پەیوەندیی نێوان تورکیە و یونان دوای ٦٥ ساڵ و سەردانی ئەردۆغان بۆ یونان

0
721

ڕۆژی کورد: ڕۆژی پێنج شەمە، ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٦ هەتاوی، ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیە، دوای ٦٥ ساڵ لە ساردیی پەیوەندیی نێوان یونان و تورکیە، سەردانی یونانی کرد، بەڵام لە قسەکانیانڕا بە تەواوی دەردەکەوێ کە هیچ ئاڵوگۆڕیەک لە پەیوەندیی نێوان ئەو دوو ئەندامەی ناتۆدا، پێش بینی ناکرێ و بەدی ناکرێ.

ئەردۆغان لە لێدوانەکەیدا باسی لە دوو بابەتی سەرەکی کرد کە تا ئێستاش هۆکاری گرژیی نێوان تورکیە و یونانن.

یەک: پەیمانی لۆزان

دوو: مسوڵمانەکان لە یونان

ئەردۆغان گوتی، بەشێک لە ڕێکەوتنی لۆزان کە ماف و پشکی نێوان تورکیە و دراوسێکانی دەست نیشان دەکا، لێڵ و ناڕوونە و بە پەیمان و ڕێکەوتنێکی نادادوەرانەی پێناسە کرد،

پاوۆلۆپۆلۆس، سەرۆ کۆماری یونانیش گوتی: پەیمانی لۆزان هیچ کێشەیەکی نیە و پێویست بە پێداچوونەوە و گۆڕانکاری نیە.

ئەردۆغان، هەروەها باسی لە مسوڵمانەکانی یونان کرد کە تورکن.

ئەردۆغان گوتی، پاراستن و بەرگری کردن لە مافی ئەو تورکە مسوڵمانانە کە لە سنوورەکانی تورکیەش نزیکن و هاوسنوورین، لە ڕیزبەندیی یەکەمی تورکیە دایە.

سەرۆک کۆماری تورکیە گوتی، مسوڵمانانی تورکی یونان، ناتوانن موفتی و ڕێبەری ئایینی خۆیان هەڵبژێرن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە مەسیحیەکان لە تورکیە بۆ هەموو شت ئازادن.

ڕێکەوتنی لۆزان، ساڵی ١٩٢٣ واژۆ کراوە و ئێستا ئەردۆغان بە ناڕاست و هەڵە و یونان بە درووست و گونجاوی لەقەڵەم دەدەن.

پەیمانی لۆزان ٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣ لە کۆنگرەیەک لە ناوچەی لۆزان لە سویس بەسترا، مەبەست لەم کۆنگرەیە باسکردنی کێشەکانی نێوان تورکیا و یۆنان و بەستنی ڕێکەوتنێکی نوێی ئاشتی بوو لەگەڵ تورکیای کەمالی بۆ ئەوەی پەیمانی لۆزان شوێنی پەیمانی سێڤر بگرێتەوە، ئەو پەیمانەی کە نە تورکیای کەمالی و نە ھاوپەیمانان ناوەڕۆکیان جێبەجێ کردبوو، لەم کۆنگرەیەدا گەلێک بابەتی تایبەت بە کێشە ناوچەیی و سیاسیەکان و چارەسەرکردنی کێشەی موسڵ و سیستمی تەنکە دەریاییەکان و کێشەی سیستمی ئیمتیازی بێگانە و کێشە ئابووری و داراییەکانی وەک قەرزی گشتی عوسمانی و پاراستنی بەرژەوەندی ئابووریی بێگانە خرانە بەر باس و گفتوگۆ. کۆنگرەی لۆزان کە پەیمانی لۆزانی لێ کەوتەوە، زەبرێکی کاریگەری لە مەسەلەی کورد و کێشە ڕەواکەی داو نەی ھێشت ئاوات و داخوازییەکانی کورد بەپێی پەیمانی سێڤر بێتە دی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.