ئێران لە کردەوەکانی خۆی و لەو ڕێسایانە کە لەسەر ئەو وڵاتە زاڵە، گۆرانکاری پێکنەهێنێت، زۆر ئاستەمە کە بکرێ پەیوەندی لەگەڵ ساز بکرێت”.

جوبەیر لە بەشێکی تر لە لێدوانەکەی خۆیدا گوتی: “جێگای ڕامانە کە بۆچی ئێران تا ئێستاش تەنیا وڵاتێکە کە داعش یان ئەلقاعیدە هێرشیان نەکردۆتە سەر؟”.

مەولوود چاووش ئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیەش یەکێکی تر بوو لەو کەسانە کە لە لێدوانی خۆیدا لە دانیشتنی مونیخ، هێرشی کردە سەر ئێران و گوتی: “ئێران لە هەوڵی ئەوە دایە تا سووریە و عێراق بکاتە دوو وڵاتی شیعە کە ئەوە زۆر مەترسیدارە”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت