ڕەوشی کوردستانی باکوور لە سمیناری “ڕەوش، ڕاوێژ، ڕێگا” لە پاریس تاووتوێ کرا

0
20

ڕۆژی کورد: پانێلی کوردستانی باکوور لە سمیناری “ڕەوش، راوێژ، ڕێگا” لە ڕۆژی شەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری پاریس کە لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوە ستراتژیکییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد بەڕێوە چوو، وەک یەکەم پانێلی ئەو سمینارە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد، پاشان ڤیدییەک لەسەر مێژووی کورد پێشکەش کرا و دواتر هەر کام لە بەڕێزان عەبدووڵا دەروێش ئاکاندووز، چالاکی سیاسی- ئێحسان ئایدین، چالاکی سیاسی و مەمەد عەلی ئاکاگوندوز،چالاکی سیاسی بابەتیان لەمەڕ دۆخی کوردستانی باکوور، پێشکەش بە بەشداربووانی سمینارەکە کرد.

عەبدووڵا دەروێش ئاکاندووز، چالاکی سیاسی، باسێکی لەمەڕ “خەسارناسیی پرسی کورد و دانووستانەکان: ستراتژیی کورد، شەڕ یان ئاشتی” پێشکەش کرد و باسی لە داواکاری و شێوەی چالاکیی کورد لە کوردستانی باکوور کرد و گوتی: “داواکارییەکانی کورد لە تورکیە، ڕوون و ئاشکرا نین، سەرەکیترین پارتەکانی کورد کە هەدەپە و پەکەکەن، کاتێک لەوان دەپرسی ئێوە چیتان بۆ چارەسەریی کورد دەوێ، ڕوون نیە داوای چ دەکەن. کە باس لە خودموختاری دەکەی، دەڵێن نا داواکاریی ئێمە ئەوە نیە، کە باس لە ئاڵای کوردستان دەکەی، دەڵێن نامانهەوێ، کەواتە داواکارییەکانیان بۆ پرسی کورد ناڕوونە و ئەوەش مەترسییەکی مەزنە”.

ئاکاندووز لە درێژەدا گوتی: “دەبێ کوردەکان لە داواکارییەکانی خۆیاندا ڕوون بن و دیار بێ چیان دەوێ، ئێمە ئاڵا، زمان و خاکی خۆمان دەوێ و تورکەکان کام مافیان هەیە ئێمەش دەبێ هەمان مافمان هەبن”.

لەمەڕ شەڕی چەکداریشەوە لە باکوور، گوتی: “ئێمە وەک هاک پار، لەو بارەوە ڕوانگەمان لەگەڵ پەکەکە و هەدەپە، جیاوازە، لە تورکیە دەتوانی پارتیی فەرمیت هەبێ و ئێستا تەنانەت پارت بەناوی کوردستان هەیە کە پارتی ئازادیی کوردستان، کەواتە لە تورکیە وەک ئێرانی ئێستا و عێراقی سەدام و سووریە نیە و کەم تا زۆر، هەندێک ماف هەیە و کورد دەتوانن لە ڕێگای سازکردنی پارت و کۆمەڵی کوردی و دەرکردنی ڕۆژنامەوە، دەبێ خەباتی سیاسی بکەن نەک خەباتی چەکداری”.

ئێحسان ئایدن، چالاکی سیاسیی کورد، لە بابەتێک بە ناوی “شۆڕشی کورد و دەستکەوتەکانی” ئاوڕی لە شۆڕشی کورد داوە و گوتی: “پێش سازبوونی کۆماری تورکیە و هاتنی ئاتاتوورک، بەدرخانییەکان، هزری کوردایەتییان بڵاو دەکردەوە و خەباتیان بۆ دەکرد، دوای ئاتاتوورک، ئەوانە هەڵوەدا کران و دوای ئەوەش بەڵێنییەکانی ئاتاتوورک هەمووی بە درۆ دەرچوون، شۆڕشی شێخ سەعید سەری هەڵدا”.

لە درێژەدا ئایدین گوتی: “دوای ئەوەی کە خۆیبوون ساز بوون، ئاڵای کوردستان ساز بوو، دوای لەناوچوونی خەباتی ئاگریش، تورکیەکان ڕایانگەیاند کە شۆڕشی کوردیان لەناو بردووە بەڵام تا ئێستاش خەبات بەردەوامە و ئیستا هەموو پارچەکان لێک گرێدراون و لە خەباتی پارچەکانی کوردستان، هەموو لایەک بەشدارن وەک بارزانییەکان لە کۆماری کوردستان بەشدار بوون و ئەوەش دەریدەخا کە شۆڕشی کورد لە ناو ناچێ”.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە لەمەڕ دۆخی کوردستان لە باکوور، گوتی: “دۆخی کورد لە باکوور بەداخەوە باش نیە و تواندراوە، داخوازی و هەستی نەتەوەیی لە ناو کوردان لاواز بکرێت و کورد تا ئاستێکی سەرکەوتوون هەرچەند ئەوە بە واتای توانەوەی تەواوی نیە”.

مەمەد عەلی ئاکاگوندوز چالاکی سیاسیی کورد،  باسێکی لەژێر ناونیشانی “قۆناغی دوای داعش، بەشار و پرسی کورد” گوتی: “بەر لە ساڵانی دەیەی ٨٠ی زایینی، کوردەکان لە باکوور خەباتی خۆیان بە شێوەی چەکداری دەست پێکرد و هیوایان پێ بەست، بەڵام دواتر کوردەکان خەباتی مەدەنیشیان دەست پێکرد و پارتی مەدەنیی کوردیش ساز بوون بەڵام بە هۆی ئەوەی کە پەکەکە دەستی بە خەباتی چەکداری کرد، خەڵک لایان وابوو کە داوای سەربەخۆیی دەکا و خەڵکانێکی زۆر تێکەڵی بوون بەڵام دوای ئەو هەموو ساڵە خەباتە چەکدارییە دەبینین کە ئەوەی دەمانهەویست، پەکەکە نایهەوێ و سەربەخۆیی ڕەت دەکاتەوە”.

ئاکاگوندوز هەروەها گوتیشی: “ئێستا نزیک بە چوار ملیۆن و نیو کورد لە ئیستانبووڵ دەژین و نزیک بە ٣ ملیۆن لە دەرەوە دەژین کە ئەوانە هیچیان بە خەباتی نەتەوەیی و کوردایەتییەوە گرێدراو نین و هەر بۆیەش مخابن هیوای کوردان شکاوە”.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە لە درێژەی لێدوانەکەی خۆیدا گوتی: “داری ئازادی بێ خوێن شین نابێ، ناکرێ تەنیا پشت بە خەباتی مەدەنییەوە ببەستین، دەبێ خەباتی چەکداری و مەدەنی پێکەوە بچنە پێش و پارتە کوردەکان دەبێ سەرەتا دێموکراسییەت لە ناو خۆیاندا جێ بە جێ بکەن، تا ئەو کارە نەکەن، ناتوانن باس لە دێموکراسی بکەن. دەبێ پێوەندییەکی چڕیش لە نێوان کورد و پارتەکاندا بێتە ئاراوە و دژبەرییەکان هەڵبگیردرێن”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت