کۆڕی پرسەی کۆچکردوو نەوشیروان مستەفا لە پاریس بەڕێوە چوو

0
348

ڕۆژی کورد: رۆژی شه‌ممه‌10/6/2017 کوردانی نیشتەجێی فەڕانسە به‌ سه‌رپه‌رستی و ڕێکخستنی به‌رپرسی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ( دارا ئەبووبەکر ) و ئه‌ندامانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ ، كۆڕێكی ماته‌مینی به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی سەرکردەی گەلی کورد نه‌وشیروان مسته‌فا رێکخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆران بەڕێوە چوو .

له‌كۆڕه‌دا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ره‌وه‌ندی كوردی و نوێنه‌رانی ژماره‌یه‌ك له‌ حیزب و رێكخراوه‌ كوردستانیه‌كان و دۆستانی نه‌وشیروان مستەفا به‌شدار بوون.

سه‌ره‌تای كۆڕه‌كه‌ به‌ خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان له‌ گیانی شه‌هیدانی كوردستان ده‌ستی پێكرد و پاشان دارا ئەبووبه‌كر به‌ وتارێك كۆڕه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و تێیدا به‌ گه‌رمی به‌خێرهاتنی به‌شداربوانی كردو پاشان تیشكی خسته‌ سه‌ر مێژوی خه‌باتی نه‌وشیروان مستەفا له‌ ژیانیدا بۆ بزوتنه‌وه‌ی رزگاری خوازی گه‌لی كوردستان به‌ گشتی و كوردستانی باشوور به‌ تایبه‌تی و ده‌وری كاریگه‌ری ناوبراوی باسكرد.
نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: له‌ سه‌ره‌تای رزگاربونی كوردستان له‌به‌شی باشوور و هەروەها دوای ده‌ستوری عیراق و هەروەها دوای نەمانی دیكتاتۆر ، ده‌ستپاكی و دڵسۆزی كاك نه‌وشیروان له‌ كاری سیاسیدا زیاتر و زیاتر خۆی دەرخست.

پاشان یوسف ئه‌رده‌لان دۆستی نه‌وشیروان مستەفا و لە چالاکانی سیاسیی كوردستانی رۆژهه‌ڵات وێڕای پێشکەش کردنی پەیامی کۆڕی کوردەکانی نیشتەجێی فەڕانسە ،به‌ وردی باسی له‌ كه‌سایه‌تیی نه‌وشیروان مستەفا و ده‌وری كاریگه‌ری له‌ مێژووی خه‌باتی گه‌لی كورد دا كرد و تیشكی خسته‌ سه‌ر نوسین و بۆچونه‌كانی نه‌وشیروان مستەفا و گێرانه‌وه‌ی یادگاریه‌كانی شه‌خسی خۆی لە گەڵ نه‌وشیروان مستەفا.

هه‌روه‌ها عه‌زیزی ماملێ مافناس و چالاکی سیاسی و ئه‌ندامی کۆڕی کوردەکانی نیشتەجێی فەڕانسە ، به‌ وتارێكی زۆر به‌ پێز به‌شداری كرد و وێرای ناساندنی نه‌وشیروان مستەفا به‌ سه‌ركرده‌یه‌كی كوردستانی له‌هه‌مان كاتدا داوای یه‌كگرتنی گه‌لی كوردی كرد و به‌بیری هێناینه‌وه‌ كه‌ دوژمنانمان زۆر به‌هێزو زاڵمن و ده‌بێت ده‌ست به‌رداری یه‌كتر نه‌بین و یه‌كگرتوبین و باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌بێت گه‌لی كورد بیرو بوچۆن و تێزه‌كانی كاك نه‌وشیروان بكه‌نه‌ بنه‌ما وله‌سه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ و كار بكه‌ن و خه‌بات بكه‌ن بۆ رزگار بونی یه‌كجاری هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان.

هه‌ر له‌ میانه‌ی وتاری حیزبه‌ سیاسیه‌ كوردستانیه‌كاندا ، وتاری كۆمیته‌ی رێكخستنه‌كانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە فەڕانسە له‌لایه‌ن حه‌مه‌ عوسمان كارگێڕی راگه‌یاندنی كۆمیته‌ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ جیاتی ئه‌رسه‌لان عه‌زیز به‌رپرسی كۆمیته‌، پێشكه‌ش كراو وێرای باسێكی كورتی خه‌باتی سه‌ركرده‌ نه‌وشیروان مستەفا ، باسی له‌ ساده‌یی و خاكی و دڵسۆزی كاك نه‌وشیروان بۆ به‌شداربوان كرد و چه‌ند بیرەوەرییەکی كاتی پێشمه‌رگایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مستەفادا  گێرایه‌وه‌
حەمە عوسمان ، لێهاتویی و گه‌وره‌یی كاك نه‌وشیرانی به‌رزو پڕشكۆ ناساند.

دواتر هه‌ڤاڵ مه‌مه‌د عه‌لی ،به‌رپرسی پارتی كرێكارانی كوردستان باكوور لە پاریس وێڕای باسکردن لە پێویستیی یەکگرتوویی گەلی کورد ، باسێکی لە سەر ژیانی نه‌وشیروان مستەفا پيشکەش کرد.

لە درێژە دا خالید عیسا نوێنه‌ری رۆژئاوای كوردستان وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی باسێکی لە سەر ژیان و خەباتی نه‌وشیروان مستەفا پيشکەش کرد

پاشان نووسه‌ر و ڕووناکبیری ئەمریکایی نیشتەجێی فەڕانسە م جاناتان رانداڵ دۆستی دێرینی گه‌لی كورد و هاورێی نه‌وشیروان مستەفا  ئاماده‌ بوو .
ناوبراو له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابوردووه‌وه‌ سه‌ردانی كوردستانی كردوه‌وه‌ و نه‌وشیروان مستەفای ناسیوه‌
رانداڵ وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و بە پەرۆش بوونی بۆ کۆچی نه‌وشیروان مستەفا وتی: كاك نه‌وشیروان بۆ من یه‌كێك بوو له‌ سه‌ركرده‌ لێهاتووه‌ رۆشنبیره‌كانی گه‌لی كورد ،كه‌ هه‌ر زوو بۆم ڕونبوه‌وه‌ كه‌ نه‌وشیروان نه‌ك هه‌ر له‌ كوردستان به‌ڵكو له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستیشدا ئه‌توانێت ده‌وری خۆی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیدا ببینێ.

ئەو ڕۆژنامە نووسە گوتی: ته‌نها سه‌ركرده‌یه‌ك بوو كه‌ به‌ راست و دروستی باسی وه‌زعی كوردستانی بۆ كردم و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك له‌ كه‌مو كوڕی ناو ریزه‌كانیان بشارێته‌وه‌ زۆر به‌ راستگۆیانه‌ سه‌باره‌ت به‌ راپه‌رینه‌كانی كوردستانی باشوور هه‌موو شته‌كانی بۆ ڕونكردمه‌وه‌، هه‌روه‌ها وتی كه‌ له‌سه‌ر رێنماییه‌كانی ئه‌و توانیمان ئه‌و گه‌شته‌ به‌ بارودۆخێكی ئاسایشدا به‌بێ كێشه‌ به‌سه‌ركه‌وتوانه‌ به‌رینه‌سه‌ر ، هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ ئیتر په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ نەپچڕاندووە .

دواتر جەماڵ پوورکەریم چالاکی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات پەیامی ناوەندی ڕۆژی کوردی پيشکەش کرد، جەماڵ پوورکەریم گوتی: لە ناو هەموو نەتەوەیەک دا زۆر نین ئەو کەسانەی وەک کاریزما دەردەکەون و دەبنە لیدر و سەرکردە کە کاک نەوشیروان لەو دەگمەن کەسانەیە.
لە درێژەی پەیامەکەی ڕۆژی کورد دا هاتبوو: کاک نەوشیروان لە سێ سەنگەرەوە پيشمەرگانە خەباتی کرد: سەنگەری شاخ ، سەنگەری شار و سەنگەری گردی زەرگەتە بۆ دريژەدەرانی ڕيبازەکەی.
جەماڵ پوورکەریم گوتی: کاک نەوشیروان لە سەنگەری شاخەوە پيشمەرگانە بە دژی داگیرکەرانی کوردستان وەستایەوە بەرگری لە خاک و نیشتمان کرد و پاش ئازادیی کوردستانیش لە سەنگەری شارەوە دژی گەندەڵی و نابەرپرسایەتی وەستاوە و ئێستاش لە گردی زەرگەتەوە هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە و ڕيبوارانی گۆڕان و گۆڕانخوازی دريژە بە ڕيبازەکەی دەدەن.
پوورکەریم گوتی: خەونی کاک نەوشیروان مستەفا سەربەخۆیی بۆ کوردستان بوو ، بەڵام مەخابن ،سەرەڕای ئەوەی کوردستان بە هەلومەرجێکی ناسک و ئەستەم دا تێپەڕ دەبێ و پرسی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هاتۆتە ئاراوە ، ئێستا هەندێ لە لایەنگران و ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕان بە شێوەی ڕاستەوخۆ خەریکی دژایەتی کردنی ئەو پرسەن و پێیان وایە ئەوە ڕێگە و شێوەی ڕەخنەگرتنە، لە حاڵێکدا کاک نەوشیروان باش دەیزانێ لە کوێ و چۆن دەبێ ڕەخنە بگرێ و تا ئەو کات ڕەخنەی دەگرت کە زیان بە پرسی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی گشتی نەگەیەنێ بۆیە دەبێ ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕان وشیارانە بجووڵێینەوە و لەوە تێبگەن کە سەربەخۆیی کوردستان بۆ تاکێک و یان حیزب و لایەنێک نییە ، بەڵکوو بۆ گشت کوردستانە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت