پێویستیی پێداچوونەوە بە چەمکی جاشدا/وتووێژ لەگەڵ پەیمان حەیدەری

0
268

کۆماری ئیسلامی و وەزارەتی ئیتلاعات و بنکە ئەمنییەتییەکانیش کە وەک هەزار پێ، هەزار سەرن، لە هەمبەر پرسی کورد لە چوار پارچە و بەتایبەتی لە کوردستانی خۆرهەڵات، مات و حەیران دانەنیشتوون، ئەوان لە هەموو لایەکەوە دەخوشن و هەنگاو دەنێنن، یەکێک لە هەنگاوەکانیان، ساز کردنی کەسایەتی بە ڕواڵەت نیشتمانی و بە هزر و پلان ئێرانیزە بوویە لە ناوخۆ، ئەمەش ئامانجی خۆی هەیە، حیزب و کەس و بەرە و کەمپەینگەلێک کە بە ناوی کوردەوە، کورد زیندە بە چاڵ دەکەن، دەچن لەو بازنەوە، واتا ڕەوتێکی نوێ لە جاش لە ناو کورددا پەیدا بووە کە زۆر لەگەڵ جاشی پێشوو و کلاسیک جیاوازە، لێرەدا پێویستییەکی زۆر بە دووبارە پێناسە کردنەوەی واتای جاش، دێتە ئاراوە

وتووێژی بەردەستتان، بەشی دووهەم لە سەرەداوی هەودایەکی دوور و درێژە کە پێناچێ وا زوو ببڕێتەوە و گەلێک وتووێژی تری لێدەکەوێتەوە کە لە ئەنجامیاندا دەمامک لەسەر زۆر سیما هەڵدەدرێتەوە، لەم وتووێژەی ئێستا و وتووێژەکانی داهاتوودا، پەیمان حەیدەری، چالاک و چاوەدێری سیاسی کورد لە وڵاتی بریتانیا، بۆ ڕۆژی کورد دەدوێ. لە هەمان کاتێشدا ڕۆژی کورد ئامادەیە جێ جیاوازی و هەڵاواردن، ڕای بەرانبەریش ڕابگوازێت.

ڕۆژی کورد: باس لە ڕاسانەوەی خەباتی کورد لە ئێستادا بە ناوی خەباتی چەکداری، مژاری سەرەکی ئەم ڕۆژانەیە، هەڵبەت دژبەر و هاوڕای خۆشی هەیە، بەڵام باسێکی کە لە ئارا دایە و تازەیە، باس لە چینێکە کە پێدەچێ بە شێوەیەکی ڕێکخراو و سیستماتیک، خزابنە خەباتی کورد و  وزەیەکی زۆری خەباتیان بردبێ، پێتان وایە ئەوە چەند ڕاستە؟

پەیمان حەیدەری
پەیمان حەیدەری

حەیدەری: هەر جوڵانەوەیەکی مرۆیی کە لە بەستێنێکی مێژووییەوە دەست پێدەکات، هەڵگری جەوهەرێکە، جەوهەری خەباتی نەتەوایەتی کورد، لە ڕوانگەی منەوە “ئازادی” یە. بۆیە دوژمن ئەو جەوهەرەی ناسیوە و گرتوویەتە بەر ئامانجی خۆی و ئەو کارەی وا لەو ئاراستەدا کردوویەتی ئەوەیە کە بتوانێ ڕووبەر لە دەروون بۆش و بەتاڵ بکات، ئەو جەوهەرە لە خەباتی کوردی بستێنێتەوە و بیسڕێتەوە ، بۆیە لە هەر هەموو چەشنە کەرستە و ئامرازێک کە لەبەر دەستی بووە و هەیە، کەڵکی وەرگرتووە و وەردەگرێت تا بتوانێ شێواز و ڕواڵەتی ئەو داستانە ڕاگرێ بەڵام ناخەکەی لێ بستێنێتەوە و بۆشی بکات، بە بڕوای من دەمێک ساڵە دەستیان بۆ ئەو مەسەلە بردووە و خەریکە خەبات بیدەنگ دەکەن.

ڕۆژی کورد: دوژمن بە چ شێوازێک هەوڵی ئەستاندنەوە و سڕینەوەی ئەو چەمکەی لە کورد داوە و چۆن دەتوانێ هەم دەروونەکە بۆش بکا و هەم ڕواڵەتەکەی بپارێزی؟ بە کام میکانیزم و چۆن؟

حەیدەری: یەکەم هەنگاو بریتییە لە بێدەنگ کردنی تفەنگ و چەکەکانی حیزبە کوردییەکان، دووهەم هەنگاو، ڕووخاندن و لە ناو بردنی ئێلیت و بژاردەکانی کوردی بوو کە لەژێر دیسکۆرسی شۆڕشگێڕانەی شاخدا بۆ کوردایەتی درووست ببوون و جێگای متمانەی کۆمەڵگا بوون، ئەمەش بە شێوەی لە ناو بردن، زیندانی کردن، شکاندنی ورەی شۆڕشگێڕانەیان و ناوزڕاندنیان لە ناو کۆمەڵگادا، سێهەم هەنگاو بریتی بوو لە هێنانە ناو کۆمەڵگای دیسکۆرسی دەسەڵات لە ڕێگای کەسانی جێگا بڕوای ناوچەکان تا دابەزێنن و جێ بە جێی بکەن، کە ئەمەیان ئیدی پیویست ناکا لە ڕێگای زەبری سەربازییەوە ئەنجام بدرێت، بۆیە دەستیان کرد بە دەست نیشان کردنی هەندێ کەس و ئەو هەندێ کەسەیان پەروەردە کرد و ئامراز و کەرەستەیان خستە بەردەستیان و ناوبانگیان بۆ چێ کردن و پاشان دزەیان پێ کردنە ناو بەشێک لەو حیزبانەی کە هێشتا بوونیان هەبوو بەڵام لە تاراوگە بوون، ئەوەش بۆ ئەوە بوو کە بتوانن دیسکۆرسی پاسیوی خۆیان بەسەر ئەو حیزبانە داسەپێنن، بەو واتایە کە ئێوە لە دوورەوە دانیشن، بوەستن، ئێمە دەتوانین هەنگاو بە هەنگاو، بە جۆرێک دۆخەکە بخوڵقێنین کە کۆمەڵگا بەرەو دەستەبەرکردنی هەندێک ماف بەرینە پێشەوە، ئەوە لە چەسپاندنی دیسکۆرسی دەسەڵاتدا هەنگاوێکی جیددیە و لە هەمان کاتدا ئێلێمانەکانی کەلتووری کوردی کە دەتوانێ ورەی شۆڕشگێڕانەی کوردی بورووژێنێتەوە دەبێ لە جەوهەری کوردایەتی واتا هەمان ئازادی بستێنێتەوە، بۆیە کاتێ تۆ بۆنەی نەورۆز بەڕێوە ببەی بەڵام ئاڵای ئێرانی تێدا بەرز بکەیتەوە، دیسکۆرسێکی تێدا پێناسە و بڵاو بکەیەوە کە تێیدا دووبارە پێناسە بکرێتەوە ئەوە ڕێک تۆی بردۆتە ناو چەقی بازنەی کۆیلەتی و بۆش کردنەوەی کوردایەتی لە جەوهەری خۆی.

ڕۆژی کورد: بەو پێیە بێ، دەتوانین بڵێین ئێستا شایەتی چەشنێکی تر لە جاشین؟ چەمکێک کە لەوانەیە بشێ پێی بێژین، جاشێتی مۆدێڕن یان نوێ؟

حەیدەری: چەمکی جاشیش یەکێک لەو چەمکانەیە کە پێویستە لە ئەدەبیاتی سیاسی خۆماندا بیرێکی لێ بکەینەوە و وشەیەکی نوێتری بۆ دابنێین، چونکە چۆنیەتی ئەم چەشنە لە هاوکاری کردنەی دەسەڵات و خۆ بە کۆیلەتر کردنە لە ناو کورددا ڕواڵەتی تر و جیاوازی بە خۆی گرتووە و سیاسەتگەلی جۆراوجۆر تێیدا کاریگەر بووە، بۆ نموونە لە بەشی زۆرینەی ئەو سەپاندنی زەبرە کە حاکمیەت دایدەسەپاند، سیاسەتێک بە ناوی هاندان و سزادان دەبیندرێ، واتا ئەگەر وەک ئەوان (دەسەڵات) بی و وەک ئەوان بیر بکەیەوە و ئەو کارانە بکەی کە ئەوان گەرەکیانە ئەوا پلەو پایەت دەچتە سەر، ڕانت وەردەگری و ئەگەر پێچەوانەش بی و بجووڵێیەوە ئەوا شێوازەکانی سزادان وەک لێدان و سێدارە و بەندیخانە و …تاد، بەرەوڕووت دەبێتەوە و دەنگت بۆ هیچ شوێنی ناڕوات و ناگات، بەشێکیشی ئەوەیە کە تۆ بێی بەکردەوە بەوەیکە پێت وایە بەرژەوەندییەکانت جێ بە جێ دەبن و لە ژێر ناوی جیاوازی وەک گەشەی ناوچە و کۆمەڵگا و باشتر کردنەوەی ژیانی خۆت و کەس و کارت، گرووپەکەت یان شار و لادێیەکەت، خەریکی هەنگاوێکی درووست هەڵدەگری، ئەمە ڕێک هەمان سیاسەتە کە داسەپاندنی ئیرادەی بەرانبەر کە هەمان دەسەڵاتە لە سەر تۆ شکڵ دەگرێ و ئەگەر بێت و تۆ ئاگاداری نەبی، خەریکی دیسکۆرسەکەی ئەو پتەوتر دەکەی و لە ناو خۆت جێگیری دەکەی و دەروونی دەکەی، بۆیەچەمکی جاش بە تەنیایی و بەو واتا کۆنەی کە ئێمە لەئەدەبیاتی کلاسیکی خۆماندا بەکارمان دەبرد، ناتوانێ وڵامدەرەوەی ئەم جۆرە ڕەوتە بێت. بە کورتی، تاک کۆڵەکەی کۆمەڵگایە و ئەو چالاکەی کە خۆی تووشی قەیرانی شوناس و قەیرانی دەروونی هاتووە، ناتوانێ بنەمایەکی درووست بەرهەم بهێنێت.

ڕۆژی کورد: ئەو کەسانە تا چەند خزاونەتە ناو حیزبە کوردییەکان و خەباتی کوردەوە؟ چۆن دەتوانین بزانین کە ئەمانەی وا خۆیان خزاندۆتە ئەو بۆشاییە کێن؟

حەیدەری: ناسینی ئەم جۆرە کەسانە هەندێ پارامێتری گەرەکە کە ئەگەر فۆرمولەکەی لە بەر دەستت دابێت، بە ڕاحەتی دەتوانی لە ڕووی خودی دسیکۆرس یان ئەقڵییەتەکەی بیبینیتەوە، لێرەدا ئێمە لەوانەیە ڕووبەڕووی تاکێک ببینەوە کە لە دەروونەوە ورەی کوردانەی هەبێ و ئینسانێکی شۆڕشگێڕ بێ و پێی خۆش نەبێ خیانەت بکات و حەزی لێ نەبێ دژ بە کۆمەڵگای خۆی بوەستێتەوە بەڵام ئەو میتۆدەی کە هەڵیگرتوە و ئەو ڕوانگەی کە پێیەتی و خەریکە ئەکتی (کردار) کۆمەڵایەتی و سیاسی پێ ئەنجام دەدات، ڕێک دەیباتەوە ناو ئەو بازنەیەی کە کەسەکە وەک کۆیلە، دووبارە پێناسە دەکاتەوە.

لێرەدا دەتوانم بۆ نموونە سکۆرسێکی بەرژەوەندیخوازانەی تاکگەراییانەی خەست و خۆڵ کە دەتوانێک جۆری گرێدراوی تۆ بە کۆمەڵگا تووشی قەیرانێکی گەورە بکات باس بکەم. ئەمەی کە تاک دەست دەکات بە کۆچ کردن، هیوای بە داهاتوو نامێنێت، دەڕواتە ناو گۆشەگیرییەکی ڕووتی تاکەکەسییەوە، هەست بە تەنیایی و نامۆبوون لە خۆی و کۆمەڵگا دەکات، بەرەو بایخگەلی ئەخلاقیی بێگانە هەنگاو دەنێ و هەست بە ئاسایش ناکات و هەروەها ئەوەی کە پەیوەندی نێوان ماف و ئەرک زۆر ناڕوونە و دیار نیە کە ڕۆڵ ـەکان چین، ئەمانە ڕەوتێک دەخاتە بەر چاو کە بە زەقی دەتوانی ئەو دیسکۆرسەی تێدا زاڵ ببینی.

ڕۆژی کورد: کورد چۆن دەتوانێ ئەو کەسانە بناسێ؟ پێوەرەکان چین؟ چۆن بزانین کەسێک لەو چوارچێوە دایە؟

حەیدەری: هەروەکوو ئاماژەم پێدا هەندێک کەس و لایەن پێیان وایە کە ئەوە دیسکۆرسێکی هاوچەرخە و دەبێ دیسکۆرسێکی هاوچەرخ ئاوا بێت بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە هەندێک کەس و لایەن بە شێوەیەکی ئوتوماتیکی بکەونە ناو ئەو بازنەیەوە و بەرەو دووبارە پێناسەکردنەوەی کۆیلایەتی خۆیان هەنگاو بنێن، کاتێک تۆ ئەو کەسانە لە خەو هەڵدەستێنی، بێ ئەوەی کە هیچ خۆڕاگرییەک لە هەمبەرتدا بکەن، ورەیان بەرەو ورەیەکی شۆڕشگێڕانە دەگۆرێت بەڵام ئەو کەسانەی کە بە مەبەستی سەلماندن و چەسپاندنی ئەم دیسکۆرسە پەروەردە کراون و ڕاهێندراون، لە هەمبەرتدا دەست دەکەن بە خۆڕاگری و کاتێک کە لە ئاستێکی کەمدا هێرشیان دەکرێتە سەر، هات و هاواریان بەرز دەبێتەوە،  واتا بێ ڕێزی دەکەن و هەوڵ دەدەن تیرۆری کەسایەتیت بکەن بەڵام کاتێک کە دیسکۆرسەکەت بردە پێش و گوشارت بۆ هێنان و توانیت بەرەیەکی بۆ وەگەڕ بخەی، ناچار دەبن وڵام بدەنەوە و لە وڵام دانەوەکەشیاندا تووشی شکست دەبن و دەردەکەون، واتا کاتێک کە تووشی شکست دەبن، ڕواڵەتە سەرەکییەکەی خۆیان دەردەخەن.

ڕۆژی کورد: تا چەند توانیویانە خەسار لە خەباتی کورد و پرۆسەی نەتەوەسازی کورد بدەن؟

حەیدەری: ناشاردرێتەوە کە خەسارێکی گەورەیان لەو ڕەوتە داوە بەڵام جێگای ئومێدە کە ئێمە دەتوانین بەدەل ـیان لێ بدەین واتا ئەو بەستێنەی کە ئەوان لە ژێر ناوی کوردایەتی درووستیان کرد و جاشایەتییان پێکرد، ئێمە دەتوانین ڕێک بیقۆزینەوە و باش لە بێژینگی بدەین، واتا ئەو بڕە جاشەی پێ دەربخەین، ئەنجا ئەو بەدەنەی کۆمەڵگا کە خەریک بوو بە لارێدا دەڕۆیشت بێنینەوە سەر ڕێگا ڕاستەکە.

ڕۆژی کورد: وڵامی ئەو پرسیارەم وەرنەگرتەوە، ئەو دیسکۆرسە چەند هاتۆتە ناو حیزبە کوردییەکانەوە؟

حەیدەری: دەتوانم بڵێم کە ئەو دیسکۆرسە، دیسکۆرسی زاڵی نێو حیزبە سیاسییەکانە تا ئەم خولەکە، بەڵام خۆشبەختانە پێموابێ جمووجووڵێک لە ناو حیزبە ناسنامەدارە بنەڕەتییەکانی کورد لە کوردستانی خۆرهەڵات دەستی پێکردووە کە لە ژێرچەمکی ئەم دیسکۆرسە بێنە دەرەوە.

ڕۆژی کورد: دەکرێ بە ئاشکرا باس بکەن کە بەڕێوەبەرانی ئەو دیسکۆرسە لە کوردستان کێن؟ مەبەستم سەرەکیترین دەم و چاو و کەسەکانێتی؟

حەیدەری: پێموابی زۆر ئاشکراتر لەوەیە کە من دەست بکەم بە ناو هاوردن، ئەو دیسکۆرسەی کە پێیوایە هەموو حیزبە سیاسییەکانی کورد ناتوانن گوندێک ئازاد بکەن یان بەڕێوەی ببەن کەچی لە بەرانبەردا من وەک خۆم پێموابێ سێ تاکی بە بڕوا دەتوانن شارێک وەزاڵە بێنن بەڵام شارێکی وەڕەزالەت گەڕاو ناتوانێ چۆلەکەیەک دەربکات، لاشموایە هەر من خۆم بە تاک و تەریک ئەگەر کلاشینکۆفێکم لە دەست دابێ دەتوانم بەشێک لە شارێک بگرمە دەستەوە و تا ئەو کاتەی کە یان دەکوژرێم یان فیشەکەکانم  تەواو دەبی کۆنترۆڵی بکەم.

ڕۆژی کورد: جیاوازی ئەو چەشنە لە جاش لەگەڵ شێوە و چەمکی کلاسیکی جاش چیە؟ خەسارەکانی چین؟

حەیدەری: جاشی کلاسیک لە دۆخ و سەردەمێکدا بوو کە دۆخی کوردستان، دۆخێکی دووجەمسەری بوو، واتا دەسەڵات لە هەمبەر هێزی پێشمەرگەی شۆڕشگێڕی نەتەوەی کورددا، ڕاوەستابوو و کەسێک کە بە شێوەیەکی سەخت دەچۆ لای دەسەڵاتەوە واتا بە چەکمە و چەک و چۆڵی سەربازییەوە، دیار بوو، ئەم ڕواڵەتە و ئەم جۆرە بەرسڤ دانەوە، یەکەمین ئەرکی دەسەلات بوو بۆیە ڕواڵەتی جاشەکان دیار بوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ئێستا چالاکی سەربازی بەو شێوەیەی پێشوو نەماوە، کەسانێک لە ژێر گەورەواتا و چەمکی وەک ئازادی و ژینگەپارێز و پاراستنی مافی ژنان و سەدان چەمک لەو جۆرە (دەڵێم هەندێک نەک گشتیان)، خەریکن لە دووبارە بەرهەم هێنانەوەی گوتاری کۆیلایەتی و بردنی خەڵکی کوردستان بۆ  ژێر دەستی هێزی دەسەڵات و لە ژێر دیسکۆرسی دەسەڵاتدا، ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینن و دەگێڕن، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمانە، ئەقڵییەتێکی زۆر وشیار، ئاگا و زیرەکی گەرەکە کە بتوانێ بە شێوەیەکی وردبینانە باش لە خراپ بپاڵێوێ و بە شێوەگەلی دیاریکراو بتوانێت، ڕاست لە چەوت هەڵباوێرێ.

ڕۆژی کورد: ئەرکی ڕووناکبیری کورد و نووسەر و سیاسییەکان لەو پێناوەدا چیە؟ چۆن و بە چ میکانیزمێک دەکرێ لەو داوە ڕزگار بین؟

حەیدەری: بەڕای من دەبێ لە چوارچێوەی باسی تیۆریکی بێینە دەرەوە، چونکە ئەوە باڵی یەکجار زۆری لێدەکەوێتەوە کە بەم زوانە دوایی پێ نایە، ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە بتوانین بیر و خەیاڵی خۆمان و گەڵاڵە و ئامانجەکانمان بکەین بە بەرنامە و بیانخەینە ڕوو و جێ بە جێیان بکەین، لێرەدا دەبێ ئەو پارامیترەی کە لەبەر دەستی ڕووناکبیرانی کوردە، بە باشی بەکار بهێندرێت واتا جەوهەری ئازادی خەباتی کوردانە بگرن و بەرهەڵەستی ئەو دیسکۆرسانە ببنەوە کە دەتوانێ دووبارە کورد لە بازنەی کۆیلایەتیدا پێناسە بکاتەوە، هەروەک ئاماژە پێکرا، هەر تاکێک کە لە ژێر هەندێ ناوی گەورەچەمکی خەمڵێندراوی ڕازاوە، کە لە ڕواڵەتی خۆی بۆش کراوەتەوە ئاگا بێتەوە هیچ چەشنە خۆڕاگرییەک ناکا بەڵکو ورە شۆڕشگێڕییەکەی هەڵدەستێتەوەو دێتە ناو ئەو دیسکۆرسە ئازادیخوازانەیەوە، بەڵام ئەو کەسەی کە پەروەردە کراوە و بەرژەوەندییەکەی لێرەدایە و ڕانتەکانی وەردەگرێ، لە هەمبەر ئەو ڕەوتە خۆڕاگری دەکا، خۆڕاگرییەکەشی تا ئاستێکە کە بتوانێ تۆ ورد بکات یان پاشەکشەت پێبکات بەڵام ئەگەر نەیتوانی و سەرنەکەوت وا بکات ئەنجا بە ئاشکرا بەربەرەکانی دەکات و ئاشکرا دەبێ، واتا ڕواڵەتە قێزەونە خۆفرۆشانەکەی دەردەکەوێت

ڕۆژی کورد: ئەگەر لە کۆتاییدا تێبینی یان قسەیەکتان هەیە بفەرموون.

حەیدەری: لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم کە یەکێک لە ئاستەنترین ڕێگاکانی ناسینەوەی دیسکۆرسی داگیرکەر ئەوەیە کە تۆ بزانی یەکگرتوویی قسەی (وەحدەتی کەلام) دیسکۆرسی داگیرکەر لەگەڵ فڵات ئەکتی کوردانەکردندا لە کوێ دایە، ئەو دەسەڵاتەی کە ڕواڵەتەکەی بۆ ئێمە بەتەواوی ناسراوە، چۆنە لە فڵانە جێگا لەگەڵ فڵانە بزاڤی کوردایەتی کردندا بەڕواڵەت، یەکن، بەسانایی دەکرێ لێکۆڵینەوەکە دەربخرێ کە هاوئاهەنگی و هاوکۆکییەکەیان لە کوێ یەکتری دەگرێتەوە و ئەم ڕەوتە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ. سپاس بۆ ڕۆژی کورد و هیوای سەرکەوتن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت