!!!ڕوناکبیرانى دیکتاتۆر

0
279

نوسینى ئەلبورز رۆئین تەن

ڕوناکبیر بە کوردى یا “Intellectuel” بە فەرانسەوى چەمکێکى ترى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتیە، کە هزرمەندان لە پێناسە کردنى هاوڕا نین. لە ژماردنى ئەرک و مافى ڕوناکبیر، لە کۆمەلگا و وێستگەى مێژووى جیاوز دا، بە شێوەیەکى بەربڵاو باسی لێوە کراوە. تەنانەت دەتوانم بڵیم گەرمترین باسی هزرمەندان هەر لە سەر ئەرک و پێناسەى خۆیان بووە. ئێستاش بە تامەزرۆیەوە گوێ لە بۆچونی هزرمەندان  لە بارەى پێناسەى ڕوناکبیر دەگیرێ.
نە تەنیا پێناسەى روناکبیر بەڵکو جورەکانى روناکبیریش باسێکى ترە ڕوناکبیرى دینى،ڕوناکبیرى سکولار،ڕوناکبیرى لیبراڵ یا مارکسیست هەن. هەر چەند پیناسەى ڕوناکبیر وەکو کەسایەتى ڕەها لە هەموو هەست و دەمارگرژى و پەیوەست کردنى بە لقێکى تایبەتى بابەتەکانى کۆمەڵگا پاڕادوکس دروست دەکات و خۆى لە خۆى دا بابەتێکى گرنگ و جیاوازە .
سەڕەڕاى وەبیرهێنانەوەى بنەمای ڕێژەى بوونى پێناسەکان، بەڵام بە بۆچونى من نێو ئاخنى یەکسان لە پێناسەیان دا بەدى دەکرێ، ئەویش ڕوناکبیر کەسایەتى ڕەخنەگرى بابەتەکانى دور لە هێزى عەقلانى کۆمەڵگا و بەرهەمهێنەرى بیر و هزر و ئەسەرى نوێ لە هەموو لقەکانە ، بە مەبەستى پێشخستنى کۆمەڵگا. هەرچەند تاکی کۆمەڵگا بە بێ هەبوونى چوارچیوەیەکى دیارى کراوى خوێندەوارى ناتوانێ بکەویتە نیو پێناسەى سەرەوە بەڵام مەرج نیە هەر خوێندەوارێک (جا لە هەر ئاستێک دا بێ) بکەوێتە خانەى ڕوناکبیر.
بە بەرچاو گرتنى ئەو پێناسەیەى سەرەوە لە نێو کورد دا لەوانەیە دواى شاعیرەکان لە سەدەکانى دورتر شۆڕشگێڕان لە سەدەى ئێستا دا بە توێژى ڕوناکبیر ناو ببیەین. ئەوەى لە تێزى شاعیرەکانى کورد کە بە مەبەستى ڕەخنەگرتن لە کۆمەلگا لەو بارو دۆخەی تێیدایە، بەرهەمهێنانى ئەدەبی لە پێناو وشیار کردنەوەى کۆمەڵگا، بۆهەست پێکردن بە کەم و کورتیەکانى کاریگەرى خۆی بووە. شۆڕشگێڕ بە ماناى تاکێک کە لەمەینەتەکانى کۆمەڵگاکەى تیدەگات تەنانەت هەوڵ دەدا بە قوربانى کردنى گیانى ئەم مەینەتانە بسڕێتەوە.
لەوانەیە دژبەرانى لێک چواندنى شۆڕشگێرو ڕوناکبیر هەندی لایەن بیرندار بکات. بەڵام لە شۆرشی فەڕانسە هەر تاکێک کە خەباتى کردبا بۆ بەدى هینان و پەرەپێدانى سێ چەمکەکەى ئازادى،یەکسانى،دادپەروەرى ئەوا ڕوناکبیر بوو. کەواتە هەر شۆڕشگێرێک لە وڵاتەکەم کە بەو مەبەستە بۆ ئەو سێ ئەسڵەى سەرەوە خەبات دەکا تاکێکى ڕوناکبیرى کۆمەلگایە و تەنانە خەبات کردنى نیشانەى هەست کردن بە بەرپرسیارەتیە و سەلماندنیەتى.
لە میژووى ئێمە دا زۆرن کە دەکەونە ئەو چوارچێوەیە و تەنانەت دەتوانین بە ئەندازیار و ڕێکخەرى کۆمەڵگا بۆ بە دەست هێنانى ئەوچەمکانە ناوزەد بکەین و وەرچەرخانى گرنگیان لە مێژووى کورد دا لە سەر دەستى ئەوان دا کراوە. لە ڕۆژگارى ئەمڕۆ دا پێناسەى کردنى ئەم چەمکە دژوار و ئاڵۆزىەکى زۆرى هەیەو هەر یەکەو لەو سۆنگەى خۆى دا خزمەتکارى گەل و خۆى ڕوناکبیر دەزانێ و ئەوی تر بە دواوکەتوو و بەرژەوندیخواز دەزانێت.
ئەوەى منى هاندا بونوسینى ئەوبابەتە ئەم تویژە لە کۆمەلگا دەگرێتەوە کە لە وانەیە لە ئاستێکى بەرزى خویندن دا بێ، خاوەن قەڵەم یا لە هەندێ بابەت خۆى بەرهەمهێنەرى ئەسەر بێ بەڵام بە حوکمى ئەوەى نایهەوێ بوارى ژیانی خۆى تێک بدات پەسیڤ یا هاوتەریب و هەندێ جاریش دەبێتە تریبونى دیکتاتۆر. ئەگەر کۆمارى ئیسلامى بە هەموو شیوەیەک حکومەتیکى دژى ئازادى یەکسانى و دادپەروەرى لە قەڵەم بدەین ئەگەر هەبوونى،شێوازى حکومەتى، ئایدیاى دژە مرۆڤایەتى بە خەسارى هێزى عەقلانى مرۆڤ بزانین، دەبێت یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانى توێژى بە ناو ڕوناکبیر خەبات بۆ سڕینەوەو نەهێشتنى ئەونەهاماتییانەى کۆمەلگا بێت. ئەگەر بێت لە جیاتى دژایەتى کۆمارى ئیسلامى بکەوێتە ژێر نیسەى بەرژەوەندى کەسی یا ببێتەهۆى پەسیڤ بوونى واتە لێرەدا بەر لە هەموو شتێک پارادۆکس لە گەل پێناسەى ڕوناکبیر دروست دەکات و لە هەمان کات دا پرسیار دروست دەبێ ئایا ئەو ئامرازى دەستی دیکتاتۆرە .
ئەز بە هەموو شێوەیەک دژى بە جەمسەر کردنى کۆمەڵگام، واتە کاتێک جەمسەر دروست دەبێ، ناکۆکى نێوانیان بە زیانى کۆمەڵگایە. لایەنگری تێزێکى یەکگرتووم، کە هەموومان خۆمان تێیدا ببینینەوە. بەڵام ناتوانم پەسیڤ بوون یا تریبونى دیکتاتۆر بوون، بەناوى توێژى ڕوناکبیر لە بەرەى چاکسازى و پەرەپێدانى مرۆڤى و گەل بزانم. بەڵکو ئامرازى دەستی دیکتاتۆر بۆ بەڕێوە بردنى هەژمونى خۆى و درێژکردنەوەى تەمەنى دیکتاتۆریەکەى دەزانم. هەر ئەوەش واى کردووە کە تەمەنى خەباتمان درێژو دەسکەوتمان کەم بێت.
لە سەرەوە زۆر پێناسەى جیاواز و جۆرى ڕوناکبیر باس کران. ڕێگە بەخۆم نادەم کە ناو یا لقى نوێی بۆ زیاد بکەم. بەڵام ئەو بەشە لە ڕوناکبیرانە کە هەموو ئەو ستەمە و نادادپەروەریە دەبینن و پەسیڤ بوون یا خزمەت کردنى دیکتاتۆر هەڵدەبژێرن بە ڕوناکبیرانى دیکتاتۆر دەزانم.
ڕوناکبیرانى دیکتاتۆر لەکاتێک دا لە سەر لاپەڕە هەموو چەمکەکانى مرۆڤایەتى و پێشکەوتووى عەقڵانى زۆر بە جوانى شرۆڤە دەکەن، لە کردەوە دا دژایەتى یا دەنگى ناڕەزایەتى لە بەرامبەر دیکتاتۆر دەڕنابرن. تەنانەت لەوانەیە بپرسن پەسیڤ بوون بە ماناى هاوکار یا هاوفکر بوونى دیکتاتۆر نیە دروستە، بەڵام لە سۆنگەى بەرپرسیارتیە گەورەکەى بەرامبەر کۆمەڵگا بێ دەنگ بوونى واتە ڕەزامەند بوونى. هەتا ئەگەر واش نەبێ زۆر جار وا نیشان دەدرێ کەواتە لەوەها بارۆدۆخیک دا ناوهێنانیان بە ڕوناکبیرانى دیکتاتۆرلە جی خۆیەتى.
هەندیک جار ئەم توێژە بە کەلک وەرگرتن لەو چەترە بە زانینەوە خزمەتى دیکتاتۆر دەکات و گەلیش دەچەوسێنتەوە لە پێناو بە دەست هینانى بەرژەوەندى. ڕاستە کە ئەمە ڕوناکبیر نیە بەلام ئەو لە ژیر ئەو چەترە ئەوکارانە دەکات کەواتە دەبی وا ناوزەد بکری هەتا بە دورو نزیک خزمەتى دیکتاتۆر نەکەن ئەگەر کرا ئەوا ئیتر ناتوانن لە بەرەى گەل دا بن. لێرەدا پرسیارە دروست دەبێ چیبکەن وەلام دانەوەى دورو درێژە لێ لە هەمووى گرنگتر ئەگەر هەر تاکێکى ڕوناکبیر بێ دەنگی بشکێنی بێ گومان بەشێکى زۆرى کۆمەلگا دەخرۆشێ و زووتر دەگەین بە ئامانج. ناوەڕۆکى ئەم ئامانجانە لە ڕوانگەى روناکبیر و شۆڕشگێر دەتوانێ لە کۆتای دا یەکبگرێتەوە. تەنانەت ئەگەر نەبن بە بەشێک لە شۆڕشیش بە هەموو شێوەیەک نەبن بە ئامرازى دیکتاتۆر تا کارى شوڕشگێر دژوارتر نەبێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت