کۆماری ئیسلامی کاروانی خەباتی خۆرهەڵات بەرەو کام ئاسۆ کۆچ دەدات؟

0
176

نووسەر: هەڵمەت مەعرووفی

تێبینی: ئەو بابەتە ڕێک یەک ساڵ  بەر لە ئێستا نووسراوە و لە ماڵپەرێک بڵاو کرایەوە کە بە هۆی هەندێک کێشە لە دیکتاتۆڕییەت لە بەڕێوەبەری ماڵپەڕەکە و نەبوونی ڕۆچنەیەک بۆ بیری جیاواز، نووسەری ئەو بابەتە چیتر لە ماڵپەڕی مەبەستدا نەماوە، بە پێی دۆخی ئێستای کوردستان و دەرکەوتنی ڕاستییەکانی ناو بابەتەکە لە دونیای واقعی کوردیدا و بۆ پاراستنی باباتەکە، جارێکی تر ئەو بابەتە لێرە کە دەروازەیەکە بۆ بیری ئازاد و سەربەخۆ، بڵاو دەکەمەوە.

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

مێژووی خەبات لە خۆرهەڵات، مێژوویەکی دوور و درێژە و لە هەمان کاتیشدا، مێژوویەکە بناغەدانەر، بۆ نموونە سمایل ئاغای سمکۆ، بزاڤی کورد لە ئایینی و ئایینی- نەتەوا
یەتییەوە، وەردەچەرخێنێت بۆ نەتەوەیی ڕووت و هەر لە ڕۆژهەڵاتیش یەکەم حیزبی مۆدێڕن لە سەر دەستی پێشەوای نەمر لە دایک دەبێ و چیتر شۆڕشی کورد بۆ داگیرسان، چاوەڕێی سەرۆک خێڵ یان شێخ و مەلا نامێنێ و خەبات بە رێکخستن دەکرێت، بەڵام ئەو خەباتە لە مێژووی خۆیدا و بەتایبەتی لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا تووشی گەلێک هەوراز و نشێو و ڕۆژگاری تاڵ و شیرین هاتووە و لە ئێستادا جۆرێک لە دەستەوئەژنۆ دانیشتن و دامانی بە ڕوخسارییەوە دیارە کە ناکرێ حاشای لێبکرێت. ئەو چەشنە لە دۆش دامان بۆی هەیە گەلێک فاکتەری دیار و نادیاری هەبن کە نووسەر نەتوانێ و نەزانێ هەر هەموویان بژمێرێت بەڵام لەو ناوەدا دەکرێ جیا لە خۆ قوربانی کردن بۆ حکومەتی دەیان ساڵە ساوای هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی کورد لەو پارچە بێ ئەمەگە لە کوردستان،  ئاماژە بە هەندێکیان بکەین:

  • هەبوونی دوژمنێکی دڵرەق هەم لەسەردەمی شاهەنشاهی و هەم لەسەردەمی ڕژێمی خومەینستی کۆماری ئیسلامیدا کە لە دەرهەق بە کورد و دژبەرانی خۆی لە هیچ چەشنە کردارێکی نامرۆڤانە، هەر لە فتواوە تا تیرۆر و هەر لە بە جاش کردنی خەڵکی ناوخۆ تا جاشاندنی حیزبەکانی پارچەکانی تری کوردستان، نەبواردووە.
  • لاواز بوونی رێبەری حیزبەکان بەتایبەتی لە دوای تیرۆری دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندی کە لە ئەنجامدا بوو بە مل دان بە خواستی هیزەکانی باشوور بەتایبەتی یەکێتی نیشتمانی و پاشەکشە بۆ خاکی عێراق.
  • ناپاکی لایەن و حیزبەکانی بەشەکانی تر و بەتایبەتی باشوور لە سەردەمی خۆیدا و تیرۆری پێشمەرگە و کادر و ئەندامانی ئەو حیزبانە و پەل کێش کردنی سپای پاسداران تا هەیبە سوڵتان و ….تاد، کە لە ئەمڕۆشدا بە شیوەی جۆراو جۆر بەردەوامە.
  • نەبوونی سیاسەتی تەواو سەربەخۆ لە ناو هەندێ حیزب و لایەن و ڕەچاو کردنی سیاسەت و ستراتیژی حیزبەکانی تر. بۆ نمونە دەکرێ بپرسین، ئەگەر دێموکرات شەهید بوونی رێبەرانی کردە بیانووی پاشەکشە، گەلۆ چما کۆمەڵە پاشەکشەی کرد و لە زڕگوێز نیشتەجێ بوو؟ خەبات و یەکێتی شۆڕشگێڕان و….تاد، بۆچ وایان کرد؟
  • داتاشینی ئەلترناتیڤ بۆ حیزبەکانی خۆرهەڵات لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەم لە ناوخۆ و لە دەرەوە.
  • ناوچەگەرێتی و هەندێ سیاسەتی هەڵە و هەڵەشە، بوو بە هۆکاری هاتنە ڕیزی پێشەوەی هەندێ کەسی نەشیاو و کشانەوە و ڕاکردنی هەندێ کەسی شیاو کە لە ئەنجامدا وای کردووە حیزبەکان ستراتیژی نوێ و پلانی گەڵالەکرا و تۆکمەیان نەبێ و لە بازنەیەکدا بخولێنەوە (لە حیزب و لایەنەکاندا ئاستی جیاوازی هەیە) و ئەوەش بۆتە هۆی ماندوویی و خەونووچکە.
  • …..تاد

ئەوەی کە کوترا باس بوو لە مێژوویەک کە بەشێک لەو مێژوویە وەک جاشاندنی حیزبەکانی پارچەکانی تری کوردستان، هەنووکەش بەردەوامە و نموونەی کرداری ئەو بابەتە بەرچاو و ئاشکرایە و نە حەوجێی ڕامان و بەڵگەسە. هەر لە ڕاخستنی فەڕشی سوور و سەردانە وەخت و بێ وەختەکانی قاسم سلێمانی و رێکەوتنی مورەبەعی ئەمنی و جاسووسان و شەهید کردنی پێشمەرگە و هەبوونی بنکە لە شارەکانی ئەو پارچانە و هەبوونی بنکەی سپاسی قودس لە فڕۆکەخانەی چەند شارێک و دەست بە دامان بوونی ئێران بۆ سازدانی حکومەت و یەکلایی کردنەوەی کێشەی دانانی پارێزگار و ….. لە خوا بەززیاد بی زۆری تر.

هەمووی ئەو بابەتگەلە کە باس کران و فرەی دیکەش، لە خەسارناسی بەرخۆدانی کورد لە خۆرهەڵات و بگرە لە پارچەکانی تریش، شیاوی سەرنج و ڕامانن و هەویرێکە ئاوێ زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام ئەوەی کە ئەو وتارە بەدوایدا دەگەرێ دۆخی ئێستای خەبات و حیزبەکانی خۆرهەڵاتە و هەروەها هەوڵە نوێ و بەڕێکخستن کراوەکانی ڕژێمن کە بەڕاستی بە پتەوی گەڵاڵەی کردوون. ڕژێم کە هەر لە سەرەتای هاتنە ئارای خۆی، حیزبە کوردییەکانی دژبەری خۆی بە هەڵوەشاوە ناساند، زۆر هەوڵی خستە گەڕ بۆ سڕینەوەی یەکجارەکیان کە لە سەرەوە ئاماژە بە هەندێکیان کرا، بەڵام ژێم کە بەو هەوڵانەی تەنیا تووانیبووی لە ماوەیەکی زەمەنیدا حیزبەکان کەم هێز یان تەریک بکات یان کاریگەری هەبێت لەسەر ڕادەی لێ نزیک بوونەوەی خەلک و حیزبەکان، دیسانیش هیوابڕاو نەبووە و ئەو جارە لە هەندێ چوارچێوە و گەڵاڵەی نوێتردا هەوڵەکانی خۆی خستۆتە گەڕ و تا ڕادەیەکی بەرچاویش توانیوێتی بۆشایی بخاتە ناو بزووتنەوەی کورد لە خۆرهەڵات کە لەو هەوڵانە دەتوانین باس لە هێنانە ئارای ئالترناتیڤێک بکەین کە پێشتریش لە ڕێگای دنە دانی و ئیزنی خۆگرتن و بەهێز بوونی لقێکی پ ک ک بە ناوی پژاکەوە هەوڵی ئەو کارەی دابوو بەڵام لە ئەنجامدا و بە هەندێ هۆکار، لێی پاشگەز بۆوە و لە ڕووداوی کێلەشیندا بینیمان کە ڕژێم نەیتوانیوە ئەو ئالترناتیڤە بکاتە جێگرەوە و فاکتەرەکان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەردا نەهاتووە.

هەوڵی ئەوجارەی ڕژێم کە چەند ساڵێکە بە سپۆنسەری سەرەکی چەند قەڵەم فرۆش و بە کرێگیراوێک، لە ناویاندا قانعی فەرد و هوشمەند و چەند کەسێکی تری مەیلەو ئیخوانی سەری هەڵداوە، بریتییە لە ساز کردنی ئالترناتیڤ لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات و ساز بوونی بەرەیەکی بە ڕواڵەت مۆڵەت پێنەدراو کە لە هەمان کاتدا دەتوانێ کۆنگرە و سمینار و کۆبوونەوەی ئاشکرا بگرێ و باس لە نێوبژیوانی نیوان دەوڵەت و پارتەکانیش بکات کە هەڵبەت هەرچەند لەو دواییانە بە ئاشکرا ئەو هەڵوێستەیان دەربڕی بەڵام لە راستیدا لە مێژە لە هۆتێلەکانی هەولێر و سلێمانی، خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەو خەون و ئەرکەیانن و لە هەندێ لایەن و حیزبیشدا لایەنگری باشیان بۆخۆیان دەستەبەر کردووە و باس لە ڕیفۆرم لە چوارچیوەی ئێراندا و هەروەها بەشداری کردن لە هەڵبژاردن بە شێوەی گشتی و بەربڵاو و دڵخۆش کردن بە باس کران لە ئیزن دان بە خوێندنی زمانی کوردی یان کرانەوەی ڕشتەیەک بە ناوی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان، دەکەن و بە وەدیهاتنی خەون و هیوای دەناسێنن ئەوەش لە حاڵێکدایە کە کەسی لێزان باش دەزانێت هەمووی ئەو ئەرک و بەڵێنییانە پێویستییان بە ریخۆشکەری و پێش زەمینە هەیە. بۆ نموونە ناکری بێ ئەوەی کە مامۆستای زمانی کوردیت پەروەردە کردبێت، باس لە ئیزنی خوێند بە زمانی کوردی بکەیت لە قوتابخانەدا.

ڕاستی ئەوەیە کە پێکهاتنی بەرەی یەکگرتوو و هەر بەرەیەکی تر لە چوارچیوەی کۆماری ئیسلامی و سیستەمی وەلایەتی فەقیهیدا، تەنیا کەم کردنەوە و نزم کردنی ئاستی داخوازییەکانی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان لە لایەک و سڕینەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی و شەق بوونیانی لە لایەکی ترەوە لێدەکەوێتەوە کە ئەنجامەکەشی دیارە.

ئێستا حیزبەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان کە پێشتریش خۆیان تووشی دابڕان و ترازان بوون (باس کردن لە هۆکارەکانی بۆ کات و شوینی خۆی)، لە هەمان کاتدا تووشی چەند نەخۆشی تریش بوون کە بریتیە لە پاشکۆ بوون (ئاستی پاشکۆ بوون جیاوازە) و لە لایەکی تریشەوە لە ڕووی فکری و ئیستراتژییەوە، جیاوازییەکی یەکجار زۆر لە ناویاندا بەدی دەکرێت، لە هەبوونی باوەڕ بە خەباتی چەکداری و نکوڵی کردن لە ڕژێم و دڵخۆش نەبوون بە دان و ستانەوە تا وەلانانی هەموو ستراتژی و تاکتیکێکی تر و دڵخۆش کردن بە ریفۆرم و چاکسازی و پێکهاتنی حیزب لە ناو  خودی ئێراندا و بەشداری کردنی بەربڵاو لە هەڵبژاردنەکانی ڕژێم.

گەلؤ لەو پەرت و بڵاوی و پەلە قاژەدا کە زۆر جار تەنیا دوو ئامانجی هەیە، چارەی خەڵک و داهاتوویان چی دەبێ. ئەو دوو ئامانجە بریتین لە:

یەکەم: خۆ جیاواز و ڕۆشنبیرتر نیشان دان لەوانەی تر.

دوو: جیاوازتر نیشاندانی حیزب و لەتەکان بۆ دوورەپەرێزی لە یەکگرتنەوە و لە هەمان کاتیشدا هەبوونی شوین پێیەکی باشتر و دەسکەوتی حیزبی زیاتر لە ناو ئێراندا. کە لێرەدا پیدەچی گرنگ تێچووەکان نین و تەنیا ڕکابەری حیزبی گرنگە.

دوا قسە:

بە پێی ڕەوتی ڕوداوەکان، ئەوەی کۆماری ئیسلامی بە هیچ کردەوەیەکی ڕەق و سەخت و دوژمنکارانە پێی نەکرا، ئێستا بە شێوازێکی نەرم و بە دەستی کورد دەیکات و ڕێک ئێستا کورد لە خۆرهەڵات وەک کورد لە باکووری بەسەر هاتووە، دەوڵەت کۆسپەکان دەسڕێتەوە و خودی کورد خەڵکی بۆ دەباتە سەر سەندووقەکانی دەنگدان و ناو ماڵی کوردیش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەرەو لێک ترازان دەڕوات.

گەلۆ ماندوو بوون لە خەبات و نەبوونی هیوا یان هیوابڕاوی یان نەبوونی ڕاوێژکاری باش و دانانەوەی ستراتژی و تاکتیکی نوێ و ڕکابەری حیزبی ئەوەندە دێنێت کە حیزبەکان سەربەخۆییان لە دەست بدەن یان ئەوەتا دەست بۆ هەر دڕک و داڵێک ببەن تەنیا بۆ یەکەمی بی ڕکابەر بوونیان؟ با بێین و لە خۆمان بپرسین: خەبات بۆ کێ دەکەین؟ خەڵک یان خۆمان؟ ئەو هەموو لێک ترازانی فیزیکی و فکرییە لە پێناو چی دا؟ ئەو ئاسۆیەی کە کۆماری ئیسلامی خەریکە کاروانی خەباتی کوردی بەرەو کۆچ دەدات، یەکجار مەترسیدارە و لە پاشە ڕۆژی کورددا بەو مەرجە بەردەوام بێ، وەک خاڵیکی ڕەش بە ناو چاوانی لایەنەکانەوە دەمێنێتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌