ڕاپۆرتێکی تایبەتیی ناوەندی ڕۆژی کورد لەسەر چەند پەنابەرێکی کورد لە تورکیە

0
566

ئامادەکار: هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە ئیستانبووڵ

شەقام جمەی دەھات، لە ھەمو جۆرە ڕەنگێك. لە نەتەوەی جیاواز و مۆدێلی جیاواز … ئەم شەقامە ناوبانگی خۆی ھەیە و زۆر كەس، بە تایبەت لە وڵاتانی دەوروبەر وەك ئێران، ئاواتیان ئەوە بووە ئەم شەقامە ببینن.شەقامی “تەقسیمی ستانبۆل” .

ئەم شەقامە ناووناوبانگی خۆی ھەیە. ھەر گۆشەیەكی ئەم شەقامە ببینی دەنگی گۆرانی و موزیك  بە زمانە جۆربەجۆرەكانی تێدا دەبیسترێ و ڕەنگەكان بە بێ جیاوازیی نەتەوەکان، تێدا سەما دەكەن. لە سوچێكی شەقامەكە منداڵێك بە دیار شانسەوە وەستا بوو  و بەختی  دەفرۆشت. بۆ ئەو كەسانەی بەختی ڕەشی ئەویان نەدەبینی و لەناو بەختە 10 لیرەییەکانی ئەودا  بۆ بەختەوەریی خۆیان دەگەران ..

لە ناو ھەموو ژاوەژاو و دڵخۆشییەكانی ئەم شەقامە و لەگەڵ بەسەربردنی كاتە خۆشەكانیدا، زۆرن ئەو كەسانەی كە نیشتمانی خۆیان جێھێشتوە و بە چاوێكی پڕ لە چاوەڕوانی، چاوەرێی واژۆیەك دەكەن تاكوو دەرباز بن..

جەلال تەمەنی 37 ساڵە و ماوەی 5 ساڵە لە ستانبول دەژی. بەر لەوەی بێتە توركیە، دانیشتوی شاری سلێمانی بووە لە کوردستانی باشوور. سەری قسەم لەگەڵ كردەوە كە ئاخوا بارودۆخی چۆنە؟ بە چاوەكانی ڕا دیار بوو ماندووە. جۆرێك لە بێزاری و ئۆقرەنەگرتنی ژیان، لە سەروسیمای دەردەكەوەت. كۆرپەی قسە لە گەرووی ترازا و بۆی باس كردم.

“جەلال خەڵكی سنەی کوردستانی ڕۆژهەڵات. وەك باسی كرد لە منداڵییەوە خولیای كاری سیاسی و پێشمەرگایەتی بووە و لە تەمەنی 19 ساڵیدا بڕیار دەدات ببێتە ئەندامی یەكێک لە حیزبەكانی ڕۆژھەلات. ئەو دەڵێ: كوردایەتیم زۆر باشتر بوو كاتێ لە سنە بووم. بە گۆڕینی شوێن و بارودۆخی ژیانم، ئەویش ڕەنگ و بۆنی بۆم نەماوە.

جەلال دوای چەندین ساڵ ماندوو دەبێیت و ئەو ڕەوتەی بەتایبەتی دوای جیابوونەوەی حیزبەكەی وای لێدەكات بە هیوای گەیشتن بە خەیاڵەكانی، سلێمانی بە جێ بھێڵێ و ڕوو لە ھەندەران بکات. كە باسی خەیاڵم لەگەڵ كرد كە تۆ كوردی، ئایا خەونەكانت لە دەرەوە دێنە دی؟ وتی: “ڕاستە كوردم بەڵام ئێستا خەونی من ئارامییە. پشوودانە، چەندین و چەند ساڵ ژیانی خۆم و گەنجایەتیم فەوتاند بەڵام ھیچ بەرھەمێكم نەبوو. ھەر نەبێ لە ھەندەران ئارام دەژیم  و دەتوانم بە خوێندن، خزمەت بە منداڵانی نیشتمانم بكەم.

بێدەنگییەك كەشی وتوێژەكەمانی داگرت. تۆ بڵەی چەند كەسی دیكەی وەك جەلال بەم جۆرە و بەم ھۆیە نیشتمان و ئامانجەكانیان جێ ھێشتبێ و ھەست بە پەشیمانی بكەن؟

بیرم لەوە كردەوە بگەڕێم بۆ كەسانی دیكەی ناوچەكەم كە لە ستانبول بوون ..دوای باس و خواس و گەڕان، بنەماڵەیەكم دۆزییەوە. بە میوانی لە یەك لە شارەكانی دیكەی توركیاوە ھاتبوونە ئیستانبووڵ . ئەم بنەماڵەیە خەڵكی شاری سەردەشت بوون. ئەوان بە پێچەوانەی جەلال زۆر دڵخۆش بوون چوونکە ماوەی 7 مانگ بوو ھاتبوون و چاوەڕێی ئەوە دەكەن لەم وڵاتەوە دەربازی ئوروپا بن. نەشمیل كچە گەورەی ئەم خێزانە دەم بە پێكەنین لە كاتێك كە یاری بە پرچە درێژەكەی دەكرد گوتی: “دەزانی بۆ گرنگە؟ چوون لە ئێران نەمام. زۆر حەز دەكەم بڕۆین بۆ ئەوروپا. ئەگەریش نەبوو ھەر لێرە بمێنینەوە. پارەمان ھەیە و بە دوای خەون و ئازادی دەگەڕێین. من  دەخوێنم و حەزم لەوەیە ببمە گۆرانی بێژ، بە ئازادی دەگەڕێم و گۆرانیش دەڵێم.

چ دونیایەك…! چ خەونێك! و چە ئامانجگەلێكی لە یەكتر جیاواز. كەسەكان بێزار لە مشتومڕ و سیاسەت. بێزار لە بارودۆخ و ژینگەی خۆیان. لەشیان و جەستەیان لە وڵاتێك چەكەرەی كردووە كە ئێستا خەون و ئامانجیان تێیدا نایەتە دی. بەربەرەكانێی ژیان وات لێبكات لە دوو وڵات ئاسوودە نەژی و بۆ گەیشتن بە ئارامی، چاوت لە واژۆیەك بێت باڵ بگری. ئەی ئەو باڵەی دەیگری دەتگەینێتە مەبەستت یان تەنیا تراویلكەیەكەی ترە؟

 لەبەردەم ڕیستۆرانێك، كەسێک بە زمانی فارسی كاتێك ئێمەی بینی داوای دەكرد بچینە ناو ڕیستۆرانتی تایبەتیی ئێرانی و خواردنی ئێرانی بخۆین. بە لەھجەی دیار بوو فارس  نیە، دوای كەمێك قسە كردن دەركەوت كوردە و لەو شوێنە كار دەكات. دوای كەمێك قسەكردن و ناسیاوبوون لەگەڵ یەکتری، بڕیارمان دا لە شوێنێك یەكتری ببینین و بەتایبەت دڵی خۆش بوو كە زانی خەڵكی یەك وڵات و یەك شوێنین.

چەند كاتژمێرێك تێپەڕی و كەمێك كارەكانی  سووک بوون، چاییەك بە دەستیەوە ھات و لە تەنیشتم دانیشت. لە چاوەكانیم ڕوانی، دەتگوت پڕە. ناخی و وەك بوركانێك كە باسی خۆم و شار و وڵاتم كرد تەقی و فرمێسك لە چاوەكانیدا قەتیس بوون. جۆرێك لە ماندوویەتی و بێزاری تێیدا ھەست دەكرا. تەمەنی 37 ساڵ بوو. ٦ساڵ بوو لە توركیە دەژیا. دەم بە پێكەنین وتی: “من ھێشتا باشم و دەتوانم خۆم دەرباز بكەم كەسانی لە من خرابتریش ھەن”.

هەروا بە بوغزێکی تاڵەوە، چاوێکی لە دەورووبەری خۆی خشاند، دەستێکی بۆ چایەکەی برد، وەک ئەوی لە خواردنەوەی پاشگەز بووبێتەوە، درێژەی پێدا: “وامدەزانی زۆر زۆر دوو ساڵ لێرە دەبم، سەرەتاش کە دێی شاگەشکەی و ڕووداوەکان خۆش و سانا تێدەپەڕن، وڵاتێکی ئازادترە و دڵت ئاسوودەترە، هێندە ناخایێنێ ئەنجا خەم و کوڵەکان دەست پێدەکەن. کار دەست ناکەوێ، پووڵت لێدەخورێ، کارمەندی یو ئێن، فارس و تورکن و لێرەش ئەو جیاوازی نانەوە و هەڵاواردنە دەبیندرێ، تا وادەکەی دەبینی لانیکەم ٤ تا ٥ ساڵی تەمەنت دەرباز بووە”.

کەمیک ڕاوەستا، خووی گرتبوو چاو بۆ مشتەرییان بگێڕێ، تاناتاوێکی چاوێکی لە دەرگای دووکان دەکرد” ,دۆڕاندمان، تەمەن، گەنجێتی، ئاواتەکان و زۆر شتی تر، ئێستاش خوا دەزانێ کەنگێ لەو گێژاوە ڕزگارمان دەبێ، لێرەش ئەوە مەترسییەکان هەر زیاتر دەبن، گۆڕانکارییەکان ناڕوونن، هەر دەبێ بڵێین خودا وەخێری بگێڕێ”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت