کۆنەپۆشی: حیزبی وەحدەتی میلی-لقی کوردستان، فەرمان لە تاران وەردەگرێ و هەموو دەسەڵاتێکی نەرێنیشی بە دژی کورد هەیە

0
637

باس لەسەر لقی کوردستانیی حیزبی وەحدەتی میلی و ئامانجەکانی، باسێکە کە ڕۆژی کورد یەکەمجار وەک ڕاگەیاندنێکی سەربەخۆی کوردی، ورووژاندنی و لایەنەکانی بە گشتی هەڵدایەوە، لە پیلانێکی نوێدا، ئەو حیزبە لە کوردستان دەستی خستۆتە کاری ژینگەپارێزی و بەنیازە بەم شێوەیە دەنگ بۆ ڕژیم لە هەڵبژاردنی داهاتوودا کۆبکاتەوە، لەلایەکی تر هەندێ بەڵگەش هەیە کە کەسانی ماتۆڕسواری سەر بەو ڕێکخراوەیەی سەر بە ڕژیم دەستیان لە سەرکوت و ئازاری کوردیشدا هەیە، بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز سەلاح کۆنەپۆشی، چالاکی سیاسیی کورد ئەنجام داوە.

ڕۆژی کورد: لە گشتییەتی خۆییدا ئامانج لە دامەزراندنی”حزبی وەحدەتی ملی شاخەی کوردستان” لە سنە لە ڕوانگەی ئێوەوە چی بوو؟

سەلاح کۆنەپۆشی
سەلاح کۆنەپۆشی

کۆنەپۆشی: دەکرێ چ ئامانجێکی بێت، جگە لە گرتنە پێشی سیاسەتێک بۆ کاول کردنی ماڵی کورد بە بڕیاری تاران؟ دەبێت چ مەبەستێکی هەبێ، بێجگە لە پێڕەوکردنی بەرنامەیەک بۆ بەربەستن و پێشگرتن بە هەموو چالاکییەک لە دەرەوە و ناوەوە کە بۆ پێشکەوتن و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێ؟

بە گشتی دەمهەوێت بڵێم، هەر جۆرە جووڵە کردنێک، دامەزراندنی ڕێکخراو و حیزبێک، هەر شێوە شکڵ گرتنی گرووپێکی سیاسی لە ئێراندا ،بەو مەرجە ڕێگای پێدەدرێت کە بەڕێوەبەر و بەرگریکەری سیاسەتەکانی کۆمارێ ئیسلامیی ئیران بێت.

 ڕۆژی کورد: بە وتەی فرهاد محەمەدی لە ئێران هێشتاد نەتەوەیەک بە ناوی کورد نییە، هیچ نەتەوەیەک هێشتا شکڵی نەگرتووە، لە کاتێکدا ڕۆژانە ئەم وتانە لە زاری بەرپرسانی سپای پاسداران بە داخەوە هێندێ لایەنی کوردی وەک پەکەکە دەبیستین، پیت وانییە کە ئەمە تەرحێکی سپا و پەکەکەیە کە بەوان جێ بە جێی دەکەن؟

کۆنەپۆشی: من قسەکانی کاک فەرهاد محەمەدی م،گوێ لێگرت. ئەو کابرایە یان هەر لە بنەڕەتدا ناشارەزا و بێ خوێندنەوەیە، یان ئەوەی کە وتی لە سەر نەتەوە و زمان و حیزب، بۆی نووسرابوو و پێی وترابوو.

کورد بە پێی مێژوویەکی کۆن و بە پێی زمانێکی دەوڵەمەند و کلتورێکی فرە چەشن، داب و نەریەت، مۆسیقای جیاواز، گۆرانی، فۆلکلۆر، ئەدەب، خەبات، فەلسەفە و سیاسەت و هتد کە هەیەتی، خاوەن پێناسەی نەتەوەیە، بۆ نموونە کورد لە سەردەمی میزۆپۆتامیاوە، هاوکات تەک بابلی و سۆمری و ئاشووری و ئەکەدییەکاندا هەبووە، زۆر جاران بازرگانی تەکا کردوون.

مادەکان کورد بوون کە پێکهاتبوون لە شەش هۆز، توانییان یەکگرتووانە یەکەمین دەوڵەت لە ئێراندا دامەزرێن ، دیاکۆ وەک یەکەمین شا لە ئێراندا ببێتە پادشا، ئاکبەتانە، هەمەدانی ئەمڕۆکە، بکەنە پێتەختی دەوڵەتی کوردی، ئینجا مادەکان کۆمەڵەیەکیان هەبوو بە ناوی “پیری موغان، یان موغی موغان” ئەو کۆمەڵەیه پێکهاتبوو لە مرۆڤی ژیر و ئەستێرەناس و مەزەندەکەر، هەر وەختێ شتێکیان دادەهێنا یان دەیاندۆزییەوە، لە سەر کەتیبەیەکدا یاخۆ لە سەر پێستی ئاژەڵان، دەیانووسییەوە، نوسینەکەش بە کوردی بوو، مادەکان خاوەنی ئایین و کلتوری کوردیی خۆیان بوون.

یان گەر بگەڕێینەوە بۆ پێش مادەکانیش، دەبینین پەیامبەرێکی وەک زەردەشتمان هەبووە و کتێبەکەی “ئاڤێستا” بە هەورامی نووسراوە کە یەکێکە لە کۆنترین زاراوەکانی کوردی. بەپێی ئەمانە و زۆر بەڵگەی تر،کورد خاوەن شارستانیەت بووە و کاریگەریی ئەرێنیشی هەبووە لهسەر زۆر قەوم و خێڵ و هۆزی تر کە ئێستا خۆیان بە نەتەوە دەزانن…

زمانەکەمان ڕیشەی هێندو ئەوروپاییە، گەر بەپێی مێژوو و شارستانییەت بێ،کورد وەک یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی جیهان، باندۆڕی لە سەر ئەورووپاش هەبووە.

کەوابوو، دوژمنەکانمان بۆ ئەوەی ددان بە نەتەوەیی بوونماندا نەنێن، لە زۆر شکڵ و شێوە و پیلاندا دژمان دەوەستن، زۆر جار لە کوردە خائین و خۆفرۆشەکانیش بۆ هێرش کردنە سەر کورد و بچووک کردنەوەی تا ئاستی خێڵ و قەوم،یان ناو بردنی زمانی کوردی،بە گۆیش محەلی و زاراوە، کەڵک وەردەگرن.

لە کاتێکدا زمانی کوردی لە ڕیزبەندی زمانەکانی دونیادا پلەی سی و یەکەمینە و فارسی چل و حەوتەمین پلەی هەیە.

گرووپێکی وەک پەکەکەش،کە لەمێژە هاوپەیمان و دۆستی پیاوەکانی جەمارانە، ئەستەمە بتوانێ خۆی لە ژێر سەیتەرەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەرباز بکات، هەر کەسایەتی و گرووپ و حیزبێکیش چووە ژێر ڕکێفی ئەو ڕژیمەوە، بەدڵنییاییەوە بە کاریان دێنێت، جا ئەو بە کارهێنانانەیش بیچمەکانی گەلێک فرەن.

 ڕۆژی کورد: جیاوازی ئسلاحتەڵەب و ئسووڵگراکان یان ئیعتداڵ لە چی دایە؟

کۆنەپۆشی: لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دوو بەرەی سەرەکی هەن، ئۆسووڵ گەرا، واتە ڕاست، ئیسڵاح تەڵب واتە چەپ،

باڵی ڕاست پێیوایە کە باڵی چەپ شوێنکەوتووی جۆرێک لە بیری ئەورپایی و بێگانەکانن کە ڕوانینیان بۆ کۆمەڵگا و دەسەڵات و دین هەڵەیە و پێیان وایە ئەوەی وەفادار بێت بە کۆمارێ ئیسلامیی ئێران ڕاستن، کەچی ئیسڵاحتەڵەبەکان وەفادار نین و چەپن.

باڵی چەپیش پێیوایە کە باڵی ڕاست، ئیزن نادەن پێناسەی ڕیفۆڕم بکرێ،ت ەنگیان بە خەڵک هەڵچنیوە، دەسەڵاتیان قۆرح کردوە و سونەتگەران و ڕوانینیان بۆ دینیش دەقێکی سونەتی بەستەوە.

بەڵام لە بنەڕەتدا، هەر دوو وەفاداری ڕێبازی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، هەر دوو لا ڕوانینیان بۆ کورد یەک جۆری نەرێنییە، هەر دوو جگە لە کێشەی تاکەکەسیی خۆیان،کێشەیەکی تریان تەک ئەو سیستەمه سەرەڕۆیەیانەدا نیە.

کورد نابێ شوێنی ئەو فرت و فێڵانەی ئەوان بکەوێ، لە هەر دوو بەرەکە سەرۆک کۆمار دیاری کرا، کامیان شتێکی تازەیان وت،کارێکی باشیان کرد؟ جگە لەوەی ڕادەی گوشارەکان زۆرەوە بوون و ژمارەی لەسێدارەدانەکان هەڵکشان بەرەو سەرێ؟

خامنەیی هەر تیرۆریستە و ڕەفسنجانیش بە هەمان شێوە هەوبوو، خاتەمی لە خزمەت وەلی فەقیهـ دایە و موحسن ڕەزاییش هەروەها، ئوسوڵگەرا خۆی پێ عەداڵەت خوازە و ئیسڵاح تەڵبیش خۆی پێ چاکەکار جیاوازییەکان نە لە ئوسوڵ دایە و نە لە ئیستڵاحدا، بەڵکو لە دەموچاوەکاندایە.

ڕۆژی کورد: ئەندامان و لایەنگەرانی حیزبی وەحدەتی میلیی، بە شێوەی ڕاستەوخۆ خۆیان وەک ئەندامی پەکەکە دەناسن، لە هەموو شۆێنێک ئازادانە بە دژی “حزبەکانیتری کوردستان وەک دێمۆکرات و کۆمەڵە” پرووپاگەندە دەکەن، راتان لەم بارەوە چییە؟

کۆنەپۆشی: پەکەکە وەک چۆن بۆی گرنگ نیە ناوی لە لیستی تیرۆریزمی جیهانیدایە، ئەوەهاش عەینی خەیاڵی نیە لە خەیانت کردن، من چەند جاری تر ئاماژەم پێداوە و وتوومە و ئێستایش دەڵێمەوە، وەک چۆن لە قەڵای ئەلەمووتدا فیداییەکانی حەسەن سەباح دەخەسێندران و ئیتر هەوەسیان نەدەما، لە ناو پەکەکەشدا ئەندامەکان مێشکیان دەخەسێندرێ و عەقڵیان توانایی ئاراستە کردن و لێکدانەوەی نامێنێ کە ئەو جۆرە بەرنامەیەش بەڕێوە چوو، ئیتر عەقڵ بڕیاردەر نیە، بەڵکو عوقدە و ئێرەیی و ناکۆکی و بێ پرنسیپی بوونیان دەبێ. بۆ نموونە کاتێک پەکەکە شەڕی بە حیزبی دیموکرات فرۆشت  بەو مەبەستە بوو حیزبی دیموکرات خراپ بکات، چۆن؟ وەختێ ئەو هیچ ئوسوڵ و پەرنسیپێکی نیە، خاوەن کارنامەیەکی خاوێن نیە، شەڕت پێدەفرۆشێ بۆ ئەوەی کارنامەت خراپ بکات، حەز ناکات تۆش خاوەن ئوسوڵ و دیسیپلین بیت، بۆیە ئەو جۆرە کردەوانە بە ئاسانی لە پەکەکە دەوەشێتەوە.

 ڕۆژی کورد: “شاخەی کوردستانی حزبی وەحدەتی ملی” هەر وەک لە ناوەکەی دیارە ئەم حزبە بۆ خۆی شاخەیەکە لە کوردستان، کەچی ئێستا لە هەوڵێکی نۆێدا دیهەوێت لە بەشێکی زۆر لە شارەکانی کورستان لەقی ژینگەپارێزی دامەزرێنێت، راتان لەم بارەوە چییە؟ پێتان وانییە ئەمە هەوڵێکە بۆ شێواندن و لێکترازانی گرووپ و ئەنجۆمەنە ژینگەپارێزیە؟

کۆنەپۆشی: کۆماری ئیسلامی خاوەن چاوە، وەختێ دەبینێت ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان چالاکن،گرینگی بە ئاژەڵان ئەدرێت، ژینگە خاوێن دەکەنەوە و دارستان دەپارێزن، دێت بەرنامەیەکی لەو چەشنە دائەمەزرێنێ بۆ لە چالاکی خستنیان، پێشتریش هەوڵی دا مۆرەکانی خۆی بە مەبەستی ئاژاوە ساز کردن و هەڵوەشاندنەوەیان بنێرێتە ناو ئەو ڕێکخراوانە.

 ڕۆژی کورد: لە ماوەی ڕابردوودا کە دەیانهەوێت لە شارەکانیتر لقی ژینگەپارێزی دانێن، ئەندامان و لایەنگرانیان بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکەنە سەر ئەنجۆمەن و گرووپە ژینگەپارێزیەکان. لە زۆر شۆێندا ئەوان بە ئەندام بوون لە حیزبەکانی تر وەک دێمۆکرات دەکەن، ئەم هەوڵە چۆن دەبینن؟

کۆنەپۆشی: نەک تەنیا هێرش کردن و پەلاماردان، بەڵکو بە ڕای من حوکمی تەقەکردن و کوشتن و دەستبەسەر کردنیشیان پێیە، چونکی ئەوان نە ژینگەپارێزن و نە مرۆڤدۆست، نە کورد خۆشەویستن و نە دڵسۆزی کوردستان، بەڵکو بەڕێوەبەری سیاسەتێکی نگریسن دژی کورد کە بەرنامەکەیان لە تارانەوە پێدراوە.

 ڕۆژی کورد: کردنەوەی لقی ژینگەپارێزی لە شارەکانی کوردستان لە کاتێکدا کە خۆدی ئەم حزبە خۆیی لقێکە لە حیزبی وەحدەتی میلی و ئەمر لە تاران وەردەگرێت، پێتان وانییە کە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ شێواندن و کەمڕەنگ کردنەوی کاری ئەنجومەنە ژینگەپارێزیەکان؟

کۆنەپۆشی: هەر بە تەنیا شێوێنەر نین، بە کەمڕەنگ کردنەوەی کار و چالاکی ئەنجومەنەکانیشەوە ناوەستن، بەڵکو پێچەنەرەوەشن، واتە کەی ویستیان ئەوەی پێیان خۆش بوو ئەیپێچنەوە، جا چ مرۆڤ بێت بیپێچنەوە یان ڕێکخراوێک، ئەوان ماف و ئیزنی پێچانەوەیان دراوەتێ.

 ڕۆژی کورد: بە باوەری بەڕێزتان ئەرکی ئەنجۆمەنەکان لەم کاتەدا چییە؟ دەبێ لە بەرانبەر ئەم هەوڵەدا چی بکەن؟

کۆنەپۆشی:  بە هیچ جۆرێک پەیوەست نەبن بە “لقی کوردستانیی حیزبی وەحدەت مللی”، بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتەکانیان زیاتر لە ڕابردوو چالاکتر بن، لە نێوەڕۆک و سیاسەتی پشت پەردەی ئەو حیزبە ئاگادار بن و بزانن مێژووەکەی چیە و ئێستا بڕیار لە کوێ وەر دەگرن.

 ڕۆژی کورد: پێتان وانییە ئەمە هەوڵێکە بۆ گۆشاری زیاتر خستن سەر ئەنجۆمەنەکان و هەروەها بە سیاسی کردنی ئەم ڕەوتە؟

کۆنەپۆشی: ئاشنایەکی کۆڵبەرم هەبوو، خەڵکی سەردەشت، جارێ وتم، ئەرێ تیڤی و چایی و ئەو شتانە هەڵبگرن، هەر تەقەتان لێدەکەن، وتی بارە قورئانیش هەڵبگرین ئەگەر بێت و کۆماری ئیسلامیش بزانێ کە بارەکەمان قورئانە هەر دەستڕێژ و تەقەمان لێدەکەن، کەوابوو، هەر جۆرە چالاکییەکی مەدەنی، ژینگەیی و ئەدەبی و فەرهەنگی بە سیاسەت دەزانێ، هەڵبەت بە ڕای منیش ئەوانە بەشێکن لە سیاسەت، بەڵام کۆماری ئیسلامی بەو سیاسەتە وەریدەگرێ کە ماف بدا بە خۆی لە ژێر هندێ پڕوپاگاندای هیچدا چالاکڤانان لەسێدارە بدات و لەناویان بەرێت.

 ڕۆژی کورد: بە باوەری بەرێزتان کردنەوەی لەقی ژینگەپارێزی لە شارەکانیتر بۆ پەرووپاگەندەی هەڵبژاردن یان زیاتر بە لارێدا بردنی بیری خەڵک لە کوردستان  نییە؟

کۆنەپۆشی: بەڵێ! بەردەوام کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی چەواشەکاریە و لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتییە، هەڵبەت پێم وابێت، تا سەرەتای بەهاری داهاتوو پیلان و بەرنامە و پرۆژەی زۆرتر وەگەڕ دەخات. ئێستا کە دڵنیا بووە، هێزی ڕاسان و خەباتی چەکداری پێشی پێ ناگیردرێ، لە تەقالا دایە، هەموو نەخشەیەکی شوم بکێشێت و بەڕێوەی ببات بۆ پێشگرتن لەو خەباتە، بەڵام دڵخۆشانە دەبێت بڵێم،کۆماری ئیسلامی خاوەن ئەو بڕوا و متمانەیە نیە،بتوانێ ڕای گشتی و خەڵک بە لاڕێدا بەرێ، ئەویش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە هەستی نەتەوایەتی بەرز و بەڕێزە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت