پ ک ک لە یەک خەبات و یەک وڵاتەوە بۆ نکوڵی کردن لە دەوڵەتی کوردی/ شرۆڤەی ڕۆژی کورد لەسەر قسەکانی جەمیل بایەک

0
912

مانگی ڕەشەمەی ١٣٧٧ی هەتاوی، شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی مهاباد، ئورمیە و سنە، جمەیان دەهات، خەڵکانی ناڕازی لە هەمبەر دەستبەسەرکرانی ڕێبەرێکی کورد کە تازە ناوی دەکەوتە سەر زاران و کەمتر کەس دەیانزانی کێیە و داخوازی چیە، ڕژابوونە سەر شەقامەکان.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان کە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٧٧ی هەتاوی دەستبەسەر کرابوو، خەڵکی نەتەوەیی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ ئازادبوونی و دژ بەو کردارەی دەوڵەتی تورک هاتبوونە سەر شەقامەکان، خەڵکانێکی زۆریش دواتر بە گۆڕانی دروشمەکان دەستبەسەر کران، چەند کەس لە سنە و ئورمیە شەهید بوون و چەندین کەسیش ناچار بە ڕاکردن بۆ دەرەوەی وڵات بوون.

خەڵک درووشمگەلێکیان دەگوتەوە کە ئەو کات کەمتر کەس واتاکەی دەزانین: “باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات، یەک خەبات و یەک وڵات، ئاپۆ سەرۆکی وڵات”. درووشمگەلێک کە تا بە ئەمڕۆ نە تەنیا گۆڕانکاریی نەرێنی بەسەر بەشی سەرەکییاندا هاتووە، بەڵکوو پارتی کرێکارانی کوردستان، بە ڕاشکاوانە بەرهەڵستی ئەو درووشمە و کەسانی خوازیاریشی دەبێتەوە “باکوور باشوور ڕۆژهەڵات، یەک وەڵات”.

قسەکانی جەمیل بایەک لە وتووێژ بۆ ماڵپەڕی wino یەکەم جار نین کە لە زاری بەرپرسانی سەرەکیی ئەو پارتە بڵاو دەبنەوە، بەڵکوو جیا لە دیمانە و لێدوان، پارتی کرێکارانی کوردستان لە سیاسەتە سەرەکیی و کردەییەکانی خۆیدا ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە ئەوان بە دوای دەسەڵاتی کوردیدا نین و بگرە دەوڵەتێکی نەتەوەیی کوردی بە هەڕەشە بۆ سەر ئەو شتە کە ئەوان ناوی دەنێن مرۆڤایەتی، دەزانن و ئامادەن بە هەموو چەشنێک لە هەمبەری بوێستنەوە هەروەک تا ئێستا وێستاونەوە.

جەمیل بایەک لەو دیمانەی خۆیدا دەڵێ: “تورکیە سیاسەتی تواندنەوە بە دژی کوردەکان، پەیرەو دەکات، ژینوسایدێکی کەلتووری و لەودواییانەشدا جەستەیی. پەکەکە بزووتنەوەیەکە بە ئامانجی خۆڕاگری لە هەمبەر ئەو سیاسەتە و بەرگری لە کوردەکان و مرۆڤانی تر لە هەمبەر ئەو سیاسەتەدا.

بایەک، لە حاڵێکدا هەموو خەباتی پ ک ک بە تورکیەوە دەبەستێتەوە کە هەر ئێستاش بۆ سەرجەم پارچەکانی تری کوردستان پارت ولق و پۆپیان خستۆتە گەڕ و لە کوردستانی ڕۆژئاوا پێشیان بە سەرجەم حیزبەکانی تر گرتووە و خەباتیان قۆرغ کردووە و ئاڵای بەشار ئەسەد لە عەفرین و عاموودا و قامیشلی بەرزە ئەوە جیا لەوەی سەدان گەنجی پارچەکانی تر و بەتایبەتی گەنجانی کوردستانی خۆرهەڵات بە نیازی یەک کوردستانی یەکگرتوو و یەکپارچە لە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا شەهید و کەم ئەندام و شوێن بزر بوون، گەنجانێک کە تەنیاوتەنیا وەدوای خەباتێکی نەتەوەیی و یەک کوردستانی سەربەخۆدا چوون. کوردستانێکی سەربەخۆ کە پێشتر پ ک ک، کۆماری سووری سەربەخۆی کوردەکانی قەفقازی تەنیا بە ٤ ملیۆن دۆلار فرۆشتبوو.

بایەک هەروەها دەڵێ: “مەبەستی پ ک ک لەو کارەی، پێکهێنانی وڵاتێکی نوێ نیە، نامانهەوێ سنوورەکان بگۆڕن و نە ئەوەی کە وڵاتی خەڵکانی تریش داگیر بکەین. ئێمە گەرەکمانە کوردەکان لە وڵاتی خۆیاندا بژین، ئازادیی ڕادەربڕینیان هەبێ و بەپێی شوناسی خۆیان، نەریتەکانی خۆیان ڕێک بخەن و بەڕێوە ببەن. هەر ئەوەشمان بۆ هەموو خەڵکانی تری ناوچەش دەوێت”.

دواتر بایەک، باڵ دەکشێنێتە سەر چەمکی “براتیا گەلان”، برایەتییەک کە تەنیا لە خەیاڵاتی پ ک ک ـەوە سەرچاوە دەگرێ و تێیدا کورد قوربانییە، تیرۆریستە، بێ وڵاتە، زمانی قۆرغە و …تاد. بایەک دەڵێ: “پ ک ک بڕوای وایە کە گۆڕانکاری لە ناوچە، تەنیا لە ڕێگای بەهێز کردنی خەبات بۆ ئازادیی ژنان و “نەتەوەی دێموکراتیک” دەتوانێ بگاتە ئامانج، ئەو دوو شتە بۆ ئێمە کۆڵەکەی سازکردنی ڕۆشنگەری لە خۆرهەڵاتێکی ناڤینی نوێ دایە”.

ئازایی ژنان، چەمکێک کە لەوەتا مێژووی بزاڤی چەپ هەیە، کەڵکاژۆی لێ وەرگرتووە، بە ناوی ئازادیی ژنان، ئازادیی بچوکترین مافی لە ژنان ئەستاندۆتەوە، مافی خۆشەویستی، ژیانی هاوبەش، بڕیاردان لەسەر ژنانە ژیان و …تاد.

بایەک، ئەمجار باس لە چەمکی “نەتەوەی دێموکراتیک” دەکات و دەڵێ: “نەتەوەی دێموکراتیک ڕێک ئەوەیە کە باسی دەکەم، وڵاتێکی سەربەخۆ کە نکوڵی لە مافی هیچ خەڵکانێک نەکات. نەتەوەی دێموکراتیک بە واتایخستنە گەڕی نەتەوەیەکی جیا بۆ کوردەکان نیە بەڵکوو بە واتای بەکارهێنانی هزرگەلێکی وەک ئازادی، دێموکراسی، برایەتی و بەرابەری لە ناو نەتەوەکان دایە. پ ک ک ئەوەی کە بۆ کوردەکانی دەوێ، بۆ خەڵکانی تریشی دەوێ”.

ئەو وتانەی بایەک، ڕێک بە واتای تواندنەوەی نەتەوەی کورد و لێ ئەستاندنەوەی مافی نەتەوە بوونە، ڕازی بوون بە ئۆتۆنۆمی ـیە کە چەمکێکی نزمتر لە خودموختاریشە کە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ئێران لەلایەن حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەوە بۆ کوردستانی خۆرهەڵات باسی لێوە دەکراو بەو هۆیە لە لایەن پ ک ک ـەوە بە خیانەتکار دەناسران، هەمان پ ک ک ـەی کە شەڕی کوردانی باشووری بە هۆی ڕازی بوون بە فیدراڵی خستە گەڕ و شەهید بوونی هەزاران کەسی لە هەر سێ لایە پ ک ک و پارتی و یەکێتی، لێکەوتەوە تەنیا بەو هۆیە کە پ ک ک ڕازی بوون بە فیدراڵی بە خیانەتێکی نەتەوەیی دەزانی!!!!

جەمیل بایەک وەک هاوسەرۆک و سەرۆکی سەرەکیی پ ک ک ـە، کە خۆی نکوڵی لە پەیوەندیی چڕی لەگەڵ ئێران نەکردووە و لە پەرتووکەکەی خۆیدا بە باشی باسی لە سەردانە جیاجیاکانی خۆی بۆ ئێران و بەتایبەتی تاران دەکات و ئێرانیش بە دژی کورد نازانێ و بە گوێرەی قسەکانی مورات قارائیلان، شەڕی چەکداری لەگەڵ ئێرانیش ئێستا پیویست نیە و دەبێ خەباتی فەرهەنگی بکرێ و پێشتریش لە دوو ساڵی رابردوودا پێشیان بە چوونەوەی پێشمەرگەکانی حدکا بۆ ناوخۆ گرتووە کە شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی ئەو حیزبە بە ناوی قادر کەریمی، لێکەوتەوە، ئێستاش وەک ئەوەی کە هەر بروایان وابێ کە ئێران وڵاتێکی دێموکراتیکە، لە دیمانەکەی خۆیدا هەڵدەکوتێتە سەر عەرەبستان، هەروەک پێشتریش حدکایان بە پشت بەستن بە سعودیە تاوانبار کردووە و دەڵێ: “تورکیە بە پشتیوانیی عەرەبستانی سعودی و قەتەر و بەکارهێنانی داحش، دەیهەوێ، دەسەڵاتی عوسمانیی نوێی خۆی دامەزرێنێ”.

پێدەچێ بەرێز بایەک، ئاگای لە پەرەئەستاندنی دەسەڵاتی ئێران لە رێگای حیزبووڵا و حوسی و حەشی شەعبییەکانەوە لە سووریە و ئێراق و ئۆردۆن و …تاد نەبێ یان ئەوەتا بە هۆی شیعەبوونەوە نەک نایبینێ بەڵکوو بە پێویستی دەزانێ، هەروەک زانیاریی چڕ باس لە هاوکاریی چڕ و پڕی نێوان پەکەکە و ئێران و ئەسەد لە حەلەب و شار و شەڕەکانی تر لە سووریە بۆ بەرگریی ئەسەد دەکەن، هەمان هۆکار کە زۆربەی وڵاتانی جیهانی لە ئاریکاریی ی پ گ، دڕدۆنگ کردووە.

جەمیل بایەک، ئەمجارە بە ڕاشکاوانە بە دژی کوردستانی سەربەخۆ هەڵویست دەگرێ، کوردستانێک کە پێشتر بۆ سەرنەگرتنی دەستیان کردووە بە بەستێن خوڵقاندن و هەر واتا و بابەتێک کە بتوانێ هەستی یەکگرتوویی و هاوبەش و نەتەوەیی لە نێوان کوردەکان پەرە پێبدات یان سڕیویانەتەوە یان کردوویانە بە دوو  و سێ، وەک ئاڵا، زمانی یەکگرتوو و …تاد، وەک بە کورد نەزانینی ئێزیدی، یارسان و هەورامی و ….تاد. بایەک دەڵێ: “ئامانجی ئێمە لە ئێستادا دانانی کوردستانێکی سەربەخۆ نیە، ئەگەر کوردەکان لە هەر بەشێک لە کوردستان، ئیزنی هەبوونی مافی دێموکراتیکی خۆیان هەبێ، ئەوا پرسی کوردەکان چارەسەر دەبێ”.

ئەو بەشە لە قسەکانی جەمیل بایەک، زیاتر لە هەمووی جێگای سەرسووڕمانە، قسەگەلێکی کە ساڵانە چالاکانی سیاسیی کورد لە خۆرهەڵات باسی دەکەن و هەر بەو پێیەش دانانی حیزب و لق بۆ پارچەکانی تر بە خیانەت دەزانن. بایەک دەڵێ: “کۆمەڵگا جیاجیاکانی کوردەکان، تایبەتمەندیی تایبەت بە خۆیان هەیە، چارەسەریی کێشەی کورد لە هەر وڵاتێک لە ڕێگای دێموکراتیکەوە دەگاتە چارەسەری کۆتایی پرسی کورد”.

جەمیل بایەک وەک ئەوەی هیچ بەرپرسیارەتییەکی لە هەمبەر خوێنی ڕژاو و جەستەی سەقەت بووی هەزاران گریلای خۆی نەبێ، وەک ئاپۆ لە کاتی دەستبەسەربوونیدا نەیبوو، دەڵێ: “ئێمە چی تر بۆ سازبوونی کوردستانێکی سەربەخۆ شەڕ ناکەین، سنوورەکان  خەریکە واتای خۆیان لە دەست دەدەن، یەکێتیی ئوروپا، جۆرێکە لە یەکگرتوویی دەوڵەتەکان کە تێیدا سنوورەکان واتای پێشووی خۆیان لە دەست داوە”.

پێدەچێ بەرێز بایەک نەزانێ، لە ئوروپاش سنوورەکان واتای خۆیان هەیە و بریتانیاش هەر چەند ساڵ جارێ لەو یەکگرتووییە دێتە دەر و ئەو ڕێکەوتنە دەتوانێ هەتاهەتایی نەبێ و زیاتر ئابوورییە تا سیاسی.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت