کۆماری کوردستان بەرهەمی دیپلۆماسی نەتەوەیی پێشەوا

0
442
ئازاد مستۆفی
ئازاد مستۆفی

کریس کوچرا دەربارەی کۆماری کوردستان لە کتێبێکی لەمبارەوە، بەمجۆرە باسەکەی دەست پێدەکات “کەس باوەڕی نەدەکرد مهاباد ببێتە ئەو کۆمارەی کە زلهێزەکانی نیگەران کرد”. بۆیە منیش لەم بابەتەمدا دەمەوێت سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرکۆمار پێشەوا قازی محەمەد کە ئاکامەکەی دامەزراندنی کۆماری کوردستانی بوو، بدوێم.

نەتەوەی کورد بەهۆی ئازادیخوازیی و مرۆڤدۆستییەکەیەوە لە درێژایی مێژوودا لە جوغرافیایەک هەڵکەوتووە کە کوردستان وەکو خاڵێکی سپی بووە لە لاپەڕەیەکی ڕەشدا کە دراوسێکانی و هەروەها زلهێزەکانیش هەوڵی سڕینەوەی نەتەوە و خاکەکەیان داوە و لە هیچ کردارێکی نامرۆڤانەی توندوتیژیی خۆیان نەبواردووە. بۆیە کە دەڕوانیتە هێماکانی ئەم نەتەوەیە پتر کەسانی قارەمانی گۆڕەپانی بەرخۆدانیی سەربازیی دژی داگیرکەرن و لە شیعر و هەڵبەست و ڕۆمان و میدیاشدا پتر بایەخ بەو بوارە دراوە و کەمتر ئاوڕێک لەوانە دراوەتەوە کە هەوڵیان بۆ چارەسەریی ململانێکان، ئاشتیخوازانە و دیپلۆماسییانە بووە. ڕەنگە بێمتمانەیی بە دوژمنی داگیرکەر وای کردبێت کە ڕێگەی دیپلۆماسییەت و دانوستان زۆر بایەخی پێ نەدرێ دیارە هەندێ جاریش کوردی فیداکاری گۆڕەپانی جەنگ، ئاسانیش لەسەر مێزی دانوستان بەرامبەر دوژمنەکەی نەرمی نواندووە و ئیمتیازی پێ داوە بەڵام پێشەوا قازی محەمەد سەرکۆماری کوردستان هەرچەند مەلایەکی ئایینی و قازییەکی شارەکەی بووە لەو سەردەمەدا، چەند زمانی بیانی زانیوە و هەڵسوکەوتی لەگەڵ بەرپرسانی سەرەکی سوپا و دەوڵەتی ئێران و دیپلۆماتەکانی وڵاتانی بیانی بووە. پێشەوا، پێشەنگ بووە لەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێگەی دیپلۆماسیش بە بەشێک لە خەباتەکەی بزانێت و دەسکەوتی زیاتر بۆ نەتەوەکەی لەم ڕەهەندەی خەباتیشەوە، بەدەست بێنێت.

هەڵسوکەوتی پێشەوا لەگەڵ لایەنە جۆراوجۆرەکان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ئەو دیپلۆماتێکی واقێعبین و کەسایەتییەکی وشیار بووە و توانیویەتی ململانێکانی هەرێمیی و نێودەوڵەتی و هەڕەشە و گوشارەکان بە هەلێکی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتیی بۆ وەدیهاتنی خەونی نەتەوەکەی بگوازێتەوە.

داگیرکردنی ئێران لە ساڵی 1941ز. لەلایەن هێزەکانی یەکێتیی سۆڤیەت و بریتانیا ئەو دەرفەتە کراوەیە نەبوو کە خرابێتە بەردەستی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت شەخسی پێشەوا قازی محەمەد، بەڵکو ئەوە سەرکۆماری کوردستان بوو کە بەهۆی دیپلۆماسییەکی کارا و بەئیرادەوە پێش ڕوودانی ئەو بارودۆخەی ئێران، لە زەمینەسازییەکی جەماوەریی و سەربازیی و دیپلۆماسیدا ئەو هەلەی قۆستبۆوە.

بۆ نموونە 25ی سێپتەمبری 1941ز. دوو ئەفسەری بەریتانی و ئەمەریکی سەردانی پێشەوا دەکەن و گوێ لە خواستە نەتەوەییەکانی دەگرن بەڵام لە کۆتاییدا دڵساردی دەنوێنن و تەنانەت لە دوو سەردانی پێشەوا بۆ کۆنسوولی بریتانیا لە کرماشان پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان، هەمان ساردی لەوانەوە دەبینێت کە وەڵامی “نا” بۆ خواستە نەتەوەییەکانی کورد دەدەنەوە.

هەروەها بەپێی بەڵگەکان لە 25ی نۆڤێمبری 1941 کە شاندێک لە کوردستانەوە بانگهێشتی یەکێتیی سۆڤیەت دەکرێن، کاتێک “ئەمیر ئەسعەد” باسی پشتگیریی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکات، “باقرۆف” سەرکۆماری ئازەربایجانی یەکێتیی سۆڤیەت، شەفافانە ڕایدەگەیەنێت کە “بارودۆخ بۆ سەربەخۆیی کوردستان گونجاو نییە و کوردەکان دەبێ چاوەڕوان بن” بەڵام هەر ئەم بەرپرسەی یەکێتیی سۆڤیەت لە دیداری شاندی تەورێز بۆ باکۆ بە میوانەکانی دەڵێت: “سنووری نێوان دوو ئازەربایجان ئیتر لە بواری کولتووری و ڕەوانییە بوونی نییە و ڕۆژێک دێت کە تەنها یەک ئازەربایجان ببێت”. تەنانەت بۆ ڕووداوەکانی دواتریش ویلیام ئیگڵتۆن لە کتێبی “کۆماری کوردستان 1946” هەر لەبارەی ئەم هەڵوێستەی یەکێتیی سۆڤییەتەوە نووسیویەتی: “باقرۆف پێداگر بووە لەسەر ئەوەی کە کوردستان بەشێک بێت لە ئازەربایجانی خودموختار”.

دوو شێواز بۆ سەرپەرشتی بابەتگەلی پەیوەندیدار بە پەیوەندیی نێودەوڵەتی لە جیهاندا لەئارادایە. شێوازی یەکەم چارەسەریی چەکداریی و گۆڕەپانی شەڕە و شێوازی دووهەمیش چارەسەریی دیپلۆماسیانەی کێشەکەیە. بۆ شێوازی یەکەم ژەنەراڵ دەوری سەرەکی دەبینێ و لە شێوازی دووهەمیشدا دیپلۆماتە کە ڕۆڵی هەیە. بێگومان لەکاتی شەڕیشدا بۆ هێنانە بەرباسی کێشەکە و کردنەوەی دۆسییەکە بەڕووی گشتییدا و لە کۆتاییشدا دانوستانێکی کاریگەر و وەلانانی گۆڕەپانی شەڕ، دووبارە هەمان دیپلۆماسییە کە دەوری سەرەکی دەبینێت و هەمیشە وا نەبووە کە براوەی شەڕ براوەی ئاشتی و دانوستان و دیپلۆماسیش بێت. بەپێی هەمان بنەمایە کە دەبینین پێشەوا زۆر گرنگی بە دیپلۆماسی داوە و لە هەمان کاتدا کە لەشکری مهاباد-ی بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورد، دامەزراندووە بەڵام بەشی سەربازیی لای ئەو پشتگیرییەک بووە بۆ دیپلۆماسی نەتەوەیی و هەر لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی تەمەنی کۆمار، دیپلۆماسی لای ئەو پێگەی تایبەتی هەبووە.

جێگری کۆنسوولی یەکێتیی سۆڤیەت لە ئێران لە سەفەرێکیدا بۆ شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەبارەت بە دەسەڵاتە ناوچەییەکان و لاوازیی دەسەڵاتی ناوەند بۆ سەرووی خۆی ڕایدەگەیەنێت کە “لە ڕاستیدا چەند کۆمارێکی بچووکی کورد لەم ناوچەیەدا هەن”. پێشەوا بەم پرش و بڵاوەی کوردی زانیوە بۆیە زۆر بەخێرایی لەبەر ئەوەی کورد نەبێتە قوربانی سیاسەتەکانی ناوەند و زلهێزەکان، هەوڵی یەکخستنی ماڵی کورد دەدات و دەڵێی هەوڵەکانی شیخ المشایخ-ی باپیری لە ساڵی 1830ز. و قازی عەلی باوکی لە ساڵی 1920ز. هەر دەبوایە درێژە بدرێت.

لە کاتێکدا کە کومیتەی فەرماندەیی سەربازیی بریتانیا لە ئێران، لە دوو یادداشتدا بۆ ئەفسەرەکانیان ڕایانگەیاندبوو کە “مەبەستی دەوڵەتی بریتانیا پشتگیریی دەوڵەتی ناوەندە و بەهیچ شێوەیەک نابێت بەقازانجی کوردەکان بجووڵێنەوە” و هەروەها لە کاتێکدا کە بەریتانییەکان لایان وا بووە کە قازی محەمەد مەیلەو یەکێتیی سۆڤییەتە، لە دانیشتنێکدا لە مانگی ئۆکتۆبری 1943 کە پێشەوا قازی محەمەد بووە لەگەڵ گرێسپێنی  Grespigny جێگری مارشاڵی هێزی ئاسمانیی بریتانیا لە عێراق و ئورکورات Urquhart کۆنسوولی بریتانیا لە تەورێز، ئەوان بەئەنقەست وەسفی یەکێتیی سۆڤیەتیان کردووە بۆ ئەوەی دژکردەوەی پێشەوا بزانن کە ئەویش زۆر زیرەکانە لە مەبەستەکەیان تێگەیشتووە و فەرموویەتی: “تەنها بە یارمەتی بریتانیایە کە کوردەکان دەتوانن بارودۆخی خۆیان باشتر بکەن و بگەن بە ئازادی”.

هانس جی. مورگێنتا Hans Joachim Morgenthau (February 17, 1904 – July 19, 1980) باوکی سیاسەتی دەرەوە لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم و لە بونیاتنەرانی تیۆری واقعبینی کە بە ڕەخنەوە دەڕوانێتە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕای وایە “مەبەستی سیاسەتی دەرەوە دەبێ بەپێی بەرژەوەندیی نەتەوەیی پێناسە بکرێت و بەرژەوەندیی نەتەوەییش بەپێی دەسەڵات”. ئێمە دەبینین پێشەوا لەو سەردەمەدا بەم بەرژەوەندییە نەتەوەییەی زانیوە و لە هەموو دیدار و چاوپێکەوتنێکیدا دیپلۆماسییەتەکەی بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی نیشتمانەکەی بووە. لە دیدارەکانیدا لەگەڵ کۆنسوول و بەرپرسە ڕووسی و بەریتانییەکان داوایەکی شەخسی و حزبی و بنەماڵەیی نەهێناوەتەگۆڕێ، داوای پێگە و پۆستی لە محەمەدڕەزا شای ئێران و سەرلەشکر حەسەن ئەرفەع فەرماندەی گشتیی ئەرتشی ئێران نەکردووە. هەموو دیدار و چاوپێکەوتنەکانی تەنها باسی پشتگیریکردنی لایەنەکان لە خواستە نەتەوەییەکانی کورد بووە. دیپلۆماسی ئەو هەوڵ بۆ نەتەوەکەی و بەرزکردنەوەی ئاستی خواستی ناسیۆنالیزمی کورد بووە.

رێئالیزمی سیاسی مێتۆدۆلۆژییەکی واقعبینانەیە بۆ دەسپێڕاگەیشتن و وەدیهاتنی مەبەستێکی دیاریکراو. ڕێئالیزمی سیاسی بەمانای لەبەرچاوگرتنی ئامانجەکان و لەبیرکردنی نییە بەڵکو شێوازێکە بۆ هەنگاو بەهەنگاو گەیشتن بە ئامانجەکان. پێشەوا زانیویەتی کە یەکێتیی سۆڤیەت و بریتانیا واتە دوو زلهێزی ئەوکاتە، لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری کوردستان نین تەنانەت جەعفەری پیشەوەریش لە فێبریەی 1945 ناڕەزایەتی توندی خۆی لەمبارەوە بۆ سەرکۆماری کوردستان ڕاگەیاندووە کە پێشەوا زۆر بوێرانە ڕێگەی بەو هاوبەشە نەداوە کە بڕیاری بەسەر داسەپێنێت و کەسایەتی خۆی و نەتەوەکەی و خواستە بەرهەقەکەی زۆر بە گەورەتر لەو کۆسپانە زانیوە.

 دۆخی سیاسی و ئابووری ئێران لە سەردەمی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە خراپترین ئاستی خۆیدا بووە هەروەها کەشی سەرکوت و زیندانی سەردەمی ڕەزاشای پەهلەوی وای لە بەشێکی کوردستان کردبوو کە دەرەتانی هەڵمژینی هیچ هەناسەیەکی پشتیوانی بۆ کۆمار لەئارادا نەبوو بەڵام ئەوە ئیرادەی قازی محەمەد و دیپلۆماسی نەتەوەیی ئەو بووە کە یەکێتیی سۆڤیەتی ڕەزامەند کردووە بۆ پشتگیری لە کۆمارەکەی و تەنانەت مسکۆ ڕێگەی داوە کەرستەی چاپی ڕۆژنامە و کتێب بۆ کۆماری کوردستان هەناردە بکرێت و پێشەوایش زۆر ئازایانە بەکەڵکوەرگرتن لەو دۆخە، هەوڵی پێگەیاندنی لاوانی وڵاتەکەی داوە و خوێندکاری بۆ زانکۆکانی یەکێتیی سۆڤیەت ناردووە.

ئەمانە هەمووی بەرهەمی ئیرادەی دیپلۆماتیکی نەتەوەییە کە کۆسپ و تەگەرە دەرەکی و نێوخۆییەکانی بینیوە و زانیویەتی بەڵام کاریگەریی نەرێنی و لاوازیی لەسەر ئیرادەی دانەناوە. ئەو دەرفەتە مێژووییەی بەهۆی جەنگی جیهانی دووهەمەوە ڕووی لە کوردستان کردبوو، پێشەوا قازی محەمەد بە هەوڵ و خوێندنەوەی ورد و تێکۆشانی دیپلۆماسی پێشووتری خۆی توانیبووی بیقۆزێتەوە. دیپلۆماسییەکی نەتەوەیی زۆر سەرکەوتووانە کە ئێستەشی لەگەڵدا بێت هەموو پارچەکانی کوردستان بە شانازییەکی مێژوویی دەزانن و لووتکەی ئیرادەی نەتەوەیەک بووە کە خۆی لە کۆماری کوردستاندا دیتووەتەوە. ئەگەر ئەو ئیرادە و دیپلۆماسییە نەتەوەییەی پێشەوا نەبوایە هەرگیز کۆماری کوردستان دانەدەمەزرا و ئەوپەڕەکەی وەکو ئیالەتێک لە کۆماری ئازەربایجانی ئێران ناوی دەهێنرا.

————————–

تێبینی: ئەم بابەتە لە ڕۆژنامە کوردستان ژمارە 696 چاپ بووە.و له‌ لایه‌ن نووسه‌ره‌وه‌ بۆ ڕۆژی كورد نێردراوه‌

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت