پیلانی سەڵتەنەت تەڵەبەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی گۆڕینی نەخشەی ئێران و تێوەگلانی حیزبە کوردیەکان

0
898

هەروەک لە بەشی فارسیی ناوەندی ڕۆژی کورد لە بابەتێک لە ژێر ناونیشانی “کۆشکی سپی سەرقاڵی گەڵاڵەیەکی نوێ بۆ هاریکاری کردنی هێزەکانی دژبەری ڕژیمی ئێرانە”، بە قەڵەمی ئادەم کڕۆ و وەرگێڕانی هەڵمەت مەعرووفی ـدا هاتووە کە جان بۆڵتۆن و تیمەکەی بە توندی سەرقاڵی جێ بە جێ کردنی نەخشەیەک بۆ گۆڕینی ئێرانن، و دەشڵێ “بەپێی ئەو گەڵاڵەیەی کە ئێستا کۆشکی سپی لەمەڕ داهاتووی ئێران خەریکی تاووتوێ کردنیەتی، زیاتر لە یەک لەسەر سێ ـی خەڵکانی ئێران، کەمینەکانن کە بەشێکیان لە ئێستادا داوای سەربەخۆیی دەکەن و پشتیوانیی ئەمریکا لەو بزاڤە سەربەخۆییخوازانە، چ بە ئاشکرا بێ و چ بە نهێنی، دەتوانێ ڕژیمی ئێران ناچار بکات تا هێزی خۆی بۆ ناوخۆی تەرخان بکات و ئیتر هێزی بۆ چالاکیە شەڕەنگێزەکانی تری نەمێنێ”.

ئەو هەواڵ و زانیاریە بەر لەوەی کە لەلایەن “واشنگتۆن فری بیکۆن”ـەوە بڵاو بێتەوە، لە ڕێگای لۆبیی ئێرانیەوە گەیشتووە بە گرووپە فارسەکانی دژبەری ڕژیمی ئێستای ئێران و لەناویاندا “سەڵتەنەتخوازەکان” بە دەمڕاستیی ڕەزا پەهلەوی و کەسانی وەک تەقی زادە.

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، ئەو ترس و دڵەڕاوکەی لەناو دڵی سەڵتەنەتخوازەکان ناوەتەوە و پەرەپێداوە کە “هاکا ئەمریکا پشتی کورد و عەڕەبەکان و بەلووچەکانی گرت و ئێران پارچەپارچە و دابەش بوو”، هەر بۆیەش لە ماوەی کەمتر لە ٢ حەوتووی ڕابردوودا، هەوڵیان داوە سەرەڕای دژایەتیی چڕیان لەگەڵ فیدرالیزم و بە گەورە زانینی ئەو کڵاوە بۆ سەریان، لەگەڵ حیزبە کوردیەکان و بەتایبەتی دوو لایەنی کۆمەڵە و دیموکرات، ڕێکەوتن بکەن و فیدرالیزم بە تاکە ڕێگا و باشترین ڕێگا بزانن و بڕیاریشیان داوە، شۆڕای کاتی پێک بهێنن کە ئەو بۆن و بەرامەیە لە لێدوانی بەرپرسانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا بە ڕاشکاوانە دیارە کە باس و خواسی هەمە لایەنە و نەگۆڕیان فیدرالیزمە و باسی مافی چارەی خۆنووسین و بڕیاردان لە دوای گۆڕینی ڕژیم و پشت بەستن بە گشتپرسی، بەتەواوی لەبیر بردراوەتەوە.

زانیاریە ورد و بێ ئەملا و ئەولاکانی ناوەندی ڕۆژی کورد باس لە ئامادەیی و ئاگاداری و هاوڕایی لایەنێکی پارتی دێموکراتی کوردستانی باشوور لەگەڵ ئەو گەڵاڵە و پیلانە دەکات.

جەماعەتی ئیسلاح تەڵەب کە وەک گوترا لە دوو حەوتووی ڕابردوودا، هەوڵەکانیان هەم چڕتر بووە و هەمیش بە هۆی پێدانی بەڵێنیی لەبەر دڵان بەڵام بێ بنەما و بۆش بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، گەیشتووە بە ئەنجام، پرۆژەیەکیشیان بۆ ئێرانی داهاتوو ئامادە کردووە و خستوویانەتە بەردەم سەرۆکی حیزبەکان نەک ڕای گشتی و زۆرینەی حیزبەکان و ئەوەندەی ڕۆژی کورد ئاگادار بێ، حیزبەکان بەڵێنیی تەواویان بۆ نهێنی پارێزی داوە.

تاکە کێشەی بەردەم سەڵتەنەتخوازەکان بۆ جێ بە جێ کردنی ئەو گەڵالە و پیلانەی خۆیان کە تەنیا بۆ پێشگرتن لە جێ بە جێ کرانی نەخشەی دابەش بوونی ئێران هاتووەتە ئاراوە و گەرەکیانە پلانی ئەمریکا بە پیلانی خۆیان پووچەڵ بکەنەوە، کەسانێکی بژاردە و ڕووناکبیری کوردن کە لە چوارچێوەی حیزبەکاندا قەتیس نەماونەوە و بە ڕاشکاوانە باس لە سەربەخۆیی دەکەن و تا ڕادەیەکی باشیش ڕای جەماوەریان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات لەگەڵە.

هەر بۆیە، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، سەڵتەنەتخوازەکان، بە چڕی دەستیان کردووە بە پەیوەندی کردن بە کەسایەتی و ڕووناکبیر و چالاکانی کوردی ڕۆژهەڵات لە ڕێگای جیاجیای تەلەفوون، فەیسبووک و ڕایەڵەکانی تر و بەڵێنیگەلی جیاجیایان پێداون.

بەشێک لەو بەڵێنیانە دەگەڕێنەوە بۆ، بوون بە ئەندام لە مەجلیسی موئەسسان لە ئێرانی داهاتوو، پیدانی پلە و پایە لە ئێرانی داهاتوودا کە بە وتەی ئەوان، ئێران گەورەیە و بەشی هەموویان دەکا، بوون بە ئەندام لە شۆرای کاتیدا و …..

زانیاریەکان باس لەوەی دەکەن کە بەشێک لە ڕووناکبیران و بەتایبەت ڕووناکبیرانی حیزبی، ئامادەی هاوکاری بوون و لە ئێستاشەوە خەریکی جل ئوتوکردن و پێڵاو بۆیاغ کردن بۆ پلەی داهاتوویان لە ئیرانی فیدراڵ دان، ئێرانێک کە جان بۆڵتن و تیمەکەی و سعوودیە و ئیسراییل باش دەزانن کە گۆڕینی ئەو ڕژیمە هیچ لە سەرئێشەی پێشەڕۆژ و داهاتووی ئەوان کەم ناکاتەوە، لەوما گەرەک ئەو نەخشەیە بگۆڕن و ئێستاش بە گوێرەی ڕاپۆرتی واشنگتۆن فڕی بیکەن، ڕۆژانە لانیکەم ١٠ گەڵاڵەیان بۆ دەچێ، وەردەگیردرێن و تاووتوێ دەکرێن. ئێرانێک کە جان بۆڵتن دەڵێ دەبێ نەوڕۆژی ٢٠١٩ لە تاران بگیردرێ.

لەو ناوەدا وەک نموونە، گۆڕینی گوتاری لایڤی ڕۆژنامەوانێکی کورد لە سەربەخۆییخوازیەوە بۆ فیدرالیزم و بەرگری کردن لە کوڕی شایە کە لە ناو بەکارهێنەرانی فەیسبووک، ناڕەزایەتیەکی زۆری لێکەوتەوە و چەندین کەس بابەتیان لەسەر نووسی و بە کۆیلەتیان ناو برد.

حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەبێ باش بزانن کە ئەوەی ئێستا لە بەر دەم و بە بەر گوێی ئەواندا رادەبرێ، پیلانێکی فارسە بۆ تواندنەوە و پووچەڵ کردنەوەی پلانێکی ئەمریکا کە لە بەرژەوەندیی هەتاهەتایی هەر چورا پارچەی کوردستان، دیموکراسیخوازی، ئازادی و ئاشتی و کەرامەتی مرۆڤی دایە، بۆیە دەبێ باش ئەو ڕاستیە بزانن کە نەتەنیا دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ڕای گشتی، بەڵکوو نابێ لە ئێستاوە ببنە درومانچیی جلی دڕاوی خەڵک و پینەکەری ماڵی کاول بوویان کە ماڵەکە لەسەر خوێنی کورد و لەسێدارەدرانی پێشەوای کورد و هەزاران ڕۆڵەی کورد ڕۆنراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.