ڕۆستەم جەهانگیری: کڵاو لەسەرخۆ نانە کە کەسانێک پێیان وابێت لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی دەرفەت بۆ ڕێفۆرم و گۆڕان پەیدا دەبێت

0
1199

وتووێژی تایبەتیی ناوەندی رۆژی کورد لەگەڵ ڕۆستەم جەهانگیری، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەمەڕ هەڵبژاردنەکانی ئەوجارەی سەرۆک کۆماری و شۆڕا و شارەکان لە ئێران.

رۆژی کورد: بە پێناسەیەک لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، هەڵبژاردن لەو سیستەمەدا دەکرێ چۆن چاوی لێبکرێت؟ ئایا دەتوانین بڵێین لەو سیستەمەدا هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنە و ئەنجامەکان کە خەڵک دەنگی پێداون یان نا  ڕەوت و ئاسۆیەکی تری لەبەرە؟

جەهانگیری: هەڵبژاردن لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا هیچ مانایەکی نیە، چونکە هیچیەک لەو پێوانانەی کە لە هەڵبژاردنێکی دێمۆکراتیک و سالم لە حکومەتێکی دێمۆکراتیکدا  ڕەچاو دەکرێن، لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا  ڕەچاو ناکرین و بوونیان نیە. لە مێژە گوتومانە کە کۆماری ئیسلامی هەڵبژاردن تەنیا بە مەبەستی چەواشەکاری و چاوبەستنی خەلکی ئێران و دونیای دەرەوە، بەکار دینێ و ئەوانەی کە لە سەندوقەکانی دەنگدان وەک براوە سەر دیننە دەر، هەر ئەو کەسانەن کە  ڕژیم دەستنیشانی کردوون. جا ئەوانە چ لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا بن یان مەجلیس و تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی شوراکانی شار و گوندەکانیش هەر ئەو کەسانەن کە  ڕژیم مۆری تەئیدی لێ داون.

رۆژی کورد: بەراوردێک لە نێوان سێ سەرۆک کۆماری دوایی، واتە خاتەمی و ئەحمەدی نەژاد و  ڕوحانی، بۆمان دەردەکەوێ کە هیچ گۆڕانکاریەکی ئەرێنی نە لە  ڕووی خزمەتگوزاری و پێشەسازی نە لە  ڕووی مافی مرۆڤ و نە لە  ڕووی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان نەک ناهاتۆتە  ڕوو. بەڵکوو دۆخەکە خراپتریش بووە. بەو پێیە بەشداری کردنەوەی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دەتوانێ چ دەستکەوتێکی بۆ خەڵک هەبێ؟

جەهانگیری: لە کۆماری ئیسلامیدا کە  ڕژیمێکی مەزهەبی و ویلایەتی فەقیهیە، سەرۆک کۆمار ناتوانێ هیچ دەسەڵاتێکی هەبێت. ئەوە  ڕێبەری نیزامە کە بڕیار دەدا کە سەرۆک کۆمار دەبێ کێ بێت و چۆن کار بکات و تەنانەت چۆن بڕیار بدات.

ئەوانەش کە دەبن بە سەرۆک کۆمار، هەر ئەو کەسانەن کە باوەڕیان بەو نیزامە و بە  ڕێبەری و ویلایەتی فەقی هەیە و هەرچی  ڕێبەر بڵێت ئەو سەرۆک کۆمارە بە وەزیفەی شەرعیی خۆی دەزانێت و بەڕێوەی دەبات. هەرچەند هێندێ جاریش وردە گلەو گازەندەیەک دەکەن، بەڵام بە یەک ئاماژەی  ڕێبەری نیزام سەرۆک کۆمار بێدەنگ دەبێ. بۆ نمونە هەلایەک کە ئەحمەدی نژاد لەسەر وەزیری ئیتلاعات کردی و تەنانەت لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەری کرد، بەڵام کاتێک  ڕێبەری نیزام تەداخولی کرد و ئەوی لە شوینی خۆی داناوە، هەرچەند لە سەرەتاوە ئەحمەدی نیژاد موخالفەتی کرد و تەنانەت وەک ئیعتراز چەند  ڕۆژێک نەهاتە سەرکار، بەڵام لە کۆتاییدا تەسلیم بوو.

یان لە سەردەمی خاتەمی کە خۆی بە هەڵبژێردراوی خەڵک دەزانی و دەنگی زۆری خەڵکی لە پشت بوو و مەجلیسی بەدەستەوە بوو. چونکی ئیزنی  ڕێبەری نیزامی لەسەر نەبوو و تەنیا دەبوو ئەو کارە بکات کە  ڕێبەر دەیگوت، تەنانەت ئەو بەڵێنە بچووک بچووکانەشی بۆ نەچونە سەر کە بە خەڵکی دابوون، لە کۆتاییدا  ڕایگەیاند هیچ ئۆتۆریتەیەکم نیە و تەنیا تەدارۆکاتچییەکم. ئێستاش لە سەردەمی  ڕوحانیش هەر وایە. هەموو سەرۆک کۆمارەکان باوەڕیان بە  ڕێبەری نیزام هەیە و بڕیاراتی ئەو بە حوکمی حکومەتی دەزانن و وەک وەزیفەی شەرعی ناتوانن لێ لابدەن.

رۆژی کورد: بەشێک لە  ڕێفۆرمخواز و هەروەها چالاکانی سیاسیی کورد کە  ڕێژەشیان زۆر نیە دەڵێن دەبێ کورد پرۆسەی هەڵبژاردن بە قازانجی خۆی بەکار بهێنێت، دژبەرانیش دەڵێن ئەو گریمانەیە لە لایەن حیشمەتوڵا تەبەرزەدیشەوە هاتە ئاراوە و ئەنجامی نەبووە و لە ئەنجامدا تەنیا تەندووری هەڵبژاردن بۆ  ڕژیم گەرم دەکات. ئێوە بە گشتی لاتان وایە تەحریم دەتوانێ دەردێک دەوا بکات؟

جەهانگیری: من باوەڕم بە  ڕێفۆرمخوازەکانی ناو کۆماری ئیسلامی ئێران هەر نیە، جا چ بگات بە  ڕێفۆرمخوازەکانی کورد. لەگەڵ  ڕێزم بۆیان بەڵام بۆ خۆشیان دەزانن کە هیچیان پێ ناکرێت، چونکە لە بنەڕەتدا لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا هەموشتێک بە ئاشکرا و شەفاف نووسراوە و یەکلایی کراوەتەوە، کە هیچ تاکێک لە نەتەوەی غەیری فارس و لە ئایینەکانی دیکە جگە لە ئایینی  ڕەسمی حاکمیەت، ناتوانن خۆیان بۆ  ڕێبەری وڵات و بۆ سەرۆک کۆمار بپاڵێون و تەنانەت ناتوانن و ناهێڵن ببن بە وەزیر. بۆ نمونە تەنانەت بۆ پۆستی پارێزگاری یەکێک لە پارێزگاکانی کوردستان بە ئاشکرا  ڕایانگەیاند کە لە کوردستاندا و لە نیو کورددا کەسێکیان نیە کە شایانی ئەوە بێت ببێت بە پارێزگار (استاندار).

کەوایە کڵاو لەسەر خۆ نانە کە کەسانێک پێیان وابێت کە لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی دەرفەت پەیدا دەبێت بۆ  ڕێفۆرم و گۆڕان دەتوانن پێک بێنن. نزیک بە چل ساڵە ئەو نیزامە تاقی کراوەتەوە و ساڵ لەگەڵ ساڵ خراپتر بووە و قەت بەرەو باشی نەڕۆیشتووە. بەڵام هەندێ کەس بە نێو  ڕێفۆرمخوازی کورد، کەوتوونەتە تەبلیغ و بازار گەرمی بۆ  ڕژیم. تەنیا بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان هەوڵ دەدەن تا بگەن بە پۆست و پاداشێک. جگە لەوە خوشیان دەزانن ناتوانن چوکەترین کاریگەریان هەبێت و کەمترین دەسکەوتیان بۆ گەلەکەیان نیە، بەلکوو بە چوونە ناو گەمەکانی کۆماری ئیسلامی، خەریکن بە فریودانی خەڵکی کوردستان، زیان لە نەتەوە و خەڵکەکەیان دەگەیەنن.

رۆژی کورد: پێدەچێت حیزبە کوردیەکان ئێستا لەسەر تەحریم زۆر هاودەنگ بن، لاتان وایە کاریگەریەکانی چۆن دەبێت و بە گشتی ئایا تەحریم دەتوانێ دەنگی ناڕەزایەتیی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران بە گوێی جیهان بگەیێنێ؟

جەهانگیری: هەر وەک وتمان، پاش نزیک بە 40 ساڵ تاقیکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی کارتۆنی لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، هیچ دەستکەوتێکی بۆ گەلانی ئێران تێدا نەبووە و نابیت. لەبەر ئەوە لەو سیستەمەدا ئازادی و دیمۆکراسی هیچ مانایەکی نیە و مافی گەلانی ئێران بە تەواوی پێشێل کراوە و هەروەک بینیومانە لە ئەگەری هەر ناڕەزایەتی و داواکارییەک، سەرکوت و بیدەنگ دەکرێن و کەرامەتی مرۆڤ بە تەواوەتی لەو حکومەتەدا پێشێل کراوە و لەناو چووە و نە مافی تاک و نە کەمینە ئایینیەکان و نە جیابیران بە هیچ شێوەیەک بونی نیە و کەرامەت و ژیانیان پاریزراو نیە.

لە ئێراندا، گەندەڵی و فەساد سەرتاپای حکومەتی گرتۆتەوە و فەقر و هەژاری لە ژێر هێڵی سووردایە، بە تایبەت بارودۆخی کەمینە ئایینی و نەتەوە غەیرە فارسەکان لە باری مەعیشەت و گوزەرانی ژیان لەو پەری خراپیدایە.

بە خۆشیەوە وێدەچێ تێکڕای ئەحزابی کوردی ئەوجارەش بایکوتی هەڵبژاردنەکان بکەن. بە بڕوای من ئەگەر تێکڕای ئەحزابی ئێرانی و بەتایبەت ئۆپۆزیسیۆنی کورد بە شێوەیەکی چالاکانە بایکوتی هەڵبژاردنەکان بکەن، کاریگەری دەبێت لەسەر نەچوونی خەڵک بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان. کە ئەو کارە جگە لە دەنگدانەوەی ناوخۆیی لە سەتحی نێونەتەوەییشدا کاریگەری دەبی بۆ  ڕاکشانی بیروڕاکان و گوێدان بە نەتەوەی کورد. خەلکی دونیا و دەوڵەتانی زلهێز دەمێکە کە باشی دەزانن کە گەلانی ئێران ئەو نیزامەیان ناوێت، میللەتی کورد بە تحریم کردن و نەچوون بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان ئەوە بە دونیا دەسەلمێنن کە ویستەکانیان لە چوارچێوەی ئەو حکومەتەدا  ڕەچاو ناکرێن و مافەکانیان پیشێل دەکرێن. بۆیە وڵاتان باشتر و زیاتر ئاوڕ لەو میللەتە دەدەنەوە و زیاتر پشتگیریان دەکەن و خەبات بۆ مسۆگەربوونی مافەکانیان گەرم و گوڕتر دەبێت.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت