ڕاپۆرتی “ڕۆژی کورد” لەسەر بازاڕی گیاوگۆڵی بەھاریی قەڵادزێ لە کوردستانی باشوور

0
813
محەمەد چاوشین

ئامادەکردنی : محەمەد چاوشین

ئێرە مەیدانی فرۆشتن و ساغ کردنەوەی گژوگیای بەھارییە لەناو بازاڕی قەڵادزێ. ڕۆژانە لەم مەیدانەدا، ژمارەیەکی زۆر خەڵکی دەڤەرەکە لەتەمەنی جیاواز دەبینین کە گژوگیای بەھاری دەفرۆشن و خەڵکی دانیشتووی شاریش، ھەرکەسەی بەدوای جۆرێک گژوگیای دڵخوازی خۆیدا دەگەڕێ بۆئەوەی بیکڕێت و لەماڵەوە بەو شێوازەی کە خۆی دەیزانێ، بۆخواردن ئامادەی بکات.

“مامۆستا ئەحمەد”، خەریکی کڕینی (کنگر)ە و دەیەوێ بزانی نرخی (کنگر)چەندە.

مامۆستا ئەحمەد دەڵێت:” گژوگیای بەھاری زۆر بەتامن، بەھایەکی بەرزی خۆراکییان ھەیە و بۆ تەندرووستی ئێمە زۆر باشن”.

مامۆستا ئەحمەد گوتیشی: “پێویستە لە زانکۆکانی کوردستاندا، بەشی ڕووەک ناسی بایەخی زۆری پێ بدرێت بۆئەوەی دەرچوانی ئەو بەشە، توێژینەوەی زانستی لەسەر گژوگیای کوێستانەکانی کوردستان بکەن، تاکوو لەم ڕێگایەوە بواری دەرمانسازی لە وڵاتەکەمان بە پیشەسازی بکرێت”.

ناوبراو گوتیشی:گژوگیای کوێستانەکانی کوردستان، ساڵانە تەنھا وەکوو خۆراکێکی سادە بەکاردەھێنرێ، بەداخەوە ھیچ توێژینەوەیەکی زانستنی لەسەر ئەنجام نادرێت.

مەیدانی گژوگیای بەھاری لە شاری قەڵادزێ، ناوەڕاستی مانگی یەکەمی وەرزی بەھار دەست پێ دەکات و تاکوو ناوەڕاستی مانگی (ئایار) بەردەوام دەبێت. ژمارەیەکی زۆر لە گوندنشینانی دەڤەرەکە، بەشێکی خەرجی ماڵ و منداڵەکانیان، لەڕێگای فرۆشتنی گژوگیای بەھارییەوە دەستەبەر دەکەن.

لەو مەیدانەدا، جۆرەھا گژوگیای بەھاری بەدی دەکرێت وەک:(ڕێواس، کنگر، کوڕادە، لووشە، پێچووکە، کارگ، ئەسرێلک، سیرمۆکە، قەزوان و … زۆر گژوگیای دیکەش دەبینرێن کە موشتەری باشیان ھەیە و زوو دەفرۆشرێن.

بەپێی قسەی ئەو فرۆشیارانە بێت، کنگر و ڕێواس، کڕیاری زۆریان ھەیە. تەنانەت بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش ڕەوانە دەکرێن.

(پوورە خەجێ)، تەمەنی ٥٨ ساڵێک دەبێت و ھەموو پاش نیوەڕۆیەک، لەناو بازاڕی قەڵادزێ گژوگیای بەھاری دەفرۆشێت.

ناوبراو دەڵێت:ھیچ کار و کاسبییەکی ترمان نییە بیکەین، ژیانەکەش سەختە، بۆیە ناچارین ئەو کارە بکەین، کارەکەشمان زۆر مەترسیدارە.

پوورە خەجێ، باسی مەترسییەکانی ئەو ڕێگایە دەکات کە لەکوێستانەکانی دەڤەری(پشدەر) تووشی دەبن.

ناوبراو دەڵێت: ھێنانی گژوگیای بەھاری ئاسان نییە و زۆریش پڕ مەترسییە. کوێستانەکان سەخت و ھەڵدێرن، زۆرجار خەڵک لە چیاکانەوە ھەڵدێراون کە یان مردوون یانیش لاق و دەستیان شکاوە.

بە تەنیشی پوورە خەجێیەوە، کورێکی گەنج دانیشتووە، خۆی بە (خالید) دەناسێنێ.

کاتێک باسی مەترسییەکانی ڕێگاکە دەکرێت، ئەویش خۆی دەخاتە ناو باسەکەوە و دەڵێ”کوێستانەکانی ناوچەی پشدەر، کاتی خۆی شەڕی (عێراق – ئێران)ی لێ بووە، ھەمووی تەقەمەنی نەتەقێندراوە و (لوغم)ە، زۆرجار ئەو لوغمانە لەژێرپێی گوند نشینانی دەڤەرەکەدا دەتەقنەوە و زیانی گیانی زۆری بەداوەیە”.

“خالید” گوتیشی:خەڵکی دانیشتووی شار، نازانن ئێمە بە چ دەردەسەرییەکەوە ئەو گژوگیایە دێنین و لێرە دەیفرۆشین! زۆرجاریش کە مەعامەلەمان لەگەڵ دەکەن، شتەکانمان بە چاوێکی سووک تەماشا دەکەن و نرخی کەمی بۆ دادەنێن!.

“خالید” کە ماندووبوونێکی زۆر بە ناوچاوانییەوە دیارە، لەسەر قسەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: زۆر کەس لەڕێگای ئەم کاسبییەوە گیانی خۆيان لەدەست داوە، یان کەم ئەندام بوون!.

“چەند ساڵێک لەمەوبەر، ئامۆزایەکی خۆم لەسەر بەرزاییەکی کوێستانەکانی چیای(ھەرمێن) کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا، پاش دوو ڕۆژ لەمردنی، ئەوجا تەرمەکەمان دۆزییەوە”. خالید وایگوت.

ئەو فرۆشیارانەی کە لەو مەیدانەدا گژوگیای بەھاری دەفرۆشن، زۆرجار لەلایەن  پۆلیسی قەڵادزێوە ئاستەنگیان بۆ درووست دەکرێت و داوایان لێ دەکرێت کە ئەو شوێنە بۆ فرۆشتنی گژوگیای بەھاری بەکار نەھێنن.

لەوبارەوە، “مەجید خدر” کە سەرقاڵی فرۆشتنی ڕێواس و قەزوانە لەو مەیدانە، گوتی”ئێرە مەرکەزی بازاڕی قەڵادزێیە، شوێنێکی باشە کە ئێمە کاسبی خۆمانی تیادا بکەین، کەمتر لە سێ مانگ ئێرە بەکار دێنین، بەڵام پۆلیسی قەڵادزێ، بەبیانووی پیس کردنی ژینگەی ئێرە، ڕێگریمان لێ دەکات کە گژوگیای بەھاری لێرە بفرۆشین”.

مەجید گوتیشی”ئەوکەسانەی گژوگیای بەھاری دەفرۆشن، خەڵکانێکی  ھەژار و دەست کورتن، پێویستە حکوومەت ھاوکارییان بکات و کێشەیان بۆ درووست نەکات”.

سلایدشۆو پێویستی بە جاڤاسکریپتە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت