کارگرووپێکی ڕۆژنامەوانی بۆ منداڵان، بە بەشداریی ڕۆژنامەنووسێکی کورد لە سویس بەرێوەچوو

0
25

ڕۆژی کورد: ڕۆژی دووشەممە ١١ی جولای ٢٠١٧، لە شاری زوگ لە ولاتی سویس، کارگرووپێکی دوو ڕۆژەی فێرکاریی ڕۆژنامەوانی بۆ منداڵانی تەمەن ١٢ تا ١٥ ساڵان بە بەشداریی هەڵمەت مەعرووفی، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات و ڕۆژنامەنووسی ناوەندی ڕۆژی کورد، بەڕێوەچوو.

ئەو کارگرووپە لەلایەن ڕۆژنامەی سویسیی Zuger Zeitung و بە ئامادەبوونی دوو ڕۆژنامەنووسی سویسی بە ناوەکانی دینا هۆلتز و لینا دینێر و هەروەها هەڵمەت مەعرووفی، ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ منداڵانی سویسی و پەنابەر بەڕێوەچوو و تێیدا بە شێوەی کردەی، منداڵانی بەشدار فێری شێوازی ڕاپۆرت سازکردن و ئامادەکردن کران.

ڕاپۆرتی ئەو کارگرووپە لە دوو ژومارەی ئەو ڕۆژنامەیە کە لە دوو کانتۆنی زووگ و لوتزێرن بڵاو دەبێتەوە، بڵاو بۆتەوە.

هەڵمەت مەعرووفی لەمبارەوە لە لێدوانێک بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد گوتی: “لەسەر داواکاریی ڕۆژنامەکە و دوو کەس لە ڕۆژنامەوانانی ئەو ڕۆژنامەیە  و هەروەها خاتوو ئێڤا ویرمێر، وەک ڕۆژنامەوانێکی کورد و بۆ یارمەتیدانی منداڵان و پەروەردەیان لە ڕووی ڕۆژنامەنووسییەوە، بەشداریی ئەو چالاکییەم کرد کە بە گوێرەی لێدوانی منداڵەکان و هاوڕێیانی ڕۆژنامەنووسی بەشدار لەو هەڵمەتەدا، جێگای دڵخۆشی و بەکەڵک بووە”.

مەعرووفی کە تا ئێستا جیا لە بەڕێوەبردنی شانۆی “پێشمەرگەی کوردستان” لە گەورەترین هۆڵی شانۆی شاری لوتزێرن لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦، خولێکی ٢ مانگ و نیوی لە قوتابخانەیەکی شاری زووگ لەمەڕ کورد و ئێرانناسی بەڕێوە بردووە، لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتی: “ئێمەی کورد و بەتایبەتی کوردانی تاراوگەنشین، نەمانتوانیوە ئەرکی خۆمان بە باشای لە هەمبەر نەتەوەکەمان بەجێ بهێنن کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان، جیا لە ناچالاکیی حیزبەکان و بایەخ نەدانیان بەو بوارە، دەگەڕێتەوە سەر فێرنەبوونی زمان کە وایکردووە کوردەکان لێرە بەو هۆیەوە سەرقاڵی کاروپیشەی سەخت و دژوار بن و نەتوانن گەشە بە خۆیان بدەن”.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە بە ئاماژە بەوەی کە مەبەستی سەرەکیی من لەو چالاکی و کارانە تەنیا خستنە ئارای ناوی کورد و کوردستانە، لە درێژەدا گوتی: “لە بەشێک لەو کارگرووپە، ڕووم لە ڕۆژنامەنووسانی سویسی کرد کە چما هەوالەکانی کوردستان لەلایەن ڕۆژنامە و ماڵپەڕە سویسییەکانەوە هیچ گرنگییەکی پێنادرێت؟، لە وڵامدا خاتوو دینا گوتی: “ئێوەی کورد هیچ لۆبییەکتان نیە، ئێمە دەرد و ئازار و کێشە و ویستەکانتان باش دەزانین بەڵام کە خۆتان گرنگی پێنادەن و هیچ داواکارییەکتان لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەکانی ئێمە نیە، ئێمەش گرنگی پێنادەین، تۆ یەکەم کوردی کە تا ئێستا ئەو قسەیە لەگەڵ من دەخاتە بەر باس”.

هەڵمەت مەعرووفی، لەدایکبووی ١٣٦٠ی هەتاوی و خەڵکی شاری مهاباد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. ساڵی ١٣٨١، دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دیپڵۆمی باڵا لە ناوەندی پەروەردەی مامۆستایان لە شاری ورمێ، لە شاری سەردەشت بووە بە مامۆستا و هاوکات درێژەی بە خوێندن داوە و ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بڕوانامەی کارناسیی باڵای لە بواری پلاندارێژیی پەروەردە لە زانکۆی تاران وەرگرتووە. لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە دەستی کردووە بە نووسین و لە گۆڤاری مهابادەوە یەکەم بابەتەکانی خۆی بڵاو کردۆتەوە تا ساڵی ٢٠١٤ کە بە هۆی چالاکیی سیاسی لە ئێران بە یەکجاری قاچاغ بووە و ڕووی کردۆتە هەندەران و ئێستا لە وڵاتی سویس دەژیت. ناوبراو ئێستا بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات و ڕۆژنامەنووسی ناوەندی ڕۆژی کوردە.

مەعرووفی زمانەکانی کوردی (چوار زاراوە)، فارسی (دوو زاراوەی ئیرانی و دەری)، ئینگلیسی، عەرەبی بە باشی دەزانێت و زمانی ئاڵمانیش لە ئاستێکی باشدا فێر بووە و زمانی تورکیش لە ئاستێکی باشدا قسە دەکات.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت