کەیوان دروودی: دەبێ چاوەڕێی جموجۆڵی سەربازی و هاوکاریی هەواڵگری و ئاڵوگۆڕیی زانیاریی زیاتری ئێران و تورکیە بین

0
59

ئێران و تورکیە، سەرەڕای ئەوەی کە ئێران تا ڕادەیەک نکوڵی لێدەکات، بەڵام ئامادەی ئەنجامدانی ئۆپێراسیۆنی سەربازیی بەربەرینی هاوبەش بە دژی کوردەکان لە کوردستانی ڕۆژئاوا و قەندیلن. لە ئێستادا جیا لەوەی کە بەرپرسی گشتیی ستادی هێزە چەکدارەکانی ئێران، سەفەرێکی سێ ڕۆژەی بۆ تورکیە کردووە، بڕیارە سەرۆکی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی تورکیەش سەفەرێک بۆ ئێران بکاتەوە، بۆ تاووتوێ کردنی ئەنجام و لێکەوتەکانی ئەو باسە، وتووێژێکمان لەگەڵ ڕێزدار، کەیوان دروودی، چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەوانی کورد ئەنجام داوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: وەک ئاگادارن، ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، محەممەد حسێن باقری، سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئێران، سەفەرێکی سێ ڕۆژەی بۆ تورکیە کرد و لەگەڵ ئەردۆغان و هاکان فیدان، سەرۆکی میت و وەزیری بەرگری و سەرۆکی ستادی گشتیی ئەرتەشی تورکیە کۆبۆوە، بە گشتی ئێوە ئەو سەردانە و ئامانجەکانی چٶن هەڵدەسەنگێنن؟

کەیوان دروودی

دروودی: بۆ دەسخستنی خوێندنەوەیەکی دروست لەسەر ئەم دانیشتنە دەبێ کرۆنۆلۆژیەکی کورتی ماوەی ڕابردوو ڕیز بکەین، تورکیە دوابەدوای کشانەوەی لە ئیستراتیژیی پاش 2003 کە مەبەست لەو ستراتیژییە بوونە ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا بوو، بەرەوڕووی گەلێک قەیرانی نەخوازراو بووەوە، کرانەوەی کەشی سیاسی لە ئاکامی داهێنانی نیمچە دێمۆکراسییەک وایکرد کە کوردی باکوور بە ئازادییەکی بەرهەستەوە شەقام بجووڵێنێ، ئەمەش وایکرد “ه د پ” وەک دینامیزمی نێوخۆیی بزووتنەوەی ئەو بەشە لەناوخۆوە گڕوتینێکی تایبەت بگرێ، بەرەبەرە بە دابەشبوونی دەسەڵات، بنەمای سیستەمی سیاسیی ئەو وڵاتەی لە دەوڵەتی بەهێزی ناوەندگەراوە بەرەو دابەشبوونی دەسەڵات و لاوازکردنی سانترالیزمی حاکمییەتی ناسیۆنالیزمی پشتبەستوو بە بیرۆکەی ئاتاتورکی برد. هاوکات دەسکەوتێکی ئەوتۆیان لە نزیکبوونەوە لە ئورووپا بۆ دەستەبەر نەبوو. لە پاش شەڕی سووریە، جیا لە لێوارەی ڕۆژهەڵاتی تورکیە، لە باشووری ئەو وڵاتەش کیانێکی کوردی ـ کە زیاتر حکوومەتێکی نیزامییە ـ شێوەی گرت و بەکردەوە لە دوولاوە لەلای کوردەوە گەمارۆ درا. هەوڵەکانیشی بۆ ڕاکێشانی پشتیوانیی ئامریکا، ئاکامی پێچەوانەی بوو و ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕاشکاوانە هێزی کوردی لە ڕۆژئاوا بە هاوپەیمانی خۆی ناو برد. تا ئێرە دیارە کە “ئا ک پ” و بەدیاری کراوی بیری کەمالیستی بەرەوڕووی گەورەترین کێشەی هاوچەرخی خۆی بووەتەوە کە ئەویش هێزی کوردی باکوور و لقەکانی لە ڕۆژئاوایە. لەولاتریش ڕژێمی ئێران بەوردی لەوە تێگەیشتووە کە حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات تەنیا لایەنێکی بەرهەڵستن کە هەتا ئیستەش لە ڕووی پێگەی کۆمەڵایەتییەوە بەهێزن، لەم ئیزۆلاسیۆنە گەورە ناوچەیی و جەهانییەدا کە ڕژێم تووشی بووە تەنیا کوردستانە کە پێشوەختە توانایی گۆڕینی هاوکێشەکانی هەیە و ئەوەش بۆ بوونی پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەم لایەنانە دەگەڕێتەوە کە لە ئەگەری ئاڵوگۆڕێکی گەورەدا پۆتانسییەلی ڕێکخستنی جەماوەری و بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆیان لە ناوخۆی وڵات هەیە.  کەوایە پرسی کورد لەم زنجیرە هۆ و بەرهۆیەدا کەوتووەتە پێش پرسی کێبڕکێی دوو وڵاتەکەوە و لانیکەم لە ئیستەدا ڕەکابەریی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنێکی ڕوو لە گەشە و بەهێزبوون وەلاناوە یان دواخستووە، هەربۆیەش ئەم چاوپێکەوتنە پێچەوانەی بڕێک لێکدانەوە، تاکتیکی بڕگەیی نییە و بەڵکوو ئاماژەیەکە بۆ ستراتیژیی هاوبەش و لەداهاتوودا زیاتر و چڕتریش ئەبێتەوە.

ڕۆژی کورد: ئەردۆغان، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی گەلاوێژ، باسی لە ئەگەری ئەنجام دانی هێرشی هاوبەش لەگەڵ ئێران بە دژی کوردەکان کرد، ڕۆژی سێ شەممە ٣١ی گەلاوێژیش، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئێران باسی لە ئەنجام دانی هێرشی نوێ بە دژی کوردەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد، پێتان وایە، داهاتووی ئەو هەڕەشە و پیلان و گەڵاڵە هاوبەشانە چی دەبێ؟

دروودی: وەک لە بەشی یەکدا باسم کرد، ئەم دانیشتنانە تەنیا ژێستی سیاسی و پرۆپاگاندا نین، با ئەم ڕەهەندانەشیان هەبێ! بەڵام دەبێ چاوەڕێی جموجۆڵی سەربازی و هاوکاریی هەواڵگری و ئاڵوگۆڕیی زانیاریی زیاتری ئەم دوو داگیرکارە بین. وەک خۆم لاموایە ئەگەری ئۆپێراسیۆنی گەورە و بچووک لە ئارادا هەیە، بەڵام بڕێک فاکتۆری دەرەکی و ناوخۆییش لەسەر چۆنییەتی ئەم کاردانەوەگەلە شوێندانەر دەبن، بەدڵنیاییەوە ئەم بابەتە مانەوەی ڕژێمی تاران و ئانکارایە لە درێژخایەن و هەربۆیەش دەبێ بەهێند وەربگیردرێ. بەڵگەش بۆ ئەم پرسە، بوونی ناڕەزایەتییەکی بەرینی ناوخۆیی و دۆڕانی سیاسەتی دەرەکیی ئەم دوو داگیرکارەیە کە پێکەوە مەترسییەکی جیددی لەسەر حەیاتی سیاسیی هەردووانیان دەبن و کوردیش لەم ناوە کاتالیزۆرێکی ڕاستەقینە و بەپۆتانسییەلە.

ڕۆژی کورد: حیزبە کوردەکان بە گشتی لەگەڵ یەکدا لە ناتەباییەکی مێژوویی دان، لە باشوور لەسەر پرسی سەربەخۆیی، لە ڕۆژهەڵات بە هۆی لێک جیابوونەوە و لێک ترازان، لە ڕۆژئاوا بە هۆکاری سەر بە باکوور و باشوور بوون. ئەم هێرشە پیلان بۆ داڕێژراوەی تورک و فارسیش، سنوور ناناسێ و هەموو کورد دەکاتە ئامانج، بەڵام تا ئێستا پێدەچێ حیزبە کوردییەکان لە هیچ پارچەیەک هەر بیریشیان لە ئەگەر و لێکەوتە و پاشکەوتەکانی ئەو هێرشە نەکردبێتەوە، ڕێگا چارە لێرەدا چیە بەڕای ئێوە؟

دروودی: من لام وایە پرسی کورد خەریکە پێ بنێتە قۆناغی نوێوە، بەم پێیە، ئەو ئامادەییە کە دەشێت هەبێ، نابینم. هۆیەکانیشی زۆرن و لێرە ناگونجێ بپڕژینە سەر گشتیان. بەڵام لە ئێستادا لە باکوور لانیکەم لە ڕووی بەرگرییەوە، مەترسییەکی گەورە لەسەر کورد بوونی نییە. ساڵانێکی دوورودرێژە کە تورکیە خەریکی ئۆپێراسیۆنی گشتگیری سەرتاسەریە و دەسکەوتێکی وای بۆ بەدواوە نەبووە. ڕۆژئاواش کە بەکردەوە کێشەی لەگەڵ حکوومەتی ئەسەددا نییە و خۆی بە بەشێک لە دەسەڵات دەزانێ، جیا لەوەی ناوەناوە ڕژێمی تورکیە هێرشی نەزۆک دەبات و دەگەڕێتەوە، لە داهاتوودا ئەگەری مەترسیی جیددی بۆسەریان نییە. هەروەها باشوور دیفاکتۆیەکی بێ ئەملاولا و گەمەکەرێکی دیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بەپێی پێویست هەم هێزی بەرگری و هەم هاوپەیمانی زۆری ناوچەیی و دەرەکیی هەیە. ئەوە دەمێنێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەر لە هەر ڕەهەندێک، دەبێ قامک لەسەر ئەو خاڵە گرنگە دابنین کە ئەو جوغرافیایەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی تێدایە و خەریکی خۆڕێکخستن و هەڵسووڕانن بەهیچ جۆرێک گونجاو و لەبار نین، هەڵکەوتەی ئەو ناوچەیەی کە ئیستە ئەو هێزانەی تیایە، بەپێی شوێنی ئەو بنکەوبارەگایانەی پێش لە ساڵی 90 زایینی هەیانبووە، ڕیسکیان زۆرترە و شانسی بەرگریی تێیدا لە ئەگەری ئۆپێراسیۆنی گەورە، زۆر نییە، بەڵام ئەگەرچی لەڕووی ڕێژەی هێز و جوغرافیاوە بەپێی ڕابردوو لاوازترن بەڵام بەپێی لێدوانی ڕەسمیی خۆیان خاوەنی ڕێکخستنی بەرینی ناوخۆیین کە ئەمە کارتی هەرە گەورەیە و دەکرێ لە کاتوساتی گونجاودا بۆ پاشەکشە پێکردن و لەکارخستنی ماشێنی شەڕی ڕژێم ڕمبێکی بەهێز و قەڵغانێکی پتەوی بەرگری بێت، دیارە ئەمەش، بێ هاوکاری و لێک نزیکبوونەوەی سیاسی ـ با بڕگەییش بێ ـ ناکرێ. ڕێکخستنی ئەم حیزبانە دەبێ ڕۆحی پەیوەندی و بەهاناچوونەوەی یەکتریان تێدا بێ، ئەگەرنا، بەم هەمووە لەت لەت بوونە و پەرتەوازەییە تەشکیلاتی ناوخۆش هەرکامە لەجێی خۆیدا ئەو توانایەی تیا نییە کە پرێستیژی سیاسی ـ نیزامی ڕژێم تێک بشکێنێ.

 ڕۆژی کورد: ئێمە ڕامان وایە، لە ئێستادا جیا لەوەی کە دەبێ سەرەتا کورد هەموو جیاواز و کێشەکان، لانیکەم بە شێوەیەکی کاتی وەلانێ و لە ڕووی کردەییەوە و بەتایبەتی لە ڕووی سەربازییەوە، هەموو ئامادەکارییەکی هاوبەش بکرێت، هەنگاوی دووهەم، پێکهێنانی هاوپەیمانیی بەرین لەگەڵ ئیسراییل و سعوودیەیە، کە دۆستیی کورد و جوولەکە تا ئێستا زیاتر لە ڕووی سۆز و لە ناو خەڵکی دوو نەتەوەکەدا بووە نەک لە نێوان هێزەکان و حکومەت، ئێوە لەمبارەوە نێرینتان چیە؟

دروودی: لەسەر خاڵی یەکەم کە نەک هەر پێویست بەڵکوو لەڕووی کاتییشەوە ئیستەش هەر درەنگە. بەڵام سەبارەت بە خاڵی دووەم، دەبێ بڵێم ئەو ئامادەییە لای کورد لەمێژە هەیە، ڕەنگبێ ئەو وڵاتانەش ئەم خواستەیان هەبێ، بەڵام نە ئەملا ئەوەی پێ جێبەجێ دەکرێ کە لایەنی بەرانبەر چاوەڕێیەتی و نە ئەو وڵاتانەش خۆیان یەکلایی کردووەتەوە لەسەر ئەم پرسە. کوردستان گەلێک بڕگەی موناسباتی سیاسی لەگەڵ ڕۆژئاوا تاقی کردووەتەوە و زۆرجار بەتەنیا ماوەتەوە و جێی خۆیەتی ڕوو لە دۆست و هاوپەیمان لە ناوچەش بکاتەوە، ئەم پۆتانسییەلە بۆ باشوو و ڕۆژهەڵات بەهێز و بۆ باکوور و ڕۆژئاوا نزیک بە سیفرە، لەبەر ئەوە لایەنە هەرە بەهێزەکان لەدوو پارچەی باکوور و ڕۆژئاوا لە ـ ناڕاستەوخۆ ـ لەبەرەی ئێراندان و بە کردەوە دژی ئیسراییل و لەڕووی ئیدیۆلۆژیک خوازیاری هەڵپێچانەوەی مەوجوودییەتی ئیسراییلن و دەیان جاریش بەفەرمی دژی پەیوەندی بە وڵاتانی عەڕەبی ناوچە وەستاونەتەوە. باشوور بەڵام ڕاشکاوانە پەیوەندی هەیە، ئەگەرچی هێڵێکی دیاریکراوی تێدا نەبووە. بەڵام پارچەی هەرەگرینگ ڕۆژهەڵاتە، لەڕاستیدا ئەگەر ئەم دوو وڵاتە لێبڕاوانە دژی دەستێوەردان و ئیرادەگەرایی ئێران بوەستنەوە، ئەوە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەدڵنیاییەوە تامەرزرۆی هاوپەیمانێکە بۆ ئەوە نیشتمانی خۆی لە داگیرکەر بسڕێتەوە و دڵنیام ئەگەر تاکتیکی ئەم وڵاتانە ببێت بە بڕیارێکی یەکلایی، ئەوە کورد لەم هەلە بۆ وەدەرنانی داگیرکەران و گەڕانەوەی تەناهی و ئاسایش بۆ ناوچە و خودی ئەو وڵاتانە هەنگاو هەڵگرێ و لەڕووی ڕەواییشەوە بەتەواوەتی بەجێ و دروستە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت