پێناسەی هونەر لە ڕوانگەی هونەرمەندانەوە (١)

0
441

 ڕۆژی کورد: “هونەرمەند کێیە و ئەو تایبەتمەندییانەی کە کەسێکی هونەرمەند دبێ هەیبێت، چین؟”

ئەم پرسیارەمان ئاراستەی چەند هونەرمەند کردووە و وڵامی کاک قادر ئەلیاسی، بەم شێوە بووە:

قادر ئەلیاسی:

هونەرمەند ئەو کەسەیە  بەرهەمێکی هونەریی بەرهەم هێناوە کە لە باری شێوەازەوە نوێیە و لە هەڵسەنگاندنی لە گەڵ بەرهەمە هاوچەشنەکانیدا جیاوازە. جیاواز بە واتای ئەوەی دوور بێ لە لاسایی کردنەوە. لە باری ناوەرۆکەوە پەیامێکی روونی هەبێ. سەربەخۆ بێ لە گشت حیزب و لایەن و ئیدئۆلۆژییەک. لە خزمەت و راژەی مرۆڤ بە گشتی و ئەو کۆمەڵە خەڵکەدا بێ کە هونەرمەند تێیدا سەری هەڵداوە. ئەو “بەرهەمە” ئەگەر نووسراو بێ وەک شیعر و پەخشان، داتاشراوبێ وەک پەریکەر، نەخشێنراوبێ وەک وێنە، چنراوبێ وەک مافوورە، میلوودی بێ وەک پارچە مووزیکێک، وتراوبێ وەک گۆرانی و…هتد، مادام خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانەی سەرەوە بێ، دەبێ بە بەرهەمێکی هونەری لە قەڵەم بدرێ و خاوەنەکەشی پێناسەی “هونەرمەند”ی لە نێو کۆمەڵدا   پێ ببەخشرێ.

هەر سەبارەت بەو پرسیارە، کاک سەلاحی وێردی، سترانبێژ و ژەنیاری ئامێری عوود، بەم شێوەیە وڵامی داینەوە:

سەلاح وێردی: سەبارەت بەپرسیارەکەت دووبەشە

بەشی یەکەم کە هونەرمەند کێیە :

هەرکەسێک بەهرەیەکی هونەریی  تێدابێت و خزمەتی هونەری نەتەوەکەی پێبکات هونەرمەندە.

بەشی دوهەمی . تایبەتمەندیی زۆرن کەدەبێت هونەرمەند تێیدابێت بەڵام بەلای منەوە گرینگ ترینیان ئەمانەن

‌۱ شەخسییەت (کەسایەتی)یەکی بەرزی هەبێت .

۲ مرۆڤ دۆست بێت هونەرەکەی بەمەبەستی خزمەتی مرۆڤایەتی بەکار بهێنێت.

۳ نیشتیمان پەروەربێت  دڵسۆزی گەل و نیشتیمانەکەی بێت

٤ دووربێت لەئەنجامدانی هەرکارێک کە هونەرەکەی لەکەدار بکات .

هەروەها هەمان پرسیارمان ئاراستەی کاک ئەفشین مەعرووفی، ژەنیاری ئامێری کەمانچە، کرد و وڵامی بەڕێزیان بەم شێوە بوو:

ئەفشین مەعرووفی: پێش لە ناساندنی هونەرمەند و ئەوەیکە هونەرمەند  دەبێ چ تایبەت مەندییەکی هەبێت ، دەبێ هونەر شرۆڤە بکرێ.

باشترین شرۆڤەکارەکانی هونەر ، فیلسووفەکان و ڕیازیزانەکانن.

بۆ نموونە فیساغۆرێس دەڵێ:

خوا کاتێ جیهانی داناوە ، بناغەکەی بە مووزیک و بانەکەی بە ڕیازی بنیاد نا.

فیلسووفی مەزن شۆپێنهاوێر دەڵێ:

هونەر تاکە ڕێگای گەییشتن بەو ئیرادەیە کە جیهان دەچەڕخێنێ و لە نێوان هونەرەکان دا ، مووزیک خێراترین و باشترین ڕێگەیە.

بۆیە مرۆڤ بە پارچە مۆسیقایێک ، خێراتر هەستی دەورووژێ تا هۆنراوەیێک یان دیتنی تابلۆیێک.

فرێدریش نیچا دەڵێ:

ژیانی بێ مۆسیقا ، هەڵەیە.

بە تێروانین لەو بیروڕا فیلسۆفانانە دا ، دەتوانین تایبەتمەندیی هونەرمەند دیاری بکرێ.

دیاری کردنی تایبەتمەندیی هونەرمەند پێویستە ، تا هونەرمەند و نا هونەرمەند لێک جیا بکرێنەوە!

سەرەکیترین تایبەتمەندیی هونەرمەند تعهد و بەڵێنی دانە بە ئیرادەی جیهان و خواوەند و دواتریش جیهان و تا دەگاتە مرۆڤەکان.

هەڵبەت شۆپێنهاوێر ڕای وایە کە هونەرمەند دەبێ تعهدی جیهانیی هەبێ و تعهدی میللی و قەومی سەرکۆنە دەکات.

بەڵام بەڕای من تعهدی میللی لە جیهانی ئەوڕۆیی دا پێویستە.کاتێک هەموو گەلانی دنیا مۆسیقای خۆیان کردۆتە کەرەسەی خۆناساندن ، دەبێ گەلەکانی تریش ئەو کارە بکەن.

جگە لەوەش ، هونەر و مۆسیقا بە درێژایی تەمەنی گەلان ، چێ بووە. سینگ بە سینگ تا ئەوڕۆکە هاتووە.بەدرێژایی زەمان کەسانێک ماندووی مانەوەی هونەر و شێوازەکانی هونەر بوون.کەوابێ هونەرمەندانی ئەوڕۆ دەبێ متعهد بە هونەرمەندان پێش خۆیان بن.

دواتریش هونەرمەندێکی کە بۆ هونەری گەلی خۆی تێنەکۆشێ ، کەسێکی بێ ناسنامەیە.

دوو هەم ئەو تایبەتمەندییەیە کە بە ڕای من نەک هونەرمەند ، بەڵکوو هەموو ئەرک پێسپێردراوێکی کۆمەڵگە دەبێ خاوەنی بێت ، بوون بە دەنگ و هاواری خەڵکە.

چون هونەر وەک باسمان کرد خێراترین ڕێگەی ورووژاندنی هەستە ، کەوابێ هونەرمەند بەهۆی ئەو ئامرازە بەهێزەی پێیەتی ، بە دڵنیاییەوە ئەرکیشی قورسترە.

سێهەم ، هونەرمەند بەهۆی ڕووحی ناسکی هونەر ، دەبێ کەسێکی خاوەن دڵێکی نەرم و بەهەست.کەسێک کە ئازارەکانی خەڵک و سرووشت و هتاد زیاتر برینداری دەکا.

چوارەم تایبەتمەندیی کە تایبەتمەندێکی ئەخلاقییە ، ئەوەیە کە هونەرمەند هونەرەکەی خۆی نافرۆشێ.

نرخ بۆ هونەرەکەی دیاری ناکا ، چون دەزانێ بە دیاری کردنی قیمەت کۆتایی هونەرەکەیەتی.

هەڵبەت نابێ ئەو تایبەتمەندی ئەخلاقییەمان لەگەڵ داهاتی  کۆنسێرت و فێرگە وهتاد تێکەڵ بکەین. چون هونەرمەند بۆ بەردەوامی پێویستی بە داهاتە.

هەڵبەت زۆر تایبەتمەندی دیکەش هەیە ، کە ئەمن ئاماژەکردن بەو تایبەتمەندیانەم پێ سەرەکی تر بوو.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت