ژەهر بۆ تاقی کردنەوە نابێت

0
167

نووسەر: سابیر فەتاحی

دوای هاتنه ئارای شۆرشی٥٧ی هەتاوی و بە ئاکام نەگەیشتنی بەو جۆرەی کە خەڵکی ئێران چاوەروانیان دەکرد، نەتەوەی کورد یەکەم نەتەوە بوو کە دژایەتی لەگەڵ کۆماری مەلاکانی جەماران دەربڕی، ئەم دژایەتیە بە شێوەیەکی سیستماتیک لەلایان حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و دوکتور عەبدووڕرەحمان قاسملووە هیدایەت دەکرا. ئەم خەباتە هێز و تینێکی هەبوو که کۆماری مەلاکانی له کورتترین ماوەی زەمەنیدا لەو راستییە تێگەیاند کە ئەم خەباتە لەگەڵ خەباتەکانی دیکەی کورد بۆ ڕزگاری لە ژێر چەپۆکە بوون جیاوازی هەیە، بۆیە کەوتنه فێڵ و پێشنیاری وتووێژیان به دکتۆر قاسملوو دا و دوای قەبوڵ کردنی ئەم پێشنیاره له لایان دکتۆر قاسملووە، لە سەر مێزی وتووێژ لەلایان تێرۆریستانی کۆماری جەماران شەهید کرا، دوای ئەو ڕووداوە دوکتور سادق شەرەفکەندیش بۆ بە ئاکام گەیاندنی خەباتی کورد بە رێبەری ئەو حیزبەی کە خۆی سکرتێری بوو کەوتە هەمان بۆسە کە بۆ دکتۆر قاسملوو دانرابوو و بە داخەوە بە هەمان شێوە شەهید کرا.

لە دوای نەمانی ئەو دوو ڕێبەرە مەزنە، دوای ماوەیەکی زەمەنی کورت ڕەوتی خەبات لە خۆرهەلات قورسایی خۆی لە دەستدا،حیزبی دێموکرات لە بەرزایی بەرەو نزمایی هاتە خوار، خەباتی چەکداری بە کردەوە ڕاگیرا(لێرەدا مەودای شیکردنەوەی هۆکار و بڕیاردەر نیە)، درووشمی خەباتی مەدەنی و زۆر درووشمی دیکە بۆ پاساو هێنانەوە بۆ ئەو دۆخە هاتنه ئاراوە و ساڵانێکی زۆر بەم شێوەیە خەبات درێژەی پێدرا و بە ئاشکراش دەرکەوت کە ئەوەی حیزبی دێموکرات دەیهەوێ و باسی لێدەکات بەم مێتۆدانە ناگاتە ئاکام و دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە هاتنە خوار لە شاخ و کار بە مێتۆدگەلی تری خەبات، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەو ئاکامە گەیشت کە بە هەر نرخێک بێت، پیویستە بەرەو بەرزایی و چوونەوە سەر ڕچەی سەردەمی ڕیبەریی کاک دکتۆرەکانی، هەر بۆیە لە یەک ساڵی ڕابردوودا بڕیاری چوونە شاخ و هەڵگیرساندنەوەی خەباتی چەکداری بە سەقامگیر کردنی هێزێکی پۆشتە و پەرداخ لە چیاکانی نێوان خۆرهەڵات و باشووری داو و مستەفا هیجری سکرتێری ئەم حیزبەش لە دوایین پەیامیدا کە بە بۆنەی هاتنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ لە شاخەوە پێشکەشی کرد به ئاشکرا ڕایگەیاند کە خەباتی چەکداری دەست پێدەکاتەوە، هەر لەو پەیامەشدا داوای لە خەڵک کرد کە لەم سوێنگەوە یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگە بن.

 ئەم پەیامه لە کورترین ماوەدا وڵامی ئەرێنی وەرگرت و خەڵکی خۆرهەلاتی نیشتمان بە گوڕ و تینێکی تایبەت، ئامادەیی خۆیان بۆ یارمەتی هێزی پێشمەرگە بۆ هەڵگیرساندنەوەی خەباتی نوێ بۆ نەمان لە ژێردەستی، نیشان دا. جیا لە خەڵکی خۆرهەلات، خەڵکی دڵسۆزی بەشەکانی دیکەی نیشتمانیش پێشوازیان لەم هەڵوێستە دەربڕیوە کە تا سەر ئێسقان جێگای دڵخۆشیە.

پەیامی خەباتی چەکداری لە لایان سکرتێری حدکاوه دژ کردەوەی جۆراجۆری لە نێوان خەڵکانی جۆراجۆر لێکەوتەوە. وەک هەمیشه فارسەکان ئەم بزاڤە بە شەڕانخێو و هەوڵ دان بۆ دابەش بوونی خاکی ئیران لە قەڵەم دەدەن، هەڵبەت لە ناو قەومی فارسیشدا خەڵکانێک هەڵدەکەون کە ئەم خەباته بە خەباتێکی ڕەوا لە قەڵەم دەدەن، لێ مخابن ڕێژەی ئەو کەسانە زۆر لە خوارێیه، ئەگەر چی دەکرێ ئەم ڕێژەیە بە لابیگەری لە نێو فارسەکاندا پەرەی پێبدرێ و دەبێت لەگەڵ دەسپێکی خەباتی چەکداری، بیرێکی قوول بۆ ئەم بابەتەش بکرێتەوە.

 لە هەمان کاتدا لە ناو کوردە دژبەرەکانی ئەم هەڵوێستەی حدکاش، لە دوورەوە سازە هەمیشە ناکۆک و ناکووکەکان خەریکی لێدانی ئاوازێکی ناوازەن، هەم لە ناو بە ناو کەسایەتی و هەمیش لە ناو بە ناو ڕێکخراوەکاندا. حیزب و ڕێکخراوەکانی بەشەکانی دیکەی نیشتمان و دژبەری خەباتی چەکداری حدکا ترسیان لەوە هەیە و باش دەزانن کە ئیدی بە گەرانەوەی هێزی پێشمەرگەی دێمۆکرات بۆ ناو خۆرهەلات، جێگەیەک بۆ ئەوان نامێنیت و حیسابیان دیارە. بەڵام هەر وەک دەزانن لە ماوەی پاشەکشەی حیزب بۆ قەراخ شارەکان، بە داخەوە دیسان تووشی لێک ترازان دەبێت، هاورێیانێک ڕەوەی خەبات جێ دێلن کە بە قسەی خۆیان تەنیا هۆکاری ڕۆیشتنیان جیاوازی سەلیقەییە و هیچی دیکە و بە ڕوونیش دەرکەوت کە زیزبوونیان تەنیا لە سەر دوور کەوتنەوه لەو کورسیانەیە کە حیزبیان بەرەو پاسیڤ بوون دەبرد. ئەو بەڕێزانەی دوای زیز بوونیان، لە ساڵی ٨٨ی هەتاویدا بە پشتیوانی کردنیان لە مووسەوی و کەڕووبی و هەروەها لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵی ڕژیم، بە ڕێکلام بۆ پاڵێوراوانی مەجلیسی ڕژیم، خەباتی پارلمانیان لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا هەڵبژاردوە و پڕووپاگەندە بۆ ئەم بابەتە دەکەن.

ئەو لایەن و تاقمە بە پێچەوانەی پێشوازی لە خەباتی چەکداری، دژایەتیەکی تەواو لەگەڵ ئەم بیرۆکەیە دەکەن. جیا لەوەش هەر هەمان بڕیاری خەباتی چەکداری زۆرترین بەرپەرچدانەوەی لە لایان ئەندامانی ئەم بەرێزانە دراوەتەوە و بە بڕ و بیانووی نامەنتقی و لێکدانەوەی چەواشەکارانه ئەم بڕیارە ڕەد دەکەنەوە وو ڕێکلامی بە پێچەوانەی بۆ دەکەن، ئەوەش زییاتر وەک دەرکەوتنێک لە بەرانبەر گەورەیی حدکا بە ئەژمار دێت و هیچی دیکە، چونکه بەو کورتە بیر هێنانەوەی کە لە سەرەتای بابەتەکەدا لە بەر دەستی تۆی خوێنەر دایە ئۆتۆماتیک ئەم پرسیارانه دێنە ئاراوه کە:

 ١- ئایا ماهیەتی (چیەتی) کۆماری ئیسلامی، گۆڕان هەلدەگرێت؟ یان ئایا کەسێکی گۆڕانخواز لە چوارچێوەی دەسەڵاتداریەتی ڕژیمدا بوونی هەیە؟

٢-ئایا قەبارەی کۆماری ئیسلامی هەڵگری خەباتی پارلمانیە؟

٣- پرۆپاگەندا بۆ هەلبژاردنەکانی ڕژیم دەکرێ ناوی خەبات بۆ کوردی لە سەر بنرێت؟

 بێ گومان هەر پرسیارێک بچێتە ئەم ڕاستایە، وڵامی نا، وەردەگرێت، چونکە گەلی کوردستانی خۆرهەلات لەم تاقیکاریانەدا زیاتر لە ٥ هەزار شەهید و لە سەرەی هەموانیش قاسملوی رێبەر و سادقی پێشمەرگەکانی لە دەست داوە، کۆماری ئیسلامی بۆ کورد وەک ژەهرێک وایە کە ئەگەر بتهەویێ تاقی بکەیەوە گیانت لێدەستێنێ. لێرەوە داوا لە سەرجەم ئەوەیندارانی رێگای سەربەستی گەل و نیشتمان دەکەم کە یارمەتیدەری پرۆسەی بووژانەوەی خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە خۆرهەڵاتی نیشتمان بن کە حدکا یەکەم چەخماخەکانی لێداوە، یان لانیکەم ئەگەر گوڵ نین با درکیش نەبن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌