کۆماری تیرۆر

0
456
ئەنوەر عەباسی

کۆماری ئیسلامی ئێران ئەگەرچی ئەمڕۆ وەکوو یەکێک لە گەورەترین پشتیوانانی تیرۆریزمی رێکخراوەیی و بەناوبانگترین نمونەی تیرۆریزمی دەوڵەتی ناسراوە قەت بەشێوەیەکی جدی لەم سۆنگەیەوە توشی سزادانی نێودەوڵەتی نەبووەتەوە و جگە لە کۆمەڵێک مەحکومییەتی روتین و ئابلۆقەی ناکارامە رێوشوێنێکی لە بەرانبەردا نەگیراوەتە بەر. بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا دیتمان کە بە هۆی سەرهەڵدانی داعشەوە رۆژئاوا هەوڵی ئەوەیدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران وەکوو خۆی قبوڵ بکات. واتە لە مێشکی سیاسی رۆژئاوادا هاوکێشەکە ئاوای لێهاتووە: ”حکومەتێکی تیرۆریست لە رۆژهەڵاتی ناویندا هەیە کە وەکوو هەشت پێ، بەسەر ناوچەکەدا زاڵە و لە هەر کوێ ناوێک لە تیرۆر و ئاژاوە هەیە شوێن پێی ئەم حکومەتە دەبینرێ و بەرنگار بوونەوەی تێچوویەکی زۆری دەبێ. کەواتە ئەبێ ئەمە وەکوو راستییەک قبوڵ بکرێت و هەوڵ بدرێ کە ئاراستەی ئەم تیرۆریزمە لە دژی بەرژەوەندییە درێژماوەکانی رۆژئاوادا نەبێ.”

شەڕی داعش تەنانەت وایکرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بیر لەوە بکاتەوە لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ ئێران بکەوێتە دانوستان و هاوکاریشەوە کە بەهەرحاڵ لە دنیای سیاسەتدا تاکتیکی لەم چەشنە زۆریش چاوەڕوان نەکراو نییە.

کۆماری ئیسلامی ئێران ئێستایش لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا درێژە بە سیاسەتی ئاژاوە نانەوە و ترس و تۆقاندن و تیرۆر دەدا و ئەگەر لەوە بپرسین کە بۆچی لەگەڵ هەبوونی ئەم هەمووە ئابلۆقە و هەڕەشە زمانیانە کە بە هۆی ئەم سیاسەتانەوە توشی ئەبێ دیسان درێژەی پێدەدا وڵامەکەی ئاسانە: کۆماری ئیسلامی ئێران چوار دەیەیە کە وڵامی باشی لەم سیاسەتە وەرگرتووە. لەنێو بردنی کەسانی سەرەکی بزوتنەوە و رەوتە ئۆپۆزسیۆنەکان تەوانیویەتی ئەوان لاواز و ناکارامە بکات. ئاژاوە نانەوە لە ولاتانی دراوسێ وای کردوە کە شەڕ لە نێوخۆی دوور بخاتەوە. هەر وەک دەڵێن: ئێران لە ئێراق و ئەفغانستان و یەمەن و سوریا و لوبنان و فەلەستین شەڕی رۆژئاوا دەکات نەک لە خاکی خۆیدا. هەروەها بەمشێوە توانیویەتی شارومەندانی ئێرانی قەناعەت پێبێنێ کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی نەبوایە ئێستا ئێرانیش وەکوو سوریا و ئەفغانستان و ئێراقی لێهاتبوو. ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکێک لە تاوانبارانی سەرەکی کاولکاری لەو وڵاتانەدا خودی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

بەڵام ئەگەر زیاتر بپەرژێینە سەر کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی ئۆپۆزسیۆنی بە ڕەگەزنامە ئێرانی دەبینین کە ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی لەم نێوانەدا پشکی شێری بەر دەکەوێ. چ لە باری گرینگی کەسانی تیرۆر کراو و چ لە بابەتی ژومارەی تیرۆر کراوانەوە.

تیرۆری دوو سەرکردەی حزبی دیموکراتی ئەو سەردەم واتە دوکتور عەبدوڵرەحمان قاسملو و دوکتور سەعید شەرەفکەندی بە مەودایەکی کەم کە هەردوو لە کاتی تیرۆر کراندا سکرتێر و کەسی یەکەمی حزبەکەی خۆیان بوون و تیرۆری کاک سەعید یەزدانپەنا دامەزرێنەری یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان (پارتی ئازادی کوردستان) و هەروەها تیرۆری زیاتر لە سێسەد بۆ چوارسەد کادر و پێشمەرگە و لایەنگری حزبە کوردستانییەکان لە باشوری کوردستان لە ماوەی کەمتر لە دە ساڵدا، بە تەنیا سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە کورد بە گشتی یەکێک لە سەرەکیترین قوربانیانی تیرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.

ئەوەی کە بووەتە هۆکاری پەرەسەندنی بەردەوامی سیاسەتی تیرۆر بە دژی کوردان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە چەن خاڵدا کۆ دەبێتەوە.

یەکەم؛ کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان ئامانجێکی ئاسانە. بە تایبەت لە باشوری کوردستان کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بووە بە حەوشە خەڵوەتیی کۆماری ئیسلامی و بەردەوام تێیدا تەڕاتێن دەکات و بەهەر شێوەیەک کە بیهەوێ هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکات. ئاسان بوونی کوردی رۆژهەڵات لە باشور خۆی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار کە بە کورتی دەکرێ ئاماژەی پێبکەین: ١- دۆخی ئابوری خراپی خەڵکی باشوری کوردستان کە رێگا بە کۆماری ئیسلامی دەدا بە ئاسانی بەکرێگیراوی دەست کەوێ. ٢- وابەستە بوونی سیاسی و ئابوری حزبە سیاسییەکانی باشور بە کۆماری ئیسلامی. ٣- ژیانی کەمپ نشینی حزبەکانی رۆژهەڵات کە وا دەکات شوێنی نیشتەجێ بوونیان هەمیشە لە پێش چاوی کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندییەکانیدا بێت و بتوانێ بە وردی هەموو جوڵەیەکی ئەوان چاودێری بکات و وەکوو ماسیگرێک کە لە حەوزێکی بچوکی سنوردار ماسی دەگرێ، دەستی بۆ هەموو کارێک ئاوەلا بێت.

دوهەم؛ تیرۆری کورد کەمترین تێچوی سیاسی هەیە. کورد وەکوو مەسئەلەیەکی جیهانی هەتا ئێستا چارەسەر نەکراو ماوەتەوە و قەت بەرژەوەندی خوازی رۆژئاوایی رۆژێک لە رۆژان خۆی لە سەرکەوتنی کورددا نەدیتوەتەوە. بۆیە کەمترین کاردانەوەی نێودەوڵەتی بە نیسبەت تیرۆری کوردان دەتوانین ببینین. لە لایەکی دیکەوە کورد ئەو تایبەتمەندییەی هەیە کە هەم لە لای پۆزسیۆن و هەم لە لای ئۆپۆزسیۆن هەڕەشەی لەسەرە. واتە تەنیا دوژمنی کوردی رۆژهەڵات کۆماری ئیسلامی ئێران نییە بەڵکوو زۆربەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش تەنانەت هەر ئێستایش کە هیچ هێز و دەسەلاتێکییان نییە دژایەتی ئامانجەکانی بزوتنەوە کوردییەکان دەکەن بۆیە لە ئاست تیرۆری کوردستانیاندا کەمترین کاردانەوەیان هەیە. لە لایەکی دیکەشەوە خودی ئەحزابی کوردی قوربانی تیرۆر، توانایی گەیاندنی پەیامی خۆیانیان بە دەرەوە تێدا نییە. کەمترین توانای لۆبیگەری و فشار خستنەسەر ناوەندەکانی دەسەڵاتی رۆژئاوا لە کورددا نییە. هەموو ئەمانە وای کردوە کە ئێران بتوانێ بە کەمترین تێچووی سیاسی، سیاسەتی تیرۆریستی خۆی لە بەرانبەر کورددا پەرە پێبدا.

سێهەم؛ هەتا ئێستایش کورد جدیترین و بەهێزترین ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامییە. حزبە کوردییەکان هەتا ئێستا سەلماندویانە کە ئەگەرچی بە پێی بارودۆخی هەنوکەییان کەمترین ئیمکانی جوڵەی سیاسییان هەیە بەڵام هەر کات کەمێک پانتایی سیاسی ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت، توانای رێخستنی خەڵک و بەڕێوەبردنی شۆڕشیان تێدایە و زۆر بە خێرایی لە قاپۆڕی دیفاع دەردێن و دەست دەکەنەوە. هەروەها خەڵکی کوردستانیش ئەو جیاوازییەیان لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران هەیە کە بە زۆرینە بەشێوەیەکی سیستماتیک و بەشێوەی نهێنی پێوەندیی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان ، (بە کردەوەیی یان عاتیفی) بە حزبەکانەوە هەیە و لە هەر دەرفەتێکی رەخساودا ئەوەیان سەلماندووە کە دەنگی حزبەکان دەبیسن. کۆماری ئیسلامی بە درێژایی چل ساڵی تەمەنی هەموو رێکارێکی بۆ لە نێو بردنی ئەم ئیمکانە گرتوەتەبەر و کەمترین دەستکەوتی بووە. کەواتە ئەم قسە کە دەوترێ ”رێگای ئازادی ئێران، بە کوردستاندا تێدەپەڕێ”، زۆر دوور لە راستی نییە. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی حەسابێکی تایبەتی بۆ کوردستان کردوەتەوە و بەم پێیەش هێشتا بژاردەی تیرۆر لە دژی حزبە کوردستانییەکان گرینگترین کارتی کۆماری ئیسلامییە.

لە چەن رۆژی رابردوودا دیتمان کە ماشینی تیرۆری کۆماری ئیسلامی ئێران دیسان بە دژی کورد وەکار کەوتووەتەوە و ئەندامانی حزبە کوردستانییەکانی بە ئامانج گرتووە. بەهێز بوونی حەشدی شەعبی کە نوسخەی ئێراقی هەمان ”بسیج مردمی” نیوخۆی ئێرانە، وای کردوە هێندەیتر دەستی ئێران بۆ تیرۆر لە باشوری کوردستان ئاوەڵا بێت. بەم جموجوڵانەی ئەم دواییانەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆماری ئیسلامی ئێران هەستی بە مەترسی کردوە و دەیەوێ هەر چەشنە جوڵەیەک لە سەرەتای سەرهەڵدانیدا لە نێو بەرێ. کۆماری تیرۆر دیسان گەراوەتەوە سەر رێچکەی خۆی و هیچ دوور نییە ئەمە سەرەتای شەپۆلێکی بەرفراوانتری تیرۆر و تۆقاندن بێت کە لە بەرنامەی درێژماوەی سپای قودسدا گونجێنرابێ بۆ درێژتر کردنەوەی تەمەنی رژیمی ئیسلامی ئێران.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌