کۆڕیادی مامۆستا حەسەن قزلجی لە ئاڵمان بەڕێوەچوو + ژیاننامە

0
269

ڕۆژی کورد: ڕێکكەوتی ٢٦ی نوامبری ٢٠١٦لە شاری کۆڵنی ئەڵمان، کۆریادێک بە بۆنەی ١٠١مین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی حەسەنی قزڵجی بەرێوەچوو.

 بەشدارانی ئەم کۆڕە لە بواری جیاجیاوە باسیان لە ژیان و بەرهەمەکانی مامۆستا قزڵجی و لایەنی نیشتمانپەروەریی ئەو کەسایەتییە نەتەوەیی-ئایینی کرد کە و تێکۆشەرێکی چەپ کە لە پێناوی ئازادی کوردستان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سیاسی پتر لە سێ دەیە لە تاراوگەدا ژیا و لە کۆتاییشدا لە بەندیخانەی ئێوینی تاران پاش ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر شەهیدکرا.

بەپێی ڕاگەیێندراوی کۆمیتەی کۆڕی ڕێزگرتن لە مامۆستا حەسەن قزڵجی، لەم کۆڕیادەدا وەرگێڕدراوی کتێبی “پێکەنینی گەدا” بە فارسی خرایە بەردەستی بەشداران‌و بۆیەکەمین جار کۆی چیرۆکەکانی پێکەنینی گەدا و چەند بابەتێکی تری مامۆستا لە کتێبێکدا بە فارسی بڵاوکرایەوە.

 هەروەها لەم کۆڕیادەدا پەیامەکانی مامۆستا عەبدوڵلای حەسەنزادە، مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعیی کوردستان و هەروەها کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیش خوێندرایەوە.

لە کۆتایدا هەر وەکو مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعیی کوردستانیش لە پەیامەکەیدا پێشنیاری کردبوو، بەشدارانی ئەم کۆڕە داواکارییەکیان واژۆ کرد کە لەلایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ئەم کۆڕە ڕوو بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوو.

 لەم داواکارییە‌دا داوا لە بەرپرسانی حکوومەتی کوردستان کراوە هەتا لە هەوڵێری پێتەخت بە دانانی پێکەری مامۆستا قزلجی یاخود ناونانی شەقامێک بە ناوی ئەم بلیمەتە هەروەها بە چاپگەیاندنی سەرجەم مێژووی خەبات و نووسینە ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی، پشکی خۆیان لەم یادە پیرۆزە دا دەستەبەر بکەن و وەکوو حکوومەتی هەرێم لە بەرز ڕاگرتنی ئەو کەسایەتییە ئەدەبی و خەباتکارەدا، ڕۆڵ ببینن.

کورتەیەک لە ژیاننامەی مامۆستا حەسەن قزڵجی:

نووسەر و ئەدیب و رۆژنامەنووس حەسەن قزڵجی‌ رۆژی‌ ١٥/٩ / ١٩١٤ لە بنەماڵەیەکی‌ خوێندەوار لە شاری‌ بۆکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. لە تەمەنی‌ ٦ ساڵییەوە خراوەتە بەر خوێندن. سەرەتا لە لای‌ باوکی‌ و دواتر لە لای‌ مامۆستا مەلا ئەحمەدی‌ فەوزی‌ و مەلا ئەحمەدی‌ تورجانی‌ زادە خوێندویەتی‌. پاش چەند ساڵ‌ خوێندن بۆتە فەرمانداری‌ شاری‌ مھاباد. زۆربەی‌ لایەنەکانی‌ ژیانی‌ ئەم بلیمەتە شاراوەن. جۆری‌ ژیانی‌ تایبەتی‌ و سیاسی‌ و کاری‌ نھێنی‌ و دەیان ساڵ‌ راوەدوونران و ئاوارەیی‌ و سەرەنجامیش گیران و کوژران پەردەیەکی‌ نادیاریان بەسەردا کشاوە. حەسەنی‌ قزڵجی‌ یەکێک بووە لەو پیاوانەی‌ رۆڵێکی‌ رووناکبیری‌ و رامیاری‌ باشیان بووە لە کۆماری‌ کوردستان بە سەرۆکایەتی‌ قازی‌ محەممەد. لە ھەڕەتی‌ لاوەتی‌ دا بە ناوی‌ نھێنی‌ (ژیر) پەیوەندی‌ دەکا بە کۆمەڵەی‌ ژیانەوەی‌ کوردستانەوە و لە گەڵ‌ چەند کەسی‌ ئازادیخواز و روناکبیری‌ تردا.

ئەم نوسەر و روناکبیرە لە گۆڤارەکانی‌ (کوردستان)، (ئاوات)، گۆڤاری ھەڵاڵە دا نوسینەکانی‌ بڵاو کراونەتەوە. ھەروەھا سەرنووسەر و بەڕێوەبەری‌ گۆڤاری‌ وێژەیی‌ و رامیاریی‌ گشتیی‌ (ھەڵاڵە) بووە کە لە ساڵی‌ ١٩٤٦ لە بۆکان و لە ژێر دەسەڵاتی‌ کۆماری‌ کوردستان دا دەردەچوو. قزڵجی‌ پاش کۆماری‌ کوردستان وەک زۆربەی‌ نیشتمانپەروەران بە ناچاری‌ پەڕیوە دەبێ‌ و لە کوردستانی‌ عێراق جێگیردەبێ‌. سەرەڕای‌ ژیانی‌ نھێنی‌ و چەرمەسەری‌ درێژە بە نووسین دەدا و لە بڵاوکراوەکانی‌ (ھیوا)، (رۆژی‌ نوێ‌)، (نووسەری‌ کورد)، (بەیان)دا بابەتەکانی‌ بڵاو دەکرێنەوە. ئەم تێکۆشەرە لە ساڵی‌ ١٩٥٣ دا بەبیانوی‌ ئەوی‌ خەڵکی‌ عیراق نیە لەلایەن رژێمی‌ بەعسەوە تەسلیم بە ئێران دەکرێتەوە، بەڵام لە دەرفەتێکدا خۆی‌ لە دەستی‌ پۆلیسی‌ ئێران رزگار دەکا و خۆی‌ دەگەیەنێـەوە شاری‌ ھەڵەبجە و لەوێ‌ نیشتەجێ‌ دەبێ‌. پاشان خۆی‌ دەگەیەنێتە لای‌ ھەژار موکریانی‌ لە بەغدا. قزڵجی‌ ھەر لە بەغداوە دەچێتە وڵاتی‌ بولگاریا و لەوێ‌ لە رادیۆی‌ پەیکی‌ ئێران دەبێتە بێژەری‌ ھەواڵی‌ رامیاری‌ بە زمانی‌ کوردی‌. پاش رووخانی‌ رژیمی‌ پاشایەتی‌ ئێران، لە ریزەکانی‌ حیزبی‌ توودەی‌ ئێران وەک سەرنووسەری‌ رۆژنامەی‌ (مردم) کە بە کوردی‌ دەردەچوو کاری‌ کردوە بەڵام ساڵی‌ ١٩٨٣ حەسەن قزڵجی‌ دەگیرێت و دەخرێتە زیندانەوە .

مامۆستا و نووسەر حەسەن قزڵجی‌ ئەو کاتەی‌ لە بەندیخانە دەستگیرکراوە تەمەنی‌ ٧٠ ساڵ‌ بووە و پاش ئەوەی‌ ١٠ مانگ لە ژێر شکەنجەی‌ جەستەیی‌ و دەروونی‌ دا دەبێ‌ لە رۆژی‌ ٢٨/٩/١٩٨٥ بە ھۆی‌ نادیارەوە لە زینداندا کۆچی‌ دوایی‌ دەکا و لە ژێر چاودێریی‌ حکومەت تەرمەکەی‌ لە گۆڕستانی‌ بەھەشتی‌ زارای‌ تاران بەخاک دەسپێردرێت . ھەر چەشنە خوێندنەوەیەک بۆ رەوتی‌ ئەدەبی‌ لە رۆژھەڵاتی‌ کوردستاندا بێ‌ پەنابردن بۆ بەرھەمە ئەدەبییەکانی‌ (قزڵجی‌) و رۆڵی‌ لەو پانتاییە و بەتایبەتی‌ لە بواری‌ چیرۆکی‌ کوردی‌ دا مەحاڵە. (قزڵجی‌) وەرگێڕ و ئەدیب و زمانزانێکی‌ لێھاتوو بووە. دەیان بابەتی‌ ئەدەبی‌ لە زمانەکانی‌ فارسی‌، تورکی‌، بولگاری‌ و عەرەبی‌ وەرگێڕاوە بۆ زمانی‌ کوردی‌ و ھەروەھا چەندین بابەتی‌ زمانەوانی‌ بڵاو کردۆتەوە. قزڵجی‌ رۆڵێکی‌ بەرچاوی‌ لە بوارەکانی‌ چیرۆک، وتار، رەخنە و لێکۆڵینە و بابەتی‌ زامانەوانی‌ و وەرگێڕان دا ھەبووە . بەڵام بەداخەوە نەھامەتییەکانی‌ رۆژگار پەردەیان بە سەر ئەم توانایانەدا کێشاوە و ئەمڕۆ قزڵجی‌ زیاتر بە کۆچیرۆکی‌ (پێکەنینی‌ گەدا) ناسراوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت