ئاوڕێک لە ژیانی جەلال تاڵەبانی ناسراو بە مام جەلال، بناغەدانەری یەکێتی و سەرۆک کۆماری پێشووی ئێراق

0
42

مام جەلال، سکرتێری گشتیی یەکێتی و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە تەمەنی ٨٤ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی ١٧/١٢/٢٠١٢ لە بەغدا بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە باری تەندروستی تێکچوو، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کرا و دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، رۆژی ١٩/٧/٢٠١٤ گەڕایەوە سلێمانی.

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر  مام جه‌لال سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ئه‌ڵمانیا كۆچی دوایی كرد.

“مام جەلال” کوڕ‌ی شێخ حیسامەدین کوڕ‌ی شێخ نوری کوڕ‌ی شێخ غە فوور. ھاوینی ساڵی ١٩٣٣ لە گوندی “کەلکان”ی قەتپاڵی چیای کۆسرەت لە دایکبووە، کە دەڕ‌وانێتە دەریاچەی دوکان، چەند ساڵێک تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووە و دواتر باوکی بووە بە رێبەری تەکیەی تاڵەبانی لە کۆیە، لەوێ چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی و بە سەرکەوتوویی خوێندنی تەواو کردووە، خوێندکارێکی زیرەک و لێھاتوو بووە، ھەر لە تەمەنی منداڵییەوە نیشانەکانی سەرکردایەتی بە جۆرێ لێدەرکەوتووە کە پێش ھاوڕ‌ێکانی دەکەوت بۆ کۆڕ‌ی پرسە و ئەو بۆنانەی لەو سەردەمەدا بەڕ‌ێوە دەچوون، بەیانیان لە کاتی ریزبوونی قوتابیاندا، مامۆستاکان پێش ھەمووان ئەویان ھەڵدەبژارد بۆ خوێندنەوەی شیعری نیشتمانیی و نەتەوەیی.

لەوێوە بیرۆکەی نەتەوایەتی لای ئەو چەکەرەی کرد، تا وای لێھات وردە وردە بەسەریدا زاڵ بوو، کە گەیشتە پۆلی چوارەمی سەرەتایی یەکێک بوو لە پێشەنگەکانی خوێندکاران کە بە پەرۆشەوە بەشداری لە چالاکیەکانی قوتابخانە دەکرد و بەشداری لە وتار خوێندنەوە و شانۆدا دەکرد.

ئەگەرچی جەژنی نەورۆز لە لایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراقەوە یاساخ بوو، بەڵام لەگە‌ڵ ئەوەشدا گەلی کوردستان لە ٢١ / ی ئاداری ھەموو ساڵێک بە ئاھەنگ یادیان دەکردەوە، ئەویش بە ھۆی پیرۆزیی ئەم جەژنە لای کورد کە بە رۆژی سەرکەوتنی گەلی کورد دادەنێن بەسەر ئەو زاڵمانەی دەیچەوساندنەوە.

ساڵی ١٩٤٥: ئاھەنگێکی میللی لە کۆیە بۆ نەورۆز سازکرا، تاڵەبانی کە لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا بوو، بەشداری تێدا کرد و وتەی حەماسئامێزی خوێندەوە، بووە مایەی سەرسۆڕ‌مانی مامۆستا و بەشداربووان.

لە ساڵی ١٩٤٦ دا لەگە‌ڵ چەند ھاوڕ‌ێیەکی خوێندکار و بە ئامۆژگاری یەکێک لە مامۆستاکانی کۆمەڵەیەکی فێرکاریی نھێنی دامەزراند بە ناوی “کۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە” ( k.p.x ) و مام جەلال بە سکرتێری ھەڵبژاردرا، ئامانجێکی کۆمەڵەکە ھاندانی خوێندکاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەکی.

لە ھەمان ساڵدا و دوای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد لە ١٦ / ی ئابی ١٩٤٦ کەوتە ژێر کاریگەریی بەرنامەی پارتی و لە چوارچێوەی رێکخستنەکانیدا کەوتە چالاکیی خوێندکارانە.

دوای چوونە ناو کاری سیاسییەوە، رۆژنامەی “رزگاری” کە پارتی دیموکراتی کورد بە نھێنی دەریدەکرد، کورتە وتاری لەژێر نازناوی “ئاگر” دا بۆ بڵاو دەکردەوە.

ساڵی ١٩٤٧ بوو بە ئەندام لە پارتی دیموکراتی کورد و چالاک و لێھاتوو بوو لەو ئەرک و فەرمانە حزبیانەی پێی دەسپێردران.

ساڵی ١٩٤٨ خوێندنی سەرەتایی تەواوکرد و لە ناوەندی کۆیە بوو بە خوێندکار، ئەو ساڵە بە ساڵی “وەسبە” “راپەڕ‌ین” ناسرابوو، کە گەلی عیراق توانی پەیماننامەی “پۆرتسماوس” ھەڵبووەشێنێتەوە و حکومەتی “ساڵح جەبر” بڕ‌وخێنێ و حکومەتی “محەمەد سەدر” دابمەزرێنێ و لەو کەشوھەوا ئازادیەدا کە لە سایەی ئەم “راپەڕ‌ینە” ھاتە کایەوە، ھەڵبژاردنێکی گشتی خوێندکاران ئەنجامدرا بۆ ھەڵبژادنی نوێنەرانی کۆنگرەی گشتی.

ئەوە بوو “جەلال تاڵەبانی” بە نوێنەری خوێندکارانی کۆیە ھەڵبژێردرا و بەشداری لە یەکەمین کۆنگرەی خوێندکارانی عیراقدا کرد کە لە نیسانی ١٩٤٨ لە گۆڕ‌ەپانی “السباع”ی شاری بەغداد بەسترا.

لەم کۆنگرەیەدا بۆ یەکەمین جار گوێی لە شاعیری مەزن “محەمەد مەھدی جەواھیری” بوو، کە شیعرە بە ناوبانگەکەی “رۆژی شەھید”ی خوێندەوە، کە بۆ جەعفەری برای و بۆ شەھیدانی وەسبە وتبووی. ئەو ساتانە لە ژیانی تاڵەبانیدا مێژوویی بوون و وای کرد ببێتە یەکێک لە موریدەکانی شیعری ئەو و دواتریش بوو بە ئازیزترین دۆستی و ئەو دۆستایەتیە تا دوا ساتەکانی ژیانی شاعیر بەردەوام بوو.

ساڵی ١٩٤٩ و لە سایەی حوکمی عورفی و تۆقاندن کە کوردستان و عیراقی گرتەوە، تاڵەبانی لە حزبدا سەرکەوت و بووە ئەندامی لیژنەی ناوچەی کۆیە.

لە شوباتی ١٩٥١ دا و لە کۆنگرەی دووەمی پارتی دیموکراتی کورد، بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی ھەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر پاراستنی ریزەکانی پارتی پلەکەی خۆی بە ھەڤاڵێکی خۆی بەخشی کە دوای دەرچوونی لە زیندانی بەشداری لە کۆنگرەدا کردبوو.

لە ساڵی ١٩٥١ دا لەگە‌ڵ چەند ھەڤاڵێکدا گیراو بۆ شاری موسڵ دوور خرایەوە، لەوێش لە خەباتی سیاسیدا بەردەوام بوو و دواتر چووە کەرکوک بۆ تەواوکردنی خوێندن و سەر لەنوێ دامەزراندنەوەی رێکخستنەکانی حزب و بووە بەرپرسی رێکخستنەکانی کەرکوک. لە ھەمان ساڵیشدا ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەکانی بە شێوەیەکی نھێنی گرتە ئەستۆ تا ئەو رۆژەی گیرایەوە.

ساڵی ١٩٥٢ چووە کۆلیژی ماف ( حقوق ) لە بەغداد کە ئەو دەمە رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کورد پەرتەوازە بوو، بەڵام مام جەلال توانیی رێکخستنەکانی حزب تۆکمە بکاتەوە.

لە کانوونی دووەمی ١٩٥٣ دا بەشداریی کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردرا و لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی قوتابیانی کوردستانی کرد و لە کۆنگرەیەدا بە سکرتێری گشتی قوتابیانی کوردستان ھەڵبژێردرا و لە ھەمان ساڵیشدا یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ( یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان)، ھەر لەو کاتانەدا نوێنەری پارتی بوو لای زۆربەی حزبە نھێنێ و ئاشکراکانی عیراقی.

ساڵی ١٩٥٤ بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا.

ساڵی ١٩٥٥ سە فەری دەرەوەی عیراقی کرد و لە فیستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیھانی لە وارشۆ بەشداری کرد و لەوێوە سەردانی یەکێتی شوورەوی ئەوسا و چینی کرد.

ساڵی ١٩٥٦ لەبەر چاوان وون بوو، کەوتە خەباتی ژێر زەمینی و ناچار بوو لە پۆلی چوارەمی ما فدا خوێندن بەجێبھێڵێت.

ساڵی ١٩٥٧ سە فەری سوریا و مۆسکۆی کرد و لە فیستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی مۆسکۆ بەشداری کرد و ھاتنی بۆ سوریا بە فرسەت زانی بۆ پەیوەندی بە کوردەکانی ئەوێوە و پەیوەندیەکی سیاسی دروستبوو. لە ھەمان ساڵیشدا گەڕ‌ایەوە عیراق و بەشداری لە کارەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی یەکگرتوو کرد و بوو بە بەرپرسی رۆژنامەی ( خەباتی کوردستان ) کە لە سلێمانی بە نھێنی دەریان دەکرد.

لە یەکەمین رۆژی سەرکەوتنی شۆڕ‌شی ١٤ / ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٥٨، سەرپەرشتی رێکخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی کرد و بە ھاوکاری ھەڤاڵانی حزب لە نێو شاردا، پاشان چووە بەغداد و بەشداریی لە کاروباری مەکتەبی سیاسی و دەرکردنی گۆڤاری ( رزگاری ) ( التحریر ) دا کرد، ھەروەھا ئەرکی ئەو خەباتەی لە ئەستۆ گرت کە لە نێو ریزەکانی حزبدا فراوان دەبوو، وەک پێویستییەکی بوونی حزبێکی پێشڕ‌ەوی کوردستانی و رێکخراوە پێشەییەکان بەرھەڵستکاری کردنی ئەو ھەوڵانەی کە دەیانویست پارتی دیموکراتی کوردستان بکەنە پاشکۆی حزبێکی عیراقی.

ساڵی ١٩٥٩ جارێکی تر بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا و لە ھەمان کاتدا ئە فسەری یەدەکی کەتیبەی چوارەمی تانک بوو، ھەروەھا بەشداری لە دەرکردنی رۆژنامەی ( خەبات ) دا دەکرد کە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، وە بە ناوی ( پیرۆت ) ەوە وتاری تێدا بڵاودەکردەوە.

ساڵی ١٩٦٠ بەرپرسی لقی سلێمانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوو کە خولێکی ھۆشیاری بۆ کادێرەکان کردەوە.

ساڵی ١٩٦١ بووە سەرنووسەری رۆژنامەی ( کوردستان ) و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات دووچاری راوونان بوو لە بەغداد، بەڵام لە شەوی نەورۆزی ھەمان ساڵدا وتارێکی دژی دیکتاتۆریەت خوێندەوەو بەرگری لە بارزانی خوالێخۆشبوو کرد کە ئەو سەردەمە قاسم کۆمەڵێک تاوانی دابۆوە پاڵ لە ئەنجامی ئەوەدا فەرمانی گرتنی دەرچوو و بە نھێنی گەڕ‌ایەوە سلێمانی و خۆی شاردەوە و بەشداری لە رێکخستنی مانگرتنی گشتیدا کرد کە لە شەشەی ئەیلوولدا کرا.

لە ئەیلولی ١٩٦١ دا کە شۆڕ‌ش ھەڵگیرسا، بەرپرسی ناوچەی سلێمانی بوو، یەکەمین بنکەی شۆڕ‌شی لە چەمی رێزان کردەوەو سەرپەرشتی کرد و فەرماندەیی ھێزی پێشمەرگەی لیوای سلێمانی کرد تا وای لێھات زۆر فراوان بوو و بووە ھێزێکی گەورە، ئەوە بوو کرا بە لێپرسراوی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لە نەورۆزی ١٩٦٢ دا، سەرکردایەتی ئەو ھێڕ‌شە بەر فراوانەی کرد بۆ سەر ناوچەی شارباژێڕ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا دەست بەسەر ھەموو بنکەی پۆلیسی ناحیەی بناوەسووتە و چوارتادا گیرا و ھێزەکانی بەرەو قەزای پێنجوێن برد و تەواو ناوچەکەیان ئازاد کرد.

بەم شێوەیە ھەردوو ناوچەی شارباژێڕ و پێنجوین بوونە دوو ناوەندی شۆڕ‌ش و سەرکردایەتی. لە ١٩٦٢ ـ ١٩٦٣ زۆربەی ناوچەکانی قەرەداغ و قەڵاسێوکە و گەرمیان و سەنگاو ئازاد کران. ئەو دەمە مام جەلال فەرماندەی ھێزی رزگاری بوو، لە ھەمان کاتیشدا سەرپەرشتی دامەزراندنی ناوەندەکانی بەمۆ و ھەڵەبجە و تەوێڵە و بیارەی دەکرد.

ساڵێ ١٩٦٣ و دوای کودەتا رەشەکەی شوبات، مام جەلال بە سەرۆکی وە فدی کوردی دەستنیشان کرا بۆ گفتوگۆ لەگە‌ڵ حکومەتی تازەدا کە لە سەرتادا رەزامەندیان لەسەر گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی رەوای کورد نیشاندا، ھەروەھا سەردانی کۆماری میسری و جەزائیری کرد و چاوی بە عەبدولناسر و بن بێلا کەوت و لە ھەمان ساڵیشدا سەردانی ئەوروپای کرد و نوێنەرایەتی شۆڕ‌شی کوردستانی کرد و سەرکەوتوو بوو بۆ ناساندنی کێشەی کورد و ئاشکرا کردنی بارودۆخی کوردستان و کۆکردنەوەی یارمەتی و ھاوکاری بۆ شۆڕ‌ش لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، روسیا، چیکسلۆ فاکیا و نەمسا.

ساڵی ١٩٦٤ گەڕ‌ایەوە کوردستان و ئەرکی خۆی لە فەرماندەیی کردنی ھێزی رزگاری گرتەوە ئەستۆ.

ساڵی ١٩٦٧ بەشداری لە کۆڕ‌ی ( ئیشتراکیەکانی عەرەب ) کرد لە جەزائیر و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بە پێزی دەربارەی کێشەی کورد و شەرعیەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و دۆستایەتی نێوان کورد و عەرەب پێشکەشکرد.

ساڵی ١٩٧٠ رۆڵی کاریگەری خۆی بینی لە یەکگرتنەوەی ھەردوو باڵی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشتر ببوونە دوو باڵ و ناکۆکیەکی تاڵ و خوێناوی لە نێوانیاندا ھەبوو.

ساڵی ١٩٧٢ سە فەری دەرەوەی عیراقی کرد و ماوەیەک لە لوبنان و میسر و سوریا مایەوە و دوای رووخاندنی شۆڕ‌شی کورد کە لە ئەنجامی رێکەوتننامەی نێوان سەدام و شای ئێران لە ئاداری ١٩٧٥ لە جەزائیر ئیمزا کرا، تاڵەبانی ھەر لەو ناوچانەدا مایەوە.

لە ٠١ / ٠٦ / ١٩٧٥ لە دیمەشق لەگە‌ڵ دەستەیەک لە ھەڤاڵانیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی دامەزراند و نەخشەی بۆ ھەڵگیرسانەوەی شۆڕ‌شی نوێ دانا کە لە ٠١ / ی حوزەیرانی ١٩٧٦ راگەیەنرا و بووە سکرتێری گشتی یەکێتیی.

لە ساڵانی دوای دامەزراندنی یەکێتی لەسەر چالاکی سیاسی و سەرکردایەتی حزب و شۆڕ‌ش بەردەوام بوو لەگە‌ڵ ھەڤاڵەکانی لە چیا و ئەشکەوتەکانی کوردستاندا دەژیا.

بە گەواھی زۆر لە چاودێرە سیاسیەکان یەکێک بووە لە بزوێنەری سەرەکی بۆ لێک نزیک کردنەوەی بۆچوونەکان لە نێو ریزی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی لە کۆنگرەکانی نیویۆرک و لەندەن و سەڵاحەدین و ھەموو دانیشتنەکانی دوای ئەوانەش کە پەیوەندی بە رێکخستن و نزیکبوونەوەی ماڵی عیراقییەوە ھەبوو، میوانداری زۆربەی زۆری ھێزە عیراقیەکانی کردەوە لە کوردستان و پشتگیری ھەمە جۆرەی کردوون.

لەسەر گۆڕ‌ەپانی نێودەوڵەتیش، تاڵەبانی بەشداری چەندین کۆنگرە و کۆبوونەوەی ئیشتراکی نێودەوڵ‌تی کردەوە و چاوی بە سەرکردە سیاسیە نێو دەوڵە‌تیەکانی زۆر وڵاتانی جیھانی کەوتووە.

جگە لەوەی کە کەسایەتیەکی سیاسییە خەباتگێرێکی ھۆشمەند و نووسەر و یاساناسە، وەک رۆژنامەنووسێکیش لە رۆژنامەی نھێنی و ئاشکرادا نووسیویەتی و لە ساڵی ١٩٥٩ بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراقی ھەڵبژێردرا کە شاعیری مەزن محەمەد مەھدی جەواھیری نەقیبی بوو.

تاڵەبانی جگە لەوەی یەکێکە لە سیاسی و دیپلۆماسی و رۆژنامەنووسەرە دیارەکان، نووسەرێکی ناوداریشە و بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە تیشک خستە سەر تێکڕ‌ای بزووتنەوەی سیاسی عیراق و ناوچەکە و بزووتنەوەی سیاسی کوردی کردەوە، لەم بوارەشدا چەندین کتێبی لە سەردەمی جیاجیادا نووسیوە کە کتێبخانەی عەرەبی و کوردی دەوڵەمەند کردەوە و بوونەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ لێکۆڵینەوە لە بواری مێژووی جوڵانەوەی سیاسی کوردی و عیراقیدا.

دوای ئازادکردنی عیراق بە ئەندامی ئەنجوومەنی حوکم ھەڵبژێردرا و لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٠٣ دا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی کرد و لەم ماوەیەدا کارامەیی خۆی لە ھەڵسوڕ‌اندنی کاروباری حوکم نیشاندا.

لە ٠٦ / نیسانی ٢٠٠٥، مام جەلال ٢٢٧ دەنگی لە کۆی ٢٤٨ دەنگی ئەندامانی کۆمەڵەی نیشتمانی عیراقی بە دەستھێنا و بە ھەڵبژاردنێکی راستەوخۆ بە یەکەمین سەرۆکی ھەڵبژێراوی عیراق ھەڵبژێردرا، بەم جۆرە تاڵەبانی لە فراوانترین دەروازەکانەوە چووە ناو مێژووی کورد و ھەروەھا لە جوانترین دەروازەشەوە چووە ناو مێژووی عیراق و لە ناودارترین دەروازەشەوە چووە نێو مێژووی سیاسی و دیموکراسی جیھانەوە، ئێستاش بەردەوامە لەسەر ھەوڵی بێوچان و شەودەخاتە سەر رۆژ بۆ ھێنانەدی ما فەکانی کورد و گەشەکردنی عیراق و بیاتنانەوەی و قەڵاچۆکردنی تیرۆریستان و پەیوەندی فراوان پەیداکردن لەگە‌ڵ دەرو دراوسێ و دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی و رۆژئاواو ھاوپەیمانان.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت