یادگارییەکانی هونەرمەندی دەنگبێژی کورد “سێوە”

0
602

sewa-cover

“سڵێوە یەڵدە سڵێوە” ناسراو بە “سێوە” لەخێزانێکی مەسیحی “ئەرمۆتە”ی شارۆچکەی کۆیە، لەدایک بووە. لەساڵی ١٩٠٢دا، لەلای “قەشە حەننا” خراوەتە بەر خوێندن و لەساڵانی ١٩٠٣-١٩٠٤دا، لەلای ” قەشە گۆرگیسی ڕەبەن”، زمانی کلدانیی و بنچینەکانی ئایینی مەسیحی خوێندووە.

لەساڵی ١٩٠٥دا، بۆ ماوەی دوو ساڵ لای ” قەشە سوورە- قەشە پۆڵس عوجمایە”، زمانی کلدانی بەتەواوی و کەمێک فەڕەنسیش فێربووە.

دواتر بە پلەی “شەماشە-شماس” گەیشتووە و ماوەیەک شەماشەی کڵێسەی کۆیە بووە و بەڕێوەبردنی زۆرێک لە کاروبارە ئایینییەکانی کڵێسەش، ئەرکی رۆژانەی بووە، لەهەمانکاتدا کاری ژمێریاریی و سەرکاری کردووە و لەناو شاری کۆیەشدا، کەسێکی خۆشەویست و دیار بووە. لەبنەماڵەکەیاندا، تەنها مامی “پووتە” دەنگی خۆش بووە.

لەساڵی ١٩٠٣دا، باوکی بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە، سڵێوەش بووە بە شاگردی یەکێک لە هاوڕێکانی باوکی، کە جۆڵا بووە…دواتر دڵی چووەتە کچی وەستاکەی، بەڵام چارەنووسیان بۆ یەک نەبووە و دوای ساڵێک، دۆستەکەی کۆچی دوایی کردووە…پاش چەند ساڵێک، سڵێوە ئافرەتێکی تری خواستووە و کوڕ و کچێک “پۆڵس و ئەنیسە”یان بووە.

لەساڵی ١٩٥٢دا، بەسەرپەرەشتی “قادر دیلان، ئەحمەد خەلیل، ئیبراهیم محەمەد دەروێش، نازم نەعیم، سەعید شابو، عەبولئەحەد جەرجیس، مەحموود حیجازی”، لە ئێزگەی بەغدادا، پێنج مەقامی تۆمار کردووە.

لەسەرەتای ساڵی ١٩٥٨دا، کاتێک “کۆمەڵی بوژانەوەی هونەرە جوانەکان” لەشاری کۆیە دامەزراوە، سێوە وەک ئەندامێکی فەخری کۆمەڵەکە، دەستنیشان کراوە و لەشارەکانی “کۆیە، سلێمانی، ڕانیە، هەولێر”دا، کۆمەڵێک کاری هونەرییان پێشکەش کردووە. لەساڵانی ١٩٥٨-١٩٥٩دا، لەگەڵ مامۆستا “باکووری”، لەلایەن “تیپی موسیقای مەولەوی و کۆمەڵی هونەرەجوانەکان”ەوە بۆ سلێمانی بانگ کراون و بەسەرپەرەشتی موزیکارانی وەک باکووری، کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەیان پێشکەش کردووە. لەساڵی ١٩٦٠دا، بەسەرپەرەشتی مامۆستایان قادر دیلان و باکووری و ئەندامانی کۆمەڵی هونەرەجوانەکانی سلێمانی، بەرەو شاری هەولێر چوون و ئاهەنگی گۆرانیان گێڕاوە.

سێوەی هونەرمەند، جگە لەوەی کە وەک شەماشەیەک لە کڵێسەدا، ئاوازە ئاینییەکانی چڕیوە، لەهەمانکاتدا هەست و سۆزی ئەوینداریشی فەرامۆش نەکردووە و تەنانەت گۆرانیی و سروودی کوردیشی گوتووە. لە هەڵبژاردنی تێکستی بەرهەمەکانیدا، بۆ هەندێکیان کەڵکی لە فۆلکلۆری کوردی وەرگرتووە و لە هەندێکیشیاندا، کەڵکی لەئەدەبی شاعیرانی کلاسیکی کورد وەرگرتووە.

ڕەنگە تائێستاش –لەچوارچێوەی هونەری کڵێسەکانی کوردستاندا- کەسێکی وەک “سێوە”ی بلیمەت و شارەزا، هەڵنەکەوتبێت کە بتوانێت لە چوارچێوەی کڵێسەدا، ئەم هونەرە کەلتوورییە دەربخات و بیکات بە بەشێک لە هونەری میللی و نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ ئەم ڕەوتە هونەرییە فراوانەی سێوەی هونەرمەنددا، بەداخەوە لە ئەرشیڤی هونەرەکەیدا، تەنها ٤ شاکار ماونەتەوە. هێشتا مێژووی ژیان و کۆچی دوایی ئەم هونەرمەندە بەتەواوی یەکلایی نەبووەتەوە، بەپێی گۆڕەکەی بێت لە نێوان “١٨٨٢-١٩-١٢-١٩٦٢”دا ژیاوە.

سێوەی هونەرمەند، لە کۆیە ماڵئاوایی یەکجاری کردووە و لە گۆڕستانی “ئەرمۆتە” بە خاک سپێرردراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت