ڕووداوەکەی تاران و ڕۆڵی شاراوەی کۆماری ئیسلامی

0
240

هاشم عەلی وەیسی
کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەکەم چرکەساتی هاتنە سەرکارییەوە هەتا وەکوو ئێستا بۆ وەستانەوە لە هەمبەر بزوتنەوەی رزگاری خوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەموو ئامراز و کەرستەیەکی سەرکوت و حاشا لێ کردن و چەواشەکارانەی بە کار هێناوە و لە هیچ هەوڵێکی فیزیکی و ئیدئۆلۆژیک بە ئاراستەی سیاسەتەکانی خۆی بۆ سەرکەوت و بە لاڕێ دا بردنی ئەم خەباتە درێخی نەکردوە،

کۆمەڵکوژی و تێرۆر و تۆقاندنی خەڵکی رۆژهەڵات و کەسایەتییە سیاسی و رۆشنبیرییەکانی ئەم بەشەی کوردستان سەلمێنەری ئەم راستییەیە، بێدەنگی لێکردنی کەسایەتییە سیاسی و نووسەر و قەڵەم بە دەستانی نەتەوەی سەردەست لە ئاستی ئەم کارەساتانەی کە بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت و کراوە و تەنانەت لە زۆر حاڵەتیشدا پشتگیری و هاوئاراستەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی هەنگاویان هەڵگرتووە و رێگە خۆشکەر و پێشاندەریان بووگن،

بە بیانووەی ئەوەی کە تەمامیەت ئەرزی خاکی ئێران لە مەترسی دایە، پێملی بچووکترین خواست و داخوازییەکانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران و کورد بە تایبەتی نەبوون و لەم پێناوەش دا هاوکار و رێنیشاندەری سیاسەتەکانی ئەو دەسەڵاتە زاڵ و دژە ئینسانییە بوون دیارە ئەو چەشنە هەڵوێستانە دەرخەری ئەوەیە کە ئەم گوتارە پاوان خواز و شونیستییە مل بە بچووکترین خواست و داخوازییەکانی گەلانی بندەست لە ئێران نادەن و لایەنی شونیستی و دژە مرۆیی گوتاری زاڵی نووسەر و چالاک و قەڵەم بەدەستانی نەتەوەی سەردەست ئەوەیە کە ئەوان ئەگەر لە هەر روو و رەهەندێکەوە بەرانبەر بە خواست و داخوازییەکانی خۆیان ناکۆک و هاوساز نەبن ئەوا بەرانبەر بە ماف و ویست و داخوازییەکانی گەلانی بندەست لە پانتای جوگرافیای فرە نەتەوەی ئێران یەک دەست و کۆکن و ئەمەش بەڵگەیەکی رەشە بە نێوچاوانی نووسەر و قەڵەم بەدەستانی فارسەوە کە هەر چەشنە دواکەوتن و سەرکوت و بێ مافی کردنێکی گەلانی بندەست و گەلی کوردیان بە ناوی “کردهای تجزیە طلب” بۆ گەلانی دیکەو گەلی ئێمە بە ڕەوا زانیوە و دەزانن.

ئەوەی کە مەبەستمە بۆ بەردەنگ و خوێنەری ئەم کورتە نووسینەی باس بکەم، بە کارهێنانی باوەڕی ئایینی خەڵکی کوردستان بووە و چەواشەکردنی ئەم باوەڕییە دژ بە ئامانج و خەباتە رەواکانی گەلی ئێمە لەم بەشەی کوردستانە، کە کاتی خۆی بۆ وەستانەوە لە هەمبەر ئەحزاب و رێکخراوگەلی سیاسی کوردستان کە نوێنەری خواست و وێستەکانی گەلی کورد لە و بەشەی کوردستان بوون هێزی پێشمرگهای مسلمان کوردیان دروست کرد و بە گژ خواست و بزوتنەوە ئازادیی خوازانەکەی گەلی کوردیان دا کردەوە،

لە پاش ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی جێگە و پێگەی خۆی لە رێگەی زەبەر و زەنگ و کۆمەڵکوژی و تاڵان و سەدان پیلان و نەخشەی دژە مرۆیی لە ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی وەکوو گەورەترین سەنگەری بەرنگاری و وەستانەوە لە هەمبەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی جێگیر کرد خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی بەردەوام و لە هەموو چەشنە هەوڵ و تەقەلایەکی خۆیان بۆ وەستانەوە لە هەمبەر سیاسەتی چەواشەکارانە و دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی درێخیان نەکردوە و زیندانی و سێدارە و زەخت و گوشار و بە تاڵان بردنی ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان لە ساڵانی پێشوو بەڵگەی ئەو کارەسات و تراژدییانەیە کە کۆماردی ئیسلامی بە سەر خەڵکی کوردستان هێناویەتی و خولقاندویەتی و دەیخولقێنێت، لە پاش ئەوەی ئەحزاب و رێکخراوگەلی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوری کوردستان بە هۆکارگەلی تایبەتی جێگیر بوون و کۆماری ئیسلامی بە هەموو جۆرێک بنکە و دام و دەزگاکانی خۆی چ لە رێگەی سەربازی و چ ئیدئۆلۆژیک، بۆ سەرکوت و بە لاڕێ دابردنی بزوتنەوە مرۆیی و جەماوەرییەکەی خەڵکی رۆژهەڵات سەقامگیر کرد، دەیزانی کە گەلی کورد بە هیچ شێوەیەک لە هەمبەر خواست و داخوازییە مرۆییەکانی خۆی پاشەکشێ ناکات، هەر بۆیە یەکێک لەو سیاسەتانەی کە بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان گێراوەتە بەر و کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی پێشوو مەیدان و گۆڕەپانی بۆ بزوتنە سەلەفی و جیهادییەکان خۆش کردووە و وەکوو ئامراز و کەرەستەی سەرکوت، بەرانبەر بە بزوتنەوەی رزگاریی خوازانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە کاری هێناون بە بێ ئەوەی هیچ رێگری و بەربەستێکیان بۆ دروست بکرێت لە شار و بازاڕەکانی کوردستان دەسووڕێنەوە و بە ئاراستە باوەڕییە رادیکاڵانەکانی خۆیان هەڕەشە لە خەڵک دەکەن و تیزاو بە خەڵک دا دەڕژێنن و دوکانی چالاکانی بواری کەلتوری و روشنبیری کوردی و شوناس و ناسنامەی کورد دەسووتێنن و ئاگر تێپەر دەدەن و بە تەواوەتی دژی هەموو بەها و شوناسێکی مرۆیی گەلی کوردی دەجووڵێنەوە ،

هەر لەم پێوەندییەدا کاتی خۆی کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری جوانڕۆ ژیانم بە سەر دەبرد هەم خۆم، هەم دۆستانی چالاکی بواری نووسین و رۆشنبیری هەڕەشەی بەردەواممان لێ کراوە و زۆرن ئەو هاوڕێیانەی کە لەو شارە بەر چەقۆ دراون و دوکانەکانیان سووتێندراوە، کە لەوانە دەتوانم ئاماژە بە کافە ژەمەن، کافە کاپۆ و خزمەتگوزاری کامپیوتری ئاسۆ و هەر وەها سووتاندنی دوکانی ئەو خاتوونانەی کە دوکاندارییان دەکرد و سەرقاڵی دابین کردنی بژیوی ژیان بوون…. بکەم ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە هیچ کام لەو کەسانە لە پێوەندی بەو کردەوە قیزەونانە نەگیران و بە میلیون زەرەریان بە ماڵ و حاڵی خەڵک گەیاندوە، دیارە ئەوە نموونەی بەشێکی بچووکی ئەو هەزاران کردەوە و ئاکارە دژە مرۆیی و قیزەونانەیە کە بە رێگە خۆشكەری کۆماری ئیسلامی بۆ هێزە رادیکاڵە ئیسلامییەکان لە کوردستان کراوە و ئێستاشی لە گەڵ دا بێت دەکرێت،

پەنا بردنی کۆماری سێدارە بۆ ئەو چەشنە کردەوە قیزەون و دژە مرۆییانە سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە ئەو دەسەڵاتە هیچ کات نەیتوانییەوە گەلی کورد بە نسبەتی خواست و داخوازییە رەوا و مرۆییەکانی پاشەکشێ پێ بکات و لە خواست و داخوازییەکانی دووری بخاتەوە، پڕوپاگاندە و بانگەشەی هێزە سەلەفی و جیهادییەکان لە کوردستان و بەشداری ئەو هێزانە لە ریزەکانی داعش و لە هەمووی گرینگتر شەڕییان بەرانبەر بە هێزی پێشمەرگە لە باشوری کوردستان و هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان، لە خۆی دا هەڵگری باس و خواس و شیکاری زیاترە و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی لە بە کارهێنانی ئەم هێزانە بەرانبەر بە بزوتنەوەی رزگاری خوازانەی کورد نەک بە تەنیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکو لە پارچەکانی تری کوردستان دەتوانێت هەڵگری راڤە و شیکاری زیاتر لە سەر ئەم رەوتانە و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بەم هێزانە زیاتر بۆ روون دەکاتەوە، دیارە دەرخستنی رەهەند و لایەنە نادیارەکانی بەکارهێنانی ئەم هێزانە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە خۆی هەڵگری باس و خواسی زیاترە کە لە تاقەتی ئەم وتارە ناگونجێت و بەڵام ئەوەی کە لە ئەنجام دا دەمەوێت باسی بکەم تەقێنەوەکەی دوێنی تاران بوو کە لە ئەنجام دا باسی ئەوە هاتە گۆڕێ کە چوار کەس لە ئەنجام دەرانی ئەو کردەوەیە کوردی رۆژهەڵات بوون،

دیارە دەرخستنی رەهەند و لایەنە نادیارەکانی بەکارهێنانی ئەم هێزانە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە خۆی هەڵگری باس و خواسی زیاترە کە لە تاقەتی ئەم وتارە ناگونجێت و بەڵام ئەوەی کە لە ئەنجام دا دەمەوێت باسی بکەم تەقێنەوەکەی دوێنی تاران بوو کە لە ئەنجام دا باسی ئەوە هاتە گۆڕێ کە چوار کەس لە ئەنجام دەرانی ئەم تەقینەوەیە کورد بوون و خەڵکی گوندەکانی دزاوەر و هانەگەرمەڵەی سەر بە شاری نەوسوو بوون و ئەمەش رێگەی ئەوە بۆ کۆماری ئیسلامی خۆش دەکات کە بزوتنەوەی کورد چەواشە بکات و ڕێگەی سەرکوت و زەخت و گوشاری زیاتر بۆ هێزە تاڵانکارەکەی لە کوردستان خۆش بکات، کە هەر ئەوڕۆ بە هاتنی هێزێکی زۆری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان نووکی پێکانی خۆیان لە کوردستان گرتووە و ئەمەش زۆر بە واتا و مانادار دەکرێت و ئەوەی دوێنی لە تاران و لە سەر گۆڕی خۆمەینی و … رووی دا، ئەوەی کە چەندە ئەم کارەی کە لە لایەنی ئەو هێزانەوە کراوە و بە سیاسەت و پیلانی کۆماری ئیسلامی بووە و بەرنامە و کارێکی لە پێش نەخشە بۆ داڕژاوی دەستە و تاقمەکانی کۆماری ئیسلامی بووبێت باسێکی دیکەیە و دەکرێت دەرگای بابەتێکی دیکە لە سەر ئەو مژارە بۆ بکرێتەوە،

بەڵام ئاکام و ئەنجامەکانی پاش ئەم تەقینەوەیە رێگەی هەرچی زیاتر بۆ سەرکوت و زەخت و گوشاری سەر خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆش دەکات و بیانوویەکە بۆ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی زیاتر خەڵکی کوردستان لە تەنگانە بێڵێتەوە،

بە باوەڕی من لە رووی هەڵوێستی سیاسی و ئێستراتژی سیاسییەوە کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک لە ئاستی سیاسەتەکانی خۆی بەرانبەر بە ‌هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان پاشەکشێ ناکات و لە راستی دا بەشێکی گەورە پیلان و چالاکییەکانی لە سەر ئەساسی و بنەمای سیاسەتێک کە بەرانبەر بە هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان کە لە ناوخۆ و دەرەوە هەیبووە و بەڕێوەی دەبات داڕشتووە و ئامرازی گوشاری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هێزەکانی دژبەری لە ناوخۆ و گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان بە ئاراستەی سیاسەت و ئێستراتێژی خۆی بووە،

ئاوەڕدانەوە لە و هێزانەی کە لە ناوەچەکە بە پاڵشتی مادی و سەربازی کۆماری ئیسلامی مانەوە و بوونیان مسۆگەر دەکرێت راشکاوی و زەقی ئەم سیاسەتەمان بە راشکاوی بۆ دەر دەخات، بەڵام ئەوەی کە دەبێ زیاتر لە جاران رەوت و بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکانی کوردستان بەها و بایەخی بدەنێ و هەڵوێستەی لە سەر بکەن پەردە لە سەر هەڵماڵینی ئەم هێزانە لە هەموو دەڤەرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ناساندنی ئامانج و سیاسەتەکانیان و پووچەڵکردنەوەی ئەو ئەرک و چالاکییانەیە کە لە لایەنی کۆماری ئیسلامی چ بە شێوەی راستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ پێیان دەسپێردرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت