ڕووداوی بانە و توانجێک لە خۆمان و لە خۆتان

0
46

شۆڕش ڕۆژهەڵاتی- ڕۆژنامەووانی ڕۆژی کورد لە ناوخۆ

کاتژمێر نزیک ١١ی نیوەڕۆ بوو کە لە خەو هەستا، هێشتا پەتۆکەی بەتەواوی لەسەر خۆی لانەدابوو، سەرخۆشییەکەی شەوی ڕابردووی هەر مابوو، ئاخر نیوە شووشیەک و دوو بیرەشی خواردبۆوە، دەستێکی بە کوێرەکوێری لەسەر مێزەکەی گێڕا، موبایلەکەی بینییەوە، فەیسبووکەکەی چاوێک لێکرد، چاوی سێ بست زەق بوون “ئای!! خۆ لە بانەی ڕێپێوانە و بۆتە شەڕی نێوان خەڵک و دەوڵەت”.

پەتۆکەی بە تووندی فڕێ دا، چاوێکی دیکەی بە فەیسبووکەکەدا گێڕا، دوو سێ وێنەی بانە و تێکهەڵچوونی دۆزینەوە، زوو داینان، فریا نەکەوت، لۆگۆی حیزبەکەی لێدا بۆیەش کە بڵاوی کردنەوە لە سەری خۆی ڕاکێشا “هەی ملم شکێ بۆو پەلە پەلەم”. بە پەلە پەلێکی دیکە لەبتابەکەی کردەوە، سەرەگێژەی سەرخۆشییەکەی هەر لە چاویدا مابوو، کەمێکیش کاس بوو “حاح چۆنی گرتووم، دەڵیی زۆرترم خواردۆتەوە”.

لەبتانەکەی هەڵکرد و فتۆشاپەکەی کردەوە و جیا لەوەی کە چەند لۆگۆی حیزبەکەی تێهەڵچەقاند و بڵاوی کردەوە، وەبیری هاتەوە ئێستا کاتی بوغزاندنی حیزبەکەی دیکەی بەرانبەرێتی، هەر ئەو حیزبەی نێو و ئەساسنامە و ڕەنگی جل و هەموو شتیان یەکە و هەر ئەو حیزبەی بە قەولی خۆی یەکێک لەو کەسانە بووە کە کەمپەینی بۆ یەکگرتنەوەی وەڕێخستووە و هەمیشەش هاواری کردووە، “بەڵێ بۆ یەکگرتوویی”، “بمرن نەیارانی یەکگرتنەوە”.

——

دۆینێ لە بانە، خەڵک سینگیان کردە قەڵغانی گوللـە و چەندین کەس بریندار بوون و چەندین کەس گیران، کارم بەو لایەنە نەداوە کە “بانە بەڕاستی تەنیا بوو”، کارم بەوەش نیە کە هۆکار چیە بانە تەنیا ماوە، ئاخر بانەش قەت بۆ مەریوان و مهاباد وەدەنگ نەهات، تەنانەت چەند مانگ بەر لەوەش لە بانە زۆر هاوار کرا دووکان داخەن، کەس نەیکرد، بانە هەر بۆ ٢٢ی پووشپەڕیش دووکانی قەت دانەخستووە. ئەو لایەنە خەسارناسییەوە، منی کڵۆڵ کاتی خۆمی پێوە خەسار ناکەم.

لە ناوخۆ زۆرمان هەوڵ دا، شتەکە ڕاگوازینە شارەکانی تر، لانیکەم مهاباد، لانیکەی شۆڕش، سەقزی کۆڵنەدەر و مەریوانی ١٢ سوارە و ئێستا هەزار چاک سوار تێدا، بەڵام نەکرا. بۆ نەکرا؟

باسی من رێک ئەوەیە. سانایە. دیارە بۆ نەکرا. کاکم و دادم لە ئوروپا دانیشتوون، ئاگایان لە مەحموودی بێ زەواد نیە، ژیانیان کەم تا زۆر زۆر خۆشە، سوێندیشیان هەر بە خوێنی شەهیدانە و ئاواتیشیان …… سوور سوور دەشزانن دەنگیان ناگاتە ئێمەی ناوخۆ، ئاخر زۆربەمان یان فەیسبووکمان نیە یان کە هەشمانە بە مانگ نایەین یان کە دەشهێین ناوێرین هاوڕێیەتیی سیاسییەکان بکەین و یان هەر بە سەد ناری عەلی نایکاتەوە.

بەڵام تۆ کاکی خۆش نشین، ڕاستە خەمی غوربەتت هەیە، ڕاستە لە خەمی کورد دای،  بەڵام بە کوردستان سوێند، ئەگەر فێری زمانی وڵاتەکەی خۆت بوایەی، ئێستا هەم دۆخی خۆت باشتر بوو، هەم خزمەتۆکەیەکیشت بە کورد دەکرد.

تکایە واز بێنن، کەمترتان دواز ڕزگاریش ئامادەن بێنەوە، هیچتان ئامادە نین وەک کەبوودوەند، نەک بچن مان بگرن بەڵکوو ئامادە نین بچن کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیش پێک بهێنن و ئازاری کورد ڕابگەیێنن. خۆ دەتانبینین، لە شایی و هەڵپەڕکێ هەزارن و لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیش، بێزار.

ئەوەی کوردی هەندەران بە کوردستان و کوردی دەکا، با بە دەواری شڕی نەکردووە. سەد بەیاننامەتان بە درۆ بە ناوی ئێمەوە نووسی. بەیاننامەیەک کە بەرنامەی لە پشت نەبێ، بەیاننامەیەک کە دوو کەس لە ناوخۆ ڕێکخستنی بۆ نەکردبێ، بایی دوو فلسە و دوو تاق ڕیاڵی. بۆیە پێتان وانەبێ، هەر ئێوە شتێکی کاڵ و کرچتان نووسی ئەوا خەڵک دێتە دەر، نا بە پێچەوانەم ئێوە ڕژیم هان دەدەن کە پێشوەختە شارەکان میلیتاریزە بفەرموێ و ژیانی ئاساییشمان تێک بچێ.

با کۆتا وتەم ئەوە بێ کە ئەگەر ئێوە لێمانگەڕێن، ئەوا ئێمە و حیزبەکان لەوانەیە بزانین چ دەکەین. حیزبەکانیش دەبێ ساغ بنەوە، یان ببنە ئیسلاح تەڵەب یان دەبێ بێنەوە و ئەو دۆخە بگۆڕن. ئەو خەباتی مەدەنییە کە من لام وایە هێشتا خەباتی مەدەنی نیە و جووڵەیەکی کورت خایەنی مەدەنییە، بێ پشتیوانیی هێزی چەکدار ناکرێ.

جێگای داخیشە، هەندێ میدیای زەبەلاح، وەک خەڵک ئاگای لە هیچ نەبێ، تەلەفوون بۆ کەسێکی نەناسراو کە لەوانەیە لە قەڵادزێ دانیشتبێ دەکەن و دەڵێن لە بانەوە قسە دەکا و دەڵێ بە ئەمری فڵان کەس هاتووینە شەقام. ئەوەش نیشانی دەدا کە کوردەکانی ڕۆژهەڵات کە لەو ڕاگەیێنانەدا کار دەکەن، لە جیاتی کورد، بۆ حیزبێک کار دەکەن بۆیەش ئەنجام بۆتە ئەوەی کە ئەو میدیایانە بوونە بڵندگۆی جەلالیزادەکان و خالید تەوەکولییەکان و دەیانی تر. پێویستە بەرپرسی ئەو ڕاگەیێنانە چاوەدێریی ئەو کارمەندانەیان بکەن.

حیزبەکانیش تا درەنگتر نەبووە، دەست بکەن بە ڕێکخستنی ئەندامانتان لە فەیسبووک، ناڵێم وکە هەندێ پارتی تر بکەن کە فزەیان لە خەڵک بڕیوە و کردوویانن بە کرێکاری ماڵیاتدەر بەڵام ئاواش نا و واش نا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت