کورتە ئاوڕێک لە مێژووی خەباتی کورد/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ لەگەڵ ڕەحمان ئەمیری

0
502

خوێنەری ئازیز

بابەتی بەردەستت یەکێکە لە وتووێژەکانی گەورەژووری ڕاوێژ کە لە ڕێکەوتی ٢٧ و ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی لە ڕایەڵەی تلێگرام لەسەر مژاری “کورتە ئاوڕێک لە خەباتی کورد”، بە پێشکەشکاریی نیشتمان قاسمی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕاوێژ و بە میوانداریی بەڕێز ڕەحمان ئەمیری، ڕاگەیێندکار و چالاکی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: بەر لەوەی بچینە سەر مێژووی بزاڤ و خەباتی کورد، پرسیار ئەوەیە کە کورد بۆ تا ئێستا سەرنەکەوتووە؟ هۆکارەکان چین؟

ڕەحمان ئەمیری
ڕەحمان ئەمیری

ئەمیری: دیارە ئەگەر بمانهەوێ لە ڕووی زانستی و مێژووییەوە قسە لەبارەی هۆکارگەلی سەرنەکەوتنی جووڵانەوەکانی کورد لە سەدەی ڕابردوودا بکەین، دەبێ ئاماژە بە دوو فاکتەری ناوخۆیی و دەرکی بکەین. فاکتەری ناوخۆیی بەو مانایە بزاڤەکانی کورد بەردەوام لەگەڵ کێشە و ناتەبایی و نایەکانگیری بەرەوڕوو بووە، ئەمەش وایکردووە لە هەر بڕگەیەک لە مێژووی خەباتدا نایکگرتوویی هێزی کورد بە گەورەترین خاڵی لاوازی شۆڕشەکانی دانراون.

نیشتمان قاسمی
نیشتمان قاسمی

یەکێکی دیکە لە هۆکارە ناوخۆییەکان، وابەستەبوون یا خود بەستراوەبوونی هەرکام لە هێزە کوردییەکان بەلای دەوڵەتانی داگیرکار بووە، بەداخەوە کورد لەمبارەوە مێژوویەکی بە ڕابردووی هەیە، لە سەردەمی ناکۆکی نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکان میرنشینانی کورد بەجێی سوود وەرگرتن لەو ناکۆکیانە و قۆزتنەوەی بە قازانجی خۆیان، کەچی بەسەر ئەو دوو بەرە دابەشبوون و دژی یەکتر دەجەنگان. هەڵبەت لە ئێستاشدا کورد هەمان مێژوو بە فۆرمێکی دیکە تاقیدەکاتەوە. هۆکاری ناوخۆیی زۆرن بە کورتی باسی ئەو دوو شتم کرد.

لەبارەی هۆکارە دەرکییەکانەوە دەبێ بوترێ، کورد یەکێک لەو دەگمەن نەتەوانە بووە کە بەردەوام بەرژەوەندیەکانی هاوتەریبی بەرژەوەندی زلهێزەکان نەبووە، بۆ نموونە کاتێک لە ۲٤ تەموزی ۱۹۲۳ پەیمانی لۆزان بەسترا، زلهێزەکانی ئەو کات زۆر بە ئاسانی چاوپۆشیان لە خواستەکانی کورد کرد و پشتگیری سەقامگیر بوونی دەوڵەت نەتەوە داگیرکار بە سەر هەر چوار پارچەی کوردستانیان کرد. پرسێکی دیکەش کە هەیە ئەوەیە سەرکردایەتی هەموو شۆڕشەکانی کورد نەیتوانیوە بەپێی پێویست سەرنجی وڵاتانی شوێندانەر بە لای خۆیان ڕاکێشن، هەر بۆیە هەر کات دوو وڵاتی داگیرکار ڕێککەوتنێکیان لە دژی کورد ئەنجام دابێ زۆر بە باشی بە سەر کورددا سەپاندوویانە (نموونە ڕێککەوتنی جەزائیر لە نێوان ئێران و عێراق ).

ڕاوێژ: به ڕێزتان ئاماژه تان به شه ڕێ ته واو مه زهەبیی نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکان کرد  بۆ ئه و کات “بۆ ئه و هەل ومه رجه” چاوەڕوانی چیتان له گەلی کورد بوو؟؟ کاتێک ئێستاش لاوی کورد دەچێته ناو ڕیکخراوی تیرۆریستیی داعش و ئەلقاعیدە ؟  به ڕای جەنابت  ئایا ئێستا کورد به گشتی به شعووری { نیشتمانتپەرەستی به واتای زانستیەکەی ناسیونالیسم } گەیشتووه؟

ئەمیری: کاتێک ئێمە باس لە هەر قۆناغێک لە مێژووی کورد بەگشتی و مێژووی بژاڤەکانی بەتایبەتی دەکەین، پێویستە بەپێی هەلومەرج و دۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی.. سەردەمی خۆی خوێندنەوەو لێکدانەوەی زانستی و مێژووی و سیاسیی بۆ بکرێ. بۆ وێنە لە قۆناغی دەسەڵاتداری میرنشینەکان لە سەردەمی عوسمانییەکان بەشێک لە مێژوونووسان لەو باوەڕەن میرنیشە کوردەکان بەرەو درووستکردنی کیانی گەورەی کوردی هەنگاویان دەناو و چەندین جۆر هاوکارییان لە نێواندا هاتبووە ئاراوە، بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی عوسمانیەکان لە لایەک، سەفەویەکان لە لایەکی دیکە هەوڵەکانی میرنشینەکان لەبار چوون، ئیدی هەوڵەکانی شەڕەفخانی بەدلیسی لە کەس شاراوە نییە کەچۆن هەوڵی ڕاکێشانی میرنشینه کوردەکانی داو دواتریش داهاتووی ئەم میر نشینانە لە لایەن عوسمانیەکانەو چی بەسەر هات.

بە بڕوای من تاکی کورد بە گوێری پێویست بە خوداگایی نەتەوەیی نەگەیشتووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو دەوڵەتانی زاڵن بە سەر کوردستان لە ڕووی فەرهەنگی و سیاسییەوە توانایەکی زۆریان بەخەرجداوە تاکوو تاکی کورد دوورکەنەوە لە گەیشتن بە شعوری نەتەوەیی. لەبارەی چوونی ژمارەیەک گەنجی کورد بن ناو ڕێکخراوە توندڕەوە ئایینیەکان ئەمە نابێتە مەحەک بۆ ئەوەی بڵێن تاکی کورد نەگەیشتووەتە خوداگایی نەتەوەیی بۆیە ڕوو لە گرووپانە دەکەن، بە بڕوای من ئەوە ڕەنگە درووست نەبێ، بەڵام دەکرێ هۆکاری دیکەی هەبێ، بۆ وێنە چوونی گەنجی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستانەوە بۆ ناو ئەو گرووپانە دەگەڕێتەوە بۆ متبوونی دوو دەیە جووڵەی بزاوتی کورد لەو بەشە لە کوردستان.

ڕاوێژ: ئاماژەتان به ڕێکه وتنه که ی جه زائیر له نێوان ئێران و عێراق کرد “ئێستا گەلی کورد هەستی به بوونی {دوژمنیهاوبەش} کرد “فارس و عەڕەبی داگیرکەری وڵات، کورد تا چەند ئەم هەلەی قۆستەوە؟  ئایا ئەم ڕێکەوتە توانی ناو ماڵی کورد ڕیک بخات ؟ دوای واژۆی ئەم ڕیکەوتنەی نێوان محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی  و  سەدام حسێن ، کامیان به ئامانجەکانیان گەیشتن؟ بۆ دوای ئەم خیانەتەی شای ئێران دەرحەق بە گەلی مافخوراوی کورد، خەباتی ئاشتی خوازانەی گەلەکەمان هەر بەردەوام بوو؟

ئەمیری: کاتێک باس لە ڕێکەوتنی نێوان دوو دەوڵەتی داگیرکار بۆ سڕکردنی بزووتنەوەی یەکێک لە بەشەکانی کوردستان دەکرێ، هەمیشە ئەو بۆچوونە دەێتەئاراوە ئەدی بۆ لایەنه کوردییەکان نەیانتوانیوە ڕێکبکەون، لە مێژووی هاوچەرخدا ڕێککەوتنی تاکتیکی و ماوەیی بووە لە نێوان هێزە کوردییەکان، بەڵام ڕێکەوتنی درێژماوە یان ستراتێژی نەبووە، هەر ئەمەش وایکردووە بزاڤی کوردی خاوەن گوتارێکی یەکانگیر نییە. لە چەند ساڵی ڕابردوو هەوڵدرا بۆ سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی بەڵام بەهۆی زێدەخوازی هێندە لایەن و هاتنەناوەوەی داگیرکاران بۆ ناو پرسەکانی کۆنگرە، هەوڵەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی پەکخران. بێگومان لە ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران، تەنیا لایەنی زەرەرمەند کورد بوو کە باجەکەشی زۆر بە قورسی  دا.

ڕاوێژ: له ڕوانگه ی به ڕێزتانەوە سمایل ئاغای سمکۆ کێ بوو؟ چۆن پێناسەی دەکەن؟  

ئەمیری: لەبارەی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی سمایل ئاغای شکاک و ڕۆڵی لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورددا گەلێک بابەت و کتێب نووسراون و بە دەیان کۆڕ و سمیناریشی لە سەر کراوە، ئەوەندەی من ئاگاداری ڕای مێژوونووسان بم، سمکۆی شکاک لە قۆناغێکدا شۆڕشێکی مەزنی هەڵگیرساند کە مرۆڤایەتی تازە قۆناغی یەکەمین شەڕی جیهانی ئەزموون کردبوو، واتە دوای ساڵی ۱۹۱۹ی زایینی سمکۆ توانی بۆ بونیات نانی قەوارێکی کوردی ناوچەیەکی فراوان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. دەکرێ بێژین کەسایەتی سمکۆ لە ئاوێنەی مێژوودا خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، وەک زۆر یەک لە سەرکردەی نەتەوەکانی قۆناغی خۆی هەوڵیداوە بۆ دەربازکردنی کورد لە ستمی نەتەوەیی و چێ کردنی دەوڵەت نەتەوە، هەر وەک چۆن شەهید قاسملوو، سمکۆ بە باوکی ناسیونالیزمی کورد ناو دەبات.

ڕاوێژ: ئایا به ڕێزتان، ڕیبەری مەزنی کورد، سمایل ئاغای سمکۆو وەک باوکی { ناسیۆنالیزمی گەلی کورد} پێناسە دەکەن؟

ئەمیری: سمکۆی شکاک خاوەنی گەلێک تایبەتمەندی زۆر بوو، سمکۆ هزری ناسیونالیستی زۆر بەهێز بوو، توانی لە شاری خۆی یەکەم قوتابخانە بە زمانی کوردی چێ بکات و هەروەها ڕۆژنامەیەکیش بە ناوی “رۆژی کورد” دەربکات و هەروەها پێوەندی باشی لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفید هەبوو و بەردەوام هەوڵی دەدا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئینگلیزەکان بۆ حکومەتەکەی شێخ مەحموود. بەڵێ دەتوانم بەیەقینەوە بڵێم سمکۆ ڕێبەرێکی نەتەوەیی و لێزانیی کوردە.

ڕاوێژ: ئایا دە تۆانین بێێژین ،کوشتنی مارشیمۆن وەک سەرۆکی ئاسوریەکان، له لایەن سمایل ئاغای سمکۆوە له ناوچه ی پیرانشار، هەڵەیەکی ستراتژیی ئه و کاتی کورد بووە؟

ئەمیری: لەبارەی کوشتنی مارشیمۆن ڕێبەری ئاشوورییەکان گوێبیستی دوو ڕای جیاوازین، یەکەمیان پێیانوایە کوشتنی مارشیمۆن کارێکی درووست بووە چونکە وا باس دەکرێ ڕێبەری ئاشووریەکان هەوڵیداوە بە هاوکاری چەند وڵاتێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتەکەی سمکۆ حکومەتێکی ئاشووری بونیات بنێ و ئەمەش لە لایەن سمکۆوە کە خۆی بە سەرکردەیەکی گەورەی کورد دەزانی قەبووڵنەکراو بووە، ڕای دوهەمیش پێیوایە ئەم کارەی سمکۆ یەکێک لە هەڵە سیاسییەکانی بووە کە دەرئەنجامەکەی بووە هۆی تێکچوونی پێوەندی نێوان کورد و ئاشووریەکان و نەیارانیش بۆ زیاتر خستنەوەی دووبەرەکی سوودیان لەم هەڵەی سمکۆ گرتووە.

ڕاوێژ: له ڕوانگه ی به ڕێزتان، جیاوازیەکانی نێوان دوو ڕێبەری گه لی کورد واتا سمایل ئاغای سمکۆ  و  پێشەوا قازی چین؟

ئەمیری: بۆ هەڵسەنگاندنی کەسەیەتی هەر سەرکردەیەکی کورد بە بڕوای من  پێویستە بەپێی ئەو قۆناغە و ئەو ژینگە سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی کە تیایدا ژیاوە خوێندنەوەو شڕۆڤەی بۆ بکرێ، ناکرێ باس لە کەسایەتی سمکۆ یان هەر سەرکردەیەکی کورد بکەین بەپێی وەزعی ئێستا لێکدانەوە بۆ ڕۆڵی سیاسیی، دیپڵوماسی یان کۆمەڵایەتی بکەین، سمکۆ هەڵقوڵاوی دۆخێک بوو، پێشەوا هەڵقوڵاوی دۆخێکی جیاوازتر بەڵام هەر دووکیان لە کۆتادا هەوڵیان دەدا بۆ درووستکردنی کیانێک بۆ کورد و لابردنی ستەمی نەتەوەیی و زۆر بابەتی دیکە، بەڵام  ڕۆڵی پێشەوا لە چۆنیەتی هەوڵەکانی لە سمکۆ جیاوازترە، وەک درووستکردنی حیزبێکی سیاسی بە بەرنامەو خواستی دیکتەکراو یا خود نووسراو، ڕاگەیاندنی کۆمار وەک قەوارێک وەک دەوڵەتێک، درووستکردنی سوپایەکی مونەزەم و کۆمەڵێک بابەتی دیکە.

ڕاوێژ: لە هەل و مەرجی ئاڵۆزی ئێستای ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤیندا، ئایا داهاتوویەکی ڕوون بۆ گەلی کورد چاوەڕوان دەکرێ؟

 ئەمیری: لە دێرۆکی کورددا کەموابووە بەرژەوەندی زلهێزەکان لەگەڵ بەشێک یان پارچەیەک لە کوردستان یەکبگرێتەوە، کە ئەڵێم کەموابووە بەو مانایە نییە کە نەبووە، هەلی زۆر گرینک بۆ کورد ڕەخساوە، کە دەتوانین ێاماژە بە پەیمانی سیڤەر لە ۱۰ی ئابی ۱۹۲۰ بکەین کە کورد نەیتوانی سوود لەو هەلە زێڕینە وەرگرێ، چەندین هەلی دیکەش چ پێش ئەو سەردەمەو چ دواتریش ڕەخساون بەڵام خراپ مامەڵەکردنی سەرکردایەتی کورد هەموو هەلەکانی لە کیس خۆیداوە، چونکە نابێ هەموو خەتاکانی بەدەوڵەت نەبوونمان بخەینە ئەستۆی وڵاتانی داگیرکار یا خود زلهێزەکان، هەڵەکانمان کەم نەبوون و ئێستاش کەم نین، دەمهەوێ بێژم ئەگەر سەرکردایەتی کورد بە تایبەت ئێستا فۆکۆس زیاتر لەسەر باشووری وڵاتە، نەتوانێ لەو دۆخە ڕەخساوە لە ڕاستای چەسپاندنی مافاکانی کورد و چێ کردنی دەوڵەتی ۆکوردی هەنگاوی جیدی و عەمەلی نەنێت، زەحمەتە داهاتوویەکی ڕوون بۆ کورد چاوەڕێ بکەین.

Related Post

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت