کۆسرەت ڕەسووڵ، بە هۆی شەڕی نێوان پارتی و پەکەکە، پەیامێکی بڵاو کردەوە

0
2096

ڕۆژی کورد: دوابەدوای هاتنە ئارای شەڕ لە نیوان هێزەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستان لە سنووری کوردستانی باشوور و ڕۆژئاوا و شەهید بوونی یەک کەس و برینداربوونی هەشت کەسی تر، کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، لە پەیامێکدا داوا لە لایەنە کوردییەکان دەکات، کێشەی نێوانیان بە وتووێژ و دانیشتن چارەسەر بکەن و کۆتایی بە شەڕ و گرژیی نێوانیان بێنن.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

هەوڵی بێوچانمان بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ كێشه‌ و گرفته‌ناوخۆیی و لابه‌لاكانمان وه‌لابنێین و هه‌موو هێزو تواناكانمان ئازایانه‌ و دڵسۆزانه‌ بخه‌ینه‌ خزمه‌تی دابینكردنی ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ میلله‌ته‌كه‌مان و نه‌وه‌كانی داهاتوومان

كۆمه‌ڵانی خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستان

كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان

پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان

سڵاوێكی شۆڕشگێڕانه‌

له‌كاتێكدا گه‌له‌كه‌مان به‌هه‌لومه‌رجێكی سیاسی و ئابووری ئێجگار سه‌خت و دژواردا تێده‌په‌ڕێت و ئاینده‌یه‌كی نادیارله‌ڕووی دابه‌شبوونه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسی ناوچه‌كه‌ چاوه‌ڕوانمانه‌, هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌درێژایی سه‌دان كیلۆمه‌تر له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگریكردن له‌ خاك و شه‌ره‌ف و خاكی پیرۆزی نیشتمان له‌به‌رامبه‌ر دڕتده‌ترین و سه‌رسه‌خترین دوژمنانی مرۆڤایه‌تی شه‌و و ڕۆژیان له‌یه‌كداوه‌ و داستانی قاره‌مانێتی تۆمار ده‌كه‌ن و كۆمه‌ڵانی به‌شه‌ره‌فی خه‌ڵكی كوردستانیش له‌پێناوی سه‌رخستنی ئه‌زمونه‌كه‌یان به‌رگه‌ی قه‌یرانی سیاسی و ئابووری و بێ مووچه‌یی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریه‌كان ده‌گرن و له‌ ڕه‌وشێكی ناجۆردا ژیانێكی سه‌خت به‌سه‌رده‌به‌ن. كه‌چی به‌داخه‌وه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆهه‌ینی 3ى ئادار گوێبیستی هه‌واڵی نه‌گریسی شه‌ڕ و پێكدادانێكی چه‌كدارانه‌ی نه‌خوازراوی نێوان دوو هێزی كوردستانی بووین, كه‌ بۆنی شه‌ڕی ناوخۆی نێوان براكانی لێدێت . ئێمه‌ سه‌ره‌ڕای ئیدانه‌ی توند و مه‌حكومكردنی هه‌رجۆره‌شه‌ڕێكی ناوخۆیی نێوان هێزو لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان, داواده‌كه‌ین ده‌ستبه‌جێ ئاگری ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌ خامۆشبكرێت و هه‌موولایه‌ك خۆڕاگربن و ئارامی ڕه‌وشه‌كه‌ بپارێزن و لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌ست به‌و كێشه‌یه‌ به‌دیالۆگ و گفتوگۆ له‌سه‌ركێشه‌كانی نێوانیان بگه‌نە لێكتێگه‌یشتن و ڕێگانه‌ده‌ن ئاگری شه‌ڕه‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ بكات و چیتر خوێنی ڕۆڵه‌ی كورد به‌ده‌ستی كورد نه‌ڕژێت و مه‌ڵۆ نه‌خرێته‌ سه‌ر خه‌رمانی دوژمنانی گه‌لناحه‌زانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان .

گه‌لی ئێمه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌بڕیارێكی بوێرانه‌ هه‌مووجۆره‌ شه‌ڕ و پێكدادانێكی چه‌كداری براكوژی وناوخۆیی نێوان هێزولایه‌نه‌ كوردیه‌كانی ته‌حریم و ته‌جریم كردووه‌ , داواكارین كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان پابه‌ندبن به‌وبڕیاره‌وه‌ , و ڕێگا نه‌درێت هیچ جۆره‌ بیانوویه‌كی بۆدابتاشرێت و زوو به‌ زوو كێشه‌ و گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن .

كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی خۆڕاگر و شۆڕشگێر

هێزولایه‌نه‌ سیاسیه‌ تێكۆشه‌ره‌كان

پێشمه‌رگه‌ گیان له‌سه‌ر ده‌سته‌كان

داواكارم هه‌وڵی بێوچانمان بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ كێشه‌ و گرفته‌ناوخۆیی و لابه‌لاكانمان وه‌لابنێین و هه‌موو هێزو تواناكانمان ئازایانه‌ و دڵسۆزانه‌ بخه‌ینه‌ خزمه‌تی دابینكردنی ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ میلله‌ته‌كه‌مان و نه‌وه‌كانی داهاتوومان. دڵسۆزی بۆ كوردایه‌تی و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی پێوه‌ری ڕاسته‌قینه‌مان بێت له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌ی خۆنووسینمان و ڕزگاری یه‌كجاری و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌ییمان .

بۆپێشه‌وه‌ به‌ ئومێدی سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری

كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی

جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت