پ.ک.ک پشتیوانیی خۆی لە گشت پرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاند

0
1019

پشتیوانیی وڵات و لایەنە جیاجیاکان لەگەڵ ئەنجام دانی گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور، تا دێت پەرە دەستێنێ. جەمیل بایەک، هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان KCKـش پشتیوانیی خۆی لەو بارەوە ڕاگەیاند.

ڕۆژی کورد: جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشووری بە مافێكی ڕه‌وای دیموكراسی پێناسە کرد و دەشڵێ‌ “نابێت هیچ کەسێک دژایەتی بکات”.

جەمیل بایك لەمەڕ گشتپرسیی كوردستانی باشوور بۆ سه‌ربه‌خۆیی ڕایگه‌یاندووە: “گشتپرسی مافێكی ڕه‌وای دیموكراسییه‌ و له‌ ئه‌نجامی گوشاری سیاسی نێوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوە، بۆیە نابێت هیچ لایه‌نێك دژایه‌تی بكات”.

 بایەک هەروەها باسی لە پێویستیی دەستەبەرکردنی پشتیوانیی هەمەلایەنە‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆی کوردستان کردووە و دەشڵێ “دەبێ كێشه‌ نێوخۆییه‌كان چاره‌سه‌ربكرێن، ئه‌گەرنا گشتپرسییه‌كه‌ سه‌رناگرێ و سه‌رناكه‌وێت.”

دوای ئەوەی کە ماوەیەک لەمەوبەر هەندێک وێنە لەمەڕ هاوکاریی حەشدی شەعبی و هێزەکانی پەکەکە لە شنگاڵ بڵاو بۆوە، بایەک لەو بارەشەوە دوا و “ڕه‌تیكردەوە په‌كه‌كه‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هێنابێته‌ شنگال و ده‌وروبه‌ری.”

لە هەمان کاتدا، بایەک شەڕی حەشدی شەعبی بە ڕەوا زانی و گوتی: “حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی دیكه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ عێراق و سووریا شەڕدەکەن، بۆیە كارێكی ڕه‌وایه‌‌ ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن.”

 بایەک لەمەڕ چارەسەریی کێشەی کورد گوتی: “چاره‌سه‌ری له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئاستانه‌ و جنێف نییه‌، به‌ڵكو خاڵی چاره‌سه‌ر دوای ئازادكردنی ره‌ققه‌ ده‌ستپێده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات به‌سه‌رۆكایه‌تی كورد بەتەواوی كۆنترۆڵی ده‌كات.”

لەمەڕ کاریگەریی کورد لە هاوکێشە ناوخۆییەکان، بایەک گوتی: “كورد خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ته‌واوی چاره‌سه‌ره‌كان ده‌بێت و بێ كورد كێشه‌كه‌ هه‌رگیز چاره‌سه‌ر نابێت و بە دوورخستنه‌وه‌ی توركیا له‌ ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ره‌ققه‌، له‌ سیاسه‌تی نوێی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستیش دوورده‌خرێته‌وه‌ و چیدی ئه‌ردۆغان هه‌ژموونی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا نامێنێت‌.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت