با خەباتی مەدەنی بە چەند نموونەی چەوت لاڕێ نەکەین

0
348
هەڵمەت مەعرووفی

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی

لەو چەند ڕۆژەی دواییدا و دوای ئەوەی کە گۆیا باوک و کچێکی نەناسراوی سیما نادیاری کورد کە تا هێشتاش نەزاندراوە کێن و خەڵکی کوێن، چوون خۆیان بۆ سەرۆک کۆماری لە ئێران ناونووس بکەن و کچەکە بە هۆی جلی کوردییەوە ئیزنی نەدراوە بچتە هۆڵی ناونووسین، هەندێک کەسی تەنانەت نووسەر و قەڵەم بەدەستیش لە ژێر سێبەری قورسی ئێحساسات و پۆپۆلیزم خەریکە ئەوە بە خەباتی مەدەنی پێناسە دەکەن، بەو هۆیە نووسەر بە پێویستی زانی، جارێکی تر ئاوڕێک لە خەباتی مەدەنی بدرێتەوە، بەو هیوایە کە چیتر هەوڵ نەدرێ خەباتی مەدەنی و هەوڵی نەبڕاوە و نەگۆڕی خەباتکارانی مەدەنی، لە کوردستانی خۆرهەڵات لاڕێ و شووک نەکرێت.

خەباتی مەدەنی، نافەرمانیی مەدەنی و لەو دواییانەشدا، چەوت فەرمانیی مەدەنی، وشەگەلێکی ناسراو و دیارن و دەکرێ بگوترێ مێژووی ئەو خەباتە دەگەڕێتەوە بۆ دوای یەکجێ نشین بوونی مرۆڤ و پێکەوە ژیانی و تا ئەمڕۆش بە شێوەی جیاواز درێژەی هەبووە و جین شارپ، یەکێک لەو بیرمەندانەیە کە بە تەسەلی ئەو شێوە لە خەباتی ڕاڤە و پۆلبەندی و پراکتیزە کردووە.

کە باس لە خەباتی مەدەنی دەکرێ، یەکەم واتایەک کە دێتە ئاراوە، بەشداری نەکردن، خۆ دوورکردنەوە، بێزاری دەربڕین و لاساری کردن لەگەڵ دەسەڵات و لە هەمبەر دەسەڵاتە، کەواتە بەو پێیە هەر کارێک، هەرچەند گرنگ و پڕ بایەخیش بێ بەڵام بچتە چوارچێوەی هاوکاریی دەسەڵات، ناتواندرێ ناوی خەباتی مەدەنی یان نافەرمانیی مەدەنی لەسەر دابندرێ، بەو پێیە ئەو کەسانەی بە بەشداری کردنی ژن و پیاوێکی کورد لە هەڵبژاردنەکان دەڵێن “خەباتی مەدەنی”، بە ڕاشکاوانە دەبێ بگوترێ، لە واتا و کاکڵی خەباتی مەدەنی تێنەگەیشتوون. لێرەدا کەسانێک بە ئاوەزی خۆیان دەرگای خەباتکاری لەو کەسانە دەکەنەوە دەرگایەک کە ئەو کەسانە هێچ کات نەیانویستووە لێی تێپەڕ بن و لە هەمان کاتیشدا باوک ئیزنی چوونە ژووری هەبووە و کچەکەش بە مەرجی بەسەرداکردنی چارشێوێک هەمان ئیزنی دەبێ. کێشەی هیچ کەسیش لە ئێران چوونە ناو ئەو هۆڵە و هۆڵەکان نیە بەڵکوو شۆرای نیگابان و یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی و ئینتسابی بوونی هەڵبژاردن و کاندیدەکانە.

ژنانی ئیرۆکویس (خەڵکانی خۆجێی ئەمریکا بەر لە دۆزرانەوەی ئەو ویشکارۆیە)، بە مەبەستی پێشگرتن لە بەردەوام بوونی شەڕ و بەسەرباز بوونی منداڵەکانیان، خۆیان لە خەوتن لەگەڵ پیاوە شەڕکەرەکانیان دەپاراست و بەو شێوەیە، ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر شەڕ و شەڕانخوازی ڕادەگەیاند. ئەوە یەکێک لە کۆنترین نموونەکانی خەباتی مەدەنییە کە دوو تایبەتمەندی هەبوو: یەک: شێوازێکی تووندوتیژ و تووندئاژۆ نەبوو، دوو: ناڕەزایەتی تێدا بوو و بەشداری نەکرد و خۆ بواردن و لێ سڵەمینەوە، تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەو خەباتە بوو.

لە خەباتی مەدەنی یان نافەرمانیی مەدەنیدا، دوو شێوازی مهاتما گاندی و سامویێل هانگتینگتۆن، زۆر بەرچاو و بناغەدانەرن کە شێوازی گاندی بوو بە هۆی شکست هێنانی داگیرکارییەکانی ئینگلستان لە هیندوستان و شیوازی هانتینگتۆنیش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەڵوەشانی دەسەڵاتی وڵاتانیک کە سەر بە ئەمریکا نەبوون، بەتایبەتی وڵاتانی بلوکی ڕۆژهەڵاتی پێشوو، هەبوو کە بە شۆڕشی رەنگاڵەیی ناسران.

چەندین شێوە و رێکار کە دەکرێ لە خەباتی مەدەنیدا کەڵکیان لیوەرگرین بریتین لە:

١- خۆبواردن لە قەبووڵ کردن و وەرگرتنی پیشەی ئیداری و فەرمانگەکان واتا پیشەی حکومەتی و دەوڵەتی.

٢- گەمارۆ خستنە سەر شتومەک و کەلوپەلەکان (واتا خۆبواردن لە کڕینیان)

٣- مانگرتن کە شێوەی جیاواز و بەربڵاوی هەیە

٤- ڕێپێوان و ناڕەزایەتی دەربڕین کە لەم دواییانەدا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پەرەی سەندووە.

٥- ڕۆژووگرتنی سیاسی: ئەمە شێوازێک بوو کە گاندی زۆر پێداگری لەسەر دەکرد، چون گاندی لای وابوو، سیاسەتی بی ئایین، هیچ بایەخێکی نیە و لە بنەڕەتدا گاندی، شێوازی خەباتی ناتوندئاژۆخوازانەی خۆی بە کەڵک وەرگرتن لە بنەماکانی ئایینی بودا دامەزراندووە.

٦- پێشوازی نەکردن لە بەرپرسانی ڕژیم، کە لە ساڵی ڕابردوودا لە کرماشان و لە کاتی سەردانی حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری کۆماری ئیسلامی بە ڕوونی بیندرا.

نافەرمانیی مەدەنی، کردەوە و هەنگاوێکی سیاسییە کە تێیدا مل بۆ هێز و دەسەڵاتی حکومەت داناخرێ و ڕادەستی نابی، ئامانجیش تەنیا ناڕەزایەتی دەربڕینە لە ڕووی ئەخلاقییەوە، کەواتە هەر چەشنە کردارێکی یاساشکێن و ئاشکرا و بەئانقەست کە بە مەبەستی ڕاکێشانی سرنجی گشتی بۆ ناڕەوابوونی یاسایەک یان دەسەڵاتێک، ئەنجام بدرێت، نافەرمانیی مەدەنی یان خەباتی مەدەنییە. لە هەمان کاتدا چەوت فەرمانیی مەدەنیش بوونی هەیە کە بە واتای ئەنجامدانی ناڕێک و ناتەواوی هەندێک یاسا و رێسایە کە هەر بە هەمان مەبەستی خەبات و نافەرمانیی مەدەنی ئەنجام دەدرێت.

تا ئێستا چەندین خەباتی مەدەنی لە جیهان تۆمار کراون یان سەرکەوتوون، بۆ نموونە:

– خۆڕاگری وخەباتی بەدوور لە توندوتیژی کە ئەنجامەکەی بوو بە شۆڕشی گوڵی ڕۆز لە گورجستان لە ساڵی ٢٠٠٣.

– شۆڕشی نارنجی (پرتەقاڵی) لە ئۆکراین لە ساڵی ٢٠٠٤

– شۆڕشی جین بلارۆس

– شۆڕشی یاس لە تونێس.

– خەباتی دژبەرانی کوبا

چەند نموونە لە خەباتی مەدەنی:

– بەشداری نەکردنی کوردەکان لە گشتپرسی دووبژاردەیی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٧ ی هەتاوی

خەباتی مەدەنیی مامۆستایانی کورد

– داخرانی دووکان و بازاڕ لەلایەن کوردەکان لە ساڵڕۆژی  تیرۆری دوکتور عەبدوورەحمان قاسملوو

– دەنگ هەڵبڕین بە دژی پێشگرتن لە دووچەرخە هاژووتنی کچان لە مەریوان لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی

– پێشگرتن بە هاتووچوويی تانکێرەکانی مەرگ لە مەریوان لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی

٢٢ی پووشپەڕ

– پێشگرتن بە راگواستنی زبڵ و زاڵ بۆ دۆڵی سماقان لەلایەن خەڵکی ناوچەی سەرشیو

-ئامادەنەبوونی مامۆستایانی قوتابخانە لە قوتابخانەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە نەبوونی مافی خوێندن بە زمانی زگماکی و دۆخی نالەباری  ژیانیان لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی

– داوای لەسەر کار لاچوونی شارەوانیی شار لەلایەن خەڵکی ئەو شارەوە بە هۆی خراۆ بوونی دۆخی ڕێگاو بان.

– ماسک دانان لە سەر دەم و چاوی هەیکەلی ناو شار لە پاوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پیس بوونی هەوا

-لە مل کردنی جامانە بەپێچەوانەی ویستی ڕژیم و بەرێوەبردنی چڕی جەنژی نەورۆز.

کرماشان

-پێشوازی نەکردن لە حەسەن ڕوحانی لە دوایین سەفەری بۆ کرماشان.

– پێشوازیی گەرمی بەلووچەکان لە پێش نوێژی شاری پیشامەگ لە دوای ئازاد کرانی

– ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی ئەفغانستان لە ڕۆژەکانی کۆتایی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لە هەمبەر کوژراونی کچێک بە ناوی فەرخوندە لەلایەن ئیسلامییەکانەوە..

خەباتی مەدەنیی خەڵکی ئەحواز

– ناڕەزایەتی دەربڕین بە سەربڕینی ٧ مسافیری هەزارە لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی کە بە “شۆڕشی بزە” ناودێر کرا.

ئەنجام:

لە ئەنجامدا بەو ئاورە چرەی کە لە خەباتی مەدەنی و نموونە زیندووەکانی لەو بابەتەدا دراوە، خەباتی مەدەنی بە واتای پرینگانەوە لە دەسەڵات و دووری کردن و خۆ لێ دزینەوە و بە دژ راوەستانەوەی بێ تووندوتیژیانەیە کە هەڵبەت لە هەندێک شێوازی ئەو خەباتەشدا ئەگەری هاتنە ئارای تووندوتیژی هەیە، هەر بەو پێیەش هەر جۆرە بەشداریکردنێک لە کاروباری ڕژیم، هەڵبژاردن و هەر بابەتێکی تر، دەچتە خانەی هاوکاری کردن لەگەڵ ڕژیم نەک خەباتی مەدەنی و خستنە باڵ خەباتی مەدەنیی هەندێک نموونەی چەوت، بە واتای خیانەت بە خەباتی مەدەنی، سووک کردن و لاڕێ کردنی ئەو خەباتە ئەژمار دەکرێ کە لەوانەیە بە هۆی نەبوونی زانیاریی باش لە خەباتی مەدەنی، لەلایەن هەندێ کەسەوە بێتە ئاراوە و بگوترێ.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت