ڕۆژنامەی دی پرێسی ئوتریش: تیرۆری دوکتور قاسمڵوو، یەکێک لە ڕەشترین بەشەکانی مێژووی ئوتریش

0
124

پێشەکی: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لەبەرەبەری نزیک بوونەوە لە ساڵوەگەڕی تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە وڵاتی ڤیەن، بەشێکی بەرچاو لە کوردانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد، لە رێگای دانانی تێبینی و پۆست لەمبارەوە لەسەر لاپەڕەی تایبەتیی فەیسبووکی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر بێدەنگیی وڵاتی ئوتریش و وەستاندنی دۆسیەی تیرۆری دوکتور قاسملوو لەو وڵاتە دەربڕی.

ڕۆژنامەی “دی پرێس”ـی ئوتریش، ساڵی ٢٠١٥ بابەتێکی لە ساڵوەگەڕی تیرۆر کرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بڵاوکردۆتەوە و ئەو تیرۆرەی بە یەکێک لە ڕەشترین بەشەکانی مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتە زانیوە کە بەپێی گرنگیی بابەتەکە، لێرە دەقی وەرگێڕاوی کوردیی ئەو بابەتە دەخەینە ڕوو.

دەقی ئەو بابەتە کە لەلایەن هەڵمەت مەعرووفی ـیەوە لە زمانی ئاڵمانییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.

تیرۆری دوکتور قاسملوو، یەکێک لە ڕەشترین بەشەکانی مێژووی ئەو هاوچەرخی ئوتریشە کە لە ڕێکەوتی ١٣ی جولای (٢٢ی پووشپەڕ)ـی ساڵی ١٩٨٩ هاوڕێ لەگەڵ سێ سیاسەتوانی تری کوردی سەر بە حزیبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەکاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ نوێنەرانی ڕژیمی مەلاکانی ئێران کە بە شێوەیەکی نهێنی ڕێکخرابوو، تیرۆر کرا.

لە ڕواڵەتدا ئەو دانیشتنە بە مەبەستی گەیشتن بە ئاشتی رێکخرابوو بەڵام لە ڕاستیدا هەڵەیەک بوو، لەو دانیشتنەدا، کوردەکان کوژران.

بکوژەکان هەر بە زوویی دەستبەسەر کران بەڵام حکومەتی ئەو کاتی ئوتریش بە هۆی ئەوەی کە ڕژیمی ئێران هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە هاووڵاتیانی ئوتریشی کە لە ئێرانن دەکەونە مەترسییەوە، ئیزنی بە بکوژەکان دا تا وڵاتی ئوتریش بەجێ بهێڵن.

بەرچاوترین کەس لە نێوان ئەو سێ کەسە کوردە کە کوژران، سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو بوو. خێزانەکەی، هێلێن کورلیخ (قاسملوو)، کە بە نەتەوە خەڵکی وڵاتی چێک ـە، دوای ئەو تیرۆرە، ساڵیانێکی زۆر لە ڤیەن هەوڵی بەدواداچوو بۆ ئەو دۆسیە و دادگایی کرانەکەی داوە بەڵام بێ ئەنجام مایەوە.

هێلێن قاسمڵوو، بیرەوەورییەکانی ژیانی خۆی لەگەڵ ڕێبەری کوردان – دوکتور قاسملوو- نووسیوەتەوە، کە لەو دواییانەدا بە شێوەی پەرتووکێک بڵاو بۆتەوە. هێلێن لەم پەرتووکەدا بە شێوەیەکی زۆر خۆمانە باس لە چۆنیەتیی ناسیاوبوونی لەگەڵ قاسملوو لە پارگ، ژیانی لەگەڵی لە ناو کوردەکان، زەماوەندکردنیان و ئەو ژیانەی کە لەوێ دەبوایە لە کۆمەڵگایەکی زۆر کەلتووری و پیاو-سالارانەدا، ژیابایە. ئەو هەروەها باس لەو هیوا بەرزە دەکات کە کوردەکان بە قاسملوویان هەبوو کە داوای خودموختاری لە ئێرانی بۆ کوردەکان دەکرد و ئامانجی سەرەکیشی ئەوە بوو کە کوردەکان بە یەکەوە لە تورکیە، عێراق و سووریە و ئێران یەک بگرن و یەک وڵات ساز بکەن.

ئەو هەروەها باس لەوە دەکات کە چۆن هێدی هێدی ئەو هیوایە شکا و تاران جارێکی تر توانی کۆنترۆڵی کوردستان بگرێتەوە دەست خۆی و ئەوەی کە دەستە درێژەکانی ڕژیم چۆن توانییان قاسملوو لە ڤیەن (پێتەختی ئوتریش)، لەناو ببەن.

لە حاڵێکدا ئەمڕۆکە دەبینین کە کوردەکان بە هۆی شەڕ و بەربەرەکانی لەگەڵ داعش لە سووریە و عێراق، لە چ دۆخێکی دڵتەزێن دان، جێگای سرنج و لێ فێر بوونە کە بزانین کوردەکان لە ئێران، چۆناوچۆن بۆ ئازادی شەڕیان کردووە و شەڕ دەکەن و چۆناوچۆن وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەتی ئوتریش، بە هۆی بەرژەوەندیی ئابوور و یان ترس لە تیرۆر و کوشتارەکانی ئێران، لە هەمبەری بێدەنگ دەبن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت