چی لەبارەی ئایدیۆلۆژیای کۆریای باکورەوە دەزانیت؟

0
115
ئامادەکردنی: محەمەد چاوشین

لەم ڕۆژانەدا زۆر باسی وڵاتی”کۆریای باکور” دەکرێت.

بەتایبەتیش کە بەھۆی تاقیکردنەوە مووشەکییەکانیەوە دەبێتە سەردێڕی ھەواڵە جیھانییەکان.

کۆریای باکور، وڵاتێکی داخراو و گۆشەگیرە. ئەمەش وایکردووە کە دەنگوباسی ناوخۆیی ئەم وڵاتە، کەمێک ئەستەم بێت دزە بکاتە دەرەوە.

ڕاگەیاندنە جیھانییەکانیش، ناتوانن لەم وڵاتەدا کاربکەن، بەو ھۆیەشەوە، زانیاری وورد لەسەر ئەم ووڵاتە  نییە.

داخراوی ئەم وڵاتەش بەڕووی دنیای دەرەوەدا، وایکردووە کە دەیان چیرۆکی سەیر و سەمەرە لەسەر ئەم وڵاتە ببیستین و بخوێنینەوە.

ئەوەی دەمەوێ لێرەدا قسەی لەسەر بکەم، ئایدیۆلۆژیای سیستمی حوکمڕانی کۆریای باکورە. بەتایبەتیش کە خەڵکێکی زۆر پێی وایە، سیستمی حوکمڕانی کۆریای باکور، لەسەر بنەمای فکری کۆمۆنیزم یان(شیوعی) بەڕێوەدەچێت.

لەوانەیە تۆی خوێنەریش ھەمان بۆچوونت ھەبێت و پێت وایە وڵاتێکی کۆمۆنیستییە.

بەڵام لەبنەڕەتدا ئەوە ڕوانگەیەکی ھەڵەیە، چونکە ئایدیۆلۆژیای فەرمی وڵاتی کۆریای باکور، نە “کۆمۆنیستی”ییە، نە ستالینیستی یە، نە مارکسیستییە، بەڵکو خاوەنی ئایدیۆلۆژیای تایبەت بەخۆیان بەناوی ئایدیۆلۆژیای”جوچە”.

لەناو ئاڵای کۆریای باکوردا، وێنەی داس و چەکووچ بوونی نییە، بەڵکوو تەنھا ئەستێرەیەکی سوور دانراوە. ئاڵاکەشیان لە ٨ی سپتامبری ساڵی ١٩٤٨ درووست کراوە.

جوچە، فەلسەفەی حوکمڕانی ئێستای کۆریای باکورە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٦٠، لەلایەن (کیم ئیل سۆنگ  ۱۹۴۸ – ۱۹۹۴) یەکەم ڕێبەری کۆریای باکور،  وەک ئایدیۆلۆژیایەکی ڕەسمی بۆ خەڵکی کۆریا داڕێژراوە.

ئایدیۆلۆژیای جوچە، لە سادەترین مانایدا، واتای پشت ئەستووری بە توانا و لێھاتووییەکانی مرۆڤ، مرۆڤ لە سەرجەم ئەو کێشە و گرفتانە گەورەترە کە لەژیانی ڕۆژانەیدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. گرفتەکان ھەرچەندە گەورە و ئاڵۆزیش بن، بەڵام مرۆڤ بە باوەڕبەخۆبوونەوە دەتوانێ بەسەر ھەموو گرفتەکانیدا زاڵ بێت.

سەرەتای سەرھەڵدانی بیرۆکەی ئایدیۆلۆژیای جوچە، دەگەڕێتەوە بۆ  ساڵەکانی ١٩٦٠.

ھەریەک لە وڵاتی”چین” و “یەکێتی سۆڤیەت”ی جاران، وەکوو دوو زلھێزی گەورەی کۆمۆنیستی، پاڵپشت و پشتیوانی کۆریای باکور بوون، بەڵام لە ناوەڕاستی  ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، کێشە و ناکۆکی دەکەوێتە نێوان چین و یەکێتی سۆڤیەتەوە، کۆریای باکوریش نایەوێ ئەو ڕێگایە بگرێتەبەر کە ھەریەک  لە سۆڤیەت و چین پێیدا ڕۆیشتبوون.

 ھەربۆیە (کیم ئیل سۆنگ  ۱۹۴۸ – ۱۹۹۴) یەکەم ڕێبەری کۆریای باکور، خەتی فکری و ئایدیۆلۆژی خۆی لەو دوو وڵاتە جیا کردەوە و ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت بەخۆی داڕشت.

ئەو ئایدیۆلۆژیایەشی ناونا”جوچە”.

ئێستا ئایدیۆلۆژیای جوچە، تێکەڵی ھەموو بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کۆریای باکور بووە.

جوچە بۆتە بەشێکی جیانەکراوە لە خەڵک و سیستمی حوکمڕانی کۆریای باکور.

بوارەکانی:

ئەدەبیات، وەرزش، بیناسازی، خواردن و خواردنەوە،  مۆسیقا و ھوونەر، بواری پزیشکی و زۆر بواری دیکە، بوونەتە بەشێک لە ئايدیۆلۆژیای جوچە.

نابێ ئەوەش نادیدە بگرین کە “کیم ئیل سۆنگ” وەکوو بناغەداڕێژەری فکری جوچە، سوودی لە ئایدۆلۆژیاکانی وەکوو (مارکسیزم، ناسیۆنالیزم، ھویومانیزم یان” ئینسان گەرایی”) وەرگرتووە.

سەرچاوە:

ویکی پیدیای فارسی

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت