ڕاسان، جاڕنامەی شارۆمەندی، تەقینەوەی بەر قەڵا 

0
647
ئاگری ئیسماعیل نەژاد
ئاگری ئیسماعیل نەژاد

ئایا دەکرێت لە نێوان ڕاسان و جارنامەی شارۆمەندی کە رووحانی لە رۆژی ٢٩ی سەرماوەز بڵاوی کردەوە پەیوەندییەک هەبێت؟ ئایا دەکرێت لە نێوان ڕاسان و تەقینەوەی بەر قەڵا پەیوەندی هەبێت؟ ئایا دەتوانین بەدوایی سەرەداوێک دابین کە ڕاسان، جارنامەی شارۆمەندی رووحانی و تەقینەوەی بەر قەڵا پێکەوە گرێ بدات.

پێم خۆشە پێش هەموو شتێک خوێنەر بگەرێنمەوە بۆ دەقی وتوێژێکی نێوان موحسین هاشمی رەفسنجانی و بیژەن فەرهوودی کە لە هاوینی  ١٣٩٣ لە ماڵپەری “کیهان لندن” بڵاوبۆوە، وتوێژەکە بە گشتی هیچ قسەیەکی نوێ تێدانەبوو، بەڵام دوایین پرسیاری وتوێژەکە بۆ کورد گرینگییەکی زۆر تایبەتی هەیە، لە دوایین دێرییدا و لە وڵامی ئەو پرسیارە کە “ئەگەری ئەوە هەیە کۆماری ئیسلامی برووخێت؟” میهدی هاشمی دەڵێت: “چەند ئەگەری رووخانی کۆماری ئیسلامی هەیە، بەڵام ئەوەی لە هەمووی زیاتر رێگای تێدەچێت، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران و بەکارهێنانی هێزی کوردەکانی نێوخۆ لەسەر زەوییە”.

پێشترین لە چەند وتاردا باسم لەوە کردووە، کە گرینگی ئەو قسەیە لەوەدایە قسەکەرەکە کوری کەسێکە کە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و کەسی دووهەمی نێو کۆماری ئیسلامی بووە و دەتوانین بڵێن ئێستاش  هەر کەسی دووهەمی نێو کۆماری ئیسلامییە؛ کە وایە ئەو لێکدانەوەیە و ئەو  ڕوانگە ئەمنییە کە موحسینی هاشمی باسی لێدەکات، روانگەیەکی ئەمنیی  رەژیمی کۆماری ئیسلامییە.

ئەگەر لە دەلاقەی ئەو ڕوانگەیەوە بروانینە بابەتی ڕاسانی کوردستانی رۆژهەڵات  بە روونی هۆکاری شەڵەژانی هێزی نیزامی و سیاسی کۆماری ئیسلامی و دژکردەوەی توندی چەکداری لە دوو حماسەی کۆساڵان و قەرەسەقڵ مان بۆ دەردەکەوێت و ڕوون دەبێتەوە کە ئەو دژکردەوە توندەی کە لە حەماسەکانی کۆساڵان و قەرەسەقل  لە دژی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لەلایان کۆماری ئیسلامییەوە و هەرەشەی بەردەوام و هەڵماڵدراوی بەرپرسانی چەکداری کۆماری ئیسلامی لە حیزبی دێموکرات، دەچێتە چوارچێوەی ئەو روانگەیەوە کە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو باوەڕەدان پرۆژەی رووخانی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکردووە و دەیانەوێت هێزی پێشمەرگە وەک یەكێ لە یاریزانەکانی نێو ئەو پرۆژەیە لە نێوبەرن.

جارنامەی شارۆمەندی ڕووحانی چ پەیوەندییەکی بە ڕاسانەوە هەیە؟ بڵاوکردنەوەی جارنامەی شارۆمەندی ڕووحانی لە کاتی ئێستادا بۆ کۆمەڵگای کوردستانی رۆژهەڵات هەڵگری دوو ئامانجی لە پشتە :

١: کات کرین، کۆماری ئیسلامی لە مێژووی دەسەڵاتداری خۆیدا هەمیشە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بە دوای کات کرینەوە بووە،  لە دانیشتن لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان لە ساڵی ١٣٥٨  هەتا رێککەوتنی “بەرجام” هیچ ململانێیەکی نێوخۆی و نێودەوڵەتی نییە، کە کۆماری ئیسلامی تێدا باوەری بە کات کرین نەبووبێت، بۆ وێنە لە سەرەتای ئالۆزییەکانی سووریا لە ساڵی ٢٠١١دا کۆماری ئیسلامی وەک لاینگری رەژیمی ئەسەد  ئەوەی هێناگۆرێ کە با بەشار ئەسەد هەتا ٢٠١٤ سەرۆککۆمار بێت، ئەو کات کە ماوەی سەرۆککۆمارییەکەی تەواو بوو، لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارییدا بەشداری ناکات. کە دیتمان ئەو قسەیە تەنیا هەوڵێک بوو بۆ کات کرین لە بەرهەڵستکارانی ئەسەد

ڕەنگە لێرەدا بگوترێ کات کرین بە چ مەبەستێک؟ کات لە کێ کڕدرێت؟

لە کۆمەڵگای ئێراندا، بیری نەتەوەی لە نێو نەتەوە ژێردەستەکانی ئێراندا روو لە گەشەیە، و ئێران وەک وڵاتێک کە ٦ نەتەوەی تێدا دەژیت، نەتەنیا وڵاتێکی چەند پارچەیە، بەڵکوو هەبوونی ئەو ٦ نەتەوەیە، لە نێو سنوورەکانی ژیر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا وای کردووە، ئێران لە ململانێ ناوچەیەکاندا، وەک قووڵای ستراتژیکی هەموو وڵاتەی ناوچەکە سەیر بکرێت. هاوکات لەگەڵ ئەو دێموگرافییە ئتنیکییەی کە ئێران هەیەتی ، شەرێکی بەوەکالەت هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی‌نێوەراستی گرتۆتەوە و کۆماری ئیسلامی لایەنێکی سەرەکی و بەرێوەبەری ئەو شەرە بەوەکالەتەیە  کۆیی ئەوە بابەتانە وای کردووە کە کۆماری ئیسلامی ترسێکی تەواوی لە سەرهەڵدانی جەماوەری لە نێوخۆی ئێران لێنیشێت.

لەگەڵ دۆخی دێمۆگرافی_ئێتنیکی و گەشەی بیری نەتەوەی لە نێو نەتەوەکانی ئێراندا و دۆخی ئەمنی ناوچەکە، ئێران تووشی قەیرانێکی ئابووری قووڵ هاتووە و سەرەڕایی ئەو قەیرانە ئابوورییەش سەرکوتی دۆخی نێوخۆی و  بەشەداری لە شەرە بەوەکاڵەتەکان لە ناوچەکەدا  قوورساییەکی زۆری خستۆتە سەر ئابووری کۆماری ئیسلامی و رۆژبە رۆژ ئەو ئابووریە بەرو هەڵدێر دەبات.

جیاوازی ئەو بابەتانە لە باسی سەرکوتی نێوخۆی و تەنانەت شەری بەوەکالەتی ناوچەیش هەموو لایەنە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی جێگای باوەر و متمانەی بەرپرسانی سیاسی ئەو رەژیمە نییە و تەنیا بەشێکی تایبەت لە هێزە چەکدارەکانی رەژیم وەک هێزی  ئیدۆلۆژیک و جێگای باوەر و متمانەی ئەو رەژیمە دەناسرێت، کە ئەو بەشە لە رووی رێژەوە بەشێکی زۆر کەمە لە ئەگەری گەشەی خەباتی چەکداری کۆماری ئیسلامی ناچارە کە ئەو هێزە لە نێوان نێوخۆی و ناوچەکەدا دابەش بکات کە لە ئێستادا هیچ ئەو کارە بە قازانجی نییە و چون مەترسی شکستی ناوچەیی زۆر زۆر دەکات و شکست ناوچەیش بەو واتاییە نییە، کە شکستەکە هەر لە دەرەوەی سنووری ئێران بێت، بەڵکوو کاتێک دەگوترێ: ئێمە شەر لە دەرەوەی سنوور دەکەین بۆ ئەوەی شەر نەیەتە نێو سنوورەکانمانەوە کە وایە هەر چەشنە شکستێکی  ناوچەی بێ گمان هەتا نێو سنوورەکانی کۆماری ئیسلامیش دێت ئەگەر بمانەوێت گردوکۆیی بکەین کۆماری ئیسلامی بە هۆی لاوازی لە توانایی سەرکوتی نێوخۆی پێویستی بە کات هەیە بە بەڵاوکردنەوەی جارنامەی شارۆمەندی لە لایان رووحانییەوە دەیەوێت بە گشتی  ئەو کاتە لە کۆمەڵگای نەتەوەنافارسەکان و بە تایبەتی لە کۆمەڵگای کوردستانی رۆژهەڵاتی بکرێت.

٢: دووهەمین ئامانج کە لەڕاستییدا ئامانجی دووهەمیش لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی یەکەمە  ئالۆزی نانەوە لە نێو رای گشتی کوردستان دایە.

بۆ ڕوونبوونەوەی ئەو بەشە دەبێ بڵێن، لەگەڵ ئەوەی شۆرشی کوردستان بەروە ١٠٠ ساڵەی خۆی دەچێت، بەڵام لە ئاستی کۆمەڵگا و ڕای گشتی کوردستاندا هەمیشە لە نێوان دو بیرۆکەی “کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ کە مافی نەتەوایەتی هەیە” و کورد وەک “هاوڵاتییەکی ئێران کە دەبێ مافی شارۆمەندی هەبێت” ململانێ بووە و هەیە هێنانەگۆرێی جارنامەی شارۆمەندی لە کاتی ئێستادا  ڕوو بە کوردستان و تەنانەت روو بە نەتەوە نافارسەکانیتری ئێران پتر بە ئامانجی ئەوەیە کە ئەو  ملمانێی قووڵترو ئالۆزتر بکات بە مەبەستی ئەوە کۆمەڵگا لە دۆخێکی دردۆنگی و سەرلێشێوایدا راگرێ چون ئەوەی کە ڕەنگە هەتا ئێستا بە ڕوونی باسی لێنەکرابێت ئەوەیە هەلومەرجی ناوچەی و نێوخۆی ئاراستەیان وا وێک کەوتووە کە دەرفەت سازبێت بۆ ئالوگۆری زۆر گرینگ لە ئێراندا بۆیە کۆماری ئیسلامی دەیەوێت ئەو ئالۆزییە بەمەبەستی تێکدانی ئەو ئاراستەیە بنێتەوە.

پاش ئەو لێکدانەوەیە ئەگەر بمانەوێت، لە دەلاقەی ئەو ڕوانینە ئەمنییەوە، سەیری کردەوەی تێرۆریستی بەر قەڵا لە کۆیە بکەین، ئامانجێکی روونمان لە کردەوەیە بۆ دەرد دەکەوێت، ئامانجەکە سازکردنی ترس و تۆقاندن، لە نێو ریزەکانی لایەنی  بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامییە مەبەستیش لەو کارە ئەوەیە ئەندام و لاینگری لە هێزە کوردستانییەکان بتەکێندرێتەوە و لێ دورخرێتەوە.

 ڕەنگە لێرە بگوترێ کە ئەو کردەوەیە روو بە لایەنێکی سیاسی کراوە، کە نەک لەگەڵ ڕاسان نییە، بەڵکوو هەتا ئێستا لانیکەمی لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە وەک لایەنی  ڕەخنەگری ڕاسان دەرکەوتووە، لێرەدا پێویستمان بەوە هەیە، لە بابەتی ڕاسان و کردەوە تێرۆریستەکەی بەر قەڵا زیاتر شی بکەینەوە.

 بۆ ڕاسان دەبێ بڵێن ڕاسان بەر لەوەی کۆی چالاکی رێکخراوەیەکی سیاسی بێت، فکر و رێبازێکی سیاسی_شۆرشگێرییە کە وایە ئەگەر ئەو رێباز و فکرە ببێتە هێژمۆنی نێو سیاسەتی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەری زۆری هەیە لایەنە سیاسییەکانیتر لە چوارچێوەی ئەو رێبازەدا بێ ئەوەی وەک هاوپەیمان لەگەڵ حیزبی دێموکرات دەربکەن ئەوانیش ببن بە یاریزانی نێو رێبازەکە.

لەسەر کردەوە تێرۆریستییەکەی بەر قەڵا دەبێ بڵێن سەرەتا  ڕواڵەتی تەقینەوەی بەر قەڵا پێمان دەڵێت ئامانج لە ئەو کردەوە تێرۆریستییە ئەوە نەبووە کە کەسێکی تایبەت بپێکرێ،  بەڵکوو ئامانج ئەوە بوو لە رێژەی شەهید و بریندار بچێتە سەرێ، چون مێتۆدی دوو تەقینەوە لە مەودای زەمانی چەند چرکەدا  تەنیا بۆ ئەو کاتەنە بەکار دێت، کە بیانەوێت رێژەیەکی زۆر بریندار و شەهید هەبێت، دیاریشە کاتێک تێرۆر دەچێتە، چوارچێوەی رەشەکوژی کردن ئامانج لە تێرۆرەکە خوڵقاندنی ترس و دڵەخورپە لە نێو بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامیییە.

 لێرە پێویستی بە ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر هەیە

کۆی رووداوەکە بەو شێوەیەیە،  شەوی یەلدا لە قەڵا رێورەسمێک  بۆ یادی لە دایکبوونی شەهید دوکتور قاسملو و هەر وەها جێژنی چلە بەرێوە دەچێت، ئەو بۆنەیە لە ڕاستییدا بۆنەیەکی حیزبی نییە بەڵکوو لاوان و بنەماڵەی پیشمەرگەکان خۆیان بەرێوەی دەبن و زیاتریش ئامانج کۆبونەوە و ڕابواردنی شەوێکی خۆش لە لای یەکە هەر بەو هۆیەش  لەو رێورەسمەدا خەڵکانێکی زۆر لە بنەماڵەی ئەندامان، لاینگر و دۆست بەشداری دەکەن، کە وایە ئەو شوێنەی کە کردەوە تێرۆریستییەکەی تێدا کراوە، وەک رێژەی جەماوەر شوێنێکی قەرە باڵغە و وەک بەشدار بوو پتر لەوەی پێشمەرگە بەشدار بێت بنەماڵە و لاینگری بشدار دەبن.

   لەسەر شوێنی تەقینەوەکە دەبێ بڵێم  ئەو جێگای ئەو تەقینەوەی تێداکراوە ئەو تایبەتمەندیانەی هەیە:

 یەکەم: شوێنێکی بەتاڵە کە لە بۆنەوەکاندا ماشێنی بەشداربووی بۆنەکە لەوێ رادەگیرێ کەوایە جۆرێک پارکینگە و بە پێی دابی هەموو بۆنەیەک پاش کۆتایی بۆنەکە پارکینگی ئەو شوێنەی بۆنەکەی لێدەگرێ قەرباڵغ دەبێت.

دوو: بمبی چێندراو لە شوێنێک داندراوە کە  تەنیا رێگای چونە ژوور و هاتنەدەرێ بۆ قەڵایە، واتە ئەگەر بۆنەیەک بەرێوە بچێت و کەسانێک لەو بۆنەیەدا بەشدار بن ئەو کەسانە تەنیا لەو شوێنەوە دەتوانن هاتووچۆ بکەن.

سێ: کاتی تەقینەوەکە رێک هاوکات بووە، لەگەڵ کۆتایی بەرنامەی شەوی یەڵدا کە لە قەڵا بەرێوە چووە.

ئێستا ئەگەر بمانەوێت ناسنامەیە بۆ کردەوە تێرۆریستیەکەی بەرقەڵا بنوسین ناسنامەکە دەبێتە ئەوە

کات یەکەم: شەوی چلە بۆ هۆی ئەوەی لە شەودا رێورەسم دەگیرێت و خەڵکێکی زۆرە لە بنەماڵە و ئەندام و لاینگر کۆدەبنەوە

شێوەی کردە: دو تەقینەوە بە مەودای ٧ چرکە لە نێوانی تەقینەوەی یەکەم و دووهەم دا

شوێن: پارکینگ و تەنیا خاڵی هاتوچۆیی میوانەکان

کات سیفر: کاتی کۆتایی هاتی رێورەسمەکە

بەردەنگی تەقینەوەکە: بەشداربووان لە شەوی چلە کە زۆربەیان بنەماڵەن.

 ئەو ناسنامەیە بە تەواوی بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە  ئامانج لە تەقینەوەکە ئەوە بووە خەڵکانێکی زۆر بریندار و شەهید ببن، هەر وەها ترس بکەوێتە دڵی بنەماڵەی پێشمەرگەکان  بۆیە ئەو جێگایە و ئەو کاتە هەڵبژێردراوە و چون بۆیان گرینگ بووە رێژەی شەهید و بریندار زۆر بێت.

بۆ دەڵێم ترس بکەوێتە نێو دڵی بنەماڵەکان زۆر ئاشکرایە کە بنەماڵەکان بەتایبەتی منداڵی پێشمەرگەکان رۆژانە بە مەبەستی خوێندن و ژیانی ئاسایی هاوتوچۆی دەرەوەی ناوەندە حیزبییەکان دەکەن و ئەوەش وا دەکات ئەو کەسانە بەردەوام ترس و نیگرانی لە خۆیان هەبێت دوپاتبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکە ئەو ترسە لە ناخی مرۆڤدا جێگیر دەکات و ئەوەش وا دەکات مرۆڤ بەردەوام هەست بە خۆبەکەمزانینێک بکات.

بەو لێکدانەوەیە دەگەینە ئەو ئامانجە کە  بێ گومان یەکەم ئامانج و سەرەکیترین ئامانج لە تەقینەوەی بەر قەڵا سازکردنی دڵەخۆرپە و ترس لە نێو ریزەکانی هێزە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە تایبەتی خوڵقاندنی ترس لە نێو بنەماڵەی پێشمەرگەکاندا بووە.

ئەگەر بمانەوێت باسەکە پاش ئەو لێکدانەوانە پۆلێنبەندی و گردوکۆ  بکەین، دەبێ بلێن ترس لە سەرکەوتنی راسان وای کردووە کۆماری ئیسلامی هاوکات هەم هەوڵ بدات، کۆمەڵگای رۆژهەڵات تووشی باسی هیلاککەر و ئالۆزکەری “مافی نەتەوەی” و “مافی شارۆمەندی” بکات و هەمیش هەوڵبدات هاوکات ترس و خۆف لە نێو ریزەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بڵاو و جێگیر بکات.

 کردەوە تێرۆریستییەکەی بەرقەڵا پێمان دەڵێت کە لە داهاتوودا، هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات زۆر زیاتر لە جاران بەرەورووی تێرور و تۆقاندن دەبنەوە، باشترین بەڵگەش بۆ ئەو قسەیە قسەی عەلی شەمخانی بەرپرسی ئەنجومەنی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامییە کە پێش ڕاسان و لە کاتی گەرانەوەی حیزبی دێموکرات بۆ سنووری رۆژهەڵات گوتی: “ئێمە لە قوڵایی ستراتژیکدا لەگەڵ دوژمنانمان بەرەڕوو دەبینەوە”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت