ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئامریکا و ئێران کرد خۆڕاگر بن لە ئاڵۆزی و هێرشی سەرزارەکی

0
583

رۆژی كورد :
لە درێژەی بەردەوامی قەیرانی پێوەندییەکانی نێوان ئامریکا و ئێران و چڕبوونی ئاڵۆزی سەرزارەکی و هەڕەشە کردنی دوو لایەن دژی یەکتر، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری خۆڕاگری دوو وڵات بووە.

ئێستیڤان دۆیاریک وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کردووە کە ئانتۆنیۆ گۆتریش سکرتێری گشتی لە درێژە پێدانی هەڕەشە و ئاڵۆزیە سەرزارەکیەکانی ئێران و ئامریکا نیگەران بووە و داوای لە هەر دوو لایەن کردووە هاوسەنگی بخەنە نێوان وتەکانیان و هاوکات ئاستی ئەگەری تێکهەڵچوونی سەربازی لە نێوانیان دا کەم بکەنەوە. هەروەها ئەوەشی زیاد کرد کە بەرپرسانی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەڵ هەر دوو لایەن لە پێوەندی دان و بۆ ئارام کردنەوەی باروودۆخەکە تێدەکۆشن بەڵام لەم بارەوە وردەکاری زیاتری ئاشکرا نەکرد.
رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ ئایار شوێنێک نزیک بە باڵوێزخانەی ئامریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کەوتە بەر هێرشی گوللە هاوەنێکی کاتیۆشا، لە گەڵ ئەوەی خەسارێکی بەدواوە نەبوو بۆ هێزە ئامریکاییەکان، بەڵام ئامریکا حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە تاوانبار و بەرپرسی ئەو هێرشانە ئەزانێت بۆ خەسار لێدان لە بەرژەوەندیەکانی ئامریکا چە ڕاستەوخۆ و چە ناڕاستەوخۆ لە لایەن گرووپە تۆندئاژۆکانی پێوەندیدار بە خۆیەوە.
دیار نیە چە کەسانێک یان چە لایەنێک بەرپرسی هاویشتنی ئەم مووشەکە بووە و ئامانجی چی بووە بەڵام دوابەدوای ئەم ڕووداوە دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا لە سەر هەژماری توییتێری خۆی بابەتێکی بڵاو کردەوە کە بە دوای شەڕ و ناکۆکی لە گەڵ وڵاتی ئێران نیە بەڵام ئەگەر ئێران بە هیوای ئاژاوە نانەوە و شەڕ بێت ئەوا ئەم شەڕە کۆتایی فەرمیی حکوومەتی ئێران دەبێت. لە بەرپەرچدانەوەی بابەتی تووییتکراوی سەرۆک ترامپ وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕژیمی ئێران ئەم هۆشداریەی بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر نەتەوەکانی ئێران ناوبرد.
دوابەدوای بڕیاری دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە مەڕ دەرکەوتنی وڵاتەکەی لە پەیمانی ناوەکی بەرجام و نوێکردنەوەی بایکۆتە ناوەکیەکان بۆ سەر ڕژیمی ئێران ئاڵۆزییەکانی دوو لایەن توندوتیژی بە خۆوە گرتووە و زیادی کردووە. ئارمانجی سەرەکی ڕاگەیەندراوی دەوڵەتی ئامریکا ڕاگرتنی هەناردە کردنی نەوت و سووتەمەنی ڕژیمی ئێران ڕاگەیەندراوە. بە پێی وتەی بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئامریکا داهاتی هەناردە کردنی سووتەمەنی بە جێگای بووژاندنەوەی باری ئابووری ناوخۆی وڵات سەرفی ناسەقامگیر کردنی ناوچەکە و یارمەتی ڕێکخراوە تێرۆریستیەکانی ناوچەکە دەکرێت، بەرپرسانی ئامریکا بەرنامەی مووشەکی باڵستیکی کۆماری ئیسلامی مەترسیدار و هەڕەشەیەک بۆ ناوچەکە ناودێر ئەکەن و هاوکات باسیان لەوە کردووە کە پەیمانی ناوەکی بەرجام نابێتە ڕێگر بۆ دەستپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوەکی.
بەرپرسانی ئامریکا خوازیاری پێداچوونەوەن بە سەر پەیمانی ناوەکی بەرجام و هەروەها داخوازی گۆڕانکاری دەرەکی و ناوەکی هەڵسووکەتەکانی کۆماری ئیسلامییان کردووە و ئاماژەیان پێداوە کە مەبەستیان لە نوێکردنەوەی بایکۆتەکان ناچار کردنی حکوومەتی ئێرانە بە گۆڕانکاری لە ڕەوشی هەڵسووکەوت و ئاکارەکانی دا. لە لایەکی دیکەش بەرپرسانی ڕژیمی ئێران هۆشداریان دابوو لە هەمبەر ڕێگری هەناردە کردنی نەوت و سووتەمەنی وڵاتەکەیان بۆ دەرەوە دژکردەوەیان دەبێت و زۆر لە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە هەڕەشەی تۆڵە کردنەوەیان کردووە.
دوابەدوای هێرشی مووشەکی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە وڵاتی عێراق و زۆر بوونی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئامریکا و ئێران زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی عێراقی جەختیان لە سەر ئەوە کردووە کە لە ئەگەری تێکهەڵچوونی ئەو دوو وڵاتە نابێت شەڕ و ئاڵۆزی بگاتە عێراق و پێویستە عێراق دوور ڕابگیرێت، هەر چەن چەند گرووپێکی تۆندئاژۆی گرێدراو بە کۆماری ئیسلامی بەردەوامن لە هەڕەشە کردن بۆ سەر وڵاتی ئامریکا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.