ڕژیمی تورك و سه‌ركوتی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی

0
110

له‌ نووسینی : ئاریتما موحه‌ممه‌دی

ماوه‌یه‌كه‌ هێزه‌كانی ڕیژیمی فاشیستی تورك ده‌ستیان كردووه‌ به‌ كوشتنی هاوڵاتییانی باكووری كوردستان و له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ به‌رخۆدانی مه‌ده‌نیی له باكوور‌ له‌ گۆڕێ دایه‌، پتر له‌ سه‌دان هاوڵاتی كوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ڕژیمی فاشیستی توركه‌وه‌ دراونه‌ته‌ به‌ر گولله‌ و كوژراون و بریندار بوونه‌. ئه‌وه‌ له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان ماوه‌یه‌ك پێش ئیستا یه‌كلایه‌نه‌ ئاگربه‌ستی ڕاگه‌یاندووه‌. به‌ڵام هاوكات ڕژیمی تورك بێ گوێدانه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی په‌كه‌كه‌ به‌رده‌وام هێرشی كردووه‌ته‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای باكوور و په‌له‌ماری ژن و منداڵ و به‌ساڵاچووانی داوه‌ و سه‌دان لاوی كوردیشی ڕاپێچی به‌ندیخانه‌كان كردووه و ده‌یانی دیكه‌شی كوشتووه‌‌.

ئه‌م هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌ی ڕژیمی تورك كه‌ هه‌ر كه‌س داوای مافی خۆی بكات به‌ لایه‌نگری پارتی كرێكارانی كوردستان ئه‌ژماری ده‌كات، ناچێته‌ چوارچێوه‌ی مافی به‌رگری ڕه‌وا به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی كامه‌ حه‌قه‌ و كامه‌ ناحه‌قه‌. بێگوومان نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ باكووری كوردستان نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌سته‌ و له‌لایه‌ن توركانی فاشیسته‌وه‌ به‌ چه‌شن و شێوه‌گه‌لی سیاسیی، كولتووریی، كۆمه‌ڵایه‌تیی، ئابووریی و جیاواز ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ و مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانیان ژێرپێ ده‌نرێت و لێ زه‌وت ده‌كرێت.

توركیه‌ تاكوو هه‌نووكه‌ به‌ پاساوی ئه‌وه‌كه‌ شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ ده‌كات، په‌ره‌ی به‌ هێرشه‌كانی بۆسه‌ر شار و ناوچه‌كانی باكووری كوردستان داوه‌ و له‌و نێوه‌نده‌‌شدا سه‌دان هاوڵاتیی ئاسایی وه‌ك هه‌میشه‌ گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌. ئه‌وه‌ش له‌ دۆخێك دایه‌ كه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان به‌ كرده‌وه خۆی دوور خستووه‌ته‌وه‌‌ له‌ گۆڕه‌پانی چالاكیی مه‌ده‌نیی له‌ باكووری كوردستان و هاوكات موراد قه‌ره‌یه‌ڵانیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وه‌ی هه‌نووكه‌ له‌ باكوور ڕوو ده‌دات، ته‌نیا خه‌ڵكی مه‌ده‌نییه‌ كه‌ ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌رگری له‌ ماف و ژیان ده‌كه‌ن و ئێمه‌ وه‌ك په‌كه‌كه‌ له‌و خه‌باته‌ مه‌ده‌نییه‌دا‌ به‌شدار نین.

هاوكات ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی باشووری كوردستان به‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ پێوه‌ندی دۆستایه‌تیی و سیاسیی له‌گه‌ڵ ڕژیمی توركیه‌ هه‌یه‌، ناتوانێ ڕاشكاوانه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ سیاسه‌ته‌كانی ڕژیمی توركیه‌ بگرێت، ته‌نانه‌ت پێوه‌ندی نێوان هندێك له‌ لایه‌نه‌كانی سیاسیی باشوور و پارتی كرێكارانی كوردستان ئاسایی نییه‌ و زۆرجار یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و ڕه‌خنه‌ له‌ یه‌كتر ده‌گرن.

به‌ڵام ئه‌وه‌یكه‌ هه‌نووكه‌ له‌ باكوور تێپه‌ڕ ده‌بێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕژیمی تورك جیاوازی له‌ نێوان چه‌كدار و تاكی ئاسایی باكووری كوردستان دانانێت و سه‌ربازه‌كانی تورك به‌ چه‌شنێكی فاشیستی هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ژن و منداڵ و ده‌یانكوژن. ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنی قووڵ بكرێته‌وه‌ و هاوكات ڕژیمی تورك له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستانه‌ی سه‌ركۆنه‌ بكرێت و له‌قاو بدرێت. كوشتنی ژن و منداڵانی بێ گوناح كه‌ له‌به‌ر بێمافیی ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای مافی سرووشتیی خۆیان ده‌كه‌ن كاره‌ساته‌ و پێویسته‌ كه‌ شۆڕشێكی مه‌ده‌نیی به‌دوادا بێت و پاشه‌كشه‌ به‌ سیاسه‌تی تورك بكات. ئه‌مه‌ش پێویستیی به‌ یارمه‌تیی كوردانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌كات.

وه‌ك ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤدۆستانه‌ پێویسته‌ كه‌ كوردانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان پشتیوانیی ڕاپه‌ڕینی كوردانی باكووری كوردستان بكه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن ڕووداوه‌كانی باكوور بخرێنه‌ ڕۆژه‌ڤی سیاسیی میدیاكانی كوردستان، جیهان و ناوچه‌كه‌وه‌. نابێ جیاوزییه‌كانمان ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ نه‌یاری سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییمان كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ ڕژیمه‌كانی داگیركه‌ر زاڵ بێت به‌سه‌ر هزری سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییمان. نابێ جیاوزییه‌كانی سیاسیی و به‌ڕێوه‌بردن، خزمه‌ت و تێكۆشانی نێوان لایه‌نه‌كانی سیاسیی كوردستان ببێته‌ پردی زاڵبوون و لێك دابڕانی هێزه‌كانی كوردستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م‌ سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌ ڕێگه‌ خۆش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌كه‌ داگیركه‌ر به‌سه‌ر چه‌ند شاخه‌ی جیاواز و دوور لێك دابه‌شمان بكات و هێدی هێدی سه‌ركوتمان بكات و شۆڕشی دادپه‌روه‌ریی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كورد له‌نێو به‌رێت.

لێره‌دا هه‌موو لایه‌نه‌كانی سیاسیی كوردستان ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ بێگومان هه‌موو هێزه‌كان به‌ بچووك و گه‌وره‌وه‌ هۆكاری ئاڵۆزبوونی كێشه‌ی نێوان هێزه‌كانی سیاسیی كوردستان بوونه‌ تاكوو هۆكاری چاره‌سه‌ریی. ئه‌م ئاڵۆزییه‌‌ی نێوان هێزه‌كانی كوردستان به‌رهه‌می سیاسه‌تیی دووكه‌رتبوون و دوو به‌شبوونیانه‌، بێگومان هه‌موو هێزه‌كانی سیاسیی كوردستان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی پارتی و په‌كه‌كه‌دا‌ دابه‌ش بوونه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌كه‌وێته‌به‌ر گورزی ڕه‌خنه‌‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویست بوو كه‌ هێزه‌كانی دیكه‌ گرژیی و ئاڵۆزیی نێوان ئه‌و دوو پارته‌ بڕه‌وێننه‌وه‌، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ ئه‌و جیاوازییه‌ بنه‌ڕه‌تییانه‌ كه‌ هێڵی سووری سه‌ركه‌وتنن به‌هێز كراون.

ئه‌م دابه‌شبوونه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ هیچكام له‌ هێزه‌كانی سیاسیی له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان له‌ پێوه‌ندی به‌ ڕووداوه‌كانی باكووری كوردستان هه‌ڵوێستێكی ڕوون و كاریگه‌ر نه‌نوێنن، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ براوخوشك و كه‌سوكارمان له‌ باكووری كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سیاسیی و سه‌ربازیی دان و ڕژیمی تورك به‌ هه‌موو هێزیه‌وه‌ په‌لاماری كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی باكووری كوردستانی داوه‌ و تاكوو هه‌نووكه‌ش سه‌دان هاوڵاتیی بێچه‌كی كوردستان گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

هۆكاری نه‌بوونی یه‌كده‌نگیی سیاسیی له‌ نێوان هێزه‌كانی كوردستان ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ نه‌بوونی ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌یی، نه‌بوونی كه‌سایه‌تییگه‌لی پێگه‌دار، نه‌بوونی كۆمه‌ڵگایه‌كی كراوه‌ و به‌هۆش كه‌ ڕه‌شۆی هێزه‌كانی سیاسیی به‌ده‌سته‌وه‌ بێت. ئه‌مه‌ش ئاسۆی گه‌ش به‌ره‌و تاریكیی پاڵ پێوه‌ ده‌نێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت