پۆستێرە سەرنجڕاکێشەکەی ڕۆژنامەی “همشهری” و بۆڵەی پانتورکیستان

0
882

ڕۆژنامەی (همشهری) تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵان لە ژمارەی ١٠٩ی خۆی لە ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندان، پۆستێرێکی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا سەرجەم شوێنەکانی ئێرانی بە پێی نەتەوەکان بە ڕەنگ، جیا کردۆتەوە.

خاڵی بەرچاو لەو نەخشەدا، واقع بینی تا ڕادەیەک زۆری داڕێژەری پۆستێرەکەیە کە تێێدا بۆ نموونە ناوچە کوردنشینەکانی بە ڕێکی و بەگوێرەی کوردستانی بوونیان، جیا کردۆتەوە.

خاڵێکی سەرنجڕاکێشی تر لەو نەخشەیەدا، بە کوردنشین ئەژماردنی ناوچەکانی خوراسانە کە تێیدا بە ناوچەیەکی کورد و فارس نشینی ئێران نیشان دراوە.

ئەو هەنگاوە ئەرێنییەی “همشهری” منداڵان کە لە ڕۆژنامەیەکی ئێرانیدا هەرچەند بەشێکی لە پارێزگای ئیلام قرتاندووە و بە لوڕستانی ئەژمار کردووە و هەر بۆیەش ێیویستی بە پێداچوونەوە و وردبینی زیاتر هەیە و بێ گومان کرماشان و ئیلام بۆ کوردستان و کورد جێگای لێبووردن و لێ خۆش بوون نییە و وەک دڵی کوردستانی خۆرهەڵات ئەژمار دەکرێ، بەڵام لە هەمان کاتێشدا لە ئێستادا کە بیرۆکەی پان تورکیزم لە گەشەدایە  دەکرێ وەک خاڵێکی بەهێز چاوی لێبکەین و هەرچەند دەکرێ بەو مەبەستەش ئەنجام درابێ کە وابنووێنێ فارس، زۆرترین ڕێژەی لە ئێراندا هەیە بەڵام لە جێی خۆیدا جێگای ڕێزە و بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەئەژمێردرێ.

ماڵپەڕی “یوڵ پرێس” کە یەکێکە لەو ماڵپەڕانەی کە لە لایەن هەندێ تورکی سەر بە کۆماری ئیسلامی و لەژێر سیاسەتەکانی ڕژیم و بە دوو زمانی فارسی و تورکی بابەت بڵاو دەکاتەوە، لە هەمبەر ئەو پۆستێرەی رۆژنامەی “همشهری” هەڵوێستی گرتووە و دەڵێ ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە پارێزگای ورمێ (بە قسەی ئەو ئازەربایجانی غەربی) بە کوردنشین نیشان داوە جێگای داخە و هەروەها لە پارێزگای خوراسانی باکوور کە نەتەوە (بە قسەی ئەو قەوم)ی جیاوازی تورک و …تاد، تێدایە تەنیا بە پارێزگایەکی کورد و فارس نشین نیشان دراوە.

شایانی ئاماژەیە کە لە ژێر پروپاگەندەی تەلەیزوێنێک بە ناوی “گون ئاز” و هەروەها هەندێک کەسی نادیار و لە لایەکی تریشەوە لە ژێر سیاسەتی پان ئێرانیستی، هەندێ جار ختۆکەیەکی ئازەرییەکان دەدرێ کە گوایە پارێزگای ورمێ هی ئازەرییەکانە و لە ڕاستیدا کوردەکان هاوردەی ئەو ناوچانەن و هەر هەمان سیاسەتی پان ئێرانیشە بە دانی دەسەڵات بە تورکەکان و بەکارهێنانی ئامرازییانە لە پارێزگای ورمێ و لە شاری ورمێ ناوە کوردییەکان دەسڕنەوە و ناوی کوردی نایاسایی دەکەن و جارجار بانگەشەی دەرکردنی کوردەکان دەکەن.

لە هەمان کاتێشدا بە هۆی براوە بونی کوردێک لە هەڵبژاردنی شاری نەغەدە و شنۆ و نەڵۆس، بەشێک لە تورکەکانی نەغەدە ماوەی دوو ڕۆژێک هەندێ ژاوەژاویان خستە ناو شاری نەغەدەی کوردستانی خۆرهەڵات کە ئەمیش بە هۆی نەبوونی بنەما و تێگەیشتن و تەنیا ڕاچەنین بە دەستی پان ئێرانزیم، هەر لە لایەن خودی ڕژیمەوە کۆتایی پێهات.

پێویست بە گوتنە کە دوای تێکچوونی کۆماری ئازەربایجان و هەڵاتنی پیشەوەری بۆ سۆڤیەتی ئەو کات، ئازەرییەکانی ئێران کە ئێستا خۆ بە تورک پێناسە دەکەن، هیچ بزاڤێکی نەتەوەییان نەما و هەست و ویستی نەتەوەییان لاڕێ بوو و لە ئێستادا لە لایەن پان ئێرانیستەکانەوە بەکار دێن و لەجیاتی داوای مافی نەتەوەیی خۆیان، پێشێلی مافی کورد دەکەن.

لە هەمبەردا حیزبە کوردییەکان و کوردەکان لایان وایە کە ئەوان دوو نەتەوەی جیاوازن کە لە هەندێک شوێندا ئازەرییەکان لە ڕەوێکی مێژووییدا هاتوونەتە کوردستان و لە ئیستادا دەبی وەک هاووڵاتی بە یەکەوە بژین و لە داهاتووی چارەنووسی کوردیشدا ئەوان وەک کوردستانی سەرجەم مافەکانیان پارێزراو دەبێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.