کورد چۆن و کەی بەشداری خۆپیشاندانی دژی ڕژیمی ئێران بکات کە کەڵکی لێ وەرگرێت؟

0
64
نووسینی:سەلاح ڕەمەزانیان

گەر بمانەوێت خۆپیشاندان و مەبەست لێی شرۆڤە بکەین، بە جووڵەیەکی ناڕەزایەتی دەربڕین لە لایەن دەستەیەک کەسی دیاری کراو یان گشتی بۆ گەشتن بە ئامانج/ئامانجگەلێک دژ بە دەسەڵات یان لایەنی پێوەندیدار کە ئامادە نەبوە وڵامی داواکاریە پێشوویەکان بداتەوە، ئەوترێت.
بە پێی کۆمەڵگا و ئاستی بەرز و نزمی دیموکراسی و ئازادی گوتار، لە وڵاتێ بۆ وڵاتی دیکە خۆپیشاندان و شێوازەکەی جیاوازە. بەناوبانگترین خۆپیشاندان بۆ سەردەمی مارتین لۆتر ئەگەڕێتەوە کە دژ بە دەسەڵاتی زۆری مامۆستایانی ئایینی و بۆ شۆڕشی گشت لایەنە و پێشکەوتنی کۆمەڵگا ئەنجام درا.
گەر چاوێک بە مێژووی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران بخشێنین، لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕش، خۆپیشاندان لە لایەن گرووپە جیاوازەکان بەڕێوە ئەچوو بەڵام لەگەڵ هەڵگرسانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق، ڕامیاری سەرکوت و تۆقاندن بە بیانووی شەڕ و کەشی ئەمنیەتی بۆ پێشگرتن بە هەر جۆرە ناڕەزایەتی دەربڕینێک بەڕێوە برا.
کورد بەگشتی و ڕێزدار د.قاسملوو بەتایبەتی، هەر لە ڕۆژانی یەکەمی ڕەفتاری کاربەدەستانی ڕژیمەوە، درکیان بە گۆڕینی ڕەفتار و پشتگوێ خستنی هەموو بەڵێنە دراوەکان کرد و بە گوتووبێژ لەگەڵ لایەنە دیموکراسی خوازەکان، خوازی پێشگری بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە لایەن ڕژیمەوە بوون.
حکوومەت بۆ پێشگرتن بە ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی کوردستان، لە سیاسەتی پشتگوێ خستن و هێرش کردن کەڵک وەرەگرێت، بەم جۆرە پێش نەکەوتنی ناوچەکە، سیاسەتی توانەوە و خراپ کردنی وجهەی کورد لە ڕوانگەی خەڵکانی ترەوە بەڕێوە ئەچێت.
هەر کات خۆپیشاندان کرابێت وەکوو نموونەی ساڵی ۸۴ی شارەکانی سەقز و مەهاباد، حکوومەت بە دوو شێوەی ڕێکلام و هێزی سەربازی بەرپرچی ناڕەزایەتیەکەی دایەوە و لە ڕوانگەی خەڵکی ئێراندا، کوردی بە شەڕخواز و تێکدەر پیشان دا و بە هێزی ئاسمانی بوە هۆی کوژران و بریندارکردنی دەیان ناڕازی و بە ئاژاوەگێڕ ناوبردنیان، پشتی لە هەموجۆرە دادگایی و قەرەبوو کردنەوەیەک کرد.
لە ساڵی ۸۸ دا، بە هۆی گومان لە ئەنجامی ئاماری دەنگدەران، دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بوویەوە کە دیسان بە خراپترین شێوە سەرکوت کرا.
لەم ساڵانەدا گردبوونەوەی جەماوەر دژ بە بێ ئیمکاناتی چەند جار کراوە کە وەکوو هەمیشە بە بێ ئێعتنایی ڕژیم ڕووبەڕوو بوونەوە.
گەورەترین خۆپیشاندان لە مانگی نۆ و دەی ساڵی ۹۶ بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خوراک و ناکارامەدی دەسەڵات، دەستی پێ کرد کە دیسان بە توندترین شێوە بەرپرچ درایەوە.
لە ئێستادا کە گەمارۆ نوێکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ژیانی خەڵکی زۆر ئەستەم کردوە و دەنگی نارەزایی بەرز بوەتەوە و حکوومەت وەکوو هەردەم بە شێوەی تۆقاندن و دەستگیرکردن، هەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان ئەدات.
بە هۆی نەبوونی ئوپوزیسیۆنی چالاک، پەرتەوازەیی و ناهەماهەنکی زۆر بە خۆپیشاندانەکانەوە دیارە و ئەستەمە گەر پاڵپشتی بەهێز و سازمانی نەبێت، ئەنجامی ئەرێنی ببێت.
ترس و بێ بڕوایی بە یەکدی کە لە ئەنجامی بڕواپێکردنە دۆڕاوەکانی پێشوودایە و ناڕوونی کار و بەرنامەی داهاتووی هەندێ گرووپ، ڕێگای بە هەر جۆرە درووستکردنی بەرەیەکی یەکگرتووی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران گرتوە و بەبێ بەشداری نەتەوە جیاوازەکان، ڕووخانی یان گۆڕینی سیاسەتی ناوخۆی و دەرەکی ڕژیم، کارێکی دژوارە.
چارەسەر بۆ ئەم بێ بڕوایی و ترسە، گوتووبێژی درووست و گوێ گرتن لە داخوازی لایەنەکان بە مافی چارەی خۆنووسین، بە بەشداری نەتەوەیەکگرتووەکان و تەزمینی جێبەجێکردنی تەواوی بەندەکانی لێکتێگەشتن و دانەسەپاندنی حوکمی کەمینە و زۆرینەیە. لەم حاڵەتەدا ئەکرێت هەموو نەتەوەکان پێکەوە کار بۆ ڕووخانی دیکتاتۆری ج.ا.ئێران بکەن و بە ئەنجامی بگەیەنن.
کورد کە پێش ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی، لەگەڵ ئوپوزیسیۆن ڕێکەوتنی هەبوو بەڵام دواتر پشتیان لێی کرد و بوە هۆی کوشتن و چەوسانەوەی گەل، لە ئێستادا تا دڵنیایی تەواوی لە ئەجینداکان نەبێت، بەو قەناعەتە ناگات کە بەشداری خۆپیشاندانێک بێت کە دیسان لە دژی بشکێتەوە.
حدکا وەکوو حیزبی مافخوازی گەلی کورد بە پشتبەستن بە پرەنسیپە نێودەوڵەتیەکان لەگەڵ لایەنە جوداکاندا بۆ ڕێکخستنی بەرەی ئوپوزیسیۆنی یەکگرتووی نەتەوەکان لە گوتووبێژدایە و هەر کات بەو قەناعەتە بگات بەشداری کورد ئەبێتە هۆی گەشتنی بە مافە ڕەواکانی، داوا لە گەل ئەکات کە بەشداری ناڕەزایەتیەکان ببن و بەدڵنیاییەوە جەماوەر و خەڵکی کوردستان بە پێشوازی داخوازەکەوە دەچن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌