ڕاسان و پێویستیی بە چالاککردنی هەموو باڵەکانی خەباتی نەتەوایەتی

0
90
ئاسۆ نەزاکەت

پێڤاژۆی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەنەورۆزی ٢٧١٦ی کوردیدا لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ڕاگەیاندراو دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بوو و هەرلەوکاتەدا ڕەخنەیەکی شۆرشگێرانە و بوێرانە لە ڕابردووی بێدەنگ و بێ ستراتێژی بەرەوپێش چوون بوو. بیست ساڵی ڕابردوو سەردەمی سست بوونی ماسوولکەکانی چالاک و ڕێکخەری جڤاکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات بوون.

ڕاسان بەرهەمی خەیاڵ و پێڤاژۆیەکی لەنەکاو نەبوو بەڵکوو وەڵامدانەوە بە ویستی کۆمەڵانی خەڵک و بەتایبەت لاوان و نەوەی نوێی کوردستان بوو کە جگە لە مێژوو، پێوەندیەکی ئەوتۆیان بە جووڵانەوەی نەتەوایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەمابوو. سەرەڕای پرۆپاگەندەی ژەهراوی و شەڕی ڕەوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و نەیارانی نەتەوەکەمان، ڕاسان هەر لەسەرەتاوە بوو بە جێگەی پشتیوانیی چین و توێژەکانی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان.

پشتیوانیی دیاسپۆرای کورد لە ڕاسان و هاوخەمی لە گەڵ بنەماڵەی شەهیدان و بەشداریی خەڵک لە بۆنە و کۆبوونەوەکان و یادەکانی شەهیدانی ڕاساندا نیشانیدا کە ڕۆڵەکانی خۆیانن.

جێی تێڕامانە، بۆچی خەڵکی کورد ئامادەی هەڵگرتنی ڕیسکی پشتیوانی لە ڕاسانن؟ خەڵکی کوردستان بۆچی گیانی خۆی بۆ پشتیوانی کردن لە پێوەندیی نێوان شاخ و شار، لە مەترسی دەخات ؟

نابەرابەری، زوڵم و زۆری و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بە ئاستێک گەیشتووە کە خەڵکی کوردستان شتێکیان بۆ لەدەستدان نیە. حیزبی دێموکرات و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە بیست ساڵ بە ڕاگرتنی خەباتی کردەیی چەکداری، دەرفەتیان بە کۆماری ئیسلامی دا بۆ گۆڕان و پێداچوونەوە بە مافی گەلان. ئەو نیازپاکیەی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەلایەن ڕژێمەوە بە لاوازی و لەناوچوون شی کرایەوە و لەئاکامدا ماشێنی سەرکوت و داپڵۆسێنی خۆی بە دژی نەتەوەی کورد و ئازادیەکانی مرۆڤیی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی توندتر و خێراتر کرد. بۆیە هەر بزاڤێک کە لە ڕاستای پاشەکشە کردن بە ڕژێم و لاوازکردنی ئەو ڕژیمەوە بێت جێگای پشتیوانیی خەڵک دەبێت.

 بۆ خەلکی کورد تەنیا پاشەکشەکردن و تەنانەت ڕووخانی ڕژیمیش بە واتای کۆتاییی چیرۆکەکە نیە، چونکە هەروەک لە ئەزموونی ساڵی ١٣٥٧دا بینرا، گۆڕانی ڕژێم نەتەنیا دوژمنایەتی و درندەیی ڕژیم بە دژی گەلەکەمانی کەم نەکردەوە بەڵکوو ئەوجارە حاکمانی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو بە ڕاگەیاندنی فەرمانی جیهاد بە دژی خەڵکی کوردستان، ڕەنگی ئایینی و مەزهەبیان بە ستەمی نەتەوایەتی و چەوسانەوەی گەلی کورددا. بۆیە بە هۆی سروشتی دادپەروەرانەخوازیی شۆرش و ئامانجەکانی ڕاسان، ئەو بزاڤە بووەتە جێگای پشتیوانیی خەڵکی کوردستان. ئەمەش بەرپرسایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پلەی یەکەمدا قورستر دەکاتەوە و حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی جەرگەی خەباتیش بە هەمان شێوە لە هەمبەر گەشەکردنی کەشی هیوا و خەبات بۆ دوارۆژێکی مرۆڤانەتر بەرپرسن.

بەداخەوە دەسپێکی قۆناخی نوێی خەباتی نەتەوەکەمان بە نرخێکی قورس تەواو بوو. لەو ماوەیەدا ١٩ پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان بە خوێنی پاکی خۆیان هەقانیەت و ئەهوورایی بوونی شۆڕشەکەمانی واژۆ کرد و درێژەپێدانی ڕێگایانیان بە ئێمە ئەسپارد. بە دەیان کەس لە خەڵکی کوردستان لەو ماوەیەدام لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون و ڕەوانەی چالە ڕەشەکانی ڕژیم کراون. هەڵسوکەوتی هیستریکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی چالاکانی کورد و بزاڤی نەتەوەکەمان نیشانەی قووڵاییی ترسیان لە گرێدانی خەباتی شاخ و شارە. خەباتێک کە ڕەهەندەکانی هەموو کۆمەڵگای کوردی دەگرێتەوە.

لەو هەلومەرجەدا ئەرکی ئێمە چیە؟ لە ڕووی ئەخڵاقیەوە ئێمە ئەرکدارین بە درێژەدانی ڕێگەی شەهیدانمان، بۆ ئەوەی بە وتەی ڕێبەری شەهید، دکتۆر قاسملوو، باشترین خەڵاتیان پێبدەین. بێگومان ڕۆحی شەهیدانمان کاتێک شاد دەبێت کە ئاواتەکانیان وەدی بێت. بۆیە بەدوور لەلایەنی  هەستەکی و لۆژیکیی شۆڕشی سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، پێویستە بزاڤی کورد لە هەموو تواناکانی کۆمەڵگا کەڵک وەرگرێت و سیستەم و ڕێکاری گونجاو بۆ هەرکام لە بەشەکانی چالاکی کۆمەلگا پێکبێهێندرێت و خەبات و شۆڕش بە کردەوە لە ڕێگای تۆرە کۆمەڵایەتیەکان، پێکهێنانی تۆڕی ناو کۆمەڵگا و گەشەکردنی بزاڤێکی خۆسازیی کۆمەڵایەتی گشتگیر بکرێت.

 بۆ ئەم مەبەستەش، بەتایبەتی دەبێ سەرمایەگوزاریی زۆر لە سەر هێزی ژنان بکرێت و ژنان لە ئاستەکانی بەڕێوەبەری و بڕیارداندا چالاکانەتر بەشداری بکرێن و سیستەمێکی پەروەردەی بەردەوام بۆ گەشەکردنی ئاستی بەشداریی ژنان و تێگەیشتنی پیاوان لە پێویستیی بەشداریی یەکسانانە و مافی یەکسانیی ژنان پێکبهێندرێت.

بێگومان! ئابووری دەورێکی گرنگ لە بەرەوپێش وەچوونی خەباتی ڕزگاری خوازانەی نەتەوایەتیدا دەگێرێت و جێی خۆیەتی ڕێبەریی ڕاسان بیر لە شێوازە داهێنەرانە و هۆشمەندانەی گەشەی ئابووری و بەرەوپێشچوونی ڕەوشی ئابووریی شۆڕش بکاتەوە و هەروەک ڕێبەری شەهید دکتۆر سەعید شەرەفکەندی فەرموویەتی: هەموو “باڵەکانی خەبات” چ لە دەرەوە و چ لە ناوەوە بکاتە هێزی جۆڵێنەر و داهێنەری جووڵانەوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌