ڕۆژەڤ / گرینگیی بەدیجیتاڵیکردنی سامانی زمانی کوردی

0
277

خوێنەری هێژا، بابەتی بەردەستت وتووێژێکی ژووری ڕۆژەڤ لە تێلێگرامە کە ڕۆژی یەکشەممە بە میوانداریی دوکتور حامید کۆنەپۆشی، دوکتورای کۆمەڵناسی و شارەزای بواری زمان بەڕێوەچوو.

لەم وتووێژەدا کە بە پێشکەشکاریی خاتوو شەوەزەنگ (نەشمیل) بەڕێوەچوو، باسی گرینگیی بەدیجیتاڵیکردنی سامانی زمانیی کوردی خرایە بەر باس و لێکدانەوە.

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

ڕۆژەڤ: ڕێز و سڵاو بۆ هەمووی ئامادەبووانی هێژای کۆڕەکە و سپاسیش بۆ دوکتور کۆنەپۆشی بۆ هەڵبژاردنی ئەم باسە گرنگە و بەخێر هاتنیان دەکەم.

کۆنەپۆشی: ڕێز و سڵاو بۆ ئێوەیش، شەوەزەنگی بەڕێز. من ژی ئامادەم و لە خزمەتدام.

ڕۆژەڤ: کاک حامید سەرەتا خۆتان بە #ڕۆژەڤ و ئەندامانی کۆڕەکە بناسێنن؟ تکایە.

کۆنەپۆشی: حامید کۆنەپۆشی خەڵکی مەریوان، لە بواری کۆمەڵناسیدا خوێندوومە و پێشتریش ئەندازیاریی کامپیۆترم خوێندووە.لە ناوەندەکانی ڤەژین و پێشتر لە ئەنجومەن ئەدەبی و ڕۆناندا چالاک بووم. 

ڕۆژەڤ: بۆ چوونە نێو باسەکەوە تکایە بۆمان باس بکەن، کە بەدیجیتاڵی کردن واتای چییە؟

بۆچی پرسی گرینگیی بەدیجیتاڵی کردنی سامانی زمانیی کوردیتان هەڵبژاردووە بۆ باسکردن.

کۆنەپۆشی: بە دیجیتاڵی کردن مانای ئامادە کردنی ناوەرۆکێکە بۆ بەکارهێنران لەسەر کامپیۆتردا. دیارە ئیتر لە سەردەمی نەوار و شریتی کاسێت ترازاوین و ئیستە ئەگەر بمانەوێت گۆرانییەک گوێ لێ بگرین لە ڕێگای موبایل، کامپیۆتر یان سی.دی ماشێنەکەمانەوە ئەو کارە دەکەین. ئەو دەنگە سەرەتا بە دیجیتاڵی کراوە واتە بە شێوەی سفر و یەک ئامادە کراوە بۆ سەر کامپیۆتر و پەیوەندییە کامپیۆترییەکان.

بۆ دەق و کتێبیش هەمان باس لەنێواندایە. یەکەم هەنگاو لە کتێبی کاغەزییەوە بۆ دنیای دیجیتاڵ وێنە گرتن و سکەن کردنە. ئەوەیە کە ئیمڕۆ زۆرێک سەرچاوەمان لەسەر کامپیۆترەکانمان یان لەڕێگای نێتەوە لەبەر دەستدایە.بەڵام کێشەی سکەن و وێنە ئەوەیە کە ئیمکانی گەڕان و لێکۆڵینەوەت پێ نادات. ئەگەر دەقەکان بەشێوەیەک بن بکرێت تێیاندا بگەڕێیت، کەڵکیان زۆر زیاتر دەبێت. ئەو شتەی کە پێی دەڵێین پرۆژەی بەدیجیتاڵی کردنی سامانی زمانیی کوردی لێرەوە دەست پێ دەکات. 

ڕۆژەڤ: مێژووی کاری بەدیجیتاڵی کردنی سامانی زمانیی کوردی چۆنە و تا ئێستا چ کارهایەک کراوە و ڕەوتی بە دیجیتاڵی کردنی سامانی کوردی چۆنە، تکایە بۆمان باس بکەن.

کۆنەپۆشی: بۆ ئەوەی بڕۆمە نێو باسەکە، سەرەتا با کێشەکانی دۆخی ژێردەستەییی زمانی کوردی بکەین. ئەوەی کە دەڵێین زمانی کوردی لە بارێکی نائاساییدایە لە چەند بوارەوە دەکرێت سەیری بکرێت. گرینگترینیان نەبوونی پەروەردە بە زمانی کوردی و هەروەها نەبوونی لێکۆڵینەوەی جیددی لەسەر زمانە. ئەوەی یەکەمیان دیارە کاری سیستمی پەروەردەیە و هەموو هەوڵی کورد بەیاسایی کردنی زمانەکەی لەباری پەروەردەیی و ئیداریدایە و لەو بارەوە هەڵکەوتەی کورد تەنیا دەتوانێت هەوڵی یاسایی بدات و خۆی شتێکی ئەوتۆی بە دەست نییە.بواری لێکۆڵینەوەی زمانییش هەروەها پێویستی بە پشتیوانیی دامەزراوە و بوودجەی دەوڵەتی هەیە. پێویستی بە زانکۆ هەیە.بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا کە بواری لێکۆڵینەوە پێویستی بە پشتیوانیی دامەزراوەیی هەیە، لێکۆڵەری کورد وەکوو بواری یەکەم بەتەواوی دەستی بەستراو نییە.بەتایبەت ئیستە کە دەست ڕاگەیشتن بە سەرچاوە و هەر وەها پەیوەندیی کەسانی شارەزا لە ڕێگای نێتەوە ئاسان بۆتەوە.بەوەیشەوە دەبینین کە نێتی کوردی پتر بۆ پەیوەندی بەکار دەهێنرێت و لە بواری بەرهەمهێنانی ناوەرۆکی کوردی و لە بواری لێکۆڵینەوەدا زۆر لاوازین.ئەگەر سەیرێکی مێژووی زمانی کوردی و مێژووی گرینگیدان بە زمانی کوردی بکەین، دەبینین سەردەمانێک هەوڵ دراوە کە کاری جیددی لەسەر زمان بکرێت؛ هەرچەند بەپێی ستانداردەکانی ئێستا ڕەنگە زۆر زانستییش نەبووبن، بەڵام بە بینینی دەرەنجامەکەی کە کوردیی ئیمڕۆیە دەبینین تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوون. بەڵام ئێمە لە سەردەمێکی زۆر خراپدا بەرەوڕووی دنیای دیجیتاڵ بووینەوە:سەردەمێک کە یەکەم کامپیۆترەکان و یەکەم هێڵە ئینتێرنێتییەکان بە وڵاتاندا بڵاو دەبوونەوە، لە تورکیا هێشتا زمانی کوردی نایاسایی بوو، لە ئێران لە پەروەردە و ئیدارە و میدیادا بە کار نە دەهێنرا و سووریایش لەوان باشتر نەبوو. تەنیا کوردستانی عێراق بوو کە دەیتوانی دەنگی زمانی کوردی بێت، ئەویش سەرەتا نوقمی شەڕی براکوژی بوو و پاشان چەند ساڵی تر هەمان نەوە هاتە سەر کار کە نەک بە کوردی بەڵکوو بە هیچ زمانێکی تر پەروەردەی نەدیتبوو، شوێنێک کە دەبا پشتیوانیی دامەزراوەیی لە زمانی کوردی لە سەردەمی دیجیتاڵدا کردبایە، خۆی لەو پەڕی دواکەوتوویی و هەست بە کێشە نەکردندا بوو. هاوڕێیانی کوردئایتی گرووپ هەوڵێکی زۆریان دا، کە کورد لەگەڵ دنیای دیجیتاڵدا ئاشت بکەنەوە و هیچ نەبێت ستانداردێک دابنێن کە تووشی پرژ و بڵاویی ستاندارد نەبن و جێگای دەستخۆشییە کە لەو بوارەدا زۆر سەرکەوتوو بوون. هەندێک کەسی خۆبەخشیش زۆر بەدڵسۆزانە بۆ ویکیپیدیای کوردی و هەندێک سایتی فەرهەنگی کاریان کرد و وردە وردە پێی ئێمەیش بۆ ئەم دنیایە کرایەوە.

بەوەیشەوە، لە کۆتایی وڵامی ئەم پرسیارەدا، دەتوانم بتانگەڕێنمەوە بۆ گەڕانێک لە گووگڵدا بە کوردی. بزانن لە باسێکی نەک زانستی بەڵکوو ئەدەبیشدا ئەگەر بە کوردی بگەڕێن، چەندە کەم بابەتی بەنرختان دەست دەکەوێت!

ڕۆژەڤ: باسی پەروەردە بە زمانی کوردیتان کرد وەکوو دەبینین ئێستا دۆخەکە تا ڕادەیەک دڵخۆشکەرە و بڕیارە لە قوتابخانەکان وانەی کوردی بۆ چەند کاتژمێرێک بوترێتەوە و ئێوە گەشبینن ئەو ڕەوتە درێژەی هەبێت و لە زانکۆی کوردستانیش ڕشتە ئەدەبیات و زمانی  کوردیمان هەیە، ئەم هەنگاوانە چۆن دەبینن؟

کۆنەپۆشی: شەوەزەنگی هێژا، وا باشە لە تەوەری باسەکە زۆر دوور نەکەوینەوە. بەوەیشەوە ئێمە دوو باسمان هەیە لە بواری پەرەوەردە بە زماندا: ١- فێر کردنی زمانی دایکی ٢- فێر کردن بە زمانی دایکی.

ئەوەی کە مافی سەرەکیی ئێمەیە و بۆ زمانەکەمان پێویستە، خوێندن و منداڵانی کورد بە زمانی کوردییە؛ ئەو شتەی کە ئیستە قەرارە بکرێت، دەرهاتنی زمانی کوردی لە قۆناغی نایاساییە. دەزانن لە سیستمی پەروەردەدا زمانی کوردی نایاساییە و ئیستە بەو کارانەوە زمانی کوردی لەو قۆناغە دەچێتە دەرەوە بەڵام تا بەکارهێنانی زمانی کوردی وەکوو زمانی خوێندن ڕێگایەکی دوورمان لە پێشە.

ڕۆژەڤ: کاک حامید بە لەبەرچاو گرتنی ئەم گرفتانە و نەبوونی بوودجە و دامەزراوە و ڕێکخراوی زانستی و ئاکادمیک ڕێگاچارە چییە؟ و ئایا دوای  کاری کورد ئایتی گرووپ هەوڵێکی ئەوتۆی تر دراوە بۆ بەدیجیتاڵی کردنی سامانی زمانی کوردی؟

کۆنەپۆشی: لە وەڵامی پرسیارەکەدا سەرەتا ئەوە بڵێم من زۆر گەشبینم بە ئیمکانەکانی سەردەمی دیجیتاڵ. ئەم سەردەمە ڕێگەی هەناسەبڕینی زمانەکان و فەرهەنگەکانی بەستووە و ئیتر قەت ناکرێت دەنگی فەرهەنگ و زمانێک بەتەواوی کپ بکرێت.پاش ئەوەیش بەڕێزانی کوردئایتیگرووپ هەوڵی بەرچاویان لە دروستکردنی ستاندارد و ئامرازی کوردی نووسین لە جیهانی کامپیۆتردا دا؛ ئەگەرنا بەشدارییان لە بواری بەرهەمهێنانی ناوەرۆکدا زۆر کەم بوو. ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین پێنج ساڵ لەمەوبەر بە هەست کردن بە کەم و کورتییەکان لەو بوارەدا لە پاڵ چالاکییەکانی تریدا هەوڵیدا بوارێک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر زمانی کوردی بڕەخسێنێت. وەک دەزانین ئیمڕۆ زمانەوانیی کۆرپس و زمانەوانیی کامیۆتەیشناڵ زۆرێک ئیمکانی لێکۆڵینەوەی زمانی دەدەن و هەندێک توێژینەوەی زمانی کە پێشتر بە دەیان ساڵ دەکرا، ئێستا لەو ڕێگەیەوە بە ئاسانی لە چەند مانگدا جێبەجێ دەبێت، بەڵام بۆ ئەو هەوڵانەمان سەیرمان کرد ئێمە شتێک بە ناوی کۆرپسێکی مامناوەندیی زمانی کوردیمان نییە کە بتوانین لێکۆڵینەوە بکەین. لە لایەکی ترەوە دروست کردنی فەرهەنگی وشەیەک کە زمانی ئەمڕۆی کوردیی تێدا بێت یەک لە پرۆژەکانمان بوو، بەڵام بۆ ئەوەیش دیسان دەست ڕاگەیشتنمان بە سامانی زمانیی کوردی پێویست بوو و بەداخەوە لە بەردەستدا نەبوو یان بۆ لێکۆڵینەوەیەکی زمانەوانیی ئاماری لەسەر ئەوەی کە فڵانە شیعر هی حەریق-ە یان هی وەفاییAuthorship assignment

، دەقی دیوانی هەر دوو شاعیرەکەمان بۆ شیکاری پێویست بوو و بەداخەوە دیسان لە بەردەست نەبوو یان بۆ نووسینەوەی گرامەرێکی نوێ، هەر وەها سپێڵ چێک و گرامەر چێک و ئەو شتانە دەست ڕاگەیشتنمان بە کۆی سامانی ئەدەبی و ڕۆژنامەوانیی زمانی کوردی پێویست بوو. 

ئێمە زنجیرەیەک پرۆژەمان بە دەستەوە بوو کە بەردی بناغەی هەموو ئەوانە کۆ کردنەوەی دەقەکان بوو. ئەو کارەیش بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕی و سەرەڕای یارمەتیی مەعنەویی چەند کەس، سەرکەوتوو نەبووین و لە کۆتاییدا وەکوو پرۆژەیەک کە خۆبەخشە و دەبێت هەر بە کاری خۆبەخشیش تەواو بکرێت، قۆڵمان لێ هەڵماڵی.

بەڵام بە جۆرێک دامانڕشت بێجگە کەڵکی بۆ لێکۆڵەران، خوێنەری گشتیی کوردیش بتوانێت کەڵکی لێ وەربگرێت. سایتێکمان دانا کە بەشێوەی ویکی، دەقی بخرێتە سەر و هەر کەس توانی لە ڕۆژدا چەند لاپەڕەیەک لەوێ دابنێت و پاشتر ئیدیتۆرەکانمان ئەو دەقانە بپاڵێون و پێیدا بچنەوە، بەداخەوە لەبەر شپرزییەک کە زاڵە بەسەر کەسایەتیی کورددا، ناچار بووین بەشی بەئەندام بوون دابخەین و ئێستا ئەگەر کەسانێک خۆبەخش هەبن، کتێبیان پێ دەدەین کە لە تایپەکەیدا یارمەتیمان بدەن. ناونیشانی سایتەکە بۆ ئەو هاوڕێیانەی کە سایتەکە ناناسن:

www.vejinbooks.com

ڕۆژەڤ: کاک حامید مامۆستا دیاکۆ هاشمی ئەم تێبینی و وڵامەیان ئاماژە پێ کردووە لە لەسەر کاری کورد ئایتیگرووپ:

کوردئایتیگرووپ تەختەکلیلی کوردیی چێ کرد، بۆ بەرهەمهێنان “زانستپەروەرانی کورد” پێک هات، یەکێک لە کارە گەورەکانی ئەوە بوو کە فەرهەنگی ئایتیی ساز کرد، سەدان وشەی بواری ئایتیی ساز کرد کە ئێستاکەش لەو بوارەدا بەچالاکی بەکار دەچێت، ئەندامان خۆبەخش کاریان دەکرد. کاری خۆبەخشیش لەوە زیاتری لێ ناوەشێتەوە. بەداخەوە کاری گەورە و باش پێویستی بە بوودجە هەیە. لەوە بەولاوە کوردئایتیگرووپ و زانستپەروەران هەلومەرجیان پێک هێنا و بە تەختەکلیلی کوردی لەسەر یونیکۆد و بە فەرهەنگی ئایتی، بوارەکەی خۆش کرد کە خەڵکی تریش بێنە پێشەوە. دیارە هەموومان لە سەرەتای ڕێگایەکی زۆر دوورودرێژداین. دیاکۆ هاشمی، ئەندامی کوردئایتیگرووپ و زانستپەورەرانی کورد. 

کۆنەپۆشی: دەستی کاک دیاکۆ خۆش بێت. دیارە شوێن پەنجەی کاک دیاکۆ هێندە

دیارە، خەریک بوو لە گەڵ ناوهێنانی دامەزراوەکاندا، ناوی بەڕێزیشیان بێنم. ئەوان لە نیزیکەوە ئاگادارن و قسەکەیان تەواوە.

ڕۆژەڤ: کاک حامید باسی پرۆژەی vejinbooks تان کرد ئەتوانن زۆرتر ڕوونی بکەنەوە بۆمان شێوازی کار و چ کەسانێک دەتوانن یارمەتی ئەو پرۆژەیە بدەن و چۆن یارمەتی بدەن و ئایا لە شارەکانی دیکەیشەوە دەتوانن پەیوەست ببن بەو پرۆژەیە؟

کۆنەپۆشی: بەڵێ، ئەو پرۆژە هی هەموو کوردێکە و وا باشە کە هەموو کوردێکیش لە چۆنیەتیی پرۆژەکە خۆی بە بەرپرس بزانێت. دنیای ئینتێرنێتیش، چەمکی شوێن و مەودای شوێنیی بردووەتە ژێر پرسیار. ئیستە هەر کەسێک کە بیهەوێت دەتوانێت ئامادەیی خۆی دەرببڕێت و ببێت بە هاوکاری پرۆژە. لەبەر نەبوونی OCRێکی بڕوا پێکراوی کوردی لەم قۆناغەی پرۆژەکەدا زۆرترین پێویستیمان بە تایپە. دیارە بۆ ئەوەیش دەبێت ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت کە لە تایپدا یارمەتیمان بدەن، لەگەڵ پرۆژەکەدا هەماهەنگ بن بۆ ئەوەی بزانن کە دەبێت چی تایپ بکەنەوە.

تازەترین نموونەی یارمەتیی شارەکانی تر، کاک مەنسوور ئەسەدی لە بۆکانەوە کتێبەکەی کاک مارف ئاغایی تایپ کردەوە و خرایە سەر سایت. 

ڕۆژەڤ: ۱. لە گووگل پلەی لە سرچی نەرم ئامێر کوردی ئەکەی هەندێ نەرم ئامێری مزگەوت و منارە و شمشێر نیشان ئەدات، لە بواری دروست کردنی نەرم ئامێری کوردی چ هەوڵێک لە ئارادایە؟

۲. بۆ ئەوەی کتێبە ئەلکترۆنیە پی دی ئفەکان لە وێنەوە بکرێنە تێکست و گەڕانیان تێدا بکرێ چ هەوڵێک لە ئارادایە؟

کۆنەپۆشی: لە بواری وشەدانی کوردیدا، هەوڵێکمان دا و پرۆژەیەکمان دەست پێ کرد. ویستمان سەرەتا هەموو وشەدانەکانی ئێستا هەمووی کۆ بکەینەوە و پاشان وشەی تری نێو کۆگای دەقی کوردیی پێ زیاد بکەین و لە ڕێگای ئەو نەرمەواڵەیەوە ببینە خاوەن فەرهەنگی وشەیەکی خۆمان. فەرهەنگی خاڵمان تایپ کردەوە، فەرهەنگی باشوورمان لە نووسەرەکەی وەرگرت، فەرهەنگی هەورامیی بێدارمان تایپ کردەوە و هەنبانە هەندێکیمان پەیدا کرد و هەندێکیمان تایپ کردەوە و …

لە سەر گووگڵ پلەی ئێستا فەرهەنگێک هەیە بەنێوی Vejin Dictionary. ئەو فەرهەنگە بەداخەوە لەبەر ئەوەی کە بەرنامەنووسەکە خۆی بە خاوەن پرۆژەکە دەزانی، ڕاوەستا و هێشتا دەستمان پێ نەکردووەتەوە.

هەوڵی دامەزراندنی بەشی نەرمەفزاری، بەتایبەت کایەی فێرکاریی منداڵان لە ڤەژیندا هەیە. بەڵام وەکوو کاک دیاکۆ ئاماژەی پێ دا، کارێک کە بوودجەی لە پشت نەبێت زۆر دەخایەنێت و نابێت چاوەڕوانیمان زۆر بێت.

کتێبی پی.دی.ئیف، چەند دەستەن: 

ئەوانەیان کە سکەن کراون، بۆ تەبدیلیان دەبێت OCRی کوردیت هەبێت

ئەوانەیان کە بە کۆدپەیجی کۆن تایپ کراون و لە ڕێگەی وۆردەوە کراون بە پیدیئیف. 

ئەوانەی کە بەشێوەیەکی ڕێژەیی تازە تایپ کراون و لە تەختەکلیلی ستاندارد کەڵکیان وەرگرتووە.

تەنیا ئەم دەستە ئاخرەیان، ئەویش بە هەڵەوە ئیمکانی گواستنەوەی بۆ وۆردی هەیە. 

ڕۆژەڤ: وەکوو پرسیاری کۆتایی ئەم باسە:

ئامانج و ئاسۆی کاریی پڕۆژەی(vejinbooks)؟

ئایا ئەو پرۆژەیە تەنیا کاری دەق و شێعر و ئەدبیات دەکات یان لە بواری تریش دەیەوێت هەنگاو هەڵبنێت.

هەروەها ئەگەر شتێک ماوە و بەپێویستی دەزانن سەبارەت بە باسەکەمان تکایە باسی بکەن بۆمان.

کۆنەپۆشی: ١-ئێمە لە کومیەتی کەلەپووری ناوەندی ڤەژین پرۆژەیەکی کۆکردنەوەی دەسنووسەکانی کوردمان هەیە و تا ئیستە هەوڵمان داوە بەپێی توانای خۆمان دەسنووسەکان کۆ بکەینەوە و سکەنیان بکەین.

٢- پرۆژەی کۆکردنەوەی فەرهەنگی وشەیەک بۆ کوردیی مودێڕن واتە VejinDict، هێشتا لە بەرنامەدایە.

٣- بۆ ئەم پرۆژەیەی ئێستایش لە مێژووە ئەدەبییەکاندا لیستی هەموو کەسەکانمان نووسیوە و هەر وەها بەپێی ئەزموونی خۆمان کەسی ترمان پێ زیاد کردووە و تایپی هەموو ئەوانەمان لە بەرنامەدایە و بە خۆشییەوە ئیستەیش بێجگە لەو بیست و ئەوەندە کەسە، تایپی نیزیک سی کەسی ترمان لەبەر دەستدایە و بەرەبەرە ئەوانی تریش تایپ دەکەینەوە. بەڵام ئەو پرۆژەیە ناوی دەقی ئەدەبی و مێژووییە؛ لە ڕاستیدا هەموو سامانی زمانیی کوردی دەگرێتەوە. دیارە ئەوە زۆر بەرزەفڕانەیە؛ ڕەنگە ئەگەر کەمێک بە دەسەڵاتتر ببین، بکەوینە بیری ئۆسیئاڕی کوردی و ئەو هەموو ئەزیەتە لە ئەستۆ بکەینەوە.

٤- پرۆژەیەکی زۆر زۆر گەورەی کۆکردنەوەی ڕۆژنامەوانیی کوردیمان لە ساڵی داهاتوودا هەیە کە سکەنی هەموو ڕۆژنامەی سەدەی بیستەمی کوردی تێدا بێت و ئیمکانی گەڕانیشی ببێت.

دەمانەوێت هەموو ئەم پرۆژەیانە پێکەوە گرێ بدەینەوە، بۆ نموونە لە داهاتوویەکی نیزیکدا 

ئەگەرچی چەند کەس لە هاوڕێیانی ڤەژین نیزیکەو هەمووی ژیانیان داناوە بۆ ئەو پرۆژانە؛ بەڵام سەرکەوتنیان هەمووی بەندە بە یارمەتیی کەسانی خۆبەخشەوە. کورد خۆی بیهەوێت ئەوانە سەر دەگرێت و ئەگەر نەیهەوێت سەر ناگرێت. 

ڕۆژەڤ: کاک دوکتور زۆر سپاس بۆ بەشداریتان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت