چما ئێران لەهەمبەر هێرشی ئیسراییل بۆ سەر پایەگاکانی لە سووریە بێدەنگە یان نکوڵی لێدەکات.

0
560

زوی بارێل لە هائارێتز بابەتێکی سرنجڕاکێشی لە ژێر ناونیشانی “بۆچی بێدەنگیی ئێران لەمەڕ هێرشی ئیسراییل بۆ سوورە، قسە دەکات؟” بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا باس لە هێرشی شەممە ٢ی نوامبری ٢٠١٧ی ئیسراییل بۆ سەر سووریە دەکات کە ئێران دەڵێ، هیچ پایەگا و چەکداری ئێمەی نەپێکاوە بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئامانجەکە کە بە سەرکەوتنەوە پێکراوە، پایەگای ئێرانی بووە و تێیدا جیا لە زیانی زۆری مادی، لانیکەم ١١ چەکداری سەر بە ئێران کوژراون.

لە بەشێکیدا نووسراوە.

ڕاپۆرتەکانی ئێران (لەسەر ئەو هێرشەی ئیسراییل بۆ سووریە) هەوڵ دەدەن تا ئەو هێرشە وەک ڕووداوێک پیشان بدەن کە هیچ زیانێکی ئەوتۆی بۆ ئێران نەبووە بەڵام وەزیری بەرگریی ئیسراییل، ئاڤیگدۆر لیبرمەن، دەڵێ ئەگەر هیچ هێزێکی ئێران لە سووریە نیە (کە ئێران ئەو بانگەشەیە دەکا و دەڵێ تەنیا موستەشارەکانی لەوێن) ئەدی بۆچێ ئێران نکوڵی دەکا (دەڵێ ئەو مووشەکانە وەبەر پایەگاکانی ئێمە نەکەوتوون”.

لە بەشێکی تردا هاتووە:

بەپێی ڕاپۆرتەکان لە سووریەوە، ئەو شوێنە کە پێکراوە لە نزیک شاری ئەلکیسوە لە باشووری دیمەشق بووە. ئەگەر ئەوە ڕاست بێ، ڕێک ئەو شارەی سووریەیە کە چالاکییەکانی حیزبووڵا و ئەو هێزانەی ترە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن. نەبوونی وڵام و لێدوانێکی فەرمیی ئێران لەمبارەوە تا ئێستا، تەنانەت لەبەر ئەوەی کە ئێران بە ئاشکرا خۆی لە هەمبەر پاراستنی سووریە بە بەڵێندەر و بەرپرسیار دەزانێ، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخا کە ئێران لەو کاتەدا نایهەوێ ئەو هێرشە ببێ بە خاڵیکی ستراتژیک کە شەڕی نێوان ئیسراییل و ئێرانی لێبکەوێتەوە.
وەک لیبرمەن بانگەشەی کردووە، دژبەرانی ئێرانی بە خستنە ڕووی وردەکاری، ئەو شوێنانەیان دەست نیشان کردووە کە ئێران لە سووریە چالاکی لێدەکا یان بنکەی هەیە و هێزەکانی ئێران لەو شوێنانە گەشەیان پێدەدرێ و لە ڕاستیدا پرۆکسیی ئێران لە سووریەیە. بە گوێرەی زانیارییەکانی دژبەرانی ئێران، ڕێژەی هێزەکانی ئێران لەو شوێنە ٧٠ هەزار کەسە و هێزەکانی سپای تیرۆریستیی پاسداران و میلیشیاکانی ئەفغان کە ناویان فاتمیون ـە و هەروەها شەڕکەرەکانی حیزبووڵا و هێزە بیانیەکانی تر لەخۆ دەگرێ.

سەرمایەدانانی سەربازیی ئێران لە سووریە، تەنانەت بەر لە سەەرهەڵدانی ئاژاوەکە لە ساڵی ٢٠١١، ئەوەمان بۆ دەردەخا کە ئێران بەنیاز نیە تا ئەو دەرفەتە ستراتژیکە کە ئێستا لە دەستی چۆتە دەرێ و لەسەر هێڵی خۆی نەماگە، لە دەست بدات و دەسیهەوێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، پێگەی خۆی لە سووریە بەهێزتر بکات و ئەوەش تەنیا لە ڕێگەی ڕژیمی ئەسەدەوە نیە.

ئەنجا باس لە ئامانجەکانی ئێران لە سووریە کراوە و دەنووسێ:

ئێران دوو ئامانجی کورت-خایەن و درێژ-خایەنی لە سووریە هەیە. ئامانجە کورت خایەنەکە، پەیوەندی بە سەقامگیر بوونی دۆخی سووریە و دۆزینەوەی ڕێگاچارێکی سیاسی لەو وڵاتە هەیە و ئێران دەیهەوێ تا ئەو کات، ئەرتەش و سپای خۆی لەو وڵاتە پەرەپێبدات و وڵاتەکە بگرێتە دەست. ئێران ئەو ئامادەبوونە سەربازیەی خۆی لە سووریە گرێ داوە بە پاراستن و جێگیر کردنی ئاسایش لەو وڵاتە و دەڵی بوونی ئێمە لە سووریە لەگەڵ هی تورکیە و ڕووسیە جیاییە.

بۆ ئامانجی درێژخایەن، ئێران یەکێک لە شەریکەکانە لەو پرۆسە سیاسیەیدا کە ڕوسیە ڕێبەری دەکات و ئەو رێکەوتنانەی کە لە ڕووی ئاسایشەوە دەکرێن. سەرجەم ئەو ڕێگاچارانەی کە ڕژیمی سووریە، دژبەرەکانی و شۆڕشگێڕەکان پێشنیاری دەکەن و دەیخەنە ڕوو دەبێ لەلایەن ئێرانەوە بچەسپێ. لە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، ئەوە یەکەمجارە کە تێیدا، ئێران شەریکێکی سیاسیی ناودەوڵەتیە کە بە مەبەستی چارەسەرکردن، دەڕواتە پێش و هەنگاو دەنێ. شەڕ و ئاژاوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، ئەوەش دۆخێکە کە دوای ڕێکەوتنی ناوکی بۆ ئێران هاتۆتە ئاراوە.

ئێران ئێستا دەتوانێ بە شێوەیەکی بەرچاو لە چارەسەرکردنی شەڕ لە یەمەنیش دا بەشدار بی و کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەکیی ئێراقیش هەبێ. ئەوە دەتوانێ وا لێکبدرێتەوە کە ئێران حەز دەکات دۆخێکی ستراتژیکی نوێ بگرێتە بەر و ناشیهەوێ ئەو دۆخە بە تێکهەڵچوون لەگەڵ ئیسراییل بخاتە مەترسیەوە، ئەوەش ناچاری دەکات تا زیاتر هەوڵ بدات کە ئەو هێرشانەی کە لەلایەن ئیسراییلەوە کراوەتە سەر سووریە، پایەگاکانی ئێرانی نەپێکاوە و زیانی وەبەر بنکە و سەربازەکانی ئێران نەخستووە. ئەو شێوە هەڵوێستەی ئێران، هەروەها ئەو وڵاتە لە هەمبەر دژبەرەکەی واتا سعوودیە کە ئێستا هەوڵ دەدات تا کێشە ناوچەییەکان بە شێوەیەکی باش چارەسەر بکات، بەهێزتر دەکات. سعوودیە لە کێشەی سووریەدا شەریکێکی بەهێز نیە، کۆتایی شەڕی یەمەنیش کە سعوودیە دەستی پێکردووە، ئاسۆیەکی دیار و ڕوونی نیە و دۆخی لوبنان و قەیرانەکەشی، شتێکی ئەوتۆ دڵخۆشکەری بۆ سعوودیە بە دیاری نەهێناوە.

وەرگێڕ: هەڵمەت

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.