دوکتور خالید خەیاتی: حیزبەکانی ئێمە لە پێناو دەستەبەرکردنی شێوەکار و میتۆدێکی کارامە و گشتگیر بۆ تەحریم کارێکی ئەوتۆیان نەکردووە

0
913

دوکتور خالید خەیاتی، ماموستای زانكۆ و لێکۆڵەر لە زانستی سیاسی لە وڵاتی سوید، لە وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ ناوەندی ڕۆژی کورد لەمەڕ هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی سەرۆک کۆماری و شۆڕا و گوندەکان لە ئێرانی ژێردەستی کۆماری ئیسلامیدا، پەردە لەسەر چەندین لایەنی جیاواز و جێگای ڕامان هەڵدەداتەوە، لەو ناوەدا باس لە ئەگەری دەنگدانەوە بە حەسەن ڕووحانی، سیاسەتی حیزبە کوردییەکان لە بایکۆت و ڕەخنەگەلێک کە لەمبارەوە لەسەریانە دەکات و هەروەها بە خەستیش باس لە ئیسلاح تەڵەبانی کورد دەکات و هەڵەبوونی ڕێچکەی ئەو تاقمە دەخاتە بەر باس کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: بە پێناسەیەک لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڵبژاردن لەو سیستەمەدا دەکرێ چۆن چاوی لێبکرێت؟ ئایا دەتوانین بڵێین لەو سیستەمەدا هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنەو ئەنجامەکان ئە وئەنجامانەن کە خەڵک دەنگی پێداون یان نا ڕەوت و ئاسۆیەکی تری لەبەرە؟

خەیاتی: بە شێوازێکی گشتی ئامانجی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران دا، ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بەشداریی هاووڵاتیان لە پرۆسەی سیاسەت و بڕیاری سیاسی دا نییە. بەشداری لە هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان لە ئێران دا هەرچەندە لەوانەیە لە ڕۆانگەیەکی گشتییەوە هۆکاری بەهێزبوونی کولتووری دیمۆکڕاسی بێت، بەڵام لە بنەڕەتی خۆیدا، بەردەوام وەکوو ئامرازێکی مەشرووعییەت بەخشین و بەرهەمهێنانەوەی بەها بنەڕەتییەکانی سیستەمی سیاسی و یان دەرفەتێک بۆ پەردەپۆشکردن و چارەسەری قەیرانەکانی پەیوەندیدار بە سیستەمی دەسەڵات و هێزەکانی پێکهێنەری ئەم سیستەمە دەوری خۆی گێڕاوە. بەڵام بۆ ئەوەی خوێندنەوەیەکی جەوهەگەرایانە و نادینامیک لە مێژوو و پرۆسەی سیاسەت نەکەین، پێویستە سێ قۆناخ یان سێ خولی جیاواز لە مێژووی هەڵبژاردنی ئێران دا زەق بکەینەوە کە تا ڕادەیەک گرینگیی تایبەتیی خۆیان هەیە. ئەم سێ قۆناخە کە دووانیان پەیوەندییان بە پرۆسە گشتییەکانی دیمۆکراسی و گۆڕانکاریخوازی لە ئێران و ئەوەی سیهەمیش پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە کوردەوە هەیە، بریتین لە (١) هەڵبژاردنی خولی هەشتەمی سەرۆککۆماری و سەرکەوتنی محەمەدی خاتەمی کە تا ڕادەیەک کرانەوەی کۆمەڵێک فەزای کولتووری، کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندنی لەگەڵ خۆی هێنا، (٢) هەڵبژاردنی خولی دەهەمی سەرۆککۆماری و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوز کە ڕاپەڕینی شاری لێکەوتەوە و ناکۆکی و قەیرانەکانی نێو سیستەمی دەستەڵاتی گەیاندە ئاستی هەرە بەرزی خۆی. (٣) تا ئەم جێگایەی سەرجەم هەڵبژاردنەکانی ماوەی سی و هەشت ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران پێی کورد دەگرێتەوە، بە شێوەیەکی واقیعی، ئەم نەتەوەیە خاوەن بەرهەمێکی ئەوتۆ نەبووە. تەنیا دەستەکەوتی کورد – جا چ لە هەڵبژاردنەکان دا بەشداری چالاکی هەبووبێت یان نا-  لە باشترین حاڵەتی خۆی دا لە دروست بوونی فڕاکسیۆنێکی کوردی لە ژێر چاوەدێریی کۆچکردوو موهەندیس بەهائەدین ئەدەب دا بوو و واوەتر نەچووە. ئەم فڕاکسیۆنەش هیچ کات نەیتوانی ببێتە هۆکاری پەسەندکردنی کەمترین مادەی یاسایی لە بەرژەوەندیی کورددا، هەرچەند کە مانایەکی سەمبولیکی باشی هەبوو و تاڕادەیەک تۆانی پردێکی پەیوەندی لە نێوان کوردی دیاسپۆڕا و وڵات دا درووست بکات.

 شایانی باسە لە حالی حازر دا، ئەوە هێزی ئیسلاح تەڵەبە کە وەکوو ڕەوتێکی ناسیۆنالیستی سەر بە نەتەوەی باڵادەست، زۆر زیاتر و وردبینانەتر لە بناژۆخوازەکان، ئەرکی چارەسەریی قەیرانی حاکمییەت و پاراستنی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە ئەستۆووە گرتووە. لەم ڕێڕەوە دا، ڕیفۆرمخوازی کورد – هەڵبەتە ئەگەر وجوودی ڕێکخراوەیی هەبێت- وەکوو پاشکۆیەکی ڕەوتی ئیسلاح تەڵەبی ئێرانی هەڵس و کەوت دەکات.

ڕۆژی کورد: بە بەراوردێک لە نێوان سێ سەرۆک  کۆماری دوایی واتا خاتەمی، ئەحمەدی نەژاد و ڕوحانی، بۆمان دەردەکەوێ کە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی نە لە ڕووی خزمەتگوزاری و پێشەسازی نە لە ڕووی مافی مرۆڤ و نە لە ڕووی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان نەک نەهاتۆتە ڕوو، بەڵکوو دۆخەکە خراپتریش بووە، بەو پێیە بەشداری کردنەوەی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دەتوانێ چ دەستکەوتێکی بۆ خەڵک هەبێ؟

خەیاتی: حەسەن ڕووحانی، پێش ئەوەی وەکوو ئاکتەرێکی جێبەجێکاری پرۆژەگەلی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤ، ئازادی سیاسی، سەربەخۆیی بەشی ماف و داد، گەشەی ئابووری، ئازادیی زیندانیی سیاسی، نەمانی ئێعدام یان کەمکردنەوەی ژمارەی کەسانی مەحکووم بە ئێعدام و هەروەها هێورکردنەوە و نۆڕمالیزەکردنی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و ناوچەییەکان سەیر بکرێت، باشترە وەکوو هیمایەکی بەرجەستە بۆ بەردەوامبوونی قەیرانی نێو سیستەمی دەسەڵات و نەمانی مەشرووعییەتی ئیدیۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ئاکام دا وەک وێنەی سەرۆککۆمارێکی شکست خواردوو حیسابی بۆ بکرێت. لە ڕۆانگەی منەوە، دەنگدان بە حەسەنی ڕووحانی و هەڵبژاردنەوەی دووبارەی ئەم کابرایە بۆ خولێکی دیکە، نە تەنیا وەکوو گاڵتەجارییەکم دێتە بەرچاو کە مرۆڤی دەنگدەر (بە تایبەت دەنگدەری کورد) بە خۆی دەکا، بەڵکوو سەرکەوتنی سیناریۆیەکی لەم چەشنە جارێکی دیکە نیشاندەری سەقەتیی کولتووری سیاسیی سەقەتە کە لە ئێران دا زاڵە، کولتوورێک کە لە ئاکامی درێژەکێشانی دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە هەموو توانایی، بەهرە و هێزی داهێنەرانەی خۆی داماڵدراوە.

ڕۆژی کورد: بەشێک لە ڕیفۆرمخواز و هەروەها چالاکانی سیاسیی کورد کە ڕێژەشیان زۆر نیە دەڵێن دەبێ کورد پرۆسەی هەڵبژاردن بە قازانجی خۆی بەکار بهێنێت، دژبەرانیش دەڵێن ئەو گریمانەیە لەلایەن حیشمەتوڵا تەبەرزەدیشەوە هاتە ئاراوە و ئەنجامی نەبوو و لە ئەنجامدا تەنیا تەندووری هەڵبژاردن بۆ ڕژیم گەرم دەکات، ئێوە بە گشتی لاتان وایە، تەحریم دەتوانێ دەردێک دەرمان بکات؟

 

خەیاتی: بە گشتی دەتوانم بڵێم، کە لە ماوەی سی و هەشت ساڵی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران ـدا، ئەوە گوتار و پڕاتیکی بەشداری بووە کە وەکوو تەنیا ئالترناتیڤ بە سەر فەزای عەینی و دەرفەتە مەجازییەکانی کۆمەڵگەی زاڵ بووە و بە واتەیەکی جیاواز ، تەنیا داڕێژەر و بڕیاردەری شەرت و مەرجی بەشداری و تەنانەت دەست نیشانکردنی ئاکامی هەڵبژاردنەکانیش بووە. ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش -هەڵبەتە ئەگەر لێرە دامەبەستم لە ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری بێت- نە تەنیا نەیتوانیوە و نەویستووە کە لە پەیوەندی لە گەل تەحریم دا وەکوو ئالترناتیڤیک کار بکا، بەڵکوو لەوە خەراپتریش، گەلێک جاران وەکوو ‌هێزێکی بەرهەم هێنانەوەی گوتاری زاڵی دەسەڵات و پارێزەرەی ستاتۆی کۆ، هەڵس و کەوتی کردۆوە. لە پەیوەندی لەگەل کوردیش دا بە هەمان شێوە، سەڕەڕای هەموو حەولێک بۆ بایکۆتکردن، ناکارامەیی بەرچاو دەبیندریت.  ڕێکخراوە کوردییەکان گەلێک جاران لە کەنارەوە و بە رێگای لێدوان یان بانگەواز بە شێوەی تاک و تاک، داوایان لە خەڵک کردووە کە لە هەڵبژاردنەکان دا بەشداری نەکەن، کە بە بۆچوونی من هیچ جارێک نەیتوانیوە وەکوو دەنگ یان پەرەپێدەری پرۆژەی تەحریم ببێتە ئالترناتیڤێکی مەیدانی. هەڵبەتە نابێ لە بیرمان بچێت، کە بە هۆی هەبوونی دیکتاتۆری و ئەم سەرکوتەی کە کورد لە ئێران ئەزموونی دەکات زەحمەتە بۆ حیزبەکان کە لە فەزا کۆمەلایەتییەکانی نێوخۆی وڵات دا چالاکی ئاشکرایان هەبێت. بەڵام لە هەمان کات دا ئەمە تەنیا نیوەی ڕاستێیەکەیە. نیوەیەکی دیکە ئەم ڕاستییە ئەوەیە کە حیزبەکانی ئێمە لە پێناو دەستەبەرکردنی شێوەکار و میتۆدێکی کارامە و گشتگیر بۆ تەحریم کارێکی ئەوتۆیان نەکردووە و نەیانتوانیوە شێوازی نەریتی خۆیان یانی تەحریم بە ڕێگای بەیاننامە تێپەڕێنن.

بۆ ئەوانەی کە هەر ئێستا داوا لە کورد دەکەن، کە لە پرۆسەی هەڵبژاردن بە قازانجی خۆیان بەشداری بکەن، منیش هەر هەمان شت دەڵێم. بەڵام بەو جیاوازییە، کە من پێم باشە کە کورد لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئیسلامی ئیران بە مەبەستی تەحریم و کاراکردنی پرۆژەی بایکۆت و بەهەمان شێوەش بەرجەستەکردنەوەی کێشەی کورد و هێنانە ئارای داخوازییە نەتەوەییەکانی ئەم گەلە دا، بەشداری بکەن. لێرەش دا مەبەست لە بەشداری کردن دەنگدان نییە، بەڵکوو مەبەست هەبوونی چالاکی  بەرچاوە لە هەموو فەزا مەجازی و کۆمەلایەتییەکانی کوردستان دا، بۆ ئەوەی بایکۆتی هەڵبژاردن بۆ یەکەم جار وەکوو ئالترناتیڤێکی جیدی خۆی بخاتە ڕوو.

ڕۆژی کورد: پێدەچێت حیزبە کوردییەکان ئێستا لەسەر تەحریم زۆر هاودەنگ بن، لاتان وایە کاریگەرییەکانی چۆن دەبێت و بە گشتی ئایا تەحریم دەتوانێ دەنگی ناڕەزایەتیی کورد و نەتەوە بندەستەکانی تری ناو ئێران بە گوێی جیهان بگەیێنێ؟

خەیاتی: ئەوەی کە یەکەم جارە حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکانی رۆژهەڵات پێکەوە بەیاننامە دەردەکەن و یەکدەنگ داوا لە کورد دەکەن کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران بایکۆت بکەن، ئەم ڕەفتارە لە ڕوانگەی منەوە کارێکی زۆر باشە و نرخێکی مێژوویی هەیە. دەتوانم بڵێم کە ئەوە وەرچەرخانێک یان سەرەتایەکە لە کاری هاوبەشی سیاسی کە دەتوانی زۆر دەرفەتی دیکەش بە دوای خۆیدا بێنێت، بەڵام ئەویش چەند پێشمەرجی هەیە:

  • گرینگرتین هەنگاو، بە کارهێنان و کارپێکردنی چەمکی بایکۆتی چالاکە هەتا لە پرۆسەی پڕاتیکی سیاسی دا گوتارێک بەم ناوە دروست ببێت. لە پەیوەندی لەگەڵ دیاردەی بایکۆتی چالاکدا چەند شتی گرینگ پێویستە بخرێتە بەرچاو. یەکەم هەنگاو ئەوەیە، کە حیزب و ڕێکخراوەکانی ئێمە بزانن کە تەنیا دەرکردنی یەک بەیاننامە بەشی ئەوە ناکات ئەوان بکاتە ئالترناتیڤی پرۆژەی لە بەرامبەر لایانگرانی گوتاری بەشداریکردن. لێرە دا پێویستە کە بەڕێوەبەران و پەرەپێدەرانی ئالترناتیڤی بایکۆتی چالاک لە سەر هەموو ڕەوت و پرۆسەکانی پەیوەندیدار بەم هەڵبژاردنە کاریگەرییان هەبێت. ئەویش بەو مانایە کە هەر کەلێن و قوژبنێک، هەر میدیایەک، هەر فەزایەکی مەجازی و هەر تۆرێکی کۆمەڵایەتی و تەنانەت نیزیکی بنکەکانی دەنگدانیش بە فەراغێک بزانن بۆ ئەوەی پرۆژەی تەحریمی چالاک بەرەو پێش بەرن.
  • دروست کردنی پلاتفۆرمێک لەم قۆناغەدا زۆر گرینگە. لە سەردەمێک دا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ ئۆپۆزیسیۆنێکی نیە کە ململانێی لەگەڵ بکات و هەروەها لە زەمانێک دا کە ئەو کۆمارە خەرێکە پرۆسەی سیاسەت بە ڕێگای سێ هێزی دەستکردی خۆی –سەڕەرای جیاوازییەک کە هەیانە- نۆرمالیزە دەکات و ڕێگا بەرەو دەستەبەرکردنی مەشرووعییەتێکی دیکە هەموار دەکات، زور گرینگە کە حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکانی لایانگری بایکۆتی چالاک هەر چی زووتر پلاتفۆرمێک پێکبێنن. لە ئاستی گوتاری دا، ئەم پلاتفۆرمە دەبێ لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کوردەوە قسە بکات و ئەویش بەم شێوە دەبێ کە هەموو ڕێکخراوەکانی پێکهێنەری پلاتفۆرم لە سەر کۆمەڵێک خاڵ پێکدێن. لە ئاستی پڕاتیکی و ڕێکخستن، هەر حیزب و ڕێکخراوی بەشدار، دەتوانێ دوو یان سێ نوێنەر لە ئاستی بەرز بۆ ئەم پلاتفۆرمە دیاری بکات. ئەم پلاتفۆرمە هەروەها دەتوانێ لە وزەی ڕێکخراوە بچووکترەکان و هەروەها تاکەکانی کوردیش کەڵک وەرگرێت. یەک لە ئەرکە هەنووکەییەکانی ئەم پلاتفۆرمە دەتوانێ لە پێناو دابەشکردنی کاری نیوخۆیی و ئەرک و بەرپرسیارێتی، بۆ نموونە دەست نیشان کردنی قسەکەرێک، بەردەوام کاری میدیایی بکات و خەڵکی ناوخۆ لە وردەکارییەکانی پرۆژە و بەرنامەکەی خۆی ئاگادار دەکاتەوە.
  • بابەتێکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە بزانین کە ئەم پلاتفۆرمە لە قۆناخی ئێستادا پێویستە ئەدەبیاتێکی سیاسیی تایبەت و جیاواز بە کاربهێنێت. بۆ نموونە، ئەدەبیاتێک کە کۆمەڵگە بە سەر دوو بەرەی ڕەش و سپی یان باش و جاشدا دابەش بکا، ناتوانێ وەردەکاری و وزە و هێزی کۆمەڵگا بە باشی ببینێ.
  • شتێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە، کە پلاتفۆرمی بایکۆتی چالاک، خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک تەنانەت ئەگەری نیگایتڤیش ئامادە کردبێت. سیاسەت ریسکە و گارانتی تێدا نییە. بەڵام باوەڕی پتەوە بە دۆزی ڕەوای کورد و کاری هاوبەش و سیستەماتیک لە فەزایەکی دۆستانە و دیمۆکڕاتیک دا سەرکەوتن لەگەڵ خۆی دەهێنێت. ڕێگایەکی دیکە بوونی بنییە.

لە کۆتایی دا دەتوانم بۆ ئەوانەی کە داوای دەنگدان لە کورد دەکەن، ئەوە بڵێم کە ڕەوتی ئیسلاح تەڵەبی کوردی و یان ئەوەی کە ئەم دەنگدانە لەوانەیە دڵی کاربەدەستانی ئێرانی نەرم بکات، هەتا یەک دوو پرۆژە بۆ کورد تەرخان بکەن، وەکوو قۆناخێکی سیاسی، کۆتایی هاتووە. ئەگەر کورد لەم سەردەمەدا لە وڵاتێکی وەکوو ئێران دا نەتوانێ داخوازییە نەتەوییەکانی خۆی بە وردی فۆڕموولە بکات، بە شێوازێک دەتوانم بڵێم کە کۆتایی بە مێژووی خۆی هێناوە.

داخوازییە نەتەوەییەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ژێر تیشکی ڕاستییەکی تاڵ دا دێتە ئاراوە. ئەم ڕاستییە تاڵە ئەوەیە کە بزانین کە ئەمڕۆکە لە ئێران دا کەمتر بڕیار لە هیچ یەک لە بوارەکانی سیاسەت، تەندرووستی، یاسا و ماف، مێژوو و ئاسەوارناسی، ژینگە، سامانی سرووشتی، ئاو، پەروەردە و زمان، خوێندنی باڵا، پۆلیس و هێزی ئاسایش، ئەرتەش، چاپەمەنی، چالاکیی سیاسیی و ئەحزاب، ژێرخانی ئابووری و پلانسازی، … واژۆکەی بە دەست کوردەوە نییە. کە واتە، هەروەک بێشیکچی ـی مەزن دەڵێ کورد لە ئێران، لە موستەعمەرەیەکی نێوخۆیی زیاتر هیچی دیکە نییە کە لە باشترین حاڵەتی خۆیدا مافی ئەوەی هەیە کە وەک بوونەورێکی فۆڵکلۆریک هەبوونی هەبێت. هەر بۆیەش ئەوە ئەرکی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتە کە ئەم هاوکێشە کۆلۆنیالیستیە بە قازانجی کورد هەڵوەشێنێ. لەم پێناوەش دا، گوتاری سیاسی دەبێ ڕوون بێت و کریستالیزە بکرێت. شەرم و دوودڵی لە سیاسەت دا خولانەوەیە لە هەمان بازنەی ماڵوێرانیی مێژووی دەیان ساڵە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت