پێنج شێعری شاعیری لاوی خۆرهەڵاتی، هاشم عەلی وەیسی

0
196

ئاخێزگەی دورگەیەکی بێوار

هاشم عەلی وەیسی

سەراسیمە بە بزەی شەقامە نووستووەکانی هەناسەت

بە دەم چریکەی رۆحتەوە بۆ ساتە پڕ لە کەسەرەکانی

بێ هودەییمان درێژە دەبییەوە

لە روومەتی زیزی لانکەی بێ وچانی ئاوارەیی رامانم

رام نابێت لە کاکڵی ئاخنراوی ئەم سامە بێ بوارەی

رۆژگارەکانی سووڕانەوە لە بازنەی یەقینە دۆڕاوەکان

لە دوورە مرۆڤێک بە دیمەنی دۆڕاوی هەنووکەمان

داهاتوو بە گەروی ئاخافتنی دورگەکان دەبەستێتەوە

بە لاوانەوەی هەوارگەی چۆڵی نامورادیمان

تووڕەیی لە نیگای راماوی

بە هەوسە فەوتاوەکانی شیعرییەتمان

دەخزێتە هزری تەنیای بێ وچانی

شەوگارەکانی عەوداڵ بوونمان

بە سیمای ماندوی تێهزرینێکی پەتی

بە دەلاقەی دیواری رووخاوی هەراوماندا

لە چی دەگەڕان

لە کام ئاخێزگە خێوەتی رژاوی سەر جەستەی خۆزگەکان

رووت و قووتی پڕ دڕدۆنگی ساوایەتی

رێبوارە با بردەڵەکەی دەم نركەی غار غارێنی

ئەم رۆحە رەبەنەی دەم زریکەتان

بە زیڕەی پسکە پسکتان تۆقاند

تۆوی دەم قیژەی زریانی کام وەرزی کسکاوی چڕستان

ژوانگەی بێ ژوانی ژاوە ژاوی تۆزاویتان دەپرینگاندەوە

لە رووبەری ئەم حەلاندنەی هۆڤێتی سۆزی نرکاندنا

بنرکێنن بە داهاتووی سووری پڕ لە دوورمان

چاوەڕوانی لە ئاسۆکانی ئازاری دەم زێوانێکی پڕ وزە

سەوڵ لێ دەدات و دەئاژوێنێ ئەم بەلەمەی

ناو زەریای دەم زریانی بێ وارمان

لە دوورگەکان ئۆقرە ناگرێت و بە دەم هەواری ناکات و شوێنەوە

دەڕوات و دوڕات

دەزریکێنی بە گوێی ژیانی بێ وچانی

ئازارە لە بن نەهاتووەکانی ئۆقرە نەگرتنا

لە دورگەیەک ئوقرە بگرێت

******************

بە دەم ورتەی وڕاوەتا، رشایەوە

هاشم عەلی وەیسی

بە رووی گەردەلوولی پەیڤتەوە

هەنسكێک بوو لە خولانەوەی رووبارێکی هەرماو

لە تەنیشت گوڵجاڕی دڕکی باڵاتەوە

پەلی کێشاو

خزایە خەندەی درێژی بەزەییتەوە

روون بە رووی گڕکانی دووریت رووتایەوە

لە سیمای ژنە بێ تاقەتەکانی ناو ئامێزی

دار و بار و گێڕانەوەی جار و زار

هەستایتەوە و بە روی دا هەڵمیزایت

بە رووبەری ئەم شەقامەی پڕ لە زار و ئازار

بە دەمتەوە هات و لە درێژەی پەلەقاژەی

دوایین هاوارتەوە تووایەوە

دەرفەتێکی دیکە

تا کرانەوەی زریکەکانی

ئەم نائارامییەی بوونتا رابخە

لە رەنگی دار تێلەکانی کۆڵانی یادەوەریتا

قیژەیەکی پان بە پەیکەری

نوستالۆژییای ساوایەتی رەنگ پەڕیویی دا

یادەوەریت ساڕێژ بکە

ئازار چەشتووی ژوری پەرتووکە لەش دادڕاوەکان

کەڵکەڵەی مرۆڤێکی خەون لانەوازیی خنکاو

لە بێ ئاکامی دەلاقەیەکی بە جێماوی

ژووری رەنجووری هەوارە داخراوەکان

بڕیارێکی دڕدۆنگ دەلاوێنێ

لە بەسەرهاتی شوومی

ئەم دەرەتانەی نەسرەوتنی

لە سنووری تێلدڕکەکانی هەڵواسینا

بە دیار کرتە کرتی نووسینەوەی ئەم دێڕانە

خۆی هەڵ دەلووشێ

لە شیمانەی ئەم شیعرەدا

لە ئامێزی پیت بە پیتی وشەکانا

ئوقرە ناگرێ و

دەڕشێتەوە….

************

بەدەم ئازارا ئاژوتن

هاشم عەلی وەیسی

لە بەربوونەوەی هاواری ناخت

فریای گەمارۆکانی لای ژووری

سێبەری رۆحێکی هەراسانی

کوت کوت، هەلا هەلا بوونی

رزیوی کەلاوەی کاولی دڕدۆنگی

دەنگ و مەنگ و جەنگ و بەنگی

واژۆی بڕیاری ئاژاوەکانی

ئاوەژوو دەخوێندەوە

لە بادانەوەی بەسەرهاتەکان

زایەڵەکانی شەقامێکی قەرەباڵغی

بە کاتی ئاوابوونی ئاوارەیی

تاسەی بێتاقەتی بنمیچەکان

تخونی زریکەکان نەدەکەوت

تۆیش بێرەوە و لەم ژوورەی

خاترجەمی

جمانێک بە ساتی سەودای سنورەکان

بۆ گەمەی دیوارەکان وەڕێ بخە

چما روخاوی بە سەر تەرمی

بیچم نەگرتووی گڕکانەکانی

نامۆیی ناو ساتەوەختی تەریکیا

دیرۆکی مەیوی تراویلکەکان

هێشتا لە رووبەری ئازارا

هومێدێک بە پانتای

زڕاوی خەونە چەقیوەکانی

پێخەفی درێژی نادیاری

بە لاری دا تەنیوی راخراوە

بێدەنگی ورتە ورتی

سووڕی مانگانەی هەنگیک

کە هەنگوینە لێویی

بەم خۆێنەی سەر جەستەی

کەروێشکەکانی شەهید بوونمان

تریقەت بە دەماری وەڕەزیما

چ زیزە بە رێژوانی ژەنگاوی ژیانا

هوڕەی دێت و شەقامیش

هەر بە کاتی خرۆشانا

زێرابەکان دەخروشێنێ

تۆوی نەگبەتی نیگاری

لێوارەکانی گیرخواردنی

نێوانی لورە لوری

چرپاندنی بڤەی سەرەداوی

تۆراوی گرێکانی گرێبەستی

بەم ژەمەی ژیارا هەڵدەگەڕێی

بە سەر خوانی روتاوی

کاتژمێرەکانی دەڕژێنێ

لە بازنەی بە سەر کردنەوەی

چاوەڕوانیا

رووت دەبێتەوە و

دەمیزیت بە سەر دەمارەکانی

خەستی خەساوی سەربزیوی

چ بێباک خەسارەکان

بە هەستیاری ئەم ئازارا

گورجانە دەئاژویت و

سەرێک لە ژووری سڕ و کڕی

خەمساردیمان

نادەیتەوە….

**********

تێکەڵی ئاڵۆزی ئارەقاوی با بە

هاشم عەلی وەیسی

لە یەکەم خانی ئەم خانەدانەوە

بە ئەتکەوە هەوێنی پاسارییەکی پەڕپووتی

بە سەر کەلاوەی حەسارەکانی کزی و کزۆڵی

داهۆڵێکی پەڕەوازەی بە دیار هەوەسەکان

کڕ کەوتوویی

بە تابۆی گرێکانی ئەم تابوتەوە

بڤەکان بە دەم لورەی گڕکانەوە

بۆکڕوزی ناخت دەلاوێنن

بە سەر ئازاری رەزبەرا تلایتەوە و

لە قاپی گڕ و گاڵی

گومانە قەپاتەکانی بێهوودەیی

لە گلانی گلێرەکان دەسووڕێی

درێژەی دەم گەڕیدەییەکی پڕ لە تراویلکەی

سەربوردەی تاوانی ئەم چراخانە

لە رووبەری گەردییلەی سزا عەنتیکەکان

بە دەم دەستپەڕی نێرگەلەیی زبڵدانەکان

لە بازنەی بازدانی کەماسییەکاندا دەلێسیتەوە

ئاوس بوونێکی بەستووی قەراغ گرێبەستەکان

بۆ ناو هەڵاڵەی هاڵاوی هەڵوەشانەوە دەئاژوێی

سڕی سووڕانەوە و بێزاری گیرۆدە بوونەکان

پشتاوپشتی ئاوێنەیی بیرکاری بیرەوەری

یەک و پێنج دووی گریانی گرێکان

دەمەونخوون دەکەنەوە

لە ئەدگاری لیبیدۆی دارە داری گۆچانەکان

پارچەیەکی ژەنگ گرتووی باڵانوێنی جڤاکی

لە بە سەر کردنەوەی ماڵ و ماڵباتەکان

بە دەم دەستگانەوە تۆماوی تەواو بوونەکان

بە روخسارتانەوە پرشەی دێت

لەم جەنگەی نێوان خووەکان و پەلەپیتکەی

ویستەناوی یاخی بوون

شوڕ بوونەوەی پیرێکی پەڕگار بە دەست

بە سەر گۆی زەوی داکەوتووە

لە قەراغ گابەردێک سیزیف ئاسا

دادەبەزی و بە سەر شاخی کەڵەئاخی پاڵەوانا

دەهێنیتەوە سەر بارەگای خان خانێنی گا

خۆرهەڵاتییەکی درێژی دەم ئەم هەوەسە

بە دەم سپێتی سینگی قڵیشاوی شەقامەکان

رێبەندانی مانگی پەڕینەوە لە سێو و رێواس و هەواس

سووتاوە بە دەم هاواری عەشقێکی ون بووی

ناو لاوانەوەی پیاوانی نان و گان و شەراب

بۆ ساتێک لەم بەستێنە ئانارشیستییە

ژنێک لە رەنگی هەتاو بەر دەبێ

تاو تاوەی تاو دەیبات

پیاوێکی رۆژهەڵاتی دەربەندی هەوارێکی

خانەریزکراوەکانی رەشێتی رەش هەڵگەڕاوە

لە بنمیچی ئەم هزرەی دڕدۆنگی دا

بۆ ساتێک پەرتی هەڵتۆقین بوو

خۆی تەرخانی زارێکی درێژ لە چەشنی

ئەم خەیاڵەی هەوەسە بەربادەکانی

ویستی پڕوکاوی با ئەداتەوە

لە مێژە چەقیوی ئەم وەڕەزیەیەتی

تۆوی سەر جەستەی شەقاوی نیشتمان

بە دیار تەشقەڵەی کورتەباڵای ئەسپێک

بە سەر بازاڕێکی قەرەباڵخی فرانکفورت

دەستەمۆی نامۆیی زمانی

رەنگڕێژی جوانی و تراژدیا

بە دەم رێبوارانەوە با دەیبات

مرۆڤێکی بێواری تاراو

بەم دێڕانەوە دەتوێنێتەوە…

***************

ڕابوونی ئاوەژووی چریکەیەک

هاشم عەلی وەیسی

زریکەی رۆژەڤی رۆژیاری ئێرە

بە کاتی داکەوتنی پرسیارێک

سەمای زیڕەی نەزۆکی شەوەزەنگە

لای ئەوان دیوارەکان

بە کاتی کردنەوەی پەنجەرەیەک قەپاتە

سەودای ئەم هەلە

بەستەڵەکە و ڕێبەندان بوو

لای ئێمە خۆزگەکان

لە مەودای نێوان گومانێک ئاوەژو

کە چریکەی پیاسەکانی دڕدۆنگی

خڵتانی خوێن کرا بێت

داوای داوێکە کاپووت

کوا رژانی خوڕەی شەقامەکان

بە کاتی بێ تاقەتی دەلاقەیەک ئاوا دەبێ

دەڕژێیتە هەناوی سەرابی دۆزێک و

زەردەخەنەی راپەڕینێک

لە چەقی دوڕاندنی دیوارەکان

لاقەت بە لاقەوە دەکەن

شرۆڤە هەڵناگرێ ئەم دۆخە

تۆش بە ئاواتی تاشینی گومانێک

خۆت بە لافیتەی ژوورە تەنیاکانی

ئای لە باران و وای لە جاران

هەڵدەواسی

لە زایەڵەی خەونەکانی دایکێک

شەهیدە شەوارەی

هەنسکی خۆزگە و بریاکان

دارکاری دەکات

دەرفەتێک بە کاتی

نووزە و چووزەی ئەم هیچییە

پەراوێز بوون

ئاوا بکە ….

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌