ڕاستکردنەوەی چەند هەڵەیەک لە نووسینی کوردی نووساندا (١)

0
280

ڕۆژی کورد

ڕێنووسی زمانی کوردی، بە هەر دوو جۆری ئارامی و لاتین، تا ئێستەشی لەگەڵدا بێ بەتەواوی ستاندارد نەکراون و ڕەنگ زەردییان بە ڕووەوە دیارە، بەڵام بەشێکی کە ستانداردیش کراوە، بە هۆی نەبوونی مافی خوێندن بە زمانی زگماکی لە سێ پارچەدا و کەمتەرخەمی لەو بارەوە لەلایەن کورد لە کوردستانی باشوور و گرنگی نەدان بە فێرکاریی خوێندن و نووسین بە زمانی کورد لە میدیاکانی ئەو بەشە ئازادە لە کوردستان (کە هیوا دەخوازین لەوە بەدواوە لە میدیا کوردییەکان و بەتایبەتی لە ڕووداو و  کوردستان ٢٤، بیرێکی لێ بکرێتەوە و خۆشیان ئەو بەشە لە ڕێنووس و پەتی نووسین ڕەچاو بکەن)، تا ئێستاش نووسەری کورد، لە گۆڕانکارییەکان ئاگادار نیە.

لێرەدا هەوڵ دەدەین قامک بخەینە سەر بەشێک لەو کەمکووڕییانە و لە بابەتی تردا، قامک لەسەر بەشەکانی تر دابنێین و هیوادارین نووسەران و شارەزایان لەو بارەوە یارمەتیی ناوەندی خۆیان واتا ناوەندی ڕۆژی کورد بدەن و بە ناردنی بابەتی لەمبارەوە، ئەو بەشە دەوڵەمەند بکەن.

یەک: نووسینی (وو) لە سەرەتای وشە:

نووسینی (وو) لە سەرەتای وشە، یەکێک لەو هەڵە زەقانەیە کە تا ئێستاش زۆر بەرچاوە بەڵام بەپێی ئەوەی کە (وو) خۆی یەک پیتە و هیچ کاتیش لەسەرەتای وشەدا نایە، نووسینی هەڵەیە و زۆربەی نووسەرانی کورد یان کوردینووسەکان تا ئێستاش ئەو پیتە (واتا وو) لەگەڵ (و) بە هەڵە دەگرن و تێکەڵی دەکەن.

بۆ نموونە: ووشە هەڵە و وشە دروستە.

ووەرە هەڵە و وەرە دروستە.

وورە هەڵە و ورە دروستە.

دوو: نووسینی (ر) لە جیات (ڕ) لە سەرەتای ڕستەدا.

حاشاهەڵنەگرە کە (ر) و (ڕ) دوو پیتی جیاوازن ڕێک وەک (ع) و (غ) و بەکارهێنانی ڕ ـێی قەڵە و کز، هەڵەیەکە کە پێدەچێ لە ع ـێی عەلی و ح ـێی حەسەن ـی فارسەکان یان س ـێی سابوون و بابەتی لەو چەشنە وەرگیرابێ.

لەلایەکی ترەوە دانانی ئیستسنا (جیاوازی) لە ڕێنووسدا یەکێک لە خاڵانەیە کە فێربوونی نووسین و خوێندنەوە بەو زمانە بۆ منداڵان و کەسانی بیانی سەخت و دژوار دەکات و زمانێک ساناتر فێر دەکرێ کە ئیستسنا و جیاوازی کەمتر تێدا بێ. کە ئەوە کێشەی بەشێک لە زمانەکانە بۆ خەڵکانی بیانی کە باسی ئەو بابەتە نیە.

بەوپێیە کە باسی کرا پیتی (ڕ) لە هەر شوێنێک لە وشە بێت و دەبێ وەک خۆی بنووسرێت. هەروەک چۆن ناکرێت لە جیاتی (غ) بنووسین (ق) و بیانوو بێنینەوە کە چون لە فڵان شوێنی وشە هەڵکەوتووە کەواتە دەبێ (غ) بە (ق) بنووسرێ، بە هەمان شێوە ناکرێ بیانوویەک بۆ نووسینی (ر) لە جیاتی (ڕ) لە سەرەتای وشە بێنینەوە و باش و دروست ئەوەیە کە وەک خۆی بینووسینەوە.

بۆ نموونە

رەسوو هەڵە و ڕەسوو دروستە.

رێبوار هەڵە و ڕێبوار دروستە.

رێگا هەڵە و ڕێگا دروستە

سێ: قرتاندنی (ی) ـێی پێوەلکاندن:

یەکێک لەو هەڵە زەقانەی کە ڕۆژانە دەیان جار دەیبینین، لە نووسینی یای پێوەلکاندن دایە.
بۆ نموونە دەنووسین: کۆماری ئیسلامی ئێران

بەڵام دەبێ بنووسین: کۆماری ئیسلامیی ئێران

بۆ شیکاریی زیاتر لەو دوو ڕستە یان پەیڤەی خوارەوە بنواڕن:

دەروونناسی سیاسی

دروونناسیی سیاسی

بە فارسییەکەی:

روانشناس سیاسی

روانشناسییِ سیاسی

نموونەیەکی تر:

دەفتەری سیاسی حیزبی …. ئەوە هەڵەیە

دەفتەری سیاسیی حیزبی …. ئەوە درووستە.

یانیش:
لە کوردەواریی خۆماندا دەڵێین ….. درووست

لە کوردەواری خۆماندا دەڵێین ….. هەڵەیە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت