پەیمان حەیدەری: کوردستانی خۆرهەڵات و پلانگێڕی دیسکۆرسەکانی داگیرکەر

0
253

پێشەکی:

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دەست لە ملانە، ڕۆژئاوا خەریکی چەسپاندن و جێ بە جێ کردنی پلانەکانی خۆیەتی، خۆرهەڵاتی ناڤین خەریکە دادەڕشترێتەوە، پێدەچێ زل هێزان لە هەڵە زەقەکانی خۆیان لە لۆزان و سایکس پیکۆ گەیشتبن و بۆیە وەک منداڵێکی لاسار بە سڕەوەی شەڕ، هەڵەکانی خۆیان دەسڕنەوە، وڵاتانی داگیرکەر و هێزە گەورەکانی ناوچە و لە پاڵیاندا ئێران و تورکیە و وڵاتانی عەرەبیش بێکار و دەستەوئەژنۆ، دانەنیشتوون. حیزبەکانی کوردستانی خۆرهەڵات، چیرۆکێکی تریان هەیە، دابڕاوی لە سیاسەت و گوتار، دابڕاوی جەستەیی و جەستەی شەقار شەقار و لە هەمان کاتدا گوتارێک کە زۆرێک لە سیاسییەکان لە ئێستادا بە گونجاوی نازانن و لایان وایە دەبێ هەپوون بە هەپروون بێ و گوتارێکی تری بێتە جێ، فیدرالیزم ببێتە سەربەخۆیی.

کۆماری ئیسلامی و وەزارەتی ئیتلاعات و بنکە ئەمنییەتییەکانیش کە وەک هەزار پێ، هەزار سەرن، مات و حەیران دانەنیشتوون، ئەوان لە هەموو لایەکەوە دەخوشن و هەنگاو دەنێنن، یەکێک لە هەنگاوەکانیان، ساز کردنی کەسایەتی نیشتمانییە لە ناوخۆ، ئەمەش ئامانجی خۆی هەیە، حیزب و کەس و بەرە و کەمپەینگەلێک کە بە ناوی کوردەوە، کورد زیندە بە چاڵ دەکەن.

وتووێژی بەردەستتان، سەرەداوی هەودایەکی دوور و درێژە کە پێناچێ وا زوو ببڕێتەوە و گەلێک وتووێژی تری لێدەکەوێتەوە کە لە ئەنجامیاندا دەمامک لەسەر زۆر سیما هەڵدەدرێتەوە، لەم وتووێژەی ئێستا و وتووێژەکانی داهاتوودا، پەیمان حەیدەری، چالاک و چاوەدێری سیاسی کورد لە وڵاتی بریتانیا، بۆ ڕۆژی کورد دەدوێ. لە هەمان کاتێشدا ڕۆژی کورد ئامادەیە جێ جیاوازی و هەڵاواردن، ڕای بەرانبەریش ڕابگوازێت.

ڕۆژی کورد: هەڵبژاردن لە نێوان دوو ڕوانگەی بایکۆت و بەشداریدا کۆتایی پێهات و کەسانێک چوونە مەجلیسی کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئەوەی کە هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە ڕوانگەی سێیەمە کە لایوایە هەڵبژاردن پرسێکی کوردستانی نییە و پەیوەندی بە کوردەوە نیە، ئێوە چۆن  لەو پرسە دەڕوانن؟ بەڕای ئێوە کورد دەبێ چ هەڵوێستێکی لە هەمبەر هەڵبژاردن هەبێت؟

حەیدەری: من وەک خۆم وەک تاکێکی کورد کە کوردستانی بیر دەکەمەوەو ئەو گوتارانەی کە ئێستا بەسەر کوردستاندا زاڵن بە تێزی داگیرکەر دەزانم، لە ئەنجامدا هەر چەشنە بەشداری کردنێک لە پتەو و بەهێزتر کردنی گوتاری ئێرانییەت لە بازنە و چوارچیوەی چالاکی و هزری سیاسی مندا خۆی نابینێتەوە، کەواتە ئەگەر تاکێکی کورد وەک من بیر بکاتەوە و لە چوارچیوەی خەباتێکی نەتەوایەتی بۆ درووست کردنی دەوڵەتی کوردی تێبکۆشێ، کەوتۆتە ناو پەراوێزی پلانەکانی کۆماری ئیسلامی، جا چ بە شێوەی بەشداری و چ بە بایکۆت، لە هەر دوو شێوازدا دەتوانێ تەندووری پرۆپاگەندای هەڵبژاردن بۆ کۆماری ئیسلامی گەرم بکات و بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆماری ئیسلامی تاکی کورد بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات و هەڵبژاردن دەبێتە کێشە و خەمی تاکی کورد.

کێشەی ئێمە وەک خەباتی سیاسی دەبێ دەست نیشان بکرێت، ئێمە دەبێ بزانین کام شێوازی خەباتمان لەبەر دەستە و ڕووی گوتاری سیاسیمان لە کوردستان لە کێیە؟ تا بەم جۆرە هەنگاوی درووست بۆ پەروەردە کردنی تاکێکی ناسیۆنالیستی شۆڕشگێڕی کوردستانی هەڵبگرین.

ڕۆژی کورد: زۆربەی لایەنە کوردییەکان کە بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، دەڵێن ئێمە بووینە هۆکار کە مەشرووعیەتی کۆماری ئیسلامیان بردۆتە ژێر پرسیار بەڵام ئێو ە دەڵێن  کە ئەوانیش تەندووری هەڵبژاردنیان گەرم کردووە. دەکرێ زیاتر شی بکەنەوە چۆن ؟

حەیدەری: پێم باشە بۆ ئەوەی کە خوێنەر باشتر بزانی مەبەستی سەرەکی ئەم وتووێژە چیە، لەسەر هەندێک خاڵ ڕێک بکەوین، لە ڕاستیدا بە بڕوای من حاکیمەتی کۆماری ئیسلامی ئەو جۆرە ڕەوایی پێدان بە خۆیەی کە لە ناوخۆ و لە کوردستان و لە جیهانیشدا لێیدەگەڕێ و بە شوێنیدا وێڵە بە هۆی ئەوەیکە بۆ هەموولایەک پێکهاتەکەی ناسراوە هەر بۆیە ش ناتوانێ لەو ڕێگایەوە مەشرووعییەتێک بۆخۆی دەستەبەر بکات. کۆماری ئیسلامی پێکهاتەیەکی هەڵبژاردنی بە شێوەی بەسیجی گشتی بەکار دەبات و بە هۆی ئەو ئەهرۆمانەی کە لە دەستیدا هەن، تەندوورێکی پێ گەرم دەکاتەوە. لێرەدا باس ئەوەیە کە لە چەق بەستوویی سیستەمێکی سیاسیدا کە تێیدا خودێکان (کەسانی سەر بە خودی سیستەم)یش ناتوانن تێیدا بەشدار بن و تەنانەت نەوەی خومەینی متمانەی پێ نابەخشرێت، لێرەدا چ مەودایەک بۆ کەسانێک بە ناوی کورد دەخوڵقێ کە بتوانن تێیدا گەڵاڵەی داواکارییەکانی کوردستانیان بخەنە گەڕ و بەو درووشمەوە  تەندووری هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی گەرم و گوڕ بکەن؟ بە بڕوای من ئەمانە درێژکراوەی پرۆژەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتن کە لە ڕێگای کەسانی پەروەردەکراوی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگا ئەمنییەتییەکان و ژوورە فکرییەکانیان، بۆ کۆمەڵگای کوردییەوە ئەنجام دەدرێن کە جاشایەتی لە جلی کوردایەتییەوە دەبەنە پێش و مێتۆد و شێوازێکی دیاریکراو دەگرنە بەر، جێگای سەرنجە ئەگەر ئەحزابێک یەک تۆسقاڵ ڕەنگی کوردایەتییان پێوە دیار بێ، ئەندام و لایەنگرانیان لە ژێر کوشەندەترین و دڕندانەترین هەڕەشە و گوشارەکاندان بەڵام هەندێک کەس بە ناوی (تەرحی موتالباتی کوردی) کە پێشتر بۆ یەک دوو شەو!!! خراونەتە بەنیدخانە و دوایی کراون بە قارەمان و شۆڕشگێڕ، لەسەریان دەنووسرێت و دواتریش هەموو دەرفەتێکی حکومەتییان لە خزمەت دایە و لە ناو کۆمەڵگاش بە ناوی شۆڕشگێڕ و مافخواز دێنە بە رئاوێنە، لە ئەنجامدا ئێمە دەبێ وەکوو کەسانێکی کە دەوڵەتخواز و نەتەوەیین، نەکەوینە ئەو بازنەوە کە بە ناوی چالاکی مەدەنی لە ناوخۆی کوردستان و لە ژێر چەتری کۆماری ئیسلامیدا، تەندووری هەڵبژاردن و گەمەکانی کۆماری ئیسلامی گەرمتر دەکەن و بازنەکەی لەناو کوردستاندا، پان و بەرینتر دەکەنەوە و هزری شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگای کوردستان بەرەو ڕێگای پڕڕەنگتر کردنی گوتاری ئێرانییەت هەڵدەدێرن.

ئێمەی کورد لە ڕەوتی خەباتی خۆماندا لەگەڵ قەیرانێکی بنەڕەتی بە ناوی “تیۆریزە نەکردنی هزری دەوڵەت لە ناو کوردستاندا” ڕووبەڕووین و بۆیە لەم کێشە گەورە پێکهاتەییەدا کە ئێمە هەمانە، کەوتووینەتە داوی گوتاری ئێرانییەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا حیزبە سیاسییەکانی ئێمەش وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کەوتوونەتە ئەو داوەوە کە بیانهەوێ لە مەشرووعییەتدان یان مەشرووعییەت لێ سەندنەوەی کۆماری ئیسلامی لە هەڵبژاردندا بەشدار بن. لە ڕاستیدا ئەوەی کە ئۆپۆزیسیۆن چاوەڕوانی دەکا و گەرەکیە بە بایکۆت کردن، قەوارەی هێزی خۆی بە ڕووی کۆماری ئیسلامدا بکێشێ و نیشانی بدات، لە ڕاستدا بە شێوەیەکی کرداری نوێنەری چەشنێک بێ هیواییە لە لای ئەو حیزبانە کە لە نستی خۆیاندا و لە خەیاڵدا قەوارەی لایەنگرانی خۆیان درووست دەکەن و دەیخەمڵێنن و لە هەمان کاتیشدا بە شێوەیەکی ئەرێنی تەندووری هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی گەرم دەکەن.

باس ئەوەیە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە هەموو ئامرازەکانی دەسەڵاتی وەک زەبر و زەنگ و میدیا و کۆبوونەوە و خەڵاتدان لەبەر دەستدا هەیە و تا ڕادەیەکیش مەشرووعییەتێکی جیهانی هەیە، لە بەسیج کردنی کۆمەڵگادا تا ڕادەیەک سەرکەوتوویە کە هەڵبەت ئەوەش بەو واتایە نییە کە بەشداربووانی ئەو پرۆسانە ١٠٠% لەگەڵ کۆماری ئیسلامین، بەڵام هێشتاش ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئەو بوێرییەی نییە کە قەبووڵی بکات کە ئەوە کەمینەیەکن کە بۆهەمیشە لە ناو کۆمەڵگایەکدا دەتوانن زۆرینەیەک بە شوێن خۆیاندا بکێشن و هەمیشە گوتاری باش و ڕاستگۆ لەلای کەمینەیە، ئەوەی کە ئێمە وەک هێزە سیاسییەکانی کورد، گوێگرەکانی خۆمان بۆ هێڵی سیاسی خۆمان هان بدەین و پێمان وا نەبێ کە هێزی یەکەمی کوردستانین، دەتوانین بە شێوەیەکی درووستتر و کاراتر، چالاکییە سیاسییەکانی خۆمان درێژە بدەین.

ڕۆژی کورد: چالاکانی کوردتان دابەش کرد بە دوو بەش، نەتەوەیی و ئیلیتێک کە سەر بە حکومەتن دەکرێ ڕوونتر باس بکەن، ئیلیتی سەر بە حکومەت کە دەمامکی کوردایەتیشیان لە دەم و چاوە، کێن و ئەرکیان چیە؟

حەیدەری: ئاماژەتان بە خالێکی گرنگدا، ژوورە فکرێکانی کۆماری ئیسلامی، بۆ پتەوتر کردنی گوتاری وەلایەتی فەقیهی کە درێژەدەری گوتاری ئێرانییەتە، بێکار دانەنیشتوون و بە بەردەوامی لەسەر کۆمەڵگای کوردستان کاریان کردووە، پێتان سەیر نابێ کە لەدوای ڕەوتگەلی ڕیفۆرمخوازی لە کوردستان، ئەنجومەنی جیاواز جیاواز سەر دەردێنێ و لە نێو ئەو ئەنجومەن و ئێن جی ئۆیانەدا، کۆماری ئیسلامی کەسایەتییەکانی خۆی دەدۆزێتەوە و پەروەردەیان دەکات و دەیانخوڵقێنێت. ئەو کەسانە زۆرتر کەسانێکن کە پرۆژەیەکی کورتی زیندانیان بەدواوەیە و لە چاوی گەلی کورددا دەیانکات بە قارەمان و لە هەمان کاتدا لە ژێر ڕوانگە و یاسای هێڵی دیاریکراوی سیاسی لە کوردستانەوە کە من دەتوانم بڵێم هێڵی ئاپۆچێتییەوە کار دەکەن و گوتارێک دەگشتێنن کە بە ئاشکرا و بە زەقی گوتارێک بە ناوی خۆسەری دێموکراتیک و گەیشتن بە هەندێک مافی یاسایی و سۆزدارانە بۆ کورد وەکوو، خوێند بە زمانی دایکیە و بابەتی هاوشێوە دەورووژێنن. لە ڕاستیدا پێتان سەیر نەبێت کە حیزبێک بە ناوی “حیزبی وەحدەتی میللی ئێران” کە دەنگۆکەی لە ساڵی ١٣٧٦ دەست پێدەکات و لە ساڵی ١٣٨٠دا بە شێوەی ڕەسمی تۆمار کراوە، لقێکی لێ بۆتەوە کە تەنیا لە کوردستانە و بە ناوی لقی کوردستانیی حیزبی وەحدەتی میللی کە ڕیشەیەکی دووڕوویانە لە ناو پەیرە و پرۆگرام و تەنانەت لە ناو کاناڵی تلێگرامییەکەیندا بوونی هەیە کە بە هەڵەشە نووسیویانە “حیزبی وەحدەتی میللی کوردستان”، ئەمانە خەریکن هەمان شێوازی ئاپۆچێتی لە ناو کوردستاندا دەبەنە پێش و گوتاری هەبوونی دەوڵەت ڕەد دەکەنەوە و ڕێک لە درێژە و بەردەوامی پرۆژەی ویلایەتی فەقیهی و گوتاری ئێرانییەتدا هەنگاو دەنێن، ئێمە لێرەدا لەگەڵ ئەو چەشنە کەسانە ڕووبەڕووین، ناخ و هەیی (ماهیەت) کۆماری ئیسلامی بۆ هەر کەسێک کە ئەو کۆمارە بناسێ و تێشیدا ژیابێ، شاراوە نییە و هەموو دەزانین کە هیچ ڕایەکی دژ بە خۆی بۆ تەحەموول ناکرێ، ئەویش بەتایبەت لە کوردستاندا کە تێیدا دەستی بە ڕەشەکوژی کردووە و تا ئێستاش کەسانی سەر بە ئەحزابی کوردی تەنانەت بە هۆی یەک بەیاننامەی ساکارەوە، ڕووبەڕووی سزای گەورە بوونەوە، کەواتە سەیر نییە ئەوانەی کە بۆ ماوەیەکی کورتی دوو سێ مانگی دەخرێنە زیندانەوە و دواییش دەکرێنە قارەمانێکی نەتەوەیی و تریبۆن و ڕۆژنامەکانیان دەخرێتە خزمەتەوە و ڕانتی حکومەتییان دەدرێتێ، دەتوانن وا بە ڕاشکاوی باسی مافی کورد بکەن؟. سەرنجڕاکێشە کە کەسێک کە کوردیشە و شەقامێکیشی بە ناو کراوە و دەتوانێ لە شاری سنە، هەیکەلی ژنی کوبانی درووست بکات و زۆر بە سانایی هاتووچۆی گەرمێن و کوێستانیش دەکات، لە کاتێکدا کەسێکی تر گچکەترین دەرفەتی بی ناخوڵقێ، ئەوانە هەمووی پرسیارە و جێگای سەرنجیشن و بە وتەی حوسێن پەناهی “گومانم هەیە لەو ئاوازە کە زیندانی و زیندانبان پێکەوە ورتە ورتی دەکەن”.

بە بڕوای من ئەوانە هەموویان پرۆژەگەلی درووست کراوی وەزارەتی ئیتلاعاتن کە لە جلێکی ترداخەریکن خزمەت بە گوتاری ئێرانییەتی کۆماری ئیسلامی دەکەن و ئەو جلکەش کوردایەتییە و لە ناو خەڵکی کوردیشدا دەم و چاوێکی خۆشەویستییان بۆ درووست کراوە، بەداخەوە ئەحزابی نەتەوەیی کوردیش کە ئێستا لە پەراوێزدان، لە ژێر فریوێکی گەورە بە ناوی پاراستنی کۆمەڵگای مەدەنی کوردی لە ناوخۆی کوردستاندا، هەڵوێستێکی ئەوتۆیان لە هەمبەر ئەو کەسانەدا نەگرتووە.

بە بڕوای من کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بازنەی زۆرداریی خۆی لە کوردستان خۆرهەڵاتدا بەرفراوانتر کردووە و سەرکوتێکی تووندتری هێناوەتە کایەوە، لە هەمان کاتێشدا دەرگایەکی کردەوە بۆ ئەوەی کە هێزە شۆڕشگێڕەکانی ئەو کۆمەڵگایە بتوانن دزە بکەن و بچنە دەرەوە و ئەو ڕێگایە تەنیا ڕێگایەک بوو کە خۆی لە قەندیلدا دەدیتەوە، ئەو هیزە شۆڕشگێڕ و گەنجە، پەنای دەبردە قەندیل و لە قەندیلیش هەناردەی بەشێکی تری کوردستان دەکرا، جێگایەکی نائاشنا کە تێیدا پەروەردە نەدەبوو و لەوێدا وەک زیندانییەکی ڕەبەق، شەهید دەبوو، لە هەمان کاتدا دەست کرا بە هەندێ قارەمان سازی کە هەمووی لە درێژەی هەمان گوتاردان کە دەم و چاوەکانیان بە باشی بۆ ئێمە ناسراوە، بۆیە ئێمە هیچ خەیاڵێکی تەم و مژاویمان بەرانبەر بەو کەسانە نییە و ناشڵێین کە کەسی شۆڕشگێڕ و توانا و باشیان تێدا نییە، مەبەستی ئێمە هەندێ کەسی تایبەتە کە زۆر خراونە بەر چاوان و بە میدیایی کراون و ڕانتهای دەسەڵاتیان لەبەر دەستدایە و تەنانەت توانیویانە هەم لە ڕووی ماددی و هەم میدیاییشەوە، یارمەتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەناکی هەرێم وەربگرن.

  ڕۆژی کورد: باس لە هەندێ بابەتی وەک مافی زمانی زگماکی و …هتد لە لایەن ئەو بنکە و حیزبانە کە ئاماژەتان پێدان و هەندێ چالاکی تر، بمانهەوێ یان نا دەبنە هۆکاری پەرە سەندنی هەستی نەتەوەیی، چؤنە دەوڵەت ئەو ڕیسکە قەبووڵ دەکا؟ یان چ میکانیزمێکی هەیە کە تووشی ئەو ڕیسکە و تێچووی زیاتر نەبێ؟

حەیدەری: زمان لە نەبوونی بێ کولتوور و دیسکۆرسی نەتەوایەتی، بە تاقی تەنیا ناتوانی پێناسەی شوناسێکی سەربەخۆ بکات. لە ڕوانگەی منەوە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، درێژەی دەسەڵاتی شاهەنشاهییە و گوتاری ئێرانییەتیان کردۆتە ڕێچکەی خۆیان بەڵام بە هۆی ئەوەی کە نەیانتوانیوە و ناتوانن هەستی نەتەوەیی لە ناو کورددا بکوژن و بیسڕنەوە، لە ئەنجامدا دەست دەکەن بە چنینی بەرنامەگەلی جۆراوجۆر. لێرەدا گوتارێک بەرجەستە کراوەتەوە بە ناوی گوتاری “دەوڵەت نەخوازی” ، هەمان ئەو گوفتمانەی کە ئاپۆ بەرجەستەی کردۆتەوە، ئەم گوتارە لە لایەن کۆماری ئیسلامیشەوە بە شیاو دەزاندرێ و پەسەند کراوە، هەروەها لاشم وایە ئەگەر بە وردی سەیرێکی بکەین دەبینین کە لە ژوورە فکرییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، ئەو ڕوانگەیە بە ڕاشکاوانە، نەک بۆ کۆماری ئیسلامی هەڕەشە نییە بەڵکو دەرفەتێکی باشیشە کە لە ڕێگای ئازاد کردنی سەرجەم وزە و توانای کۆمەڵگای کوردی لە پشت ئەو هێڵە فکرییە کە هیچ هەڕەشەیەکی بۆ ئەوان نییە و گوتارێکی بێ زەڕ و زیانە و ئەگەر لە کۆمەڵگای کوردستاندا جێ بە جێ بکرێت، بۆ هەتاهەتایە کوردایەتی و ئازایەتی کورد بە دەستی خۆی لە خۆی دەستێندرێتەوە و وڵات بە داگیرکراوییەکی ئەرخەیان لە ژێر دەستی دەسەڵاتە ناوەندییەکاندا دەمێنێتەوە و ئەوە ئامانجی سەرەکی کۆماری ئیسلامییە کە ئەمجارە بە دەستی کورد و بە ناوی کوردایەتییەوە، کورد لە قەفەسێکی هەتاهەتایی دەهاوێت و هەر چەشنە ڕوانگەیەکی ئازادیخوازانە و سەربەخۆیی خوازانە دەخنکێنێت، ئەوە ئامانجی سەرەکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

ڕۆژی کورد: پێتان وا نیە ئەو بۆچوونەی ئێوە جۆرێک هێرشە بۆ سەرچالاکی مەدەنی و دەستکەوتەکانی؟ یان ئەوەتا بە جۆرێکی تر دەتانهەوێ چالاکانی مەدەنی ڕەسەن و ناڕەسەن لێک جیا بکەنەوە؟ بە گشتی ڕاتان لەسەر چالاکانی مەدەنی چیە لە ناوخۆ؟

حەیدەری:  بە پێچەوانە من پێموایە کە بە هەڵکەوت ئەوە قسەی ناو ناخی زۆرێک لە شۆڕشگێڕانی ناو خودی کۆمەڵگای کوردییە کە ئەمڕۆ سێبەر و چەتری هەندێک ناو بە ناوی کوردایەتی و لە ناوخۆی کوردستانەوە، قورساییان بەسەردا دەکات و خۆیان بەسەریاندا سەپاندووە، ئەوان بە باشی دەزانن و تێگەیشتوون کە هەر کام لەمانە، بۆخۆیان پرۆسەیەکن کە بە دڵنیاییەوە سەر بە ڕەوتێکی ئەو حکومەتەن و لە ڕوانگەیەکی تایبەتەوە هەڵقووڵاون، لە ئەنجامدا دۆخی سەرەڕۆیانەی بەسەر چالاکان و دڵسۆزانی ڕاستەقینەی وڵات  لە کوردستاندا و بە گشتی بەسەر ئێراندا کە وایکردووە دەنگی چالاکوانانی ڕەسەن بە هیچ شوێنێک ناگات و بە سانایی سەرکووت دەکرێن و لە ناو دەبردرێن، کارێکی ئاساییە ئێمە ببینە دەنگی ئەوان و لاشموایە قسەی دڵی هەموویانە کە لە زاری منەوە دێنە دەر. من لاموایە ئەو کەسەی کە نەتوانێت لە ناو ئەم دۆخەدا پاقژ و پیس لێک هەڵباوێرێت و نەزانێت کە کاراکتەری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە بە ڕووحێکی کوردانە و ئازایانەوە لە ناو گۆڕەپانەکەدان و بەرگری لە ناسنامەی تاک و کۆی خۆیان دەکەن، دەتوانن بە باشی لەوە تێبگەن کە کێ چالاکوانی ڕەسەنە و کێ پرۆژەی بنکەیەکی دیاریکراوی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە.

ئێمە بەڕاستی لە پیلانێکی ئاڵۆزی گڵاوا تێوەگلاوین، ئەگەر بنواڕن ئێمە دەگەینەوە سەر خاڵی یەکەم کە باسم کرد واتا تیۆریزە نەبوونی ناسیۆنالیزمی کوردی و درووست نەبوونی واتایەکی سیاسی لە چەمکی ناسیۆنالیزمی کوردی کە خەڵکی کوردستانی تووشی سەرلێشێواوی کردووە، سەرنج بدەن، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، بازنەی سەرکووت لە کوردستانی ئێمە زیاتر دەبێت و بەرینتر دەبێت بەڵام لەو کاتەدا خەڵکی کوردستانی خۆرهەڵات دەبی بۆ کوبانی بێنە دەر و ڕێپێوان بکەن، ئەمە هەڵگری دوو پەیامە. یەکەم: کۆماری ئیسلامی کێشەی کوردی نییە، لە ئەنجامدا لە ناو کۆمەڵگای خۆیدا ئازادی داوە بە تاکی کورد کە هاوسۆزی بۆ کوردی پارچەکانی تر بکات، لە کاتێکدا ئێمە ئەمڕۆ دەزانین پاش بێ ڕێزی کردن بە جەمخانەی یارسانەکان لە شائاباد، لەسەر داوای سەید نەسرەددین و چالاکانی یارسان داوای خۆپیشاندانێکی هێمنانە و یاسایی کراوە کەچی تا ئێستاش ئیزنیان پێ نەدراوە، کەواتە ڕوونە کە کۆماری ئیسلامی لێرەدا ئامانجێکی هەیە و خەڵکی کوردیش بەداخەوە، لەو هاوسۆزییە بە هاوخوێنەکانیان لە پارچەکانی تر، دەکەونە داوی ئەو پرۆسەوە، بۆیە لاموایە دەبێ ئێمە سەرەتا هەموو هەوڵەکانمان بۆ یەکڕیز کردنەوەی دووبارەی ناوماڵی خۆمان و ڕاماڵی داگیرکەر لە کۆمەڵگای کوردستان، بخەینە گەڕ. ئامانجی دووهەمی کۆماری ئیسلامی ناسین و دەست نیشان کردنی هەڵسووڕاوان و لە ئەنجامدا دەست بەسەر کردن و چۆڵ کردنی گۆڕەپانەکەیە تا بتوانێ خۆشتر یاری خۆی بکات.

ڕۆژی کورد: نووکی پەیکانی قسەکانی ئێوە لە پارتی کرێکارانی کوردستان ( پ ک ک)یە، من وا تێدەگەم کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای “پ ک ک”اوە کەسانێکی بە سیمایەکی چالاکانە و نیشتمانی لە ناوخۆ پەروەردە کردوون، ئەنجام و قازانجەکانی بۆ کۆماری ئیسلامی دیارن، بەڵام پ ک ک بۆ دەبێ هەوڵێکی ئەوتۆ بدات لە حاڵێکدا کە خۆی هێزێکی کوردیە؟

حەیدەری: لەڕاستیدا من لە پلانە نەهێنییەکانی ناو ڕێبەرایەتی پ ک ک، ئاگادار نیم بەڵام دەتوانم لە ڕووی خوێندنەوەی پێکهاتەیی و چۆنیەتی ڕەوتی سیاسی ئەو پارتە کە ئێمە بە هێزێکی کوردی دەزانین، هەرچەند من خۆم لاموایە هەر کەس جلی کوردی لەبەر کرد و لە چوارچێوەی کوردستان یارگیری و ئەندامگیری کرد، ناتوانێ درێژەدەری دیسکۆرسی ناسیۆنالیزمی کوردی بێ و هەنگاوی جیددی بۆ هەڵگرێ، بەو پێیە من وا دەهزرم کە پلان و شێوازی پارتی کرێکارانی کوردستان و بەڕێز ئۆجەلان، لە چوارچیوەی پتەوکردنی دیسکۆری سیاسەتی ویلایەتی فەقێ و ئێرانییەتدایە، لە ئەنجامدا ئەوان بۆ خەباتی خۆیان لە کوردستانی باکوور، پێویستییان بەو گوتارو دیسکۆرسە هەیە کە بتوانن شەڕی ناسیۆنالیزمی تورکی و ئیسلامی ئەردۆغانی پێبکەن، واتە ئەوان پێویستییان بە پشتی جەبهەیەک هەیە کە هەم هێزیان پێبدات و هەم توانایی ماڵی و هەم چەکداریان بداتێ و خۆرهەڵاتی کوردستانیش کە خوداپێداوانە، شوێنێکی باشە بۆ ئەوان کە ئەو ئەرک و ئامانجانەی تێدا جێ بە جێ بکەن و لە هەمان کاتێشدا بە شێوەیەکی جیددی لە هەمبەر تورکییەدا دەربکەون، ئەوە مەبەستی ئەوانە، نموونەکەشی لە ڕۆژئاوای کوردستانە کە دەبینین کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بە پێکهاتن لەگەڵ بەشار ئەسەد ئەویش بە ئەمری کۆماری ئیسلامی، بە شێوەیەکی کرداریی بوونە بەشێک لە هێزی ئەسەد و لەناو ئۆپۆزیسیۆنی سووریدا جێگایان نابێتەوە و ڕێگایان پێنادەن. پلانەکە ئاشکرا و ڕوونە، پ ک ک پێویستی بە هێزێکی بەهێزی ناوچەیی هەیە، لەو لاشەوە پ ک ک بە کار کردن لەسەر عەلەوییەکانی سووریە و عەلەوییەکانی کوردستانی باکوور و بە شیعە نیشاندانی ئەوانە، دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکە زەقتر و بەهێزتر دەکەنو پیلانەکانی جێ بە جێ دەکەن.

ئێمە باش دەزانین کە عەلەوییەت هیچ هاوتایی و کۆکییەکی لەگەڵ ئیسلامدا نییە چ بگات بە شیعە، لە عەلەوییەتدا بڕوا بە “حلولییەت” هەیە، بڕوای بە “تەناسوخی ئەرواح” هەیە و دەتوانم بڵێم لە بنەماڵەی ئێزیدێکانە و یارسانێکانن تا ئیسلام و شیعەگەری، بەڵام ئەوەی کە لێرەدا پ ک ک بە کام پلان و پیلان خەریکە باسی شیعەگەری لە ناو عەلەوییەکاندا زەق و گەورە دەکاتەوە، بۆ ئێمە ڕوون و ئاشکرایە.

ڕۆژی کورد: باستان لە حیزبی وەحدەتی میللی کرد و هەندێک کەسی بەناو چالاکوان کە بە پرۆژەی ئیتلاعاتتان ناو هێنان، وادیارە ئەو هەویرە ئاوێ زۆر هەڵدەگرێ و دەبێ بیهێڵینەوە بۆ وتووێژێکی تر، با ئێستا وڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، ئەدی کە نە دەنگ بدەین و نە بایکۆت دەبێ چی بکەین؟

حەیدەری: بە بڕوای من دەبێ هەموو چالاکانی سیاسی، هەموو ئاکادمیسیەنەکان، کەسانی بژاردەی بواری کەلتوور و سیاسەتی کوردستان بە حیزبە سیاسییەکانەوە، لەسەر تیۆریزە کردنی هزری دەوڵەتی کوردی و جێ بە جێ کردنی دیسکۆرسی ڕاماڵینی داگیرکەر لە خاکی کوردستان کار بکەن، بە بڕوای من ئێمە کوردایەتیمان بە شێوەیەکی تەواو سۆزدارییانە بووە و نەکراوە بە واتایەکی سیاسی. بۆ نموونە ئەگەر ئێوە بنواڕن ئەوە چەندین دەهەیە باس لە داگیرکەر دەکەین بەڵام تا ئێستاش چەمکی داگیرکەر هەر چەمکێکی هەستیارییە و نەبۆتە چەمکێکی سیاسی، ئەگەر بەڕاستی ئێمە بڕوامان بەوە بووبایە کە خاکی کوردستان لە لایەن کەس یان هێزێکەوە داگیر کراوە، ئەو کات شەڕ و بەربەرەکانی لەگەڵ داگیرکارمان ڕادەگەیاند و ئەنجا دەمانتوانی هەموو ئەو هێزانە و ئەو ڕۆڵانەی کە لە هەمبەر ئەو داگیرکەرەدا شەڕ دەکەن، بە هێزی ڕزگاریخواز لە هەر هەموو دونیادا بناسێنین و لە هەمان کاتدا ڕەوایی لە کۆماری ئیسلامی بستێنینەوە کە مەشرووعییەتی ئەوەی هەیە بە ناوی یاخی کۆمەڵایەتی و جووڵانەوە بە دژی تەناهی نەتەوەیی و دابڕێنەر و جیایی خواز (تەجزیەتەڵەب)، ڕۆڵەکانی ئێمە لە سێدارە بدەن، ئەگەر ئێمە ئەو مەشرووعییەتەمان بۆ خۆمان ساز کردبا ئەو کات ڕۆڵەکانی ئێمە دەبوونە یەخسیری شەڕ و دەمانتوانی لە پانتای جیهان، کۆمار یئیسلامی مەحکووم بکەین کە تاوانی شەڕی لە دژ ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد ئەنجام داوە، کەواتە ئێمە دەبێ سەرجەم هەوڵ و توانایی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ بەهێز و پتەوکردنی ئیدەی دەوڵەت لە ناو کوردستان و لە ناو هەر تاکێکی کورددا و هەر تاکێکی کورد بۆ ڕاپەڕینێکی گشتی و جەماوەی و دەبێ هەموو هێز و گوڕی ئێمە لەو چوارچیوەیە دابێ.

ڕۆژی کورد: ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئاوا بە سانایی و بە یارمەتی خودی هێزی کوردی دێنێ و شانۆی سیاسی کوردانە بە دژی کورد دەست پێدەکا، نیشانەی خەو لێکەوتوویی حیزبەکانی کوردی لە کوردستانی خۆرهەڵات نیە؟

حەیدەری: هەر وەک ئاماژەم پێدا، ڕەوتی مێژوویی خەباتی شۆڕشگێڕانەی گەلی کوردستان لە چوارچیوەی حیزبەکاندا لەگەڵ خەسارێکی گەورە ڕووبەڕوو بووە و تا بە ئەمڕۆش لەگەڵیدا دەژی، ئەوەش هەروەک ئاماژەم پێدا بریتییە لە تیۆریزەنەبوونی واتا و چەمکی دەوڵەت، بۆیەش کاتێک کە تۆ دیسکۆرسێکی گونجاوت بۆ سۆز و پتانسیەل و ڕوحی کوردانەی کۆمەڵگای خۆت نەبێ لە ئەنجامدا لە چوارچێوەیەکی داخراودا دەمێنیتەوە و هیچت بۆ بەخشین و پێدان نامێنێت، پێموایە کە حیزبە سیاسییە کوردییەکان نەک خەوتوون بەڵکو کەوتوونەتە ناو داخراوی بیر و هزری سیاسی  و مێتۆدێکی دیاریکراویان بە دەستەوە نەماوە تا پێشکەش بە شۆڕشگێڕانی خۆیانی بکەن، لاشموایە ئەم دەرفەتە بە ئەم لەخەو هەستانە سیاسییە دەخوڵقێ و بە سانایی جێ بە جێ دەکرێت.

ڕۆژی کورد: حیزبەکانی کوردستانی خۆرهەڵات تا ئیستاش باس لە فدرالیزم دەکەن، بەڵام باسەکانی ئێوە هەمووی لە بازنەی سەربەخۆییدا دەخولێتەوە، لاتان وا نییە هێنانە ئارای ئەو چەمکە هێشتا ، زوو بێ؟

حەیدەری: دەبێ ئەو پرسیارە بەو پرسیارە وڵام بدرێتەوە کە ئێمە بە کەوتنە ناو بازنەی گوتاری ئێرانیەت کە لە ژێر ناوی (دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان) هاتە بەر باس، چیمان دەستەبەر کرد؟ ئایا بەڕاستی کێشەی نەتەوەی کورد، دیموکراتیزە کردنی ئێرانە؟ ئەویش لە کاتێکدا کە دەزانین بنەمای  گوتاری ئێرانییەت لەسەر سڕینەوەی شوناسی گەلانی تر یئێرانەوە داندراوە، لە ئەنجامدا بە گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە ئێراندا دیسانەوە هەمان دیسکۆرس بە شێوەیەکی تر دووبارە بەرهەم دێتەوە و لە ئەنجامدا ئێمە ناتوانین بە شێوەیەک لە شیوەکان لەم چەمکە دەرباز ببین. ئێمە مێژوومان، زمانمان، کەلتوور و جوغرافیامان لەو گەلانەی کە داگیریان کردووین، هەم جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە و هەم هیچ هاوکۆکییەکی مێژوویی و کەلتوورییان پێکەوە نیە، لەڕاستیدا ئەگەر ئێمە بکەوینە نێو ئەو بازنەیەوە، ڕزگاری نەتەوەییمان بەو شێوەیی کە خۆمان دەمانهەوێ بە چاوی خۆمان نایبینین و بگرە سەرجەم ئامرازەکانی پێوسیت بۆ سڕینەوەی ئێمە لە دەست ئەوان دایە، بۆیەش نەک پێموا نیە زوویە بەڵکو لاموایە زۆریش درەنگە بەڵام سەرجەم شتەکان لە زەمەنی مێژوویی خۆیاندا دەگونجێن و ڕوو دەدەن، لاشموایە کە ئەزموونی دەیان ساڵەی گەلی کورد لە کوردستاندا بە گشتی، هێدی هێدی ئازارەکان و کەم و کوڕییەکانی شۆڕشی ئێمەی دەرخستووە و ئێمە لە زەمەنێکدا وەستاوین کە توانیومانە خەسارناسی شۆڕشەکانی خۆمان بکەین و بەو دەرەنجامە بگەین، کەواتە بۆ حیزبەکانی کوردستان زۆر ساکارە کە بتوانن مێتۆد و شێوازی زانستی و سیاسی خۆیان بگۆڕن و لەسەر ئەو بنەمایە کار بکەن تا چیتر کات بە فیڕۆ نەڕوات و خەبات بەرەو ئاقارێک بڕوات کە دەبوو زووتر بەرەو ئەو ئاقارە ڕۆیشتبا، ئیتر ئەوە ئەرکی مێژوویی حیزبەکانە لە هەمبەر گەلی کورد بۆ ئەوی کە لە داهاتوودا شەرمەزاری نەوەکانی خۆیان نەبن و وابێ کە هەڵگری ویست و داخوازی نەوەکانی ئەمڕۆ و سبەیی خۆیان نەبن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت