ڕیفۆرم لە کۆماری درۆ و فێڵدا

0
188

نوسینى ئەلبورز ڕۆئین تەن

زۆر جار بۆ ئەوەی شرۆڤەی بارودۆخی گەلانی ژێر دەستی دیکتاتۆر و ستەم بکەی، تەنیا دڕەندە بونی حکومەت هۆکار نیە بۆ بەردەوامی زوڵم زۆری، بەڵکو گەلیش بێ خەتا نیە.  لەوانەیە کاتێک کە لە کۆماری درۆ فێڵ واتە کۆماری بە ناو ئیسلامی ئێران بڕوانین، ئەو وتەی سەرەوە زیاتر ڕون ببێتەوە. هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلان تاقمی مەڵایانی دەسهەڵات چۆن بە درۆ فێڵ شوڕشی گەلیان دزی، چۆن بە ناوی ئیسلام و شەریعەت خوێنی ناحەقیان ڕشت، چۆن بناغەی تەختی شاهی و کۆشک و تەلاریان بۆ خۆیان داڕشت، چۆن سەروەتی ئێرانیان بۆ ئارەزوکانیان دزی و زۆر شتی تر بۆ هەموو لایەک ئاشکراو رونە.

 لەو ۳۷ ساڵە هەزاران درو و فێڵیان کرد تا تەنیا تەمەنی دەسهەڵاتیان درێژ کەن پارەی بانکەکانیان زیاد کەن، تۆڕی شیعەی سەر بە خۆیان بڵاوە پێ بکەن. لە هەر سەردەمێک بە ڕەنگێکی جودا سەرەتا حوکمی ئیسلام و ولایەتی فەقی و دواتر بە دامەزراندنی کۆماری نە شەرقی و نە غەربی، بە درێژە دانی شەڕ و ڕاگرتنی، بە دانانی ڕێبەری نوێ و گێڕانەوەی بیرەوەری، بە کوشتنی هەزاران زیندانی سیاسی سەختر لە جاران بە کورسی دەسهەڵاتیان لە باوەش گرت. هەمووی ئەوانە بۆیە دەڵێم چونکو ئێستاش زۆر کەس هەن کە دوێنێیان لە بیر نیە و زۆر بە ئاسانی فێڵی کەسانێک بە ناو ریفورم خواز دەخۆن ئێستاش شادی دەردەبڕن بە سەرکەوتنیان.

لە هەڵبژاردنى کۆتایی دا بەشێک لە گەل جارێکى تر ئەو وتەیەى کە دەڵى گەل زۆر زوو دەتوانێ مێژو لە بیر بکاتەوە سەلماند. ئەگەر بمانهەوێ مێژووى ریفورم خوازەکان شی بکەینەوە لە سەرکەوتنى خاتەمى لە هەڵبژاردنەکانى سەرۆک کۆمارى دا دەبێ دەست پی بکەین. هەروەکو دەزانینن بە ٢٢ ملیۆن دەنگ کە ئەو کات راگەیاندرا ئەو مەڵایە بە رەنگێکى تر هاتە گوڕەپانەوە ویستى بە دونیا بڵێت کە ئیمە وڵاتێکى دێموکراتیکن و زۆر خەڵکیش بیانى و بە ناو روناکبیرو باوەڕیان پێ کرد.

ئەویش بە دەنگی بڵندەوە باسی لە گفتگۆى شارستانیەکان و تێزى دێمۆکراسی دینی “مردم سالارى دینی” دەکرد، هەر کەس وتەى ئەو سەرۆک کۆمارەى بە دەم پێکەنینەوە گوێ لێبا نەک کۆمەڵگایەکى دێمۆکراتیک بەڵکو هەستی “مەدینەى فازیلەى ” لا دروست دەبوو.

 دواتر زۆرینەى مەجلیس واتە مەجلیسی شەشەمیش بە ڕەنگى رێفورم خوازان رەنگ کرا. بە درێژاى ٨ ساڵى حکومەتى خاتەمى و مەجلیسی شەشەم ئەوەى لە ئەنجام دا خۆى تۆمار کرد بۆ کۆمەلگاى ئێران و کوردستان، هیچ جیاوازیەکى نەبوو لەو سیستەمەى ڕێژیمى دیکتاتۆرى ئێران. جارێکى تر سەلمێندرا لەو شانۆیە تەنیا یەک دەرهێنەرو و نوسەر هەیە ئەوانى تر هەموو یارىکەر و ڕۆڵ گێڕن. ڕۆڵى کەسایەتى و باش خراب دەگۆڕنەوە کەسایەتییەک ١٠ ساڵ پێش ئێستا ئەهریمەن و ئێستا فریشتە لەوانەشە پێشتر فریشتە و ئێستا ئەهریمەن بێت. ئەو شانۆیانە هەر بەردەوام بوون تا ئەو مانگەى ڕابردوو، لەوانەیە هەندێ جار هەندێ ئەکتەر خۆیان لێ ون بێت و بیهەوێ تۆزێک مانۆر لە شیوازى  ڕۆڵەکەى بدات لێ هەر زوو دەرهینەرو نوسەرى شانۆ گوێی دەگرن و ونى دەکەن.

 گەورەترین بەڵگە بۆ ئەوەى بسەلمێنین ئەوە کردەوەى کە ڕێژیم وەکو دوبارە پەیمان بەستنى خەڵک بۆ ڕێبەرى نیشان دەدات  شانۆیەکى “بیت رهبری” یە، ئەوە بوو لە حاڵێک دا کە ژمارەى بەربژێرەکانى ڕێفۆرم خواز لە بنەما خوازەکان کەمتر قەبوڵ کرابون واتە هەر لە زووە دیار بوو کە لە مەجلیس دا زۆرینە بە بنەما خوازەکان دەبێت. بەڵام بەشداری بە دەهوڵ و زۆرناى رێفورم خوازەکان و تەنانەت هێنانە سەر شاشاەى خاتەمى کە تا چەند ڕۆژ پێش تر هەتا نیشان دانى وێنەکەى قەدەغە کرابوو وەک سەرکەوتنێک و شتیکى نوێ نیشان درا.

داواى خاتەمى بۆ بەشدارى لە وەها شانۆیەک سەڕەڕاى دو لە رێبەرانى جولانەوەى سەوز ئێستا لە زیندانى ماڵەوەن،هەتتا مافى دەنگدانیان بە سەختى پیدرا. هیچ ڕێگایەکى بۆ ئەوەى بیر بکەینەوە کە ئەوە شانۆ نیە بە جێ نەهێشت. لە هەمان کاتیش دا زۆر کەس لە دهۆڵى شادى خۆشی و گۆڕانکارى دەدەن. کە ئەم سەرکەوتنە شتێکە دژى خامنەى و سەرکەوتنەو بە قازانجى گەلە. ئایا ئەگەر وا بێت خامنەى نەیدەوتوانى پێشتر شوراى نیگەهبان ناوى ئەوانە ڕەد بکاتەوە. کە بە درێژاى مێژوو وەکوو کارێکى ئاسان کردویانە.

شانۆ تەنیا بریتى نیە لە نوسەرو دەرهێنەر بەڵکو تەماشاچیشی دەوێ تەماشاچیەکان پێویستن بۆ ئەوەى شانۆ بەڕێوە بچێ. من تاکێکى کۆمەڵگا کە لە ژێر چەپۆکى ستەمە بە هەزار فێڵ و گوشار دەیهێنە سرە سندوقەکان، شایەد نەتوانم بە ئەواندازە خەتابار بکەم، هەرچەند بە هەڵە بزانم. لێ بە سەدان بە ناو ڕوناکبیر لە ناوخۆ و بەتایبەتى دەرەوە وەکو ماشێنى ریکلامى ئەو شانۆیە کار دەکەن و روناکى بیریان بەشی دیتنى ئەو راستیە ناکەت و کەسایەتى شانۆ راست دەخەملێنین، بە خەتابار دەزانم. چونکو مێژووى هەموو ڕیفورم خوازەکان خۆى لە تۆڕى نزیکى ڕێژیم و ئیمام خومینى دەبینت تەنیا یەک هەنگاوى بچوکیش بێ بە درێژاى ئەو ساڵانەى کە حوکم دەکەن، لە پێناو گۆڕینى ئەو سیستەمەىان هەڵنەهێناوە ئێستا ئومیدى پێ دەبەستن.

تەنیا یەک پرسیار دەتوانێ ناخى ریفورمیستەکان بۆ هەموو لایەک ڕون بکاتەوە ئەویش ریفورمیستێک کە بە ملیونها دەنگ نەتوانێ یەک هەنگاو لە پێناو گۆرانى سیستەم هەڵێنێ چۆن دەتوانێ خزمەتى خەلک بکات و لە نێوە دا بۆ منى کوردى چەوساوەو بن دەست لە کوێ شوێن دەبێتەوە. یا ئەو حکومەتەى ڕیفورمیستەى کە دو ساڵە تەنیا نەیتوانیوە هاوڕێکانى کە ساڵانى دورو درێژ کەسی دوەم و سێیەمى ڕێژم بوون لە زیندان بگەینتە نەخۆشخانە، چۆن دەتوانێ گۆرانکاى بکات و یا دژى “بیت رهبر” بجوڵێتەوە . هەر بۆیەش ماشینى ڕیکلامى ڕیفورمیستەکان چەن زوو وەخۆ کەون بۆ ئەوەى بێنە بەرەى گەل ئەوەندە زوو دەتوانین لەو نەهامەتیە بەناو کۆمارى فیڵ و درو خلاس بین بەتایبەتى بۆ ئێمەى کورد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌