ڕۆژهەڵات تەوەرەکان و زستانەخەوی کوردایەتی و بنەوانی سەرهەڵدانیان

0
77

تاکە ڕێگای مانەوەکوردی ڕۆژهەڵات، پشتگیریی ڕاسان و یارمەتیدانە بە مانەوەی پێشمەرگە وەک باسکی بەهێزی گەل لە سنوورەکان و مەقەرەکانیان

نووسینی: شۆڕش ڕۆژهەڵاتی

سێ ساڵ لەوەی پێش، درووشمێک لەژێر ناوی “ڕۆژهەڵات تەوەری” لێرولەوێ سەریهەڵدا و هەندێک کەسیش خۆیان بە خاوەنی ئەو درووشمە کە پێی دەگوترا “تیۆری” دەزانی کە لە ڕاستیدا هیچ کام لە بنەماکانی مەعریفی یان بوونناسانە و تەنانەت ترمینۆلۆژییەکی ئەوتۆی نەبوو.

ئەو درووشمە کە لە ڕواڵەتدا ئەوەندە ڕەنگاڵە و ئاڵەوواڵ و خەمڵاوبوو کە دەکرا بیکەیە ملوانکە بۆ گەردنی خەباتی ڕۆژهەڵات و بووکی سووری ئازادی پێ دابەزێنی، بە هۆی ئەوەی کە لە مۆڵگەی ئیسلاح تەڵەبەکانەوە ئاوی دەخواردەوە، بوو بە بڵقی سەر ئاو. هەمان ئیسلاح تەڵەبانی کورد کە بە وتەی ئیبراهیم ئەزدی، سکرتێری گشتیی نێهزەتی ئازادیی ئێران و وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی کاتی (موقت)، بەیعەتیان بە ڕژیم و پان ئێرانیستەکان داوە و سوێندیان خواردووە و بە خوێنی خۆیان واژۆیان کردووە کە هیچ کات سەربەخۆییخواز (بە وتەی ئەو جیاییخواز) نەبن و دژ بە حیزبە کوردییەکان بن.

ڕۆژهەڵات تەوەری بە واتای ئەوەی کە ئێمە بەر لە هەر شتێک، لە ڕیزبەندیی خەبات و چالاکییەکانماندا، ڕۆژهەڵات، خەباتی ڕۆژهەڵات و بەرژەوەندییەکانی ببینین، هەم جوانە، هەم گونجاوە، هەم ڕئالیستیکە و هەمیش دەبوا وابێ، بەڵام ئەوەی ئەوان گەرەکیان بوو، بەرەو ئیسلاح تەڵەبی بردنی خەباتی ڕۆژهەڵات بوو و کەرستەیان بۆ ئەو درووشمە لاڕێکراوە، بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ڕژیم دابوو کە بە خۆشییەوە بە هۆی وشیاریی چەند ڕووناکبری و حیزب، سەرانگرێ بوو و هەڵەنگووت و ئێستاش لە دوای دانانەوەی ڕووحانی وەک سەرۆک کۆماری ڕژیم و بە چاو لێکردنێک بە کارنامەی خولی یەکەمی ڕوحانی و کارنامەی وەزیرەکانی لە خولی دووهەمدا کە زۆربەیان لە ئیتلاعاتەوە نێردراون، باش دەردەکەوێ کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان، خیانەتێکی نەتەوەیی بووە و هەیە.

ئێستاش کە خەباتی ڕۆژهەڵات کەوتۆتە بەر پەلامارێکی ئاشکرا کە یەکێتیی نیشتمانی بەڕێوەی دەبا و پارتیش لە ژێرەوە لە هەمبەری بێدەنگە و گۆڕانیش خەریکی دابەشکردنی میراتە و بزووتنەوە و ئەوانی تریش وەک هەمیشەی مێژوویان خەریکی پیلانی ژێربەژێرن و شیوعیەکانیش لەوپەڕی بێ دەسەڵاتییەوە خۆ بەم و بەو هەڵدەواسن و توانای دەنگ هەڵبڕینی بە کۆمەڵیان نیە، دەهۆڵ و بڵندگۆکانی ڕۆژهەڵات تەوەریش لە خەوێکی زستانەدان، چون نە کاتی هەڵبژاردنە و نە ئێستاش دوای دەستبەسەرکرانی ڕواڵەتیی یەک دوو کەسیان و بەو کارنامە جوانەی ڕوحانییەوە، توانایی قسەکردن و شانتاژیان نیە، لە خەوێکی زستانەی قووڵی کوردایەتی ڕۆچوون و بەم زووانەش هەستانەوەیان نیە.

ئەو کەسانە کە هەمان ئەو کەسانەن ئێستا لە جیاتی سەرکۆنەی تووندئاژۆیی و هێرش و داگیرکارییەکانی یەکێتی و باڵەکایەتییەکان و مەلا نیازەکان، هاتوون خەباتکارانی بوێری ڕۆژهەڵات بە جاش دەناسێنن و داوا دەکەن بە هەمومان خەریکی ڕیفراندۆم بین و هیچ کام لە هەڕەشە و پرێس کۆنفرانسەکانی باشوور و بێدەنگییەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت نابینن و ناشبینن کە کاک مەسعوود لە ئیستاوە دەڵێ ئیدی کورد پێویستی بە خەباتی چەکدارانە نیە، هەر دەنگێکی دلێر لە ڕۆژهەڵات بە جاش و دژەکورد ناو دەبەن. هەر ئەو کەسانەشن کە بە دژی فەرهاد سەنگاوی فەرمانی جیهادیان دەدا و بە دژی سووتاندنی مەقەرەکانیان، بێدەنگن و تەنانەت بیانووشی بۆ دێننەوە و بە پاساوی ناکوردانە سواغی دەدەن.

ڕۆژهەڵاتی ڕۆژهەڵنەهاتوو، لە هەموو دارایی دونیا ئەو چەند چڵە حیزبە پەل و پۆ هەڵوەریوە شک دەبا، ئەو حیزبانەش دوای ٢٥ ساڵ خۆ گێل کردن بە بوودجەیەکی کەمی هەرێم کە بێ گومان لە تارانەوە بۆ بێدەنگ کردنی حیزبەکان دابین دەکرا، لە ڕقی یەکتریش بێ چەند پێشمەرگەیەکیان ڕەوانەی سنوورەکان کردووە و ئەو هەنگاوەش بە واتای لێدرانەوەی چەخماخەی خەباتێکە کە حدکا ساڵی ڕابردوو لێیدا و کەم تا زۆر ئاکامی ئەرێنیشی بووە و دەشکرێ ڕەخنەشی لیبگرین. کەواتە مانەوەی ئەو حیزبانە، پاشەکشەنەکردنیان لە شاخ و پتەوترکردنی مەقەڕەکانیان و دابین کردنیان لە ڕووی بوودجەوە، تەنیا ڕێگای مانەوەمانە، بۆیە لام وایە هەر هەوڵێکی تر جیا لەمە، بە واتای خیانەت و فرۆشتنی خەباتی ڕۆژهەڵاتە.

کاکی ڕۆژهەڵات تەوەری لە بنەڕەتدا ئیسلاح تەڵەبی نزیک لە ئیخوانولموسلمین، پێویستە بەر لەوەی خەڵک بە دژە نەتەوە، دژەگەلی و ئاژاوەگێڕ ناودێر بکەی، لای خۆت پێناسەیەک بۆ گەل، خیانەت و ئاژاوە بکەیت. ئەگەر کوردی ڕٶژهەڵاتیش نەتەوەی کوردە، کەواتە لە بەرژەوەندیی نەتەوەییشدا دەبێ ئەویش بپارێزرێ و تەنیا سەەربەخۆیی باشوور ناتوانێ بەرژەوەندیی نەتەوەیی بێ، ئەویش بەتایبەت کاتێک کە لەسەر حیسابی کورد و خەباتی ڕۆژهەڵات دەکرێ، لە خوام تەڵەبە قەت سەرنەگرێ.

سەیرە وتەکانی دوکتور قاسمڵووتان لەبیر چووەتەوە، پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی داگیرکەری پارچەیەکی تری کوردستان نابێ لەسەر حیسابی کوردی پارچەیەکی تر بێ. ئەوەی ئێستا باشوورییەکان دەیکەن و یەکێتیی نیشتمانی بە هۆی ئەوەی لە کەرکووک براوە بێ و لە باڵەکایەتیش دەنگە دۆڕاوەکانی وەدەست بهێنێتەوە دەیکات، لەسەر حیسابی کوردی ڕۆژهەڵاتی بێ دەرەتانە کە بەردەوام لە دار دەدرێ، دەستبەسەر دەکرێ، موعتاد دەکرێ، ناچار بە خۆکوژی دەبێ، ڕاو دەندرێ و …تاد. من لەوە تێناگەم ئێوە لەسەر حیسابی چی ئەو ڕۆژهەڵاتە دەفرۆشن؟ لە پێناو بانگ کرانتان لە ڕووداو و کوردستان ٢٤؟ یان لە پێناو ئەو مڵک و خانووەی کە بەشێکتان لە باشوور وەرتانگرتووە. کەسی وادەبینین کە پێشتر لەسەر هەموو ڕووداوێک شەش پۆستی دادەنا کەچی ئێستا لە پێناو پاراستنی ئەو خانووانەی کە لەبەرخوێن وەریگرتوون، نەک خۆی بەڵکوو بە ناوی ئەوەی کە با حیزبەکان قسە بکەن، خەڵکانی تری خوێن گەرمیشی بێدەنگ کردووە.

وتەی کۆتایی:

هەر بێدەنگ بوونێک، خیانەتە بە ڕۆژهەڵات، هەر خیانەتێک ڕیسواییەک بەدوای خۆیدا دێنێ. شەرم لە ئارەقی ناوچاوانی پێشمەرگەکان بکەن.

بەختەوەرانە خەڵک وشیارە و لەقاودانی ڕووداوەکانیش خێرایانەیە، ئیتر کەس ناتوانێ بۆ ماوەیەکی درێژ خەڵک بگەمژێنێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت