کۆنفرانسی “ئێمە هەموو بۆ دژایەتی لەگەڵ تیرۆر لێرەین” لە فەڕانسە بەڕێوەچوو

0
65

ڕۆژی کورد: ڕۆژی شەممە ٢٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ بەرانبەر لەگەڵ ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە پاریس کۆنفرانسێک لە ژێر ناونیشانی “ئێمە هەموو بۆ دژایەتی لەگەڵ تیرۆر لێرە کۆبووینەوە” لەلایەن ئاژانسی نێونەوەتەیی ڕۆژنامەنووسی و لێکۆڵینەوە ستراتژیکەکان (AIJES) کە ناوەندەکەی لە فەڕانسەیە و لە بواری کاروباری وڵاتانی کەنداو بەگشتی و بەتایبەتی یەمەن، چالاکی دەکات، بەڕێوە چوو.

لەو کۆنفرانسەدا کۆمەڵێک لە خەڵک و چاوەدێر و چالاکانی وڵاتانی عەڕەبی بەتایبەتی ئێراق و سووریە و کۆمەڵێک کەسایەتیی فەڕانسەوی و کورد بەشدار بوون.

کۆنفرانسەکە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا ٥ی ئێوارەی هەمان ڕۆژ درێژەی بەکارەکانی خۆیدا و تێیدا تاووتوێی تیرۆریسم لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا.

بەشداربووان و کۆڕگێڕان، پێداگری و جەختێکی تایبەتییان لەسەر دەست تێدابوون و پشتیوانیی تیرۆریزم لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە وڵاتانی جیاجیای ناوچەکە کرد و کۆماری ئیسلامییان وەک بناخە و مەکۆی تیرۆریزم لە ناوچەکە پێناسە کرد و جەختیشیان کردەوە، دەبێ پێش بەو ئاڵۆزییە کە لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە لە ناوچەکە و لە ڕێگای پەرەپێدانی تیرۆریزمەوە هاتووەتە ئاراوە، بگیردرێ.

لەو کۆنفرانسەدا، جەماڵ پوورکەریم، چالاکی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات، باسێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و گوتی: “کاتێک باس لە تیرۆریزم دەکرێت و ئێمەش بۆیە کۆبووینەوە تا دژایەتی لەگەڵ تیرۆریزم بکەین، ناکرێ، دەوری کۆماری ئیسلامی لە سەرهەڵدان و پەرەپێدانی تیرۆریزم لە ناوچە و جیهاندا نەبینین.”

پوورکەریم بە ئاماژە بە تیرۆری ڕێبەرانی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و تیرۆری زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور گوتی: “ئەگەر تیرۆریزم وەک مارێک چاو لێبکەین، ئەوا سەری مارەکە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بۆ لە ناوبردن و بنەبڕ کردنی تیرۆر، دەبێ سەری مارەکە پان بکرێتەوە”

ئەو چالاکە سیاسیەی ڕۆژهەڵات هەروەها گوتیشی: “هەندێ لە وڵاتانی ئازادی جیهانیش بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و بە هۆی بەرژەوەندیی بازرگانی و ئابووریی خۆیان، چاویان لە تیرۆرەکانی ئێران پۆشیوە و وەک وڵاتی ئۆتریش، هەندێ لە تیرۆریستەکانی ڕێبەرانی کوردیان بە ڕۆژی ڕوون و بە ئیسکۆرتەوە ناردەوە تاران و ئەوەش کردەوەیەکی ناسیاسی و دژ بە ئەخلاقی سیاسییە کە مخابن پەیڕەو کراوە کە هەر ئەو کردەوانە بون بە هۆکاری ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئێستا خەریکە دەستی بە چەکی ناوکی ڕادەکا، تیرۆری لە هەموو جیهاندا بڵاو کردۆتەوەو بووە بە مەترسی لەسەر دێموکراسی و خودی ئەو وڵاتانە”.

هەروەها ئەردەڵان عەبدووڵاهی، ڕۆژنامەنووسی ناوەندی ڕۆژی کوردیش لە لێدوانێکدا لە کۆبوونەوەکەدا گوتی: “هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران و بەتاڵان بردنی شۆڕشێک کە خەڵک کردبووی، خومەینی فتوای جیهادی بە دژی گەلی کورد دەرکرد و بەو پێیە دەستیان کرد بە تیرۆری دەیان کەس لە دژبەران و ناکۆکی بیرانیان کە یەکیان لە سەردەمێک دابوو کە بە ناوی سەردەمی ئیسلاحات ناوی لێدەبەن، بۆ نموونە تیرۆری داریوش فرووهەر و خێزانەکەی و تیرۆری موختاری”.

ئەو ڕۆژنامەنووسەی ڕۆژهەڵات، ئاماژەی بە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی و شێوەی جێ بە جێ کردنی پیلانەکانی دا و گوتی: “کۆماری ئیسلامی هەندێ بنکەی بە ناوی باڵوێزخانە لە وڵاتان کردوونەوە بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانە بنکەگەلێکن بۆ جێ بە جێ کردنی تیرۆر و پیلانە دژەمرۆڤیەکانی لە وڵاتانی جیهان و لەو ڕێگایەوە ئەو گەڵاڵانەی کە بۆ تیرۆر لە ناوۆ دایاندەڕێژن جێ بە جێی دەکەن”.

سلایدشۆو پێویستی بە جاڤاسکریپتە

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌