چالاکوانانی سیاسی، مەدەنی و هونەری خۆرهەڵاتی کوردستان لەمەڕ کردنەوەی سەنتەری ڕۆشنبیری خومەینی لە کەرکووک هاتنە دەنگ

0
294

لە ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران و لە درێژەی جێژنەکانی هەموو ساڵەی ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە لایەن یەکێتی نیشتمانییەوە، لە سەر دەستی نەجمەددین کەریم، پارێزگاری کەرکووک و ئەندامی ڕێبەریی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەنتەرێکی ڕۆشنبیری وەرزشی بە ناوی خومەینی و بە ئامادەبوونی کاربەدەستانی ئێرانی و لە حاڵێکدا کە تەنیا دوو ئاڵای ئێران ق عێراق داندرابوون و ئاڵای کوردستان شوێن بزر کرابوو، کرایەوە.

کرانەوەی مەڵبەندێکی ڕۆشنبیری لە شارێکی وەک کەرکووک کە هەزاران قوربانی پێشکەش بە کوردستان کردووە و کورد بە دڵی کوردستانی دەناسن و کەرکووکێکانیش بە بەشێک لە نیشتمانپەروەرترین کوردەکان دێنە ئەژمار، هەڵگری گەلێک هێما و قسە و پەیامە کە تا ئێستش تاق و لۆق نەبێ لە لایەن ڕووناکبیرانی باشوور، دژکردەوەیەکی ئەوتۆی لێنەکەوتۆتەوە.

هەرچەند تا ئێستا هیچ کام لە حیزبەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لەمبارەوە هیچ ڕاگەیێندراوێکیان نەبووە و خەڵکی ناوخۆی خۆرهەڵاتیش بە هۆی زەبر و زەنگ و سێدارە و ئەشکەنجە، نەیانتوانیوە ڕای خۆیان دەرببڕن، بەڵام تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەژی ىوون لە مەحکووم کردنی ئەو کارە قێزەون و نانیشتمانییە.

بەو بۆنەوە ڕۆژی کورد بەپێی دەرفەت،  ڕای بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی خۆرهەڵاتی کوردستانی لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، فەرهەنگی، هونەر و مەدەنی دا وەرگرتووە کە لەو بابەتەدا دەخرێتە بەر چاوتان و هەر کام لە کەسایەتییەکان بە شێوەیەک، ڕوانگەی خۆیان خستۆتە بەر باس.

جەلیل ئازادیخواز، سیاسەتوانی ناسراو و چاوەدیری سیاسی خۆرهەڵات بەو شێوەیە هەڵوێستی خۆی لەو بارەوە  بۆ ڕۆژی کورد دەربڕی: هەڵویێست گرتن لەئاست دوو ڕووداوی ئەمڕۆ و دوێنێ کە لە باشور و زۆنی سەوزو نیلی ڕوویداوە، تەنیا دوان لەم دوو ڕووداوانەیە. لە ڕاستیدا ئەم دوو ڕووداوە درێژبوونەوەی کۆ ڕەفتارێکی نابەرپرسانەو نانەتەوەیی و نانیشتمانیە کە لەم دەڤەرەدابووەتە دیاردە. ئەم دیاردەیە پێداگری دەکات لە سەر چەند خاڵی دیاریکراو کە زۆر بە کورتی دەتوانین بڵێن ئەمانەنن:  ڕژێمی ئێران بەدرێژی تەمەنی خۆی لە مێژوودا بە شێوەی کولتوریی و ڕامیاریی هەوڵی سڕینەوەی کوردی خۆرهەڵاتی داوەو دەیدات. لە ئێستاشدا بە دەست خستنە ناو بزاوتی کوردی و بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە بە دەستەمۆ کردنی بەشێکی بزاوتی نەتەوەییمان لە خۆرئاوا و باکور و زۆنی سەوزو نیلی، ڕێک دژ بە ڕەوتی گەشەی گوتاری کورد و بەجیهانی بوون و بەرگریکردن لە ماڤەکانی کەوتۆتە پیلانی ئاشکرا. لەم بەستێنەشدا لاوازکردن نا، بەڵکو سڕینەوەی بزاوتی کوردی خۆرهەڵاتی کردۆتە مەبەست وئامانج. بە داخەوە ئەو هێزانەش لەکردە دا هاوکاریانن، بۆیە هەموو مرۆڤێکی ئازادیخوازو نیشتمانی دەبێت لە ئاست ئەم پیلانە دەنگ هەڵبڕێت. کاتیەتی کوردانی خۆرهەڵات لە باشورو هەمووجیهان دژبەم دیاردە بێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕن. ڕوونە ئەم دۆخەش بەرئەنجامی هەڵەی هیزەکانی کورد لەو بازنەیەدایە و نەبوونی سیاسەتی یەکیتی نەتەویی ونیشتمانی .

دوکتور ئاوات ساڕۆژ، چالاک و چاوەدێری سیاسی لەو بارەوە گوتی: باشووری کوردستان دوای ئەو هەموو ساڵە خوێن، ئەنفاڵ، چەرمەسەری و ….تاد، کە خاوەنی هەڵەبجە، شنگاڵ ،نۆگرە سەڵمان و کەرکووکی دانەبڕاو لە کوردستانی بوونە، بە دەیان جار تووشی قەیرانی سیاسی و مان و نەمان بووە کە زۆر جار خۆی تێدا بە شێوازێک تاوانبار بوو، تاوانێک کە دەچێتە خانەی نەبەخشینەوە، لە مێژوویەکی دیاری کراو کە بە ڕاستی بوێری و شەهامەتی دەوێت کە کەسیک خۆی بە سەربەرزی و گەورەیی تێدا ببینێتەو! ئەوڕو دەبینین وەک خۆ بە کەم بینین، هانا بۆ دۆژمن و نەیار دەبات و پشتیوانی خۆی لە داوێن و گەورەیی نەبووی دۆژمنی دڕندە و بەناسنامەی سێدارەدا دەبینێتەوە، باشوور و بگرە کەرکووکی دڵی کوردستان!! بە ناولێنانی سەنتەریکی ڕۆشنبیری بە ناوی کەسێکەوە کە لەم سەدەیە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوەتە خۆێنمژترین وخاوەنی ئاژاوەو تیرۆر تەنانەت لە هەموو دونیادا. باشوورێک کە دوای هەزاران نەهامەتی و وردبوون لە لایەنی دۆژمنانی کوردستانەوە لە کەرکووک تووشی قەیرانی سیاسی و کارەساتێکی پڕئازار وەک ناودێرکردنی سەنتەرێک بەناوی خۆمەینی دەبێت، کە چی تاکی کورد بەتایبەت تاکی باشوور دەبێت تووشی لێپرسینەوە لە خۆی و کرامەت و شۆڕشی ببێتەوە کە کێیە بە بێ بیرکردنەوە یان خود بە زاناییەوە کەتنێکی سیاسیی ئاوەها بکات؟!

قەرەنی قادری، نووسەر و چاوەدێر و چالاکی سیاسی خۆرهەڵاتی کوردستان لەمەڕ کرانەوەی سەنتەری ڕووناکبیری بە ناوی خومەینی لە شاری کەرکووک بەو شێوەیە بۆ ڕۆژی کورد دوا: کردنەوەی “سەنتەری ڕۆشنبیری و وەرزەشیی خومەینی” لە کەرکووک، گەرچی لە ژێر ناوی دامەزراوەیەکی “کولتووری”یە، کە گۆیا دەبێت کاری “کولتووری”، بکات، بەڵام لە ڕاستیدا بڕەودانە بە هزری کۆماری ئیسلامی لەو شارەدا. کۆماری ئیسلامی ئەمجارەیان بەڕێگەی ئەو “سەنتەر”ەوە ڕاستەوخۆ دێتنە ناو کەرکووکەوە و دەست دەخاتە ناو کاروباری ئەو شارەوە، کە بێشک ئەمانجێکی تری بەدەستەوەیە. ئەزموونی کۆماری ئیسلامی ئەوە پیشان دەدات، کە بەشێکی زۆر لە کارەکانی (تیرۆر، کۆکردنەوەی زانیاری و بنکەی ئیتلاعاتی) هەر بە ڕێگەی دامەزراوە “کولتووری” و “خێرخوازی”یەکانییەوە بەڕێوە دەبات. فەلەستین، لوبنان، یەمەن، عێراق و چەندان وڵاتی تر، نموونەن بۆ ئەو چەشنە ڕەفتارانەی کۆماری ئیسلامی. دۆخی ئابووری و هەژاریی کەرکووک دەبێتە کەرەسەیەک بۆ کۆماری ئیسلامی، تا خۆی بخزێنێتە ناو هەندێک پەیوەندیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەو شارەوە. دامەزراوە “کولتووری” و “خێرخوازی”یەکانی کۆماری ئیسلامی بە ڕواڵەت کاری “خێرخوازی” دەکەن، بەڵام لە ژێرەوە، لینکێکی ڕاستەوخۆن کە پەیوەندییان بە سوپای قودسەوە هەیە.

مەجید حەقی نووسەر و چاوەدێر و چالاکی سیاسی لەمبارەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا  و وێڕای مەحکووم کردنی ئەو هەوڵەییەکێتی نیشتمانی گوتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە لە خاڵی لاوازی بزاڤی نەتەوایەتی کورد لە باشووری کوردستان کەڵک وەرگرێت و ئەوان هەمیشە بکاتە منەتباری خۆی. لەو پێناوەدا وێڕای ئەوەی کە هەمووجارێ لە سازدانی دووبەرەکی لە نێوان بەرەی کوردا سەرکەوتوو بووە، هێزە دژبەرەکانی بە شێوەیەک بە خۆیەوە وابەستە کردووە کە ئەوان نەتوانن “نا” بە ڕژێمی ئیران بڵێن. لە ڕاستیدا ئێران باشووری کوردستان بە درێژەی ستراتێژی ئەمنیەتی خۆی دەزانێت و هێزەکانی سیاسی ئەوێش بەتایبەت یەکیەتی نشتیمانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان و بەشێک لە قەرارگای هەمزە چاو لێدەکات. دامەزراندنی دەزگای رۆشنبیری و وەرزشی ئیمام خومەینەی !! لە کەرکووک بە دوو ئامانجی زۆر سەرەکی ئەنجام دراون: پەرەپێدانی ئایدیۆلۆجی شیعەگەری لە جۆری کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگای کوردەکانەوە بەتایبەت کوردە سۆسیال دێموکراتەکانەوە و پەرەپیدانی دایرەی نفووز و کارکردی حەشدی شەعبی و بەرەی شیعە و گەمارۆدانی باشووری کوردستان بەشێوەیەک کە کورد نەتوانێت یەکگرتوو لە پێوەندی لە گەڵ مافی چارەنووسی خۆی بڕیار بدات. چەند رۆژ لەمەوبەر ولایەتی راوێژکاری ناونەتەوەیی خامەنەیی وتی کە هیچکات رێگا نادەین ئیسرائیلێکی دیکە لە پەنای ئێران دامەزرێت و رێگە بەدەوڵەتی سەربەخۆی کوردی نادەین. ئەمەش هەنگاوی بەکردەوە لەو بواردە. خومەینی سەمبۆلی رۆشنبیر کوشتن، تیرۆر و جەهاد دژی نەتەوەی کوردە. دامەزراندنی سەنتەری رۆشنبیری خومەینی لە شاری کەرکووک کە بە دڵی کوردستان ناوبراوە، لە راستیدا دامەزراندنی مەرگی رۆشنبیری کوردی و لەناو بردنی فرەرەنگی کۆمەڵگایە. ئەم هەنگاوە ناکرێ لە چوارچێوەی هەنگاوێکی کولتووری و خۆشنیەتی نێوان دوو وڵاتی هاوسێ سەیر بکریت، چونکە پرۆتۆکۆلی راگەیاندن و کردنەوەی پرۆژەکەش بۆ سووکایەتی بە کورد و خودی پارێزگاری کەرکووک بەرێز دکتۆر نەجمەدینە.

ڕووناک شوانی، ڕووناکبیری کەرکووکی یەکێک لەو دەگمەن کەسانەیە کە لە هەمبەر کرانەوەی ئەو سەنتەرە بە ئاشکرا دڕدوونگی و دژایەتی خۆی دەربڕیوە و بۆ ڕۆژی کوردیشی ناردووە و دەڵێ: سەنتەرێک بۆ سەنگسار و لە سێدارەدان! وەکو کەرکووکییەک شەرم دەکەم لە شارەکەمدا سەنتەرێ بەناوی سەنتەری ڕۆشنبیری ئیمام خومەینی بکرێتەوە! ئاخر خومەینی بەخۆی و پەیامە پڕ شەرمەزارییەکەی و جمهورییەتەکەی، کە ئەوەی بەهایە بۆ مرۆڤبوون و مرۆڤایەتیی نەهێشتۆتەوە، دەبێت چ ڕۆشنبیرییەکی پێ بێت تاکوو بەخەڵکی شارێکی وەکو کەرکووکی ببەخشێت، یان خودی جمهورییەتەکەی، کە سەنتەری خنکاندنی ئازادی بەیان و ڕۆشنبیرییە دەبێت چی پەیامێک لە ژێر عەمامە و جوبەکەیەوە بۆ کەرکووکەکەی ئازاد هەورامی و هەڵمەت و جان دەمۆ و ئەسیری و مەردان بهێنێت… دەبوا پارێزگای کەرکووک پێش پەردە لادان لەسەر تابلۆی ئەو سەنتەری ڕیسواییە، پەردەی لەسەر بکوژانی ئەو سەدان گەنجە کوردە لابدایە کە ڕۆژانە بەدەستی مافیاکانی جمهوری ئیسلامی لە سێدارە دەدرێن، شەرمەزاری سەنگساری ژن و بازرگانی بەجەستەی ژن و ئالوودەکردنی ژنان و پیاوان و تەنانەت منداڵانی ئێرانی لەلایەن دەسەڵاتە مافیاکەی ئاخوندەکانی ئێرانەوە بکردبایە… بەدزینی نەوت و گاز و سامانەکەی کەرکووک لێ نەگەڕان ئینجا نۆرەی ئەم بەزمەیە؟! ئاخر گەوجانە! سبەینێ زۆنی زەردیش لە داخی ئێوە سەنتەری ڕۆشنبیری ئەتاتورک ئەکاتەوە! دوای ئەوانیش ئیسلامییەکان سەنتەری ڕۆشنبیری سعوودی و هتد.. جا قوڕ بەسەر ئەو میللەتەی نەفام و نەخویندەواری وەکو ئێوە بەڕێوەی دەبات!! ئەرێ ئێوە لە کلکایەتیی ئەم دوژمن و ئەو دوژمنە تێر نەبوون!! ئاخ بۆ شێخ ڕەزایەک بە دوو ڕستە وەڵامی ئەم دوا شەرمەزارییەی ئێوەی بدایەتەوە!!!

هاشم عەلی وەیسی، شاعیر و ڕۆژنامەنووس بەو شێوەیە باس لە کرانەوەی ئەو مەڵبەندە دەکات: ئەو بابەته لە تاقە ڕەهەندێکەوە ناخوێندرێتەوە و خۆێندنەوەکان بە ڕای من دەکرێت هەڵگری چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە ڕووی سیاسی و نەتەوەیی بێت لە هەمبەر هەڵوێستی یەکێتی بەرانبەر پرسی و بابەتە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامییەوە. جەماعەتی یەکێتی بۆ شانتاژ و مانۆڕی سیاسی و سەربازی، خۆیان لە هەمبەر زۆر لایەن و جوڵانەوەی سیاسی کورد بە کار هێناوە کە هەم لایەن و رێکخراوە سیاسییەکانی باشور دەگرێتەوە و هەمیش لەم نێوانەدا دەرگای لە سەر دەسەڵاتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی کە هەر جۆرە و چەشنە ڕێگا و ئامراز و کەرەستەیەک بۆ سەرکوتی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگرنە بەر و لەم نێوانەش هیچ جۆرە ئەخلاقێکی دیپلۆماسیی سیاسی و نەتەوەیی ڕەچاو نەکراوە و ئێمە بە جاران بینیومانە ئاکام و ئەنجامەکانی چ ڕووداو و بەدواهاتگەلێکی مەترسیداری لێکەوتووەتەوە، بە داخەوە یەکێتی بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار کەوتۆتە ناو ئەو گەمە سیاسییەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەوە و هاتنی قاسم سلیمانی و دروست کردنی حەشدی شەعبی و چەندین ڕەوتی دیکە کە بە ڕاشکاوی و بێ پەردەپۆش کردن، دەست و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی تێدا بووە. سەرانی باڵی سەربازیی کۆماری ئیسلامی بەرپرسیارییەتی پەروەردە و راهێنانی ئەو گروپە تێرۆریستییەی کە هەڵسوکەوت و جوڵانەوەکانیان بەرانبەر خەڵکانی سوننە، کۆمەڵکوژی و بەتاڵان بردنی سەر و ماڵی خەڵک، هەمان ئەو کردارانە بووە کە داعش لە ئاست خەڵکانی دیکە نواندویەتی و زەنگی مەترسی بوون. دەسەڵاتی لە رادەبە دەر سنووربەزێنی کۆماری ئیسلامی دەبووا هەر لە دوای پەلامارەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر شاروچکەی جەلەولا و خوڕماتوو رێگەی پێگیرابا و بە پەلە هەڵوێستی شێلگیرانە و مانادار لە ئاستی ئەو کردار گیرابایە. بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە هیچ کە لە ئاست ئەو کردارە هەڵوێستی مانادار و شیاوی سرنج نەگیرایە بەر بەڵکو بینیمان لەبەرانبەردا چەندین هاونیشتمانی کوردی ئەو ناوچانە بوونە قوربانی سەر و ماڵیان سووتاو تاڵان کرا و تەنانەت لە ئاستی چەواشە کردن و دابەزاندنی پرسی کورد وەکوو پرسێکی نەتەوەیی خەریکی چەواشەکردنی شوناس وناسنامەی نەتەوەیی کورد لە هەرێمی کوردستانن، بۆیە ئەم بێ هەڵوێستییە لە ئاستی کارەساتەکەی جەلەولا و خورماتوو وا لە کۆماری ئیسلامی دەکات لە سەرو بەندی پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و لێدوان و کۆبوونە و راگەیاندنە جیاوازەکان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دەست بە هەڕەشە و گوڕەشە کردن گوایە لە کارتەکانیان بۆ رێگری کردنی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی کەڵک وەردەگرن و لە هەمان کاتدا سووتاندنی ئاڵای کوردستان لە لایەن حەشدی شەعبی و راخستنی لە ناوشەقامەکان بۆ ئەوەی خەڵک بە سەری دابڕوات، دیارە ئەم هەڵوێستانەی یەکێتی لە رووی نەتەوەیی و کاردانەوەی مەترسیداریشی لە رووی سیاسییەوە بەرانبەر رۆژهەڵات لێکەوتووەتەوە و دەبینین ئەم سیاسەتە و گوێ لە مست بوونە وایان لێ دەکات لە ئاستی پرسە کارەسات و سیاسەتەکانیان بۆ کوردانی رۆژهەڵات بە هەموو شێوەیەک بێ دەنگ بن کە رووداوی هۆتل تارای مەهاباد و شەهید بوونی فەرینازخسرەوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکانی شۆڕشگێڕی شاری مەهاباد ئەوپەڕی قیزەون بوونی ئەم سیاسەتە دەر دەخات کە بە هیچ شێوەیەک لە راگەیاندنەکانیان باسی ئەم شۆڕشە ناکرێت و تەنانەت لە سلێمانی ڕێگەیان لە هەرچەشنە خۆپیشان دان و ناڕەزایەتییەکی کوردانی رۆژهەڵات گرت و هەڕەشە رووبەڕوبوونەوەی هەر چەشنەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکیان بەرانبەر بەو پرسە و مژارە نەتەوەیی لە خەڵک کردبوو ئەوەی چییەتی و بوونی یەکییەتی نیشتمانی وەکوو ڕێکخراوێکی پێشکەوتنخواز و داکۆکیکار لە مافی چین و توێژە جیاوازەکانی پێکهاتەی کۆمەڵگە دەباتە ژێر پرسیارەوە گرتنی کوڕ لە رۆژی ۲۲ رێبەندان لە سلێمانی و کردنەوەی ناوەندێک لە ژێر ناونیشانی ناوەندی رۆشنبیری و وەرزشی خومەینییە و کە جیاواز لە فەرمانی ۲۸مرداد و دەیان و سەدان کۆمەڵکوژی لە ئاستی کۆمەڵگەی فرە نەتەوەی ئێران، سەر لە بەری خەباتی سیاسی ئەم رێکخراوە بە ناوزەت کردنی کەسێکی وەکوو خومەینی بە رۆشنبیر و گرتنی کۆڕ و کۆبوونەوە بۆی و لە چاپ دانی کتێب لە ژێر ناوی ئەو دەباتە ژێر پرسیارەوە ئا لێرە دایە کە هەر جۆرە بێدەنگی و بێ هەڵوێستییەکی جەماوەری پێشکەوتن خواز و ئلیتی کۆمەڵگەی باشور بەرانبەر بەم کردارە خیانەتی رۆشنیری و مرۆیی و نەتەوەییە و نابێت چی دیکە لە ئاست ئەم چەشنە سیاسەتانە لە ئاستی لایەن و رێکخراوە سیاسییەکانی رۆژهەڵات و کەسایەتی و نووسەر و رۆشنبیرانی دەروەست بێ دەنگ بیین.

سیاوەش قادری، چالاکی سیاسی لەو بارەوە ڕای خۆی بۆ ڕۆژی کورد خستە بەر باس و گوتی: قەیرانی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم چەند، ئەوندە وەهای کردووە کە یەکێتی زیاتر بۆلای کۆماری ئیسلامی بڕوات و زۆر بە سانایی مل کەچی هەموو داخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی بێ. لەو پێوەندیەشدا ساز کردنی وەها شوێنێک جا بە هەر نێوێک بێ شتێکی زۆر ئاساییە، زۆر باش دەزانین کردنەوەی وەها شوێنێک ئەویش لە کەرکوک کە یەکێتی بە تەواوی لەم شارە دەنگی هەیە، لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە تەنیا بۆ پێشوەچوونی ئامانجە چەپەڵەکانیەتی و ئەو ناوەندەش وەک یەکێک لەو پتر لە حەوسەد شوێنەی سیخوڕییەی کە کۆماری ئیسلامی کە لە سولێمانی هەیەتی، کەڵکی لێ وەردەگیرێ و بە تایبەت کە هیزێکی زۆری حەشدی شەعبی لە دوور و نزیکی ئەم شارەن. لە باری ستراتژیکیشەوە، کۆماری ئیسلامی بە هەموو چەشنێک زاڵ ىوون و دەسەڵاتی خۆی بە سەر ئەم شارەدا دەسەپێنێ. جیا لەوانە ئەمن پێموایە لە کاتی پێویستدا هەموو کەڵکی خۆی لەم دەست ڕۆیشتووییە وەر دەگرێ. ئەوەی کە بەلامەوە سەیر نیە بێ دەنگی کادرەکانی یەکیەتیە لەم پێوەندیەدا. هەر چەند پێشتر زور بڕیاری لەو جۆرەیان لانیکەم بە نامەیەک سەرکۆنەدەکرد بەڵام ئەو بێدەنگییەی ئێستا بە ڕوونی نیشانمان دەدا بۆ دانانی شوێنێکی وەها زۆر کەینە و بەینەیەکی نەهێنی گەورە و گران لە ئارادایە و دمی هەموانی بەستوە هیچ کە لە ئاست ئەو کردارە هەڵوێستی مانادار و شیاوی سرنج نەگیرایە بەر، بینیمان کە چەندین هاونیشتمانی کوردی ئەو ناوچانە بوونە قوربانی سەر و ماڵیان سووتاو تاڵان کرا و تەنانەت لە ئاستی چەواشە کردن و دابەزاندنی پرسی کورد وەکوو پرسێکی نەتەوەیی خەریکی چەواشەکردنی شوناس و؛ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە هەرێمی کوردستانن، بۆیە ئەم بێ هەڵوێستییە لە ئاستی کارەساتەکەی جەلەولا و خورماتوو وا لە کۆماری ئیسلامی دەکات لە سەرو بەندی پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و لێدوان و کۆبوونە و راگەیاندنە جیاوازەکان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دەست بە هەڕەشە و گوڕەشە کردن گوایە لە کارتەکانیان بۆ رێگری کردنی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی کەڵک وەردەگرن و لە هەمان کاتدا سووتاندنی ئاڵای کوردستان لە لایەن حەشدی شەعبی و راخستنی لە ناوشەقامەکان بۆ ئەوەی خەڵک بە سەری دابڕوات، دیارە ئەم هەڵوێستانەی یەکێتی لە رووی نەتەوەیی و کاردانەوەی مەترسیداریشی لە رووی سیاسییەوە بەرانبەر رۆژهەڵات لێکەوتووەتەوە و دەبینین ئەم سیاسەتە و گوێ لە مست بوونە وایان لێ دەکات لە ئاستی پرسە کارەسات و سیاسەتەکانیان بۆ کوردانی رۆژهەڵات بە هەموو شێوەیەک بێ دەنگ بن کە رووداوی هۆتل تارای مەهاباد و شەهید بوونی فەرینازخسرەوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکانی شۆڕشگێڕی شاری مەهاباد ئەوپەڕی قیزەون بوونی ئەم سیاسەتە دەر دەخات کە بە هیچ شێوەیەک لە ڕاگەیاندنەکانیان باسی ئەم شۆڕشە ناکرێت و تەنانەت لە سلێمانی ڕێگەیان لە هەرچەشنە خۆپیشان دان و ناڕەزایەتییەکی کوردانی رۆژهەڵات گرت و هەڕەشە رووبەڕوو بوونەوەی هەر چەشنە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکیان بەرانبەر بەو پرسە و مژارە نەتەوەیی لە خەڵک کردبوو.

جەلال ڕەوانگەرد چالاکی سیاسی و سکرتێرییەکێتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەمبارەوە هەڵوێستی خۆی دەربڕی و گوتی: کارەسات لەوەدایە کە لە ئێستادا بەرژەوەندی تاکی و گرووپی لەسەرەوەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەییە کە بە داخەوە لە پارچەکانی تری کوردستان جیا لە ڕۆژهەڵات ئەمە هێڵی گشتییە نەک ئەوەی کە تەنیا قامک بۆ لایەنێک درێژ بکرێت و دەکرێ بڵێن تەنیا کوردستانی رۆژهەڵاتە هەموو هەوڵی بۆ پێناسەکردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییە کە ئەویش هۆکاری خۆی هەیە.  هێماکان و شانازییە نەتەوەیی‌یەکانی کورد وەک: دامەزرانی کۆماری کوردستان و هەڵکردنی ئالای کوردستان و ناوی پیرۆزی پێشمەرگە لەو پارچەیەوە سەری هەڵداوە و ڕۆڵەکانی ئەو پارچەی نیشتمان هەردەم پابەندبوونی خۆیان بە پرنسیپە نیشتمانی و نەتەوەییەکان هەبووە. ئەوەی لەم ڕۆژانەی دواییدا لە کەرکووک روویداوە کە جاروبار بە دڵی کوردستان لە باشوور ناوبانگی هەیە و لە پێناو کوردستانی بوونی ئەو شارەش هەزاران خوێنی بۆ دراوە بەڵام ئێستا بەداخەوە بنکەی بەناو ڕۆشەنبیری لە ژێر سایەی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران و بە ناوی ئەو تاکەی کە فەرمان و فتوای قەتڵ‌وعامی نەتەوەی کوردی داوە، نراوە !!! ؟؟؟ کارەساتبارتر لەوانە ئەوەی کە کەسێک وەک بەناو کوردێک لە کردنەوەی بەشدارە و رۆڵی هەیە و دەشڵێ: شانازییە یادکردنەوەی شۆڕشە مەزنەکەی ئێران، کۆماری‌ ئیسلامی پشتیوانی کوردانی باشوور و هاوکارە سەرەکییەکەی ئێمە لە شەر دژی داعش، لەهەمووی بێ‌چاو‌و‌ڕووتر هاوخەمی و بەدەمەوە هاتنی کوردانی رۆژهەلات لە سالانی ١٩٩١بەملاوە بە لوتفی کۆماری ئیسلامی زانین و سپاسکردنی. پێم سەیرە پێوەندی و دۆستایەتیی لەگەڵ دژبەرێکی سەرەکی کورد و کوردستان وەک کۆمارە سێدارە، کە ئەڵبەت تەنیا لە کوردستانی باشوور وەک شانازی سەیر بکرێت، و رۆژ بە رۆژ زیاتر گەشە دەستێنێ و ئەم پارچەی کوردستانی کردوە بە ئوستانیکی خۆی. با پرسیارێکیش بکەین. ئاخۆ لەم هەلومەرجە قەیراناوییەی وڵاتی ئێران کە سەرجەم پارێزگا کوردنشینەکانی لە کەمترین ئیمکاناتی ئەو رێژیمە بەرخوردار دەبن ، چۆنە ئەو بنکە سیخۆڕی و پادگانانە دەکرێنەوە لە وڵاتانی دیکە. تۆ بڵێی بۆ سەرمایەگزاری نەبووبێ کە داهاتێکی لێی دەست بکەوێت ؟؟؟ !!!

شەریف فەلاح، شاعیر، نووسەر و رۆژنامەوانی کوردستانی خۆرهەڵات لەمبارەوە بەو شێوەیە ڕای خۆی بۆ ڕۆژی کورد دەربڕی: شکۆ و پیرۆزیی کەرکووک مەشکینن! دەنگی ئەم دهۆڵە دواتر دواتر دەبیسین! شاری کەرکووک، شاری هەڵوێست و خەبات و پێشمەرگە، شاری نەتەوەیی و قوربانی دانە. کەرکووک دڵی کوردستانە، کەچی ماوەیەکە تاریکپەرستانی جەماران نشین خەونی گڵاوی پێوە دەبینن، هەتا قودسیەتی بشکێنن. تکایە مەبنە رێزان و پێشەنگی رێبازی خومەینی، هەتا کولتووری رق و قین و سێدارە، هەتا شەوەی نەیار نەبێتە راژێنەری بێشەکی ئازادیی کوردان. خومەینی وەک مۆتەکە و دێوەزمەیەکی رەش و هێمای دزێو و ناشیرینترین حکوومەت و سیمای راستەقینەی دیکتاتۆرێکی خوێنمژ و دژە ئازادی ناسێنراوە، کەچی لە رۆژانی رابردوودا ناوی سەرۆکی گەورەترین دوژمنی کورد گەیشتە دڵی کوردستان و کەرکووک دڵی تاسا، بابەگوڕگوڕ هاواری کرد. هێنانی هێمای حکوومەتی گەمژەیی (کۆماری ئسیلامیی ئێران) بۆ ناو دڵی پێشمەرگە، مەترسیدارترین حەرەکەتی سیاسییە کە لایەنێکی کورد یان لەڕووی دڵسۆزی و بەناوی پەیوەندیی دیپلۆماسی و کولتووریەوە دەیکات، کە یان بە ئەنقەست و تەنیا بۆ شکاندنی شکۆی کوردە کە کایەیەکی سیاسییە بە واتای خۆکوژی. کۆماری ئیسلامی و کاری خێرخوازی و فەرهەنگی و رۆشنبیری!! ئەمە یانی دانانی بەردی بناغەی کولتووری سیخوڕی لە هەرێمی زەنگەنە و باجەڵان و جەباری، ئەمە شکاندنی دڵی هەزاران بنەماڵەی شەهید و پێشمەرگەیە، ئەمە بە واتای بردنە ژێر پرسیاری کوردستانی بوونی کەرکووک. دوژمن باش دەزانێ لە کام کەلێنەوە بێتە ناو دڵی پیرۆزییەکانی کورد و ناشیرین و زەوتیان بکات، تکایە قودسیەتی کورکووک مەشکێنن، رێگە مەدەن رێوی و کەمتیاری پیر بێتە ناو دڵی پیرۆزییەکان، دەنا پەشیمانی بێسوودە، داهاتوو دەیسەلمێنێ، ئەوان بۆ چی هاتوون و بۆچی لەم هەرێمە دەواری ئاژاوەیان هەڵداوە. خاترجەم بن “کۆماری ئیسلامیی ئێران” دۆستی کورد نییە، خاترجەم و دڵنیا بن. دەنگی ئەم دهۆڵە دواتر دەبیسین.

چیا عەلیار، ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی لەو بارەوە هەڵوێستی خۆی نواند و بە ڕۆژی کوردی گوت: مەڵبەندی ڕوشنبیری نێوی خۆی بەخۆیەوەیە و کەسێکی وەک خومەینیش کە وەک جەللادێک سەدان هەزار کەسی بە کوشت داوە و کوشتوە، بۆ هەموو کەس ناسراوە. دانانی نێوی خومەینی لە سەر وەها مەڵبەندێک پێش هەموو کەس بێ حورمەتیە بە روناکبیرانی کوردوستان و چاوەڕوان دەکرێ خاوەن قەڵەم و ڕوناکبیران لە هەموو شارەکانی کوردوستان بێ هەڵۆێست نەبن لە ئاست ئەو سوکایەتیە مەزنەی پێێان کراوە و هەوڵ بدەن نێوی ئەو شوێنە بگوڕن. ئەگەر پارێزگای کەرکوک یا هەر بەڕێزێکی دیکە دەیهەوێ کارێکی لەو چەشنە بکات، هەزاران ڕوناکبیری ئێرانی هەن هەم لە مێژوودا هەم ئێستا، بۆ بە ناو یەکێک لەوانیان نەدەکرد !؟؟ جیا لەوانەش ئەو کارانە بۆ جاری سەدەم تەوهینی بە ئاشکرایە بە شعوری هەموو کوردی ڕۆژهەڵات، چونکە خومەینی قاتڵی گەلی کورد و کەسێک بوو کە فەرمانی جەهادی دا بە دژی گەلی کورد، کارێک کە هێشتا داعش و بەغدادی نەیان کردوە. ئەو کارەی ئەو کەسانە ڕێک وەک ئەوە وایە بهێنی، ڕیکخراوی ئاشتی خوازی ئەبوبەکر البغدادی لە ورمێ بکەیەوە. بنکەی مافی مروڤی سەدام حوسێن بۆ هەڵەبجە لە مەهاباد و یادی حیزبی بەعسی عیراق لە کرماشان و سنە بکرێتەوە. .

هیوادارم روناکبیران بێ هەڵۆێست نەبن و ئیزن نەدەن ئەو کوردوستانەی بە خوێنی پێشمەرگە دەپارێزرێ، یادی جەلادێکی وەک خومەینی لێ بکرێتەوە و ناوەندی روشنبیری بە نێوەوە بکەن.

جەمشید بەهرامی چالاکی سیاسی و نووسەری خۆرهەڵاتی کوردستانیش لەو بارەوە رای خۆی لە دووتوێی بابەتێک بە ناوی (هەرزان فرۆش کردن بە پاساوی پەیوەندی دیپلۆماتیک) دێنەتە بەر باس و دەڵێ: مافی دیپلۆماتیک بریتییه‌ له‌ کۆمه‌ڵێک رێسا که‌ بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتان پێک ده‌هێنن‌. رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ری و که‌رامه‌تی لایه‌نی به‌رامبه‌ر(وه‌ک مافێکی دیپلۆماتیک) سه‌ره‌کی ترین خاڵی رێسای پێوه‌ندی دیپلۆماتیکه‌ و ده‌بێت دوو لایه‌نی پێوه‌ندی ره‌چاوی بکه‌ن.
له‌ بازنه‌ی پێوه‌ندی دیپلۆماتیکی کۆماری ئیسلامیدا، باشووری کوردستان خاوه‌نی هیچ چه‌شنه‌ مافێکی دیپلۆماتیک نییه‌ و نابێت وه‌ک وڵات چاوی لێبکرێت، له‌ روانگه‌ی کۆماری ئیسلامییه‌وه‌، باشووری کوردستان به‌شێکه‌ له‌ وڵاتی ئێران، هه‌ر بۆیه‌ له‌ پێوه‌ندی دیپلۆماتیک له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا رێساکانی پێوه‌ندی دیپلۆماتیکیش له‌ به‌رچاو ناگیردرێت.
له‌ پانتایی پێوه‌ندی دیپلۆماتیکدا پێوه‌ندی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی زۆر ئاساییه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌موو کاراکتره‌ چالاکه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان(چ وه‌ک تاک و چ وه‌ک حیزبه‌کان) دانیان به مافی حکوومه‌تی هه‌رێم بۆ راگرتنی ئه‌و پێوه‌ندییانه‌‌دا ناوه‌، به‌ڵام ئاست و شێوازی ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌ لایه‌ن خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ گشتی و چالاکانی سیاسی و حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ تایبه‌تی، به‌ره‌وڕووی ره‌خنه‌ کراوه‌ته‌وه‌، هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و شێوازه‌ پێوه‌ندییه‌ یه‌ک مه‌به‌ستی‌ سه‌ره‌کی ده‌پێکێت، ئه‌ویش بێحورمه‌تی کردن به‌ شوناسی هاوبه‌شی گه‌لی کورده‌ به‌گشتی له‌ هه‌موو پارچه‌کاندا.
تاودانی ئه‌سپی سه‌رکه‌شی کۆماری ئیسلامی له‌ سلێمانی و هه‌ولێر و ئه‌مساڵیش(2016) له‌ که‌رکووکدا هاوشێوه‌ی شاره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی کوماری ئیسلامی ئێراندان، پێداگری کردنه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و گریمانه‌یه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن پان ئیرانیسته‌کانه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرێ، واته‌ “هه‌ر کوێیه‌ک کوردی لێ بێت ئه‌وێ ئێرانه!”، و ئێسته‌ش له‌ لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت‌… له‌مبه‌ریشه‌وه‌ ئاوه‌ڵاکردنی ئامێزی گه‌رمی ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی پارته‌کانی باشوور به‌ گشتی و زۆنی سه‌وز به‌ تایبه‌تی، بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاوه‌ڵاکردنی ده‌رگای لێڕه‌وار و ده‌شت و چیای باشووری کوردستان بۆ ئه‌سپه‌ سه‌رکه‌شه‌که‌ی کۆماری ئیسلامی و شاگه‌شکه‌بوون و پێداهه‌ڵگوتن و هه‌ڵاتن به‌ پێی پێخاوس! به‌ شوێنیدا به‌ پاساوی پێوه‌ندی دیپلۆماتیک ده‌چێته‌ چ خانه‌یه‌که‌وه‌؟ پاراستنی سه‌روه‌ری وه‌ک مافی دیپلۆماتیکی باشوری کوردستان له‌و پێوه‌ندییه‌دا چ قورساییه‌کی هه‌یه‌؟
گه‌لۆ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ژێر نێوی پێوه‌ندی دیپلۆماتیک له‌ باشووری کوردستان بۆ پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێ جگه‌ له‌ هه‌رزانفرۆشکردنی هه‌موو به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی گه‌لی کورد نه‌بێت، ده‌بێ چ نێوێکی له‌ سه‌ر بنرێت؟

ئومید عەبدی چالاکی سیاسی و ڕاگەیێندکار، وەها ڕای خۆی دەربڕی:  ده‌بێ سه‌ره‌تا پرسیار له خۆمان بکه‌ین گەلۆ خومەینی ڕۆشنبیر بوو؟ خومەینی مرۆڤێکی جنایەتکار، تووندئاژۆ و کۆنەپەرەست بوو که ده‌ستی به خوێنی هه‌زاران ڕۆڵه‌ی کورد سوور بووە. خومەینی له فتوایه‌کدا گه‌لی کوردی به کافر زانی و ده‌ستوری کوشتاری گشتی کوردی دا و ده‌بێ به خاتری ئه‌و جنایەتانه خومەینی له دادگادا سزا بدرێت نه‌ک ئەوەی  کە دەستی مەرحەمەتی لایەنێکی کوردی، سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری بو بکه‌نه‌وه ئه‌ویش له دڵی کوردستاندا، ده‌بێ گه لی کورد جنایاته‌کانی خومەینی و دار و ده‌سته‌کەی له کوردستان له بیر نه‌کەا و ئه‌و کەسانه‌ی که ئیزنی‌ کردنه‌وەی ئه‌م جۆره سه‌نته‌رانه ده‌دن له دوا ڕۆژدا له به‌رامبه‌ر گه‌لی کورد له روژهەڵاتدا شه‌رەزار دەبن.

جەمیل کولاهی چالاکوان و نووسەری خۆرهەڵاتی کوردستان لەو بارەوە هەڵوێستی خۆی بۆ ڕۆژی کورد خستە بەر باس و گوتی:  ئەوەیکە بەو خەست و خۆڵییە لە سێلمانی و کەرکووک ئەو رێورەسمەیان گرتووە، واتای سیاسیی تایبەتی هەیە! بە تایبەتی لە کەرکوک کە لە باری ئابووری و سیاسییەوە ناوچەیەکی ئیستراتیژیکە. ئێستاکە بارزانی داوای ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکات، کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بەو شێوەیە مانۆڕی سیاسی بدات و بە بارزانی بڵێ کە تا چ رادەیەک لە باشوور ریشەی داکوتاوە. رژیمی ئێران هاوکات لە گەڵ ئەوەیکە دەیەوێ بە بارزانی بڵێ لە باری جۆغرافیاییەوە گەمارۆ دراوە، دەیەوێ ئەوەش بڵێ: کەرکوک کە سەرچاوەی نەوتی کوردستانە و بە بێ کەرکوک سەربەخۆیی ئاستەمە، لە ژێر چنگی ئێمەدایە. جیا لەوە پەیامی بۆ تورکیە و عەرەبستانی سعوودی هەیە کە لە گەڵ بارزانی پێوەندیی نزیکیان هەیە و دەیەوێ تێیان بگەیەنێ کە کوردستانی باشوور بە دەست کۆماری ئیسلامییەوەیە و بارزانی تەنیا بەشێکی چووکە لە کوردستانی باشووری بە دەستەوەیە! لە لایەکی دیکەوە رژیمی ئێران بە گرتنی ئەو رێورەسمە بە کردەوە ئەوە دەخاتە روو کە هێزی کورد بە سەر دوو بەرەدا دابەش بووە و یەک دەست نین، ئەوەیکە رێبەرایەتی یەکیەتیی نیشتمانی بە بەو خەستییە لەو رێورەسمەدا بەشداری دەکەن و تەنانەت بە شان و باڵی کۆماری ئیسلامیدا هەڵدەڵن و وشەی رووناکبیر بۆ کەسێک دادەنێن کە دژی کورد فتوای جیهادی داوە، سەلمێنەری ئەو راستییەیە. لایەنێکی دیکەی ئەم رێورەسمە ورد کردنی هێما نەتەوەیی و بێ بایەخ کردنی بەها نەتەوەییەکانە! کە بە داخەوە بە هاوکاری یەکیەتیی نیشتمانی و هێزە ئیسلامییەکانی کوردستانی باشوور خەریکە ئەو پرۆژەیەی رژیمی ئێران بە باشترین شێوە جێبەجێ دەبێ!

ڕەزا ئەمینی، چالاکی سیاسی و نووسەر لەو بارەوە ڕای خۆی بۆ ڕۆژی کورد خستە بەر باس و گوتی: سوپای پاسدارن لە ژێر هژمۆنی رێبەری ئێران بۆ گەیشتن بە مەبەستە پان ئیسلامییەکانی یەکێک لە ئامانجی سیاسەتە دەرەکییەکانی هەناردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ئەوبەری سنوورەکانێتی هاوکات بە شوێن کۆمەڵێک بەرژەوەندی ئابووری – ستراتێژیکی کۆماری ئیسلامیە بنەمای بنەڕەتی ئەو سیاسەتەشی لە سەر کۆڵەکەی بێ ئێرادەکردنی دراوسییەکانی و خۆسەپاندنی لە ناوچەکەدایە. باشوری کوردستان بە هۆی ناسەقامگیری ئابووری، سیاسی ،فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی یەکێک لەو دراوسێیانەی کۆماری ئیسلامیە کە سوپای پاسداران بە ئارەزووی خۆی رمبازێنی تێدا دەکا. بابەتی پان و پۆڕ کردنەوەی دەسەڵاتی تاران لەو بەشەی کوردستان جیاواز لە مەبەستە گشتیە سیاسیەکانی چەندین ئامانجی مەترسیداری دیکەی لە پشتە کە لە سیاسەتی ژێنۆساییدو ئاسمیلەکردنی کورد دا شرۆڤە هەڵدەگرن . نمونەی دەستەمۆکردنی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان ، دەسکاریکردنی ئامانجە سەرەکییەکانی کورد، پێکوەرکردنی کورد لە باشوری کوردستان و هاوکات پێکناکۆککردنی لە گەڵ بەشەکانی دیکە لە هەموو بڕگەکانی بەرێوە چوونی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئەوەندە زۆرن کە بە دەیان بەڵگە لە بەر دەستدایە . کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی هیچ رەواییەکی سیاسی ، ئەخلاقی و لۆژیکی نیە کێشەی کوردیش لە ئێران گرینگترین سەر ئێشەی تارانە لە راستیدا کۆماری ئیسلامی بە سووک و چروک کردنی بزوتنەوەی کورد لە باشوری کوردستان دەیهەوێ هەم دەسەڵاتی کوردی تووشی قەیرانێکی پشت شکێن بکا و هەم دمەلاسکەی جوڵەی کورد لە رۆژهەڵاتی نیشتمان بکات. هەموو پێوەندییەکی پێویستی دیپڵۆماسی ئابووری و رەنگاڵە لە نێوان دوو دراوسێ یان دوو دەوڵەت شتێکی رەوایە بەڵام بەو مەرجە ئەو پێوەندییانە لە سەر رێزو بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بن ، گرینگترین پرسیار بەرانبەر کاراکتێرە سیاسیەکانی باشوری کوردستان ئەوەیە ئایا ئێوە لەو پێوەندیانە دا لە گەڵ سوپای پاسداران توانیوتانە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان کە دەیان ساڵە خوێنی بۆ دەبەخشن بپارێزن ؟ بێ گومان ،نا …

حیسام دەست پیش، مامۆستای زانکۆ و چاوەدێری سیاسی لە ڕوانگەیەکی ترەوە و ڕوو لە حیزبەکانی کوردستانی خۆرهەڵات بۆ پرسەکە دەچێ و دەنووسێ: باشتر وایە کەس یان کەسانێکیتریش هاوار هەڵبڕن و بەم حیزبانە بڵێن کە ئیتر جێگایەک بۆ ئێمە خۆرهەڵاتییەکان لە باشور، باکور و رۆژئاوا نەماوە، تەنها چیا و ناو شارەکانی کوردستانی خۆرهەڵاتە کە دەتوانێ مەکۆیەکی ئەمن بێ. بۆیە بە کرانەوەی هێڵانەیەکی جاسوسی و تیرۆریستی لە کەرکوک خەریکە گەمارۆدانەکە تەکمیل دەبێ. تا لە قەفەسیان نەکردووین ( وەک ئەوەی لە ١٩٩٦ بەتەما بوون) باشتر وایە لە قەفەس بکرێن.

گوڵباخ بەهرامی، ڕاگەیێندکار و شاعیر و نووسەر، لەو بارەوە هەوڵوێستی خۆی بۆ ڕۆژی کورد خستە بەر باس و گوتی: کردنەوەی هۆڵی رۆشنبیری و وەرزشی وەک خەڵاتێک بۆ خەڵکی کەرکووک، بە ناوی خومەینی و لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بە پلەی یەکەم بێڕێزی کردنە بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و کەرکووک، دواتر بە زۆر سەپاندنی هەژموونی کۆماری ئیسلامییە لە هەرێمدا و پەیامێکی سیاسییە بۆ دەسەڵاتدارانی ئەو دەڤەرە. هەر ئەوەی لە ژێر حوکمی ویلایەتی فەقیەدا جاسوسخانە و بنکە سیخوڕییەکانی ئێران بە ناوی جۆراوجۆر دەکرێتەوە و پیشوازی لێدەکرێت مانای لە خشتەچونی سیاسەتمەدارانی ئەو ناوچەیە کە دەسەڵاتیان ڕادەستی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە.

 لایق مرادری چالاکی سیاسی لەو بارەوە بەو شێوە نێڕینی خۆی هێنایە زمان: کردنەوەی سەنتەری ڕۆشنبیری بە ناوی خومەینی لە کەرکوک جگە لە دواکەوتوویی و خیانەت بە نیشتمان و نەتەوەی کورد، ناتوانێت هیچ واتا و دەستکەۆتێکی سیاسی تری ببیت، خومەینی شیعەیکی تووندئاژوێ و توندڕەو بوو کە نەتەنیا باوەڕی بەمروڤایەتی و دیموکراسی نەبوو بەڵکو دژایەتی کردنیشی بە ئەرک دەزانی و هەروەک لە بیرمانە لە ساڵەکانی سەرەتای دامەرزاندنی حکومەتی ئاخوندی فەرمانی جیهادی بە دژی نەتەوەی کورد دەرکرد و بە کافر ناوی بردن و ئێستاشی لەگەڵ بێت، ڕوژانە لاوانی کەمینە ئایینیە کان و نەتەوە جیاوازەکان و بەتایبەتی ڕۆڵەی کورد،بە تاوانی بێ بنەما لە ئێران لە سێدارە دەدرین ، با من لە نەجمەددین کەریم و هاوبیرانی بپرسم، “سێدارەدان و ڕوشەنبیری کۆجا مەرحەبا!!!!!!”؟.

ناسر ڕەسووڵنەژاد چالاکێکی تری کوردستانی خۆرهەڵات لەو بارەوە دەڵێ: لە باشووری نیشتمان، لە خوێنی دڵی کوردستان فەڕشی سوور بۆ سەحراروودی ڕادەخەن و لە کەرکووکی کوردستانی ناوەندی ڕووناکبیری بە ناوی خاوەن تێزی قودس دەکەنەوە، مێژوو ئەمە لە بیر ناکا مێژوو بە خوێنی ڕوڵە نیشتمان پەروەرەکان دەنووسڕێتەوه هەڵسەنگاندن بۆ باشی و خراپی هەڵسووکەوتی کاربەدەستانی کورد لە ژێر چاودێری خوێنە ڕژاوەکان دەکڕێ.

سیامەند حەسەن نەژاد، چالاکی سیاسی – خوێندکاری لەو بارەوە نێڕینی خۆی بۆ ڕۆژی کورد هێنایە زمان و گوتی: لەدوای هێرشی داعش بۆ سەر خاکی کوردستان و بەرگری قارەمانانه ی هێزی پێشمەرگه و دەنگ دانەوەی له ئاستی نێونەتەوەییدا و بەرز بوونەوەی ڕۆڵی کورد له ئاست ناوچەکدا، کۆماری ئیسلامی هەستی به مەترسی کرد و به ناردنی هێز و چەک بۆ پێشمەرگه ویستی هەم خۆی له بەرەی جیهانی دژه تیرۆر نیشان بدات و هەم دۆستایەتی زیاتری کورد له باشوور بەدەست بهێنێ، له دوای ئەوەی که هه رێمی کوردستان داوای ڕێفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کرد و پشتیوانی نێونەتەوەیی به دواوەبوو، کۆماری ئیسلامی دژایەتی خۆی بەئاشکرا ڕاگەیاند و به دانانی پڕۆژه و پلان دەیهەوێ له نێو ماڵی کورددا ئاژاوه بنێتەوه و له نێو خودی کورددا پێش به سەربەخۆیی کوردستان بگرێ. ئەوەی که ئێستا له کەرووک سه نته ری ڕۆشنبیری خومه ینی دامەزراوه چەند مەسەلەی له پشته، یه کەم: دژایه تی درووست کردن له نێوان هێزەکانی باشوور بۆ پێشگرتن له سەربەخۆیی. دووهەم: هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەروەی ئێران. سێهەم: ڕاگەیاندنی ئەوەی که کۆماری ئیسلامی دۆستی کورده و له وڵاتی ئێراندا کێشەیەک به ناوی کێشەی کورد بوونی نیه. چوارەم: لەدەست نەدانی پێگەی خۆی له عێراق و هەروەها نەپچڕانی کەمەربەندی شیعی. پێنجەم: درووست کردنی شەڕێکی ڕۆحی و دەروونی له نێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور و دوورکردنەوەی خەڵکی ئەم دوو بەشەی کوردستان له یەکتر.

کازیوە ئەنامقی، نووسەر و چالاکی مافی ئافرەتان لەو بارەوە هەڵوێستی خۆی بۆ ڕۆژی کورد، خستە بەر باس و گوتی: بەقەرا دڵۆپ دڵۆپی نەوتی کەرکوک، خوێنی ڕۆڵەی کورد لە کەرکوک ڕژا. دوژمن هەر لەو کەرکوکە، نەوت و خوێنی کوردی لەگەڵ یەکتری تێکەڵ کرد بەڵام نەیتوانی هەستی نەتەوایەتی کورد لە زەوی بابە گوڕگوڕ، بکوژێنێتەوە.  بەڵام ڕژیمی ئاخوندی زۆر بە ئاسپایی خۆی خزاندە سەرکۆشی وڵاتی کورد، مخابن کە کورد چیدی گوڕ و تینی لە بابە گوڕگوڕەوە وەرناگرێ و خەریکە خوێنی کورد دەکا بە پارە بۆ گیرفانی کوردفرۆشان. لە هەموو دونیا باوە کە یانەی وەرزشی بۆ بووژاندنەوەیە هەربۆیە بۆ هاندان و ژیانەوە، هەوڵ دەدرێ نێوی وەرزشوانێکی لێهاتوو و قارەمان بۆ یانەکە هەڵبژێردرێ. بەڵام کورد چونکە قارەمانی شەڕی دژ بە داگیرکەری نییە، لێبڕاوانە نێوی خوێنڕێژترین و پیسترین دوژمنی کورد هەڵدەگرێتەوە بۆ بەخشینی وزە بە لاوی کورد لەسەر تەلار و وەرزشگاکانی دەینەخشێنێ. دەبێ پێیان بڵێین سیاسەتەکەتان زۆر قیزەونە برایانی کوردی باشوور. ئەوەندە ناڕەوایە کە دەتوانم بڵێم خۆزگەم بە شەڕی براکوژیتان. هەمیشە بیرم دەکردەوە کە ئایا هیچ هەیە کە بتوانێ ئەم پەڵە لە نێوچاوانی مێژووی کورد بسڕێتەوە؟!! بەڵام بەم کارە و کارە هاوشێوەکانتان ڕووی هەڵگیرسەرانی شەڕی براکوژیشتان سپی کرد. هەتا ئێوە بمێنن، دوژمن هەر دڵشادە!

تالب قەیسەری چالاکوانێکی تری کوردستانە کە لەمبارەوە هەڵوێستی چڕی گرتووە و بۆ ڕۆژی کوردی ناردووە: لە شاری کەرکووکی هەمیشە کوردستانی، کۆماری ئیسلامی ئێران هۆڵێکی بەناو وەرزشی رۆشنبیری کردەوە کە بەداخەوە لەلایەن چەند بەرپرسێکی ئەو شارەوە وەک بڵێی کۆماری ئیسلامی ئێران گەورەترین خزمەتگوزاری پێشکەشی ئەو شارە کردبێت بەشانازییەوە باسی لێوە کرا و ڕێ و ڕەسمی تایبەتی بۆ گیرا. ئەوەی جێگای داخە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بۆ جێبەجێ کردنی سیاسەتەکانی خۆی کە دژ بە کورد بەڕێوەیان دەبا زۆرجار لەکەسایەتییەکانی کورد یان لە حزب و پارتگەلێک کەڵك وەردەگرێ کە بانگەشەی پێشەنگ بوون لە کوردایەتیدا دەکەن، غافڵ لەوەی کە بۆ تێکدانی ئاشتی و ئارامی لەم هەرێمەدا، بوون بە داردەستی داگیرکەران. ئەوانەی شارەزای سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بن، زۆر بەباشی دەزانن کە کۆماری ئیسلامی هەر هانگاوێک کە هەڵیدەگرێ سیاسەتێکی لەپشتەوەیە و بە بێ هۆ هیچ کارێک ناکا کە بەقازانجی نەشکێتەوە ئەویش نەخاسما لەشارێکی وەک کەرکووک کە کورد هەموو قورسایی خۆی لەسەر گەڕانەوەی ئەو شارە بۆ باوەشی هەرێمی کوردستان ڕۆناوە و بە نسبەت کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وەک خەتی سوور سەیری دەکرێ. هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن لەماوەی رابردوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسەلەی راپرسی بۆ سەبەخۆیی کوردستانی هێناوەتە رۆژەڤەوە کە ئەمە بێگومان شتێکی قبوول نەکراوە بەنسبەت کۆماری ئیسلامییە و بەرپرسانی کۆموری ئیسلامیش ئەمەیان نەشاردۆتەوە و وەک سیاسەتی فەرمی ئەو رژێمە دژایەتی ئەو هەڵوێستەی سەرۆکی هەرێمیان کردووە، ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەوەیە کە بڵێی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەندە لەخەمی خەڵکی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی خەڵکی کەرکووکدا بێ کە بەو هەموو قەیرانەوە کە خۆی تووشی بووە بێت و سەنتەرێک یان هۆڵێک بۆ خەڵکی کەرکووک بکاتەوە کە تەنیا ئامانجی خزمەت بە خەڵکی کوردستان بێت، بێگومان ئامانجی کۆماری ئیسلامی لەکردنەوەی ئەو هۆڵە ئەوەیە کە شوێنێکی فەرمی لەو شارە بکاتەوە بۆ ئەنجامدانی پیلانە گڵاوەکانی و کۆسپ خستنەسەر هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەی ئەو شارە کە شۆڕشێکی لەپێناودا قوربانی بووە و هەروەها بۆ کاری تێکدەرانە کە پیشەی ئەو رژێمە بووە لەماوەی ٣٧ساڵی رابردوودا. خەڵکی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی خەڵکی نیشتمان پەروەری شاری کەرکووکی خۆشەویست پێویستە زۆر بەوریاییەوە ئاگاداری ئەو هەوڵەی کۆماری ئیسلامی بن کە بێگومان بۆ تێکدانی باری ئەمنی ئەو شارەیە بەتایبەتی لەئیستادا کە هێزەکانی حەشدی شەعبی لەناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک جێگیرکراون. هیوادارم بەرپرسانی ئەو شارە بەو سیاسەتە هەڵەیەی خۆیاندا بچنەوە و خۆیان رووڕەشی مێژوو و گەلەکەیان نەکەن.

سیاوەش محەممەد، ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی کە لایوایە ئەو کردەوە مێژوویەکی کۆنی هەیە و لە هەمان کاتێشدا ئاوڕ لە گرنگی ئەو یادکردنەوەی ئەمساڵی یەکێتی لەگەڵ ساڵانی پێشوو دەداتەوە و لە ڕوانگەیەکی تایبەتییەوە سەرنج دەداتە پرسەکە و بۆ رۆژی کورد دوا و گوتی: 

ئەمن پێم وایە ئەوەی کۆماری ئێسلامی لە سلێمانی و کەرکووک لە ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ کردی ناتوانێت کردەوەییەکی کوت و پڕ بێت، لەبەر ئەوەی درووست کردنی بینا و ناوەندێکی وەرزشی پێشتر بەرنامەی بۆ داڕێژراوە و بە هەمان شێوەش گرتنی میوانییەکی وا گەورە لە سلێمانیش لانیکەم دەبێت زیاتر لە یەک مانگ پێشتر ئامادەکاری بۆ کرابێت.

ئەوەی کە یادکردنەوەی ئەو ساڵی ٢٢ی ڕێبەندانی لە ساڵانی ڕابردوو جیا دەکردەوە، چەند خاڵێک بوو :
یەکەم : ڕێژە و ئاستی بەشداری کەسانی حیزبی و حکومی سنووری سەوز و نیلی، بە تایبەتی یەکیەتی نیشتیمانی لە ڕێوڕەسمەکە بوو.
خاڵی دووهەم : بەشداری نەکردنی “باڵی جێگرانی تاڵەبانی” (کوسرەت رەسووڵ و د.بەرهەم ساڵح) لەو ڕێورەسمە و بەشدار نەبوونی پارتی بوو.
خاڵی سێهەم و کۆتایی: بەڕێوەچوونی ئەو یاد و ڕێورەسمانە لە سنووری سەوز (سلێمانی و کەرکووک) و بایەخ نەدان بە شاری هەولێر وەک پێتەختی هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆماری ئێسلامی ئێرانەوە بوو.
کۆی ئەو خاڵانە بەڕای من دەکرێت وەک پەیامێک بۆ باڵی جێگرانی تاڵەبانی و بە تایبەت پارتی دێموکراتی کوردستانی ئێراق لەیەک بدرێتەوە.
هەرچەند کە کۆماری ئێسلامی وەک نەریتی پێشووی خۆی، بە کردنەوەی سەنتەرێکی وەرزشی و بە ناو ڕۆشنبیری لە شاری کەرکووک ئەویش بە لۆگۆ و تابڵۆی عەرەبی پەیامێکی شاراوە و نەنووسراوی بە کورد دا ، کە کەرکووک بەشێکە لە ئێراقی شیعی و فڕی بەسەر کوردستانەوە نییە، دەنا ئەگەر مەبەستی کۆماری ئێسلامی خزمەت بە هاونیشتیمانیانی کەرکووک بایا، لانیکەم لە لۆگۆ و قتعەی هۆڵی وەرزشی خۆمەینی لە شاری کەرکووک، وەک زۆربەی ناوەندە حکوومی و فەرمییەکانی کەرکووک لە هەر سێ زبانی کوردی،عەرەبی و تورکمانی کەڵکی وەر دەگرت.
بە گشتی پێموایە ئەوەی کۆماری ئێسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە سنووری سلێمانی دەیکات، درێژەی هەمان ڕەوتە کە لە نەوەدەکانەوە لە باشووری کوردستان کردوویە و ئەگەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەیانهەوێ لەو خەیاڵە خاوەی “پاراستنی ئەزموونی باشوور” داچڵەکێن، دڵنیام جێژنی ٢٢ی بەهمەنی ساڵانی داهاتوو  لەسەر کەلاوەکانی کەمپی ئازادی و قەڵای دێموکراتەکان لە شاری کۆیە بەڕێوە دەچێت.

فاروق قوبادی هونەرمەند و چالاکی سیاسی کورد لەوبارەوە ڕای خۆی بۆ ڕۆژی کورد دەربڕی و گویت: بەڕاستی قسە کردن لەو بارەوە ئەستەمە، لە چییەوە دەست پیبکەم و کام لایەنی باس بکەم؟ من وەک هاونیشتمانییەکی کورد، ئارەقەی شەرمەزاری دەڕێژم کاتێک کە دەبینم سیاسەتوانە کوردەکانیباشووری کوردستان کە بەداخەوە تەنیا بە ناو سیاسەتوانن کارێکی ئەوتۆ دەکەن و ناوەندێکی ڕۆشنبیری بە ناوی خومەینی دەکەنەوە ئەویش لە شاری کەرکووک کە بە دڵی کوردستان بەناوبانگە. بابەتێکی دیکە کە منی زۆر پەرۆش کردووە، ئەوەیە کە دەبینم لە ڕێ و ڕەسمەکە لە خاکی کوردستان، ئاڵای ئێران ق عێراق بوونی هەیە بەڵام ئاكای کوردستان نییە، ئەوە واتە نکوڵی کردن لە خۆت و ئاڵاکەت لە خاکی خۆتدا. چالاکوان و ڕۆشنبیری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر پەتی سێدارەدان و کوشتار دەکرێن و لەو لاوە لە کورکووک، سەنتەری ڕووناکبیری بۆ ئەو ڕژیمە دەکرێتەوە.  من لێرەوە پێیان دەڵێم: شەرمەزار بن، مردنتان باشترە لە بوونتان، ئەوەی من وەک کوردێک دەیبینم ئەوەیە کە کۆماریئیسلامی بووە بە دەمڕاستی کورد و ئەوەش وادەکات مرۆڤی کورد لە کورد بوونی خۆی شەرمەزار بێت. سیاسەتوانەکانی باشوور، نەتەوەی کوردیان لە باشوور، نان بڕاو کرد و پێشمەرگە ٥ مانگە مووچەی وەرنەگرتووە و ئەوانیش دێن سەنتەری خومەینیم بۆ دەکەنەوە؟ من پێیان دەڵێم ئەگەر گوڵ نین، دڕلیش مەبن. سیاسی و کاربەدەستی کورد تا لەسەر ئم عەقڵییەتە بڕۆن، بۆ ٥٠٠ ساڵی تریش نابینە خاوەنی خاک چ بگات بە ڕفراندۆم و نەک کیانێکی بچووکیش.

کەیوان دروودی، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی لەمبارەوە بۆ ڕۆژی کورد پەیڤی و گوتی: ئەو رووداوە فرەلا و پڕوردەکارییە، بەڵام لە گشتایەتیی خۆیدا دەبێ بڵێین ئەگەر ئاساییە پارلەمانی کوردستان کە نوێنەرایەتیی حوقووقیی خەڵکی نیشتەجێی ئەم ناوچە دەکات، بکەوێتە ژێر دیوانی دادوەری و چاویلکەی چاودێری و بڕیاری نوێنەری وڵاتیتر؛ ئەوە ناونانی ستادیۆمێکیش بە ناوی کەسێک که پەیوەندیی رۆحی، مەعنەوی، مێژوویی و .. بەم خەڵکەوە نییە، زۆر ئاساییتر دێتە بەرچاو.<br> لەو دێڕانەی سەرەوە من هیچ گلەوبناشتێکم وەک تاکێکی کورد نەنووسیوە لەبەر ئەوە پێموایە ئێمە وەک کورد، رای گشتیمان نییە و بەردەنگی وای نییە کە روو لەوان قسە بکەم.

نگین قادری چالاکی سیاسی- خوێندکاری لەمبارەوە ئاوەها ڕای خۆی بۆ ڕۆژی کورد دەربڕی: بەداخم بو بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی لە کەرکوک کە زۆر کارێکی ناسیاسیانەیان کرد. ئەو چەشنە کارانە دووبەرەکییەکی سەیر لە ڕەفتاری بەپرسانی کورددا بەدی دەکات،  لە لایەکەوە لە گەڵ داعش لە بەرەکانی و شەڕدان و ڕوژانە ڕوڵەی کورد لە پیناوی پاراستنی ئازادی و نیستمان شەهید دەکریت،  لە لایەکەیشەوە باوەشیان بو داعشێکی تر بە ناوی کۆماری ئیسلامی ئاواڵە کردووە، داعشێک کە هیچ فڕی بە ئازادی و ڕۆشەنبیرییەوە نیە، لە ئێرانێک کە هەر کەس ناوی ڕەوشەنبیری ببات یان لە سێدارە دەدرێت و یان لە زیندان سەر دەرئەهینیت، .ئەوەی بۆ من پرسیارە ئەوەیە کە ئاخۆ ڕەوشەنیری لای ئەوان چ واتایکی هەیە!!؟؟

کامڕان قازی، نووسەر و چالاکی سیاسی ڕووی ڕەخنەکەی لە حیزبەکانی خۆرهەڵات دەگرێ و لە هەڵوێستێکی جیاوازدا دەڵێ: گله‌یی من له‌ حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاته‌ نه‌ك یه‌كێتی نیشتمانی. وه‌ك ده‌بینن زیاتر له‌ دوو ده‌یە‌یه‌ كه‌ حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ باشوور نیشته‌جێن، له‌م دوو ده‌‌یه‌دا به‌ سه‌دان پێشمه‌رگه‌یان لێ تێرۆر كرا، به‌ چه‌ندین جار سه‌حراڕودی بكوژی شه‌هید قاسملو میوانداری ئه‌م حیزبانه‌ بوون، هۆڵی پێشه‌وا له‌ هه‌ولێڕ بۆته‌ سالۆنی ڕێ و ڕەسمی كۆمای ئیسلامی، حه‌شدی شه‌عبی له‌ ده‌رفه‌ت ده‌گه‌رێ بۆ لێدانی ئۆپۆزسێۆنی ئێرانی و له‌م دوایانه‌شدا رێ و ره‌سمی ٢٢ ڕێبه‌ندان و ئالبۆمی وێنەی یادگاری لە‌گه‌ڵ دوژمنانی ئێمه‌. بێ گومان ئه‌وانه‌ هه‌موو شه‌ڕی دەروونین و هۆی پێكهاتنی ئه‌م ئاتمسفره‌ ناساخه،‌ حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتن كه‌ بەردەوام‌ له‌ پاشه‌كشه‌ی سەربازی و دیپلۆماسیدان. ئه‌و بێڕێزیانه‌ تەنیا حیزب یان چه‌ند حیزبێک ناگرێته‌وه‌ به‌ڵكو بێڕێزییه‌ به‌ هه‌موو خه‌ڵكی ڕۆژههڵات زۆرم گوتووه‌ و كه‌میان بیستوه‌ به‌ڵام ته‌نیا ڕێگای ڕزگاری خۆ هه‌ڵقه‌ندن له‌ قوڵایی خاكی باشووره‌ و هەبوونی مه‌ترسی سەرلەنوێیە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، سه‌خته‌ ناخۆشه‌ به‌ڵام پێویسته‌.

سیرووس ڕەئووفی یەکێکی تر لەو چالاکانەی خۆرهەڵاتی کوردستانە کە لەو بارەوە هەڵوێستی خۆی بە ڕۆژی کورد ڕاگەیاند: کردنەوەی مەڵبه ندي ڕۆشنبيریی خومەينی له شاری كەركووكی دڵی کوردستان،  پشت كردنه به هەموو هێما و پرنسيبەكاني گەلی كورد كه به سەدان ساڵه دژ بە داگيركەرانی كوردستان له هەموو بەشەكانيدا خەبات دەكەن و له پێناو ئازادی و سەربەخۆیی كوردستاندا به هه زان شەهيديان داوه.

سەید خدر میرسەییدی چالاکی سیاسی خۆرهەڵاتی بەو شێوەیە ڕای خۆی لەو بارەوە بۆ ڕۆژی کورد دەربڕی: جێێ داخە مەیداندان بەدەسەلاتی ئیسلامی ئێران وەک کۆنەپەرستترین دەسەڵاتی سەردەم و دوژمنی سەرەکی نەتەوەی کورد، لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە! من ئەو کردەوەیە وەک خەیانەت بە خوێنی هەزاران مامە ڕیشەی باشوور و ڕۆژهەلاتی کوردستان دەبینم. کۆماری سێدارەی ئێران ئەگەر بەرژەوەندی کوردی لەبەر چاو با، دژ بەگەڵی کوردی ڕۆژهەلاتی کوردستان، پەرەی بە دوژمنکاری و ئەنفالی سپی و درێژتر کردنەوەی شەڕێکی خوێناوی ٣٥ ساڵە لەو بەشەی کوردستان نەدەدا ! بە داخەوە ئەو دڵسۆزییەی بە ڕواڵەت بۆ کوردی باشووری دەکا لە خۆشەویستی عەلی نیە و لە بوغزی عومەرە !

تاهیر حەسەنی، چالاکی سیاسی لە بابەتەکەی خۆیدا کە بۆ ڕۆژی کوردی ناردووە ڕووی گلەیی و ڕەخنە لە خەڵکی باشووری کوردستان دەکات و دەڵێ: زۆر لایەن و حیزب بەگشتی لە سەرانسەی جیهان، ئەگەر هەڵەیکی سیاسی دەکەن دوای ماویەکی چاوێک بە هەڵەکانیاندا دەخشێننەوە دان بەهەڵەکەی خۆیان دادێنن و زۆر جاریش داوای لێبوردن لەخەڵک و کومەڵگا دەکەن بەڵام ئەوەی کە ئیستا جێگای سەرنج و تێڕامانە، حیزبەکان باشووری کوردستانن کە زۆر جار دەرحەق بەگەلی کورد ئەوندەیان هەڵە کردووە کە ناتواندرێت چی تر ناوی هەڵەی لێ بندرێت و دەچتە چوارچێوەی خیانەتێکی زۆر گەورەی نەتەوەییەوە کە هیچ پاساوێک هەڵناگرێ بەڵام ئەوە جێگای داخە کە تا ئیستا و تەنانەت بۆ یەک جاریش دانیان بەهەڵەکانیاندا نەناوە و رۆژ بەرۆژیش خیانەتی گەورەتر دەرحەق بە گەلی کورد دەکەن و  ئەوە جێگای داخە بە گشتی بۆ خەڵکی باشووری کوردستان و بەتایبەتی ڕۆشنبیرانیان و مامۆستایان و بازاڕیان کە تا ئێستاش هیچ هەڵوێستێکی ئەوتۆیان دەرحەق بە سیاسەتی هەڵەی حیزبەکانیان نەگرتووە و هەر ئەو قەیرانە کەئیستا داوێنی خۆیانی گرتۆتەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەو بێدەنگی کۆمەڵگای باشووری کوردستان. لێرەدا جێگای خۆیەتی داوا لەخەڵکی کوردستان بکەین کە بەنیسبەت  سیاسەتی  هەڵەی ئەو حیزبانە هەلویستیکی توندو قایم بگرن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە حیزبەکان ئیزن بە خۆیان نەدەن لە جێگایکی کە بەدڵی کوردستان ناسراوە، شوینکی بە ناوی کەسێک بکرێت کە دەستووری جەهاد ی بە دژی کورد دا ودەستی بە خۆێنی هەزاران لاوی کورد سوور بووە. بەڕاستی ئەگەر لە خۆرهەڵاتێکی ئازاددا و لە ژێر هەر پاساوێکدا شوێنێک بکرێتەوە بە ناوی سەددام حوسێن کە دەستی بە خوێنی کورد شەڵاڵ بوو و دیاری زەنگینی بۆ کورد، ئەنفال بوو، کوردی باشوور چۆنمان ناو دەنێن و چی دەڵێن؟ کوردی خۆرهەڵات لە کاتێکدا ئەو هەڵویستە دژە کوردانەیە لە حیزبەکانی باشووری کوردستان دەبینێ کە چاوەڕوانی ڕفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆییان لێدەکات بەڵام کوردی باشوور نە تەنیا لە هەمبەر سیاسەتە هەڵەکانی ئێران ڕاناوەستێ بەڵکە لە خاکی خۆشیدا نکوڵی لە ئاڵای خۆی دەکات و لەبەر دڵی ئێران داینانێت، ئیتر هیچی تێدا نامێنێ.

فەرزانە ڕەزەوی، ژنە چالاکوانی سیاسی خۆرهەڵاتیش لە هەمبەر ئەو کردەوە نانیشتمانییە هاتە دەنگ و دەڵێ: مافیای کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ مەبەستە گڵاوەکانی خۆی پێویستی بە کەسانی خایینی ناو نەیارانی خۆی هەیە کە بەداخەوە لە مێژووی کورددا ئەو خائینە خۆماڵییانە کەم نەبوون. یەکێتی نیشتمانی لە باشوور بەبێ لەبەر چاوگرتنی بەرژەوەندی نەتەوەیی گەلی کورد و تەنیا لە پێناو بەرژەوەندییە حیزبییەکانی خۆی هەر قەدەرە و جارێک دەست دەکات بە مانۆڕدانی خیانەت لەگەڵ قێزەونترن و خوێن ڕژترین دوژمنی کورد واتا کۆماری سێدارە.  من وەک خۆم ئەو کردەوە ناکوردانەیە کە جۆرێک بێ ڕێزییە بە کەرامەتی کورد و کەرکووک، مەحکووم دەکەم دڵنیشام ڕۆژێک دێت کە بکەونە بەر دادگای خوێنی ڕژاوی شەهیدان و ڕۆڵەکانی داهاتووی گەلەکەمان.

قادرخەندەڕەش، چالاکێکی تری سیاسی خۆرهەڵاتی کوردستان، دژ بە کردنەوەی مەڵبەندی ڕۆشنبیری خومەینی لە کەرکووک، هەڵویستی خۆی دەربڕی و دەڵێ: دامەزراندنی مەڵبەندی بەنێو ڕۆشەنبیری خومەینی، نیشانەی بێ ئیرادەیی و باوەڕ بەخۆ نەبون و تەسلیم بوونی باشورە بە دەسەڵاتی دەرەکی و بە تایبەتیش داگیرکەران. هێزەکانی باشوور لە ڕابردودا نیشانیانداوە کە لەپێناو شکاندن و لاوازکردنی یەکتر و هەرهێزێکی دیکەی کوریدا نەک هەر پەنا بۆ ئێران و تورکیا دەبەن، بەڵکو گشت شەرت و مەرجەکانی دوژمنە قەستەرەکەشیان قەبووڵە ئەگەر بەسەریاندا بسەپێنن.

 هەڵمەت مەعرووفی، مامۆستای پێشووی زانکۆ، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی هەڵوێستی خۆی بەو شێوەیە باس دەکات: لە ڕاستیدا ئەو چەشنە کردەوە نانەتەوەیی و نابەرپرسیارانە کە لە سەردەمێکی زۆر ناسک لە بزووتنەوەی کورددا دێنە ئاراوە، هێندە زۆر و زەوەندن کە هێدی هێدی لە باشووردا بوونە نەریتێکی قێزەون و ئاشکرای سیاسی لە ناو حیزبەکانی باشووردا، لە راخستنی فەڕشی سوور بۆ بکوژی و تیرۆریستی ڕێبەرانمانەوە بگرە تا نامەی دڵدارییانەی سیاسییەکان و تا ساز کردنی حەشدی شەعیبی و …تاد، حیزبەکانی باشوور لە ململانێ سیاسییەکانی خۆیاندا کە نەریتێکی بۆماوەییە و لە کۆنەوە بۆیان ماوەتەوە، کاریان کێشاویەتە جێگایەک کە ئیتر نانی خەڵکی خۆیان دەبڕن و دەیکەنە قوربانیی ململانێی سیاسی و حیزبی، کەواتە دەبێ واز لەوان بێنین، بەڵام بۆ من دوو بابەتی تر جێگای سەرنجە ئەویش بێدەنگی قووڵی باشوور و ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایەکانێتی کە بە دەگمەن کەسێکیان دەنگ هەڵدەبڕێ و کە دەنگیشی هەڵبڕی سەدان ناو و نەتۆری لەسەر دادەنێن کە پیویست ناکا ئاماژە بە کەسیان بکەم. لەو سەیر و سەمەرەتر و جێگای پرسیارتر، حیزبەکانی خۆمانن، ئەو حیزبانەی ئێمە بە چ هیوایەک و بە چ دووربینی و لێکدانەوەیەک، درێژە بە مانەوەی سیاسی خۆیان لە باشوور دەدەن، بەڕاستی یانی گریمانەی ئەوە نادەن کە کارەساتی دڵتەزێنی دەروازەی کۆیە و هەیبە سووڵتان دووبارە بێتەوە؟ بۆیە کاتی ئەوە هاتووە قۆناغی باشوور تێپەرێندرێ. حیزبە خۆرهەڵاتییەکان پیویستیان بە کۆچێک هەیە، کۆچ بۆ مەڵبەنێک کە تێێدا هەم هێز بن و هەم سامی سیاسیان هەبێ، ئێمە کوردی خۆرهەڵات کە دۆستەکانمان ئێستا دۆست و پەنای باشوورن، ئیتر هیچ دۆستێکمان نییە، چیاکانمان نەبن، دڵنیاشتان دەکەمەوە ئەو هەڵوێستەی یەکێتی لە هەر کام لە حیزبەکانی تری باشووردا بوونی هەیە و دیتراوە و دووبارەش دەبێتەوە. پێویستە ڕاستی قەبووڵ بکەین، ئەوە ڕاستی تاڵ و تفتی کۆمەڵگای باشوورە و حاڵی شپڕێوی ئێمە، لەم دەوەرە قاسم سلێمانییەکان، ئەسپی خۆیان لینگ دەدەن بۆیەش دۆئێل کردن بۆ کوردی خۆرهەڵات لەوێ مەترسیدارە.

ڕەسووڵ سوڵتانی، شاعیر، تەنزنووس و ڕۆژنامەنووسی خۆرهەڵاتی کوردستان، بە شێوەیەکی تر ڕوانگەی خۆی دەردەخات کە جێگای سەرنجی و بەو شێوەی خوارەوەیە:

برادەرێكم بە دڵێكی پڕەوە تەلەفۆنی كرد و گوتی: دكتۆر نەجمەدین كەریم سەنتەری رۆشنبیریی خومەینیی كردووەتەوە لە شاری كەركووك…
گوتم: دەی جا چ بووە؟ با بیكەنەوە. ئەوان خۆ ماڵیان بەش نەكردووە لەگەڵ خومەینی…
گوتی: ئاخر چۆن دەبێ؟
گوتم: كاكە بە تۆ چی؟ كەركووك هیی خۆیان نییە؟ ئەو خۆی پارێزگاری ئەو شارە نییە؟ تۆ لە كەركووك چ كارەی؟ بۆ وا دەكەی؟
گوتی: ئەی خۆشە ئێمە لە داهاتوودا سەنتەرێك بەناوی سەدام حوسێن و عەلی كیمیایی لە شارەكانی رۆژهەڵات بكەینەوە؟
گوتم: ئاخر ئێمە شتی وا ناكەین دەزانی بۆ؟
چونكە: رێز لە خوێنی شەهیدان و بنەماڵەی شەهیدانی هەر چوارپارچەی كوردستان دەگرین، بەتایبەتی باشوور…
دووەم: ئێمە سیاسەتمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی میللەتی كورد و نیشتمانەكەمان داڕشتووە و دایدەڕێژین..
ئێمە میللەت و نیشتمانی خۆمانمان خۆش دەوێ.
بۆیە:
هەرگیز رێز لە داگیركەرانی كوردستان ناگرین و زوڵم و بێدادیی ئەوانمان لە بیر ناچێتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌